گفتوگۆ لە گەڵ فەریبای محەممەدی: ژن لە ئەدەبی کوردیدا

*خودی ژنانی نووسه‌ر‌و شاعیری كورد چه‌نده‌ بایه‌خیان به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ داوه‌و توانیویانه‌ به‌بیرۆكه‌یه‌كی ژنانه‌ بنووسن‌و بایه‌خ به‌پرسی ژن بده‌ن؟
- ژنانی نووسه‌ر‌و شاعیر هه‌وڵیان داوه‌ بۆ هێنانه‌ گۆڕی باسی یه‌كسانیخوازی، به‌ڵام نه‌ شاره‌زایی‌و زانیاریی ته‌واویان بۆ خوڵقاندنی به‌رهه‌می كاریگه‌ر له‌م بواره‌دا هه‌یه‌‌و نه‌ جێگه‌‌و رێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان هێنده‌ به‌رچاوه‌ كه‌ قسه‌یان بڕوا. له‌كوردستان دیارده‌یه‌كی باو ئه‌وه‌یه‌: خه‌ڵك ده‌چێته‌ ناو بوارێكی هه‌ڵسووڕانه‌وه‌و قسه‌شی تێدا ده‌كات به‌بێئه‌وه‌ی به‌پێویستی بزانێت فێر بێت‌و شاره‌زایی پێویست بۆ كار له‌و بواره‌دا به‌ده‌ست بێنێت.

*به‌گشتی كتێب‌و شیعر چه‌نده‌ كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هزری كۆمه‌ڵگه‌‌و چه‌نده‌ ده‌توانێت له‌پرۆسه‌ی گه‌شه‌‌و پێشكه‌وتنی وڵاتێكدا ده‌ور بگێڕێت؟
- شیعر بۆ گۆڕینی هزری كۆمه‌ڵگه‌ شتێكی زۆری له‌ده‌ست نایه‌. به‌ڵام كتێب به‌گشتی ده‌توانێت له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی گۆڕانی هزر‌و سازكردنی شه‌پۆلی فیكری. به‌ڵام ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ به‌هه‌موو كتێبێك ناكرێ. رێژه‌یه‌كی زۆر له‌و كتێبانه‌ی ئێستا له‌كوردستان چاپ ده‌كرێن ئه‌و خاسییه‌ته‌یان نییه‌ هزری كۆمه‌ڵگاكه‌ بگۆڕن یان كاری بكه‌نه‌ سه‌ر. له‌ڕاستیدا به‌شێكی به‌رچاوی چاپه‌مه‌نیی كوردی نه‌زۆكه‌. یانی به‌رهه‌می لێكۆڵینه‌وه‌‌و خوێندنه‌وه‌‌و پشكنین‌و گه‌ڕان‌و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی وڵامی پرسیاره‌كان نییه‌.

* ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی كورد‌و ئه‌ده‌بیاته‌كه‌ی بكه‌ین، ئێوه‌ چ كه‌سێكتان پێ باشه‌ مه‌به‌ست له‌نووسه‌ران‌و شاعیرانه‌ كه‌ توانیویه‌تی‌ به‌نووسینه‌كانی ده‌ووری كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ئامانجی یه‌كسانیخوازیدا؟
- یه‌كسانیخوازی له‌سه‌رده‌می جۆراوجۆردا مانای جۆراوجۆری هه‌بووه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا. سه‌رده‌مێك حاجی قادری كۆیی به‌باسكردنی پێویستی خوێندنی كچان پێشه‌نگێكی گه‌وره‌ی خه‌باتی یه‌كسانیخوازانه‌ بوو. له‌شاعیرانی دیكه‌ هێمن مرۆڤدۆستییه‌كی به‌رز له‌شیعره‌كانیدا هه‌یه‌‌و ئه‌و مرۆڤدۆستییه‌ی له‌و جێگایانه‌ش كه‌ باسی رێز‌و ماف‌و كه‌سایه‌تی ژن ده‌كات زۆر گه‌شه‌:
هه‌تا چارشێو به‌سه‌ر تۆوه‌ ده‌بینم-نازه‌نینی كورد!
به‌سه‌ر بیلبیله‌كه‌ی چاوی منا ده‌كشێ ته‌مێكی تر
یان
ده‌ركی داخستووه‌ له‌تۆ بابت، كه‌چی ده‌ركی نییه‌
ده‌ركه‌ داخستن له‌تۆ، ده‌ركی هومێد داخستنه‌.
له‌شاعیران و نووسه‌رانی ئێستا، ئه‌وانه‌ی توانیویانه‌ كاریگه‌رییان هه‌بێت، نه‌ك ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ كاریگه‌رییان هه‌بێت، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا خوێنه‌ر‌و گوێگریان زیاتره‌. شێركۆ بێكه‌س، شێرزاد حه‌سه‌ن، قوبادی جه‌لیزاده‌، به‌ختیار عه‌لی، رێبین هه‌ردی، فه‌رهاد پیرباڵ. ئه‌وانه‌ له‌ڕۆشنبیرانی قسه‌ رۆیشتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ن. له‌نێو ژنانی روناكبیردا به‌داخه‌وه‌ سیمای قسه‌ رۆیشتوو نابینم.

* به‌ڕای ئێوه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ چه‌نده‌ پێویستی به‌بایه‌خدان به‌مه‌سه‌له‌ی ژنانه‌ له‌ئه‌ده‌ب‌و نووسیندا‌و هه‌یه‌‌و ئه‌مه‌ به‌ئه‌ركی كێ یان چ كه‌سانێك ده‌زانن؟
- كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌بێئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا هه‌نگاوی گه‌وره‌ هه‌ڵگرێ، ناتوانێ دڵنیا بێ له‌وه‌ی سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی خۆی ده‌ست پێكردووه‌. ئه‌وه‌ به‌ئه‌ركی روناكبیرانی كۆمه‌ڵگاكه‌‌و هه‌روه‌ها به‌ئه‌ركی حكومه‌ت ده‌زانم. پێموایه‌ هه‌تا ئه‌وكاته‌ی حكومه‌ت به‌شێكی گه‌وره‌ی ئیمكاناتی ئیداری‌و دارایی خۆی بۆنموونه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌‌و راگه‌یاندندا بۆئه‌وه‌ ته‌رخان نه‌كات، رۆشنبیری ناتوانێت له‌كۆڵان‌و بازاڕدا گۆڕانێك سازبكات.


تەواوی گفتوگۆکە لە ڕۆژنامەی "ژیانەوە"دا چاپ کراوە. بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە ئێرە کلیک بکە ( http://www.zhyanawe.com/Direje.aspx?Cor=Didar&Jimare=301 )