بێدەنگی

دەمێکە من لە دووی تۆ دێم، بە بێدەنگی وەکوو سایە
نە ڕۆژ خاک هێندە بێدەنگە، نە ئەستیرە بە شەو وایە

هەموو سینەم، بە عیشقی تۆ، وەکوو کوانوو بڵێسەی بوو
کە تینی پێ نەما ئیدی، هەموو هەر خۆڵی بەربایە

هەتا سەرسەوزە دارستان، گەڵا و لاولاوی تێکداڵێن
خەزان، هەر تاکە دارێکی، لە بەر زریان، بە تەنیایە

بەفر بەرزایی داپۆشی، لە بەر مژ ئێستە نابینی
کە ئەم دەربەندە دڵتەنگە، چ تۆفیکی لەسەردایە

زمانێکم دەوێ بۆ دوان، کە بانگم کردی بێژی گیان!
چلۆن بدوێم لە گەڵ خەڵکێک زمانی بێ وشەی وایە

هەتا دەنگی شەقەی باڵت نەیە، خامۆشە دڵ ، بۆیە
گمەی ئەم کۆترە زامدارە، دەمێک دێت و، دەمێک نایە

دڵم وەک نەی دەناڵێنێ، گەرووی سەد قومریی تێدایە
بە بێ پەنجەی هونەرمەندت، حەیف بێدەنگە ئەو نایە