فڕنی صمونی عەبدوڵڵای ئۆتۆماتیکی

ماوەیەک لەوەپێش کاک ڕەسووڵی سوڵتانی هەندێک پرسیاری بۆ ناردم کە وەڵامیان بدەمەوە. پرسیارەکان لە بابەت تابلۆکانی هەولێر و سلێمانی بوون، کە زۆریان بە دوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسراون و زۆریشیان هەڵەی نووسینیان تێدایە. ئەوە وتووێژەکەیە:

١/ جه‌نابت که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئاخۆ هیچ وڵاتێکت بینیوه‌ وه‌ک کورستان تابلۆکانی شێواو و شپرز بن؟.
نا! بە دڵنیاییەوە، تابلۆی دووکان و بازاڕ و دەزگا ئیدارییەکان، لە هیچ وڵاتێک بە قەد هی کوردستان بێسەرەوبەرە نین.

2/ ئاخۆ هیچ وڵاتێک تابلۆکانی به‌ 2 زمان ده‌نووسێت؟ ئه‌گه‌ر ده‌ینووسێت وا هه‌یه‌ زمانه‌که‌ی خۆی بخاته‌ دووای زمانی دووهه‌مه‌وه‌؟
بەڵی! هەندێک شار و وڵات هەن کە تابلۆکانیان بە زیاتر لە زمانێک نووسراون. بەڵام دوو زمانەکە تەواو بە جیاواز دەنووسرێن، هەرکامیان بە ڕێنووسی خۆی و بە شێوەیەک کە چاو بە ئاسانی لە زمانەکەی دیکە جیای دەکاتەوە. لە کوردستان من زۆر تابلۆم دیتووە وشەکانی دوو زمانەکە تێکەڵ دەکرێن. تابلۆکە دەڵێی دەفتەری وێنەکێشانەوەی منداڵانە لە هەر گۆشەیەکی وشەیەک و وێنەیەک هەیە و هەمووی تێکەڵە و غەڵەتیشی زۆر تێدایە. ئەوە لە تابلۆی چەند زمانەی وڵاتانی دیکە دا نابینرێ.

٣/ له‌ وڵاتانی دیکه‌دا ئیزن ده‌ده‌ن به‌ هه‌ڵه‌ تابلۆکانیان بنووسرێن؟
نازانم ئایا چاوەدێرییەک بۆ نووسینی تابلۆکان هەیە یان نا، بەڵام تا ئێستا تابلۆم نەدیوە شتی غەڵەتی لەسەر نووسرابێ. بۆ ناوەندە ئابوورییەکان و دووکان و بازاڕ، کڕیار تابلۆ ببینێ بە غەڵەت لەسەری نووسراوە بە نیشانەی بەدسەلیقەیی شوێنەکەی دادەنێ و لێی دوودڵ دەبێ و شتی لێ ناکڕێ. دەزگا ئیدارییەکانیش ئەوە هیچ، تابلۆیەک تا هەڵدەواسرێ بە پرۆسەیەکدا دەڕوا.

4/ به‌ڕای تۆ ئه‌وه‌ چ کاریگه‌ییه‌کی له‌سه‌ر خه‌ڵک ده‌بێ؟
کاریگەرییەکی زۆر خراپ. لە باری جوانیناسییەوە، تابلۆی وا چاو ئازار دەدا، مێشک ماندوو دەکا، خەڵک تووڕەدەکا، منداڵان خراپ فێر دەکا و، بە کورتی هەرچی خودا پێی ناخۆشە لە تابلۆی وا دەوەشێتەوە.

5/ تۆ پێت وانییه‌ ئه‌وه‌ که‌مبایه‌خکردنی زمانه‌؟
با. کەمبایەخکردنی زمانە، نیشانەی نەخوێندەوارییە، نیشانەی بێ فەرهەنگییە، نیشانەی بێگانەبوونە لە گەڵ شارستانییەت، نیشانەی بەردەوامبوونی ڕەفتاری خێڵەکییە لە شار. وەک ئەوە وایە لە هوتێلە پێنج ئەستێرەکانی هەولێر ئاودەستەکان بە شێوەی گوندەکانی قەدیم لە سەر جۆگەیەک دروست بکرێن و دیواریان کورت بێ و دەرگایان نەبێ. وەک ئەوە وایە دەستەی نوێنەرایەتی کورد کە دەچێتە وڵاتێک جلوبەرگەکەی تێکەڵاوێک بێ لە کڵاش و دزداشە و ڕانک وچەفیە و کڵاوی پەهلەوی و جامانە ونەعل.