تکا

تا خەمێک میوان نەبێ، کاری غەزەل سەرناگرێ
تا خەزان پرسەی نەبێ، فەڕشی خەزەڵ ڕاناخرێ

هەر لقێکم ڕەنگێ میوەی خۆشەویستیی گرتووە
داری بەژنم دانەوی، یەک ژانی دی هەڵناگرێ

بەزمی شاهانە بە خەونیش سەر بهێنمە خاکی پات
هەر ڕەش و ڕووتێکی وەک من، ڕێی ئەوێی پێ نادرێ

ماڵی دەروێشانە سینەم، ڕۆژی سەخڵەت، بێرە ژوور
ئاوری کوانووی وەفا، لەو ماڵەدا قەت نامرێ

تۆ وتت دڵ ماڵی خۆتە و، من کە کوردم، وا نەبوو
لەم وڵاتەی من نەبێ، قەت خانەخوێ دەرناکرێ

سەد بەهارت تێپەڕاند، تۆ چاوەڕوانی چی دەکەی
داری خۆزگە، زۆر لەمێژە هەر دەڵێن بەر ناگرێ

جۆگەیەک ئاوە ژیان و، سێبەری ئێوارەیە
زوو وەرە، دەرفەت کەمە، پێت وا نەبێ ڕانابرێ!

٢٠١٢/٠٩/٠٦
ستۆکهۆڵم