دوایین نوێنەری دوایین نەریت / ڕەهبەر مەحموودزادە

پاییزێکم گەیوەتێ ژینم گەڵاڕێزان دەکا
وەرزی پیریم سارد و سڕ هاتووە لە پاییزان دەکا
هەرچی بوو چوو تازە، تەنیا ئەو گرێیەم ماوە من
ئێستە دڵ زۆرتر پەلەی دیداری ئازیزان دەکا
ڕەنگە بتوانین بڵێین مامۆستا خالید حیسامی “هێدی”، دوایین شاعیری دیاری سەر بە دوایین قوتابخانەی شێعری نەریتیی کوردی بوو. داخوازیی و تایبەتمەندیی “دوایین قوتابخانە بوون” جگەلە بەمیرات بردنی گشت یان زۆربەی پێشنیارە ئەدەبییەکانی قوتابخانەکانی پێشوو، بریتی‌یە لە دیالۆگێکی هەندێک‌ جار نەرم‌ونیان و هەندێک جار مشت‌ومڕئامێز لەگەڵ نەریتە نوێیەکان و ڕچە تازەباوەکان. دەلالەتی دوایین قوتابخانە بوون لە بوارێکی تایبەتی ئەدەب‌دا بریتی‌یە لە جیرانەتی هەم لەگەڵ نەریتە کۆن‌ترەکان و هم لەگەڵ ڕچە نوێیەکان.
ئینجا لەم دواترین قوتابخانەیەدا، هێدی دواترین نوێنەر و داهێنەریش بوو. هەر ئەم جێگەوپێگەیەیە کە وا لە توێژەری ئەدەبی دەکا لە گەڕان بەدوای تایبەتمەندییەکانی ئەو شێوازەی ڕەنگە بکرێ ناوی “نێئۆکلاسیسمی شێعری کوردی” لەسەر دابندرێ، کۆی شێعرەکانی هێدی ورد بپشکنێ.
شێوازی شێعری موکریان نەریتەکانی پێشووی شێعری کوردی بە میرات بۆ مایەوە و لەناو خۆی‌دا نەریتی تازەشی داهێنا. هەر بۆیە جۆراوجۆریی قالب و ناوەرۆک لەم شێوازە شێعرییەدا بە شێوەیەکی سەرنج‌ڕاکێش بەرچاو دەکەوێ. هەر وەک نموونە دەتوانین بڵێین لە شێوازی هەورامی یان شێوازی ئەردەلان‌دا قالبی زاڵ، قالبی مەسنەوی بە کێشی بڕگەیی بوو و لە شێوازی بابانیش‌دا قالبی زاڵ غەزەل بوو بە کێشی عەرووزی. لە شێوازی موکریان‌دا غەزەل و مەسنەوی و چوارێنە و تەرجیع‌بەند و تەرکیب‌بەند و … بە کێشی عەرووزی و بە کێشی بڕگەیی، هەموو پێکەوە کەڵکیان لێ وەرگیرا. لە شێوازی هەورامی‌دا، زمان زمانێکی خۆماڵیی نزیک لە ڕاوێژی فۆلکلۆر بوو. لە شێوازی بابان‌دا زمانی شێعری کوردی، زمانێکی بەتەواوی حوجرەیی و مەدرەسی و ئەسکۆلاستیک بوو. کاتێک دەگەینە شێوازی موکریانی دەبینین شاعیرێکی وەک هێمن هاوکات لە زمانی غەزەلی کلاسیک (بۆ نموونە لە “عیشق و ئازادی”دا) و زمانی فۆلکلۆری کوردی (بۆ نموونە لە “بەهاری کوردستان”دا) وەک یەک کەڵک وەردەگرێ.
هێدی میراتگری هەموو ئەو نەریتانە بوو. شێعری هێدی سەر بە شێوازی موکریانە و شیوازێکی جودا لەو نییە، بەڵام ڕاوێژی هێدی لە شێعردا ڕاوێژێکی تایبەتی‌یە و زوو دەناسرێتەوە. ڕەوان بوون و ئێنێرژیک بوون دوو تایبەتمەندیی زمان و ڕاوێژی شێعری هێدین. ئەم ڕەوان بوون و پڕجووڵە بوونە زمانییە لە پەنا جۆراوجۆری و ڕەنگاوڕەنگ بوونی قالب و ناوەرۆک ـ کە گوتمان ئەم تایبەتمەندییەی دوایی، تایبەتمەندیی گشتی شێوازی شێعری موکریانە ـ لە مۆرک و دروشمە دیارەکانی شێعری هێدی بوو.
هەر وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بەمە بکەین کە هێدی لەپاڵ مەسنەوییەکی درێژی وەک “شینی هەڤالان” (کە تێی‌دا بە ئاشکرا چاوی لە مەسنەوی “بەرەو موکریان”ی هەژارە) چوارێنەی کورتی بەناوبانگی هەن. وەک:
ئەگەر ژانە، ئەگەر برکە، ئەگەر خەم
دەبێ سەودام لەسەردا بێ هەتا هەم
لە شەرمێ دەرچووە دێوانەیی من
وەها کەوتۆتە سەر زاری ئەو و ئەم
دەزانین مەنتیقی چوارێنە و مەنتیقی مەنزوومەی درێژ ڕێک پێچەوانەی یەکترن. مەنتیقی چوارێنە، مەنتیقی کورت‌بڕینەوە و نەستەق‌خوازی‌یە. کەچی مەنتیقی مەنزوومە، مەنتیقی خۆ لەبەریەک کێشانەوە و پەرداخ کردنی چیرۆک‌ئاسایە. (مەنزوومەی “شینی هەڤالان” سەرجەم ٥٤ لاپەڕەی لە دیوانی کاروانی خەیاڵ بۆخۆی تەرخان کردووە(
ساڵ و مانگ دێن و بەلەز تێدەپەڕن
مەلی سەربەستن و تیژ باڵ و پەڕن
لە گەڕانی زەوی سەرگەردانن
نۆبە دەگرن لەسەری و نازانن
جگە لە جۆراوجۆریی قالب، جۆراوجۆریی چندراوە (بافت)ی زمانیش لە شێعری هێدی‌دا بەرچاوە. زمانی هێدی لە شێعری “بزە” دا زمانێکی نزیک لە ئاخافتنی ڕۆژانەیە:
ئەو خاڵەی لە کوڵمەی زێوت/ خلیسکا بۆ سووچی لێوت
تۆ ئەو ئاوێنە ڕاگرە/ بە من لە هەمووان جوان‌ترە
ترسم هەیە تێی ڕامێنی/ دەگەڵ بزەت بیبزوێنی
دەغیلت بم با هەر وابێ/ نەوەک لەوێش تلاسا بێ
گوڵم ئاوێنەکەت دانێ/بزەی تۆ گەمەی نازانێ
بەڵام زمانی هێدی لە غەزەڵیکی وەک “ئاوات”‌دا زمانێکی نزیک لە زمانی غەزەلی نوێ‌یە:
ناسرەون هەست و خەیاڵ ئەی خۆزگە من دێوانە بام
خۆزگە دەست و پێم لەناو زنجیری بایە و وا نەبام
زولفی سەر شانت عەزیزم کاتێ هاتی شانە کەی
من گوتم سەد خۆزگە دەنکی شانە بام و شا، نەبام
تایبەتمەندییەکی دیکە کە هەتا ڕادەیەک هێدی لە شاعیرانی هاووەچەی خۆی جودا دەکاتەوە سەرانسوێی جار جاری هێدی بۆ هەرێمی شێعر و ئەدەبی فارسی‌یە. هێدی، نالی گوتەنی فارسی و کوردی هەر دوو بە دەفتەر گرتبوو و شێعری فارسیشی هەبوو:
من می‌روم کە رنگ شفق لالەگون کنم
من می‌روم کە مرز وطن جوی خون کنم
من می‌روم کە همچو عقابی بە کوهسار
چنگال خشم بر جگری آزمون کنم
من می‌روم کە رایت مجد تو ای وطن
بار دگر فراشتە در تیسفون کنم
کۆتایی پێ هاتنی ڕواڵەتیی ئەم دوایین کەسانە لەم نەریتە شێعرییانەدا، بەمانای پێویستیی دەست‌پێ‌کردنی لێکۆڵینەوەی ورد و تێروتەسەل و خاوەن مێتۆد لەبارەی ئەم شێواز و نەریتانەی شێعری کوردی‌یە.
ماڵاوایی یەکجاری هێدی و بەرەی هێدی لە ئێمە بەمانای پێویستیی سڵاو کردنی ئێمە و بەرەی ئێمە لە میراتێکی ئەدەبی‌یە کە قۆناغی “خولقاندن”ی کەم‌وزۆر کۆتایی پێ هاتووە و دەبێ لە قۆناغی “خوێندنەوە”دا ژیانێکی نوێ دەست پێ بکاتەوە.
ڕێ ئەوە هاتووە ببڕێ کەم کەم
ڕێی بە هەوراز و نەوی و دەرد و خەم
چاو دەگێڕم لە چیا و ئاوایی
لە پشووی ئاخیری ماڵ‌ئاوایی
کە دەڕۆم ڕۆینەکەم نابەدڵە
شینەکەم چونکە کەت و نیوەچڵە
ڕۆحی مامۆستا شاد بێ. سەرەخۆشی لە هەموو ئەدیبانی کورد و بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا هێدی و کاک ناسری حیسامی دەکەم.
ڕەهبەر مەحموودزادە
شنۆ، ٧ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٥ی هەتاوی