گوڵەگەنمی بەر گەرما و سپیداری بەر باران

.
کاک ڕەسووڵ و خاڵە مینە برا بوون. کاک ڕەسووڵ نزیکەی پەنجا ساڵێک تەمەنی بوو. خاڵە مینە هەوایەک بەرەژێرتر بوو. بە نێوی دایکیانەوە دەناسران: حەمەڕەسوولی خات ئەشرەفی و حەمەدەمینی خات ئەشرەفی. لە گەڵ خوشکێکیان لە ماڵێدا بوون. باوکیان، دەمێک ساڵ بوو نەمابوو. دایکیان، خات ئەشرەفی، ژنێکی قسەخۆشی وریای ژیر بوو. چەند ساڵێک بوو ئەویش نەمابوو. برایەکی لە خۆیان گەورەتریشیان هەبوو، وەستا ڕەحمان، وەستای دارتاش بوو. ئەو ماڵی لە "شێخاڵی" نەمابوو. ئەو دوو برایە و خوشکیان ئامین، لە دێیەکە، بە ئارامی و بێدەنگی ناسرابوون. زەوی و زاریان نەبوو. کوڕەکان بەهار و هاوینان کاریان دەکرد. دروێنە و مەڵەغانگێران و کاری لەو بابەتە. خوشکیان خزمەتی دەکردن. ئەگەر لە نێو دێ دیترابا، یان لە ڕێگای کانی بوو بۆ ئاوهێنان، یان بزنەکانی دەبرد بۆ ئاودان یان کاریلەی دەبردە قەراخ زەویوزرای پشت ماڵان بۆ لەوەڕ. کاک ڕەسووڵ، چوارشانە و بەداروبار بوو. دەموچاوی پان بوو و سمێڵی کورت دەکردەوە. یەکجار لەسەرەخۆ و ئارام بوو. بە دەگمەن هەڵدەکەوت قسە بکا. تەنیا ئەو کاتانە دەنگی دەبیسترا کە پرسیارێکی لێ کرابا. کاتێکیش پێدەکەنی، هەر بزەی دەهاتێ و دەنگی نەدەبیسترا. بە دەگمەن سەفەری دەکرد، ئەویش ئەگەر پێویست بوایە بۆ دێهاتی دەوروپشتی شێخاڵی. قەت نەچووبووە هیچ شارێک. بۆکان و مهاباد کە دوو شاری نزیک دێیەکەن، هیچیانی نەدیتبوو. ڕەنگە قەت خەیاڵی سەفەر بەلایدا نەهاتبێ.
لەم ساڵانەی دواتردا، نیوەکار بوون. چەند پارچە زەوییان بە نیوەکاری هەڵگرتبوو. کاری ئەوان، زەوی و بنەتۆوی خاوەن‌مڵک و، بەرهەمەکەی بە نیوەیی.
فەسڵی دروێنە، بەرەبەیان، هێشتا شەوی مابوو وەدەر دەکەوتن. گۆزەیەک ئاو و جامێکی فافۆن و کیتەڵەیەک ماست و پرێسکەیەک نانیان دەخستە نێو دووتای خورجێنی سەر پشتی گوێدرێژێک و لە دێ وەدەر دەکەوتن. کاتێک تاو هەڵدەهات ئەوان یەک دوو بەری چاکیان لە دروێنە دەرکردبوو. لە بن سێبەری گیشەگەنمێک دادەنیشتن، ماستەکەیان لە نێو جامە فافۆنەکەدا دەکردە ماستاو و نانیان پێ دەخوارد. دوایەش ئاوێکیان لە جامەکە وەردەدا و، ئیدی کە تینوویان بوایە، بەو جامە، لە ئاوی گۆزەکەیان دەخواردەوە. گۆزەکەیان لە پەنایەکی سێبەر، لە نێو باقەگەنمێک دەچەقاند. ئاوەکە، زۆر سارد نەبوو، بەڵام لەو مەزرا وشک و گەرمە و، لە نێو بۆنی کوڵۆش و گوڵەگەنم و دڕووەزەرکەدا، هەناوی تازە دەکردنەوە.
چێشتەنگاو، خاڵە مینە گوێدرێژەکەی بە باقەگەنمێکەوە وەپێش خۆی دەدا بۆ سەر کانی. لەوێ ئەو باقەگەنمەی ئێوارەی ڕۆژی پێشتر لە بەریانی کانییەکەی نابوو، دەری دێنا و دایدەنا هەتا تەواو بچۆڕێتەوە. باقە گەنمەکەی تازە لەگەڵ خۆی هێنابووی، لە بەریانی کانییەکەی دەنا هەتا بخووسێ بۆ باقەبێن. گۆزەکەی پڕ دەکرد. گۆزەکە و باقەگەنمە خووساوەکەی لە گوێدرێژەکەی دەنا و، دەگەڕاوە. نیوەڕۆ دادامین کولێرەچەورە و نانی تازەی بۆ دەبردن و هەر لەوێ لەبەر سێبەری کورتی گیشەیەک، نانی نیوەڕۆیان دەخوارد و ئیدی هەتا ئێوارێ، هەتا سێبەر بەسەر مەزراکە دەکشا، دروێنەیان دەکرد. جاروبار، یەکیان لەبەر خۆیەوە ورتەیەکی دەکرد. ئەوە ئەو کاتە بوو کە دڕوویەک لە پەنجەیان ڕاچووبا. دەستیان زبر و شەقارشەقار ببوو. شێخاڵی گوندێکی وشکە. زۆربەی زەویوزاری دێمەکارە. کێڵگەی دەغڵ و دان، پڕ دەبێ لە دڕوو. دڕووەزەرکە، چاوزەقە، کەرتەشی و نووسەنەکە. ئیدی پاڵە، هەتا دەستی تەواو دەخارێ، لە چەند جێگاوە بە دڕوو بریندار دەبێ و خوێنی لێدێ. ئەگەر وشکەساڵیش بوایە، دەغڵەکە باڵای نەدەکرد. هەر بستێک، یان شتێک زیاتر لە زەوی جیادەبووەوە. ئەوکاتانە ئیتر، هێندە دەچەمینەوە بۆ سواڵەگرتن، پشتیان تەواو وەژان دەهات. کاتێک ڕاست دەبوونەوە بۆ حەسانەوەیەک، پشتیان وەک کەمەی گۆچانی لێهاتبوو. بەوحاڵەش جاری وابوو زەوی، بە زەحمەت بنەتۆوی دەدانەوە.
ئێواران، کە دەهاتنەوە، خاڵە مینە بە باقەیەک گەنمەوە دەچووە سەر کانییەکە و کاک ڕەسووڵ دەچووە حەوزی پیاوان. جلەکانی دەتەکاند، ئاوێکی بە سەروچاویدا دەکرد، خۆی فێنک دەکردەوە و، وەک سێبەرێک، ئارام، بەرەوماڵ دەبووەوە. دەتگوت ماندوویەتی لە هەموو گنجی تەوێڵیدا هێلانەی کردووە. لە سەر سەکۆی بەر هەیوانەکە دادەنیشت. دادامین کتریی سەر کوانووەکەی حەوشەی دادەگرت و چای بۆ دەم دەکردن. یەکی چایەکی لە پێش دادەنان. کاک ڕەسووڵ پاڵی وە کۆڵەکەی بەرهەیوانەکە دەدا و خاڵە مینە لەولاتر، پشتی بە دیوارەکەوە دەدا. زۆر کەم پێکەوە قسەیان دەکرد. خاڵە مینە کە دەهاتە نێو خەڵک، ئەهلی گاڵتە و جەفەنگ بوو. جارێکیش ژنی هێنابوو بەڵام پێکەوەژیانیان هەتا سەر نەبوو. کاک رەسووڵ لە ماڵێ و لەنێودێ هەر لەسەر یەک هەوا بوو. زستانان هاتوچۆی مزگەوتی دەکرد و نوێژیشی دەکرد، بەڵام هەر ئەوەندە بوو نوێژەکەی دەکرد، ئیدی وەک پیاوانی هاوتەمەنی خۆی ورتەی دوعا و ئایەتەلکورسیی لێ نەدەبیسترا و فووی لە دەوروبەر نەدەکرد. پاڕانەوەشی زۆر نەبوو. من پاڕانەوەکانیم نەبیست، بەڵام لەوەنەدەچوو بە ئارەزووش، ئارەزووی زۆر بێ. بە ژیانی خۆی قانع بوو. لە ڕاستیدا پێی وابوو ژیان دەبێ لەوە سەختتر بێ ئەو هەیەتی. خۆشەویستیی تاقی نەکردبووەوە. ژن و منداڵی نەبوو. جلوبەرگی تازە و خانووی ڕووناک و گەورەی بەلاوە گرنگ نەبوو. لە هەوای خۆشی سەرەبەهار دا چۆن دەوەستا و دەڕۆیشت، لە بەر ڕەهێڵەی باران و لە نێو کڕێوەشدا هەروا بوو. لەبەفر و باراندا سەری نەدەبردەوە نێو خۆی و نەدەچەمییەوە. ئەوەی لە سپیدارەکانی قەراخ گۆلی خوارێ دەچوو. لەبەر سوورەتاوی هاوینیش، ئەوکاتەی لە مەزرا یان لەسەر خەرمان هەموو جمگەکانی لەشی ئارەقی لێ دەچۆڕایەوە، پێی تێک نەدەچوو. هەر ئەوەندە بوو بڵێ "ئەوڕۆ زۆر گەرمە"! لەوەدەچوو هەر بە قەد گوڵەگەنمەکان بە گەرما وەڕەز بێ. لەوەنەدەچوو شتێک هەبێ زۆر دڵبەستەی بێ یان شتێک هەبێ زۆری دڵخۆش بکا یان شتێک هەبێ زۆری غەمبار بکا. لەم دنیایە لەشی ساغی دەویست و نانێک بەحەڵاڵی. جاروبار، کە کەسێکی وای لەڕێ هاتبا کاک ڕەسووڵ دڵی بە دیداری بکرێتەوە، قسەو بزەی یەکجار هێمن و خۆش بوو. دەنگی، ئارامی و سوکنایی تێدا بوو.
زۆرم حەز دەکرد دوای ئەو هەمووە ساڵەی لێیان دوور بووم، چاوم پێیان بکەوێتەوە. ئێستا ئەو مەزرایانەی ئەو تێیاندا لە بەر باران زەویی کێڵا و لە بەرهەتاو دروێنەی کرد، ئەو کانیانەی ئەو تۆزی سەر خەرمانی لە تەوێڵ و لاملی داشۆری، هیچیان دەنگی هەنگاوە ئارامەکانی نابیستن. چەند ساڵ لەوەپێش کاتێک ئەحواڵێم پرسی وتیان بەینێک لەوەپێش ماڵاوایی لە ژیان کرد. مەزرا و کانیاو، ئەگەر وەک ئێمە دڵبەستە بوایەن دڵنیام ئێستا وەک من بیریان دەکرد.

ناسر
٢٠١٥/٩/٣