ژوان

من له‌و دیوى سنووره‌کانى له‌ شته‌وه‌
خۆشم ده‌وێى.

پۆلى باڵنده‌ى شه‌وگه‌ڕ و ئاوێنه‌کانم پێ بده‌
تۆ ڕووناکایى و شه‌راب و
ئاسمانی به‌رز و که‌وانى کراوه‌ى پرد و
باڵنده‌ و کۆلکه‌زێڕینه‌تم پێ‌ بده‌ و
دوایین نه‌غمه‌ى
هه‌واى ئه‌و سازه‌ى لێى ده‌ده‌ی
دووپات که‌وه‌.

من له‌و دیوى سنووره‌کانى له‌شمه‌وه‌
خۆشم ده‌وێى.

له‌و دووره‌ده‌سته‌ زۆر دووره‌ى
که‌ ئه‌ندام و جه‌سته‌ى ئینسان
- بێ هیچ ته‌مایه‌ک -
ده‌سره‌وێ
گڕو تینى حه‌ز و خواست و هه‌واى ده‌روون داده‌مرکێ
ئه‌و کاته‌ى که‌
هه‌ر مانایه‌ک، له‌ کالانه‌ى وشه‌که‌ى خۆى دێته‌ ده‌رێ
چه‌شنى ڕۆحێک
که‌ له‌ کاتى سه‌ره‌مه‌رگا
جه‌سته‌ى به‌تاڵ به‌جێ دێڵێ
هه‌تا پۆلى قه‌ل و ڕه‌شه‌داڵان بێنه‌ سه‌رى...

من له‌و دیوى سنوور و که‌وشه‌نى ئه‌وین
له‌وپه‌ڕه‌که‌ى هه‌رێمى عیشق
خۆشم ده‌وێى.
له‌و دیوه‌وه‌ى ڕه‌نگ و په‌رده‌...

له‌و دیو هه‌رێمى په‌یکه‌رمان
به‌ڵێنى ژوانێکم ده‌وێ...


گوڵانى 1343

١٩٦٤