گفتوگۆ لە گەڵ جەوادی حەیدەری: شیعر هەمیشە ڕووداوێکە لە ناکاو دەخوڵقێ

حیسامی : شیعر هەمیشە ڕووداوێکە لە ناکاو دەخوڵقێ

وتوێژێک لە گەڵ وەرگێڕی بە توانای گەلەکەمان کاک ناسری حیسامی
سازدانی/ جەواد حەیدەرى

پرسیار: شیعر ئەو پێکهاتە سیحرئامێزەیە کە توانیویەتى پانتاییەکى فراوان لە ئەدەبدا بۆ خۆى داگیر بکات. بەڕاى جەنابتان شیعر تا چ ڕادە بەهۆى پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیا ئەم سیحرئامێزبوونەى خۆى لە دەست داوە؟

وەڵام: پێم وا نییە کە شیعر بەشێک لە سیحرئامێزبوونى خۆى لەدەست دابێ یان تەنانەت لێشى کەم بووبێتەوە، بەڵکوو پێم وایە لەگەڵ پێشکەوتنى هەموو لایەنەکانى دیکەى ژیانى مرۆڤ، شیعریش توانیویەتى زۆر سنوورى تازە بدۆزێتەوە و داگیرى بکات کە پێشتر ڕەنگە لەو سنوورانەدا هەر بەدى نەکرابێت! پێموایە شیعر سەرى بە زۆر کەلێنى تازەى هەستى مرۆڤدا کردووە و پێ بەپێى ئەوەى کە مرۆڤ خۆى زیاتر ناسیوە و لە ئەنجامى پێشکەوتندا توانیویەتى لایەنى تازەى ژیانى خۆى بدۆزێتەوە، شیعریش توانیویەتى سەر بەم لایەنە تازانەدا بکات و پێم وایە شیعر هیچ لە سیحرئامێزبوونى کەم نەبۆتەوە، بەڵام هەموومان دەزانین شیعرى باش و شیعرێک کە بە درێژایى سەدەکان دەمێنێتەوە، هەموو ڕۆژێ و هەموو ساڵێ ڕوو نادات. تۆ دەبینى لە درێژایى سەدان ساڵدا تەنها چەند شاعیرێک هەڵدەکەون کە شیعریان دەمێنێتەوە و سەدەکان تێپەڕ دەکات و بەسەریاندا باز دەدا. رەنگە هەزاران شاعیر لە چوارگۆشەى جیهان شیعر بڵێن، بەڵام ژمارەى ئەو شاعیرانەى کە سەدەکان تێپەڕ دەکەن و بەرهەمەکانیان دەمێنێتەوە زۆر نییە، بۆیە ئەگەر ئێستا ئێمە پێمان وابێ کەمن ژمارەى ئەو شاعیرانە کە شیعریان لەم ئاستەدا بێ، ئەمە بە ماناى ئەوە نییە کە سەردەمى شیعر بەسەر چووە، بەڵکوو ئێستاش شاعیرى وا کەم نین کە تواناى مانەوەیان بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ هەیە. بەچى مەعلووم کە 10 ساڵى دیکە لە ناوچەى ئێمەدا شاعیرێکى وەک حافز هەڵنەکەوێ.

پرسیار: مامۆستا بە ڕاى زۆربەى رەخنەگران، شیعر لە قەیراندایە. جەنابتان ڕاتان چییە؟ ئەم قەیرانە لە چیدا دەبینن؟ ئایا لە بێدەسەڵاتیى شاعیر، یان پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیا، یان بارودۆخى سیاسى؟ لە لایەکى دیکەشەوە ڕەخنەگران لەسەر ئەو ڕایەن کە لە 90 بەملاوە شیعرێکى ئەوتۆ لە لایەن شاعیرانەوە نەخوڵقاوە کە وەڵامدەرەوەى پرسیارەکانى خوێنەر بێت. ڕاتان چیە لەمبارەیەوە؟

وەڵام: پێم وایە ناتوانین بەگشتى بڵێین شیعر لە قەیراندایە، چونکە سەدان ساڵە دەڵێن شیعر لە قەیران دایە. لە هەموو دەورەیەکدا ئەگەر تۆ بەرهەمى 400 ساڵ لەوە پێشیش بخوێنیتەوە، وەها بۆچوونێک هەیە. شاعیر زۆر بووە بەڵام شیعرى باش کەمە. ئەمە ڕەخنەیەکە بە درێژایى تەمەنى شیعر بووە، تەنانەت ئەو سەردەمى کە شاعیرى زۆر دیارى تێدا هەڵکەوتووە، دیسان باس لەوە هەیە کە شیعر زۆرە بەڵام شیعرى باش کەمە، شاعیرى باش کەمە. بەڵام هەر وەک باسم کرد لە هەر دەورەیەکى 10 ساڵە، یان 20 ساڵە، یان 30 ساڵەدا، پێت وا نەبێ شاعیرى گەورە هەڵدەکەوێ و ئەگەر هەڵیش کەوێ ڕووداوێکى گەورەیە! لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا شاعیرى باش هەڵکەوتوون و شیعرى باشیش هاتووەتە ئاراوە.
ئەو بەردە ئاسمانییانە کە دەخوشێن، جارى وایە بە 50 ساڵیش جارێک تێناپەڕن. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەورەى ڕاخوشینى ئەو ئەستێرانە بەسەر چووە. بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکانیش وەک شیعر و بەرهەمە سەرکەوتووەکانى ئەدەبیش وایە. خۆ کەس نازانێ کەى دەرفەتى ئەوە هەڵدەکەوێتەوە کە رۆمانى وەک "گیانى شەیدا"ى رۆمان رۆڵان ڕوو بداتەوە. ئێمە ناتوانین بڵێین سەردەمى ڕۆمان بەسەر چووە. من لەسەر ئەو ڕایە نیم کە شیعر لە قەیراندایە.

پرسیار: ئەو کاتەى ئەدەب ئاوێتەى دونیاى سیاسەت دەبێ فۆرمێکى جیاوازتر لەخۆ دەگرێ. بە ڕاى ئێوە شیعر توانیویەتى سیماى خۆى بپارێزێ و نەتوێتەوە لە سیاسەتدا؟

وەڵام: ئەوە پێى دەوترێ شیعر کە نەتوابێتەوە. ئەگەر شیعر لە سیاسەتدا توایەوە، دەبێتە شتێکى دیکە، بۆیە دەتوانین بڵێین شیعر لە هیچ شتێکدا ناتوێتەوە، ئەگەر توایەوە، بەو مانایەیە کە شیعربوونى خۆى لە دەست داوە و دەبێ ناوێکى دیکەى بۆ بدۆزینەوە. هەن کەسانێک کە هەوڵ دەدەن بە زمانى سیاسەت بدوێن و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە سیاسەتێکى دیاریکراو بکەن. بە ڕاى من ئەمە ناچێتە خانەى شیعرەوە، یان ناچێتە خانەى ئەو بەرهەمانەوە کە تەمەنێکى درێژیان هەیە، لەگەڵ تەمەنى هەر سیاسەتێک، تەمەنى ئەوانیش کۆتایى پێ دێ.

پرسیار: بە ڕاى جەنابت لە کۆمەڵگاى کوردەواریدا کاریگەریى شیعر لەسەر سیاسەت زۆرترە یان سیاسەت لەسەر شیعر؟

و: شیعر هەمیشە ڕووداوێکە لە ناکاو دەخوڵقێ. شیعر جارى وایە لە دەورەیەکى درێژخایەندا گەرا دادەنێ و گەراکەى لە دەروونى شاعیرەکەدا دەگیرسێ. لەوانەیە گەراى شیعرێک بە درێژایى چەند ساڵ لە دەروونى شاعیردا گیرسابێ، لەو دەورەیەدا زۆر ڕووداو و پێشهات دەتوانن ڕوو بدەن، زۆر شەپۆلى فیکرى و سیاسى دەتوانن بەسەر کۆمەڵگادا بێن. دەکرێ هەرکام لەوانە کاریان کردبێتە سەر ئەو هەوێنەى کە شیعرەکە دەگیرسێنێ. ئەو تەئسیرە ئایا ڕاستەوخۆیە یان ناڕاستەوخۆیە؟ ئەوە لە شیعرێکەوە بۆ شیعرێکى دیکە دەگۆڕدرێت. لەوانەیە هەلومەرجى سیاسى یان کۆمەڵایەتى یان هەر شەپۆلێکى فیکرى کە لەو دەورەیەدا تێپەڕ دەبێ، جارى وایە بێ ئەوەى شاعیرەکە هەستى پێ کردبێ، کارى کردبێتە سەر شیعرەکە. ئێمە دەتوانین بەشێکى زۆر لە شیعرى کوردیى 30 ساڵى ڕابردوو بە نموونە بهێنینەوە کە هەلومەرجى سیاسیى کوردستان کارى کردۆتە سەرى بە بێ ئەوەى کە ئەو شتەى خوڵقاوە زمانى سیاسەتى پەیدا کردبێ و بێ ئەوەى کە تۆ پێت وابێ ئەمە لە خانەى شیعر دەرچووە و چۆتە ناو خانەى سیاسەتەوە. بەڵام تۆ دەتوانى ببینى کە هەلومەرجى سیاسیى ناوچەکە و ژیانى خەڵکەکە و ئەو گۆڕانکارییانەى کە بەسەر ناوچەکەدا هاتوون لە شیعرەکەدا ڕەنگ دەدەنەوە. ئەمڕۆ شێرکۆ بێکەس بە ئیعترافى زۆر کەس، چ ئەوانەى کە لایەنگرین و چ ئەوانەى کە ڕەخنەى لێ دەگرن، یەکێک لە دیارترین سیماکانى شیعرى کوردییە، ئەگەر نەڵێم دیارترین سیماى شیعرى کوردیى ئەمڕۆیە. شیعرى شێرکۆ بێکەس جێ پێى زۆر لەو ڕووداوە سیاسییانەى پێوە دیارە کە لە 20 تا 30 ساڵى ڕابردوودا بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا هاتوون بێ ئەوەى کە زمانى شیعرى شێرکۆیان کردبێتە زمانى سیاسەت.

پرسیار: مامۆستا وەرگێڕان ئاوێنەیەکى فراوانى دونیاى مەعریفەیە، یان بە واتایەکى دیکە وەرگێڕان داڕشتنەوەى سەر لە نوێیە. لە ناو وەرگێڕاندا کۆمەڵێ خاڵى تایبەت هەیە کە ئەم کۆمەڵە خاڵە دەبنە هۆى سەرکەوتنى وەرگێڕ لە وەرگێڕاندا. بە ڕاى جەنابت تا چ رادەیەک توانیوتە کارى وەرگێڕان بکەیتە خاڵى سەرەکى بۆ هەموو چالاکییەکانت لە بوارى ئەدەبیاتدا. ئایا وەرگێڕان کارى سەرکیتانە یان نووسین؟ و خۆتان تا چ ڕادەیەک لە وەرگێڕاندا سەرکەوتوو دەبینن؟

وەڵام: ئەوەى کە تا چ ڕادەیەک لە وەرگێڕاندا سەرکەوتوو بووم، ئەوە شتێک نییە کە من بتوانم داوەریی لەسەر بکەم. من هەموو تواناى خۆم بەکار هێناوە بۆ وەرگێڕان. بۆ وەرگێڕانى هەر بابەتێک، هەتا بە ڕادەیەکى زۆر دڵنیا نەبووبێتم کە تواناى خۆمم بەکار هێناوە، بڵاوم نەکردۆتەوە. شیعرى وا هەبووە وەرمگێڕاوە، تا ساڵێکیش بڵاوم نەکردۆتەوە و ماوە بە ماوە چوومەتەوە سەرى و جارێکی دیکە هێناومەتەوە بەر کار و، کارم لەسەرى کردۆتەوە. ئەوەى کە حاسڵى ئەو کارەى من چى لێ دەرچووە، یان بەرهەمێکى سەرکەوتووە یان نا، من خۆم ناتوانم قسەى لەسەر بکەم. هەندێ کەس بە سەرکەوتووى دەزانن و هەندێ کەسیش بە سەرکەوتووی نازانن. کارى وەرگێڕانیش، کارى نووسینیش و شیعر وتنیش هەموویان بۆ من لە پەرواێزى کارى دیکەدا بوون. بەداخەوە قەت دەرفەتى ئەوەم نەبوو کە کاتى خۆم تەواو بۆ وەرگێڕان و کارى ئەدەبیم تەرخان بکەم. لە پاڵ پێشمەرگایەتى و ئەرکەکانى پێشمەرگایەتى و کارکردن لە ئۆرگانە جۆربەجۆرەکانى حیزبێکى سیاسیدا و لەپاڵ هەموو ئەوانەدا من هەوڵم دا کاتێک بدۆزمەوە بۆ وەرگێڕان. دواتریش کە لە دەرێ بووم لە پاڵ کارکردن بۆ بەڕێچوون. بۆیە ناتوانم بڵێم وەرگێڕان کارى سەرەکیمە یان بۆ کارى ئەدەبیش بە داخەوە نەمتوانیوە کاتێکى دیاریکراو تەرخان بکەم، بەڵام وەرگێڕان بۆ من سەرچاوەیەکى فێربوونیش بوو. ئەو شیعرەى کە دەیخوێنیتەوە بە قەت ئەوە لێى ورد نابییەوە کە بە تەما بى وەری بگێڕى. ئەگەر بە تەماى وەرگێڕانى شیعرێک بى، چەند جار لەسەر یەک دەیخوێنیتەوە بۆ ئەوەى کە لە پێکهاتەکەى بگەى، لە یاساکانى دراوسێیەتیى نێوان وشەکانى بگەى، بزانى بۆچى ئەم دوو وشەیە دەکەونە لاى یەک، بۆچى دوو وشەى دیکە نین، شیعرەکە دەڵێ چى، لە کام ڕووکارەوە سەیرى شیعر دەکەى؟ لە کوێوە چاوی لێ دەکەى، وردبوونەوە لە هەموو ئەوانە، وات لێ دەکات کە تۆ زیاتر شیعرەکە بناسى. زیاتر لەوەى کەتۆ لە کاتى خوێندنەوەى ئاساییدا خۆت بە تێگەیشتنى شیعرەکەوە ماندوو دەکەى، لە کاتى وەرگێڕانیدا هەوڵ دەدەى بۆ ناسینى شیعرەکە و دواتر داڕشتنەوەى دەقەکە بە زمانى دووهەم. چونکە شیعر ڕووداوێکە لە زماندا روو ئەدا. بۆیە دەبێ تۆ بزانى ئەم شیعرە لە زمانە تازەکەدا چۆن دەخوڵقێنییەوە.

پرسیار: بە بێ هیچ موبالەغەیەک، لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ئەحمەدى شاملوو بە کاک ناسرى حیسامیەوە دەناسن. سەرەتا جەنابتان بۆ لاى شیعرى شاملوو چوون، یان دونیاى هزر و ئەندێشەى شاملوو کارێکى کرد کە جەنابتان دەست بدەنە وەرگێڕانى شیعرى شاملوو؟ چونکە بە ڕاستى زمانى شاملو قورسە. پرسیارێک دێتە پێش، ئایا ئەمە کاریگەریى شاملو بوو بەسەر کاک ناسرەوە کە ئەو هەوڵ بدات شیعرەکانى تەرجەمە بکات یان فەزاى سیاسى و بیرکردنەوەى شاملوو بوو یان دونیاى شیعر و دونیاى سیاسى؟

وەڵام: زیاتر لەوەی بە خوێندنەوەى کتێبەکانی شیعرى شاملوو سەرنجم بۆ لای شاملوو ببزوێ، بە بیستنی ئەو شیعرانە کە شاملوو خۆی خوێندبوونییەوە، سەرنجم بۆ لای شیعری شاملوو ڕاکێشرا. تازە ساڵانى کۆتایى خوێندنى قۆناغى دواناوەندیم تێپەڕ دەکرد، کە سەردانى کتێب فرۆشییەکانم دەکرد، لەبیرم دێ کە کتێبەکانى شاملوو زۆر سەرنجمى رانەدەکێشا. دەستم دەدایە و سەیرێکم دەکرد، زۆر سەرنجمى ڕانەدەکێشا و نەیدەگرتم. رەنگە هى ئەوە بووبێت کە زمانەکەى ئەو کات بۆ من قورس بووبێت، یان نەمدەتوانى تایبەتمەندییەکانى شیعرەکەى بناسم.
یەکەم جار 1982 یان 83، گوێم لە شیعرخوێندنەوەی شاملوو بوو. لە گوندێکى بچووکى گەورکایەتى بە ناوى "گەنمان" لەبەر سێبەرى چەند دارە بى، سەکۆیەکمان تەخت کردبوو، چادرمان هەڵدابوو. دۆڵێکى ئارام و بێدەنگ، کانییەکى چکۆلە، لەوێ خەریکى نووسینى "کتێبى خوێندنەوەى کوردى" بووین بۆ منداڵانى خوێندنگەکان لە کوردستانى ڕۆژهەڵات. لەو کاتەدا من کاسێتێکى شیعرى شاملووم بەدەست گەیشت. براکەم موزەفەر بۆى ناردبووم. کاسێتى "کاشفان فروتن شوکران". دونیایەک بوو کە من پێشتر بە خوێندنەوەی شیعری شاملوو نەمدیبوو، بەڵام بە گوێگرتن هەستم پێکرد و ڕۆژانە چەندین جار گوێم دەدایە و هەر جارێکیش کە گوێم دەدایە شتێکى تازەم بۆ دەردەکەوت. بەمجۆرە لەگەڵ شیعرى شاملوو ئاشنا بووم و ساڵى84 یان 85 بوو، دەستم کرد بە وەرگێڕانى شیعرەکانى شاملوو. لەپێشدا بۆ من وەک تاقیکردنەوەیەک وا بوو. شیعرى "تەنگانە": "دێن بۆن بە دەمتەوە دەکەن/ نەکا ڕۆژێک وتبێتت خۆشم دەوێى" ئەوەم کرد بە کوردى و "منداڵانى ناو قووڵکەکان" و "گۆرانیى شەوانە" و "مەرگی وارتان". پاشان بۆ چەند کەسێکم خوێندنەوە، پێیان وابوو کە درێژە بە کارەکەم بدەم و درێژەم پێدا.

پرسیار: لەناو قسەکانت شتێک سەرنجى ڕاکێشام و ئەویش ئەمە بوو کە جەنابتان و برادەرانى دیکە، 1982 سەرقاڵى نووسینى کتێبى ئەلفوبێى کوردى بۆ مناڵانى کوردستان بوون. پێت وانییە ئێستا کەمتەرخەمییەک سەبارەت بە ئەدەبیاتى منداڵان دەکرێت و تەنانەت بایەخێکى ئەوتۆ بە ئەدەبى مناڵان نادرێت، بە تایبەت لە لایەن شاعیران و نووسەر و هونەرمەندانەوە. ئایا پێت وانییە جەنابتان دەتوانن بە وەرگێڕانى چیرۆک و شیعر بۆ منداڵان تا ڕادەیەک ئەم کەلێنە پڕ بکەنەوە؟

وەڵام: بەگشتى کۆمەڵگاى ئێمە کەمتەرخەمى دەکات لە ئاست منداڵان، نەک هەر شاعیران و هونەرمەندان. کۆمەڵگاى ئێمە دەبێ بایەخێکى زیاتر لەوەى کە هەیە بدا بە منداڵان و بە ژیانیان، بە پەروەردە کردنیان، بە مافەکانیان. لە کۆمەڵگاى ئێمەدا بەداخەوە هێشتا منداڵ جێگاى ئەوتۆیان نییە. خوێندنیان، سیستمى پەروەردە کردنیان و ڕادەى ئەو کتێبانەى کە دەخرێتە بەر دەستیان و ناوەرۆکیان لەگەڵ ئاستى پێشکەوتنى ئەمڕۆى جیهان یەک ناگرنەوە. ئێستا لە وڵاتانى پێشکەوتوو، منداڵ پێگەى تایبەتیان هەیە و لە کوردستان کەمتەرخەمییەکى بەرین هەیە و ئەمە هەڵمەتێکى هەمە لایەنەى دەوێ. بۆ نووسینى کتێبى منداڵان تەنها تواناى ئەدەبى کافى نییە، تەنها زانینى ڕێزمان و رێنووس، تەنها شیعر وتن کافى نییە، بەڵکوو دەبێ بوارەکانى دیکەى زانستى و دەروونى بۆ نووسینى کتێبى منداڵان لەبەرچاو بگیرێت.

پرسیار: کاک ناسر جەنابت لە ناو پرۆگرام و بەرنامەکانى خۆتدا بۆ منداڵان کارێکت بە دەستەوەیە؟

وەڵام: من هەندێک لێکۆڵینەوەى ڕەخنەییم هەیە لەو کتێبانەى کە بۆ منداڵان نووسراون و لە گۆڤارى گزینگدا و لەسەر ئینتێرنێت بڵاو بوونەتەوە. خۆشم هەوڵمداوە بۆ کۆکردنەوەى کۆمەڵێک شیعر و چیرۆک بۆ منداڵانى کورد کە لە دەرەوە بە کوردى دەخوێنن و دەسکەوتى ئەو کارەم بۆتە کتێبێک بە ناوى دەشتى ئاسکان کە کۆمەڵێک شیعر و چیرۆکە و هەندێ ڕاهێنان لە بوارى ڕێزماندا.

پرسیار: چۆن نهێنیى ئاستەکانى شیعر لێکدەدەیتەوە؟ ئایا لە ڕێى ڕێبازە ئەدەبییەکان یان ڕێگایەکی دیکە کە خۆتان دەست نیشانى دەکەن؟

وەڵام: نا! ڕێبازە ئەدەبییەکان، قوتابخانە ئەدەبییەکان زۆرتر تەکنیکى شیعر دیارى دەکەن تا ناوەرۆکى شیعر. ناوەرۆکى شیعر، هەر لەو ساتەوە کە یەکەمین شیعر خوڵقاوە تا ئێستا، وەک جەوهەر، زۆر لە ماهییەتیدا گۆڕانى بەسەردا نەهاتووە، بۆیە نازانم بە چ پێوانەیەک دیارى دەکرێ و دەناسرێ، بەڵام کە تۆ شیعر دەخوێنییەوە بەر لەوەى بزانى کە ئەوە سەر بە کام ڕێبازى شیعرییە، تۆ دەیچێژى و دەزانى شیعرە یان نا. دەتوانێ پەیوەندى و ئاشنایەتییەک لەگەڵ تۆ پەیدا بکات یان نا. بە بێ ئەوەى کە زانیبێتت کە سەر بە کام رێبازى شیعرییە. نازانم بڵێم بە چ پێوانەیەک. هەر کەس دەیچێژێ، شتێک لە چەشنى چێژتن، نەک لە نەوعى هەڵسەنگاندنى ئەدەبى.

پرسیار: ئێستا دوو ڕاى جیاواز هەیە. لایەک دەڵێ شاعیر دەبێ ئیلتیزامى هەبێ، لایەکیش دەڵێن نابێ بیبێ. ڕاى جەنابتان چییە لەمبارەیەوە؟

وەڵام: بەڵێ شاعیر دەبێ ئیلتیزامى هەبێ. قسەکە لەسەر ئەوەیە کە ئیلتیزام بە چى؟ من پێم وایە ئیلتیزام بە مرۆڤ و بەرژەوەندەکانى ژیانى مرۆڤ و پابەندبوون بە مرۆڤ، بەوەى کە مرۆڤ شایستەى بەهرەمەندبوون لە ژیانێکى پڕ لە جوانى و خۆشییە. من پێم وایە ئیلتیزامى شاعیر تەنانەت بەرانبەر بە ژیانى خۆى وەک مرۆڤێک دەیکاتە شاعیرێکى مولتەزیم، ئەگەر بەرانبەر بە هیچ مرۆڤێکى دیکەى سەر زەویش نەیبێ، تەنها ئیلتیزامى بەخۆى وەک مرۆڤ هەبێ. ئیتلیزام بەرانبەر هەر بەرژەوەندێکى بچووک و کاتى، شیعر دەمرێنێ. شاعیر دەبێ ڕەخنەگرى زەمانەى خۆى بێ. مەبەستم ئەوە نییە کە شیعر بکاتە بوارى ڕەخنەگرتن و لێکۆڵینەوەى ئاسایى. مەبەستم ئەوەیە کە شاعیر ئەگەر تواناى ڕەخنەگرتنى خۆى لەدەست دا و پابەندبوونى بە هەر شتێکى تر ئەم تواناییەى رەخنەگرتنی لێ سەندەوە، ناتوانێ شاعیر بێت.

پرسیار: زۆربەى خوێنەران جگە لەوەى کاک ناسر بە نووسەر و شاعیر دەزانن، بە شۆڕشگێڕیشى دەزانن. حەز دەکەى پێت بڵێن ئەدیبێکى سیاسى، یان سیاسییەکى ئەدیب؟

وەڵام: نازانم بڵێم چى. بەڵام ماوەیەک لەمەوپێش پرسیاریان لێکردم کە سیاسەت و تاراوگە لەسەر کارەکانى تۆ کاریگەریى نیگەتیڤ و خراپیان بووە وەک شاعیر و ئەدیب. ئەگەر دەزانى کە ئەمە کاریگەریى خراپى هەبووە بۆ وازیان لێ ناهێنى؟ من وتم هیچیانم بە دڵى خۆم هەڵنەبژاردووە. نە تاراوگە و نە کارى سیاسى بەم شێوە پێشمەرگایەتیەى کە کردوومە و تا ئێستاش بەردەوامم. لەبەر ئەوەى کە من لە کۆمەڵگایەکدا ژیاوم کە خەڵکەکەى ناچار کراون هەڵوێست بگرن لە حاست داگیرکارى، هەوڵ بدەن بۆ گۆڕینى کۆمەڵگایەکى پڕ لە برسێتى و هەژارى و بێعەدالەتى و پێشێلکردنى مافى ئەم و ئەو، منیش خۆم بە بەرهەڵستکار زانیوە و ناچار بووم کارى سیاسى بکەم. ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا ژیابام کە مرۆڤەکانى ئاساییتر لەوەى کە ئێستا دەژین، ژیابان، منیش بەشێوەیەکى دیکە و لە بوارێکى دیکەدا کارم دەکرد.

پرسیار: ئەو قسەیەى جەنابتان قسەیەکى ڕەزا بەراهەنى وەبیرم هێناوە کە سەبارەت بە شاملوو دەڵێ "شاملوو بە هەڵە بوو بە شاعیر، دەنا سیاسەتمەدار بوو". ڕەنگە بتوانم بڵێم کە سیاسەت و ئەدەب ئاوێتەى رۆحى کاک ناسر بووە و پێم وایە جەنابتان هەر دووکیانت هەڵبژاردووە. بەڵام حەز دەکەم بزانم ئەدیبێکى سیاسیت یان سیاسییەکى ئەدیب؟
وەڵام: ئەدیبێکى کە ناچارە سیاسەتیش بکات. جارى وایە دەڵێن نابێ شاعیر سیاسەت بکەن. تا ئێستاش کەس نەیتوانیوە قەناعەتم پێ بکات کە بۆ دەبێ ئەوانە سیاسەت نەکەن. ڕەنگە کەسانێک پاشان قەناعەتم پێ بکەن. من دەپرسم بۆ دەبێ کارى سیاسى لەسەر شانى شاعیر و نووسەر و ئەدیبان وەک تاکەکانى کۆمەڵگا نەبێ و ئەوان ئەو ئەرکە لەسەر شانى خۆیان هەست پێنەکەن؟ چ شتێک هەیە کە وایان لێ دەکات ئەوان جیاوازییان هەبێ لەگەڵ تاکێکى دیکەى کۆمەڵگا کە کارێکى دیکە لە کۆمەڵگادا دەکات؟ ئەگەر ئەرکى شاعیر و نووسەر و ئەدیب دۆزینەوەى لایەنى تازەى ژیان و پەى بردن بە ڕازى ژیانە و بە ئەرکى خۆى دەزانێ کە ئاسۆى تازە ببینێتەوە، کەسى دیکەش هەیە لە کۆمەڵگادا کە هەمان ئەرکى هەیە. ئەوە تەنها لە بوارى شیعر و ئەدەبدا نییە و کەسێک کە خەریکى لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەى دەرمانى نەخۆشییەکى کوشندەشە، ئەویش ئاسۆى تازە لە ژیانى مرۆڤ دەکاتەوە. ئەویش ئەگەر ئیلتیزامێکى حیزبى بوو، ئیلتیزامى حیزبى دەتوانێ بەشێوەى نیگەتیڤ کار بکاتە سەر ئەنجامى کارەکەى. بۆ نابێ شاعیر و نووسەر و ئەدیب سیاسى بن؟ ئەم مرۆڤانە لە چ جنسێک دروست کراون کە بۆ کارى حیزبى باش نین. هەر بە ڕاست کارى حیزبى یانى چى؟ سیاسەت یانى چى؟ بۆچى سیاسەت باش نییە بۆ شاعیر؟ بە ڕاى من ئەوە گرنگە کە شاعیر و نووسەر ڕەخنەگر بمێنێتەوە. ئەگەر سیاسەتى کرد ڕەخنەگرى حیزبەکەى خۆشى بێ. من پێم وایە زۆر کەسیش بە ڕاستى ڕەخنەگر دەمێننەوە. هەر بۆیە زۆر شاعیر و نووسەر هەن لەگەڵ حیزبەکانن یان بە ئەندام یان نائەندام و، زۆر جار شاعیر و نووسەرى ناو حیزبەکان وەک منداڵى لاسارى ناو خانەوادەیەکیان لێ دێت کە جوابى هەموو شتێک نادەنەوە و بە هەموو شتێک ڕازى نین. ئەوە ماناى ئەوەیە کە ڕەخنەگرە و سەرى بۆ زۆر شت دانەنەواندووە.

پ: ڕاى جیاواز هەیە. هەندێ دەڵێن ڕۆشبیران نابێ خۆیان لە قەرەى سیاسەت بدەن و باشترە لە دەرەوەى بازنەى سیاسەت بن. من دەڵێم ئەگەر رۆشنبیران سەرقافڵە نەبن، ئەى کێ بێ؟
وەڵام: ئەگەر ڕۆشنبیر خۆى لە قەرەى سیاسەت نەدات، کێ بیدات؟ ئەوانەى ناڕۆشنبیرن؟ لە کۆمەڵگایەکدا کە بەسامانتر بێ و کۆمەڵگایەکى ئاسایى بێت، نە سیاسەت و نە حیزبایەتى، هیچیان ئەوەندە گەورە نابنەوە. لەبەر ئەوەى یاسا و رێسایەک دانراوە بۆ بەڕێوەبردنى کۆمەڵگاکە. هەموو کەس کارى خۆى دەکات بێ ئەوەى پێویست بێ سیاسەت و حیزبایەتى سەر بە هەموو گۆشە و کەلێنێکى کۆمەڵگادا بکات. کۆمەڵگاى ئێمە هێشتا وانییە، بۆیە سیاسەت وا گەورە دەبێتەوە. تۆ چ دەکەى لە کۆمەڵگایەکدا کە ئەگەر داواى نان بکەى ڕەنگى سیاسى دەگرێ؟ ئەگەر داواى ئەوە بکەى کە کارکردنى رۆژانە لە 8 سەعات ببێتە 7 سەعات و نیو، ڕەنگى سیاسى بەخۆیەوە دەگرێ؟ یان لێکۆڵینەوەیەکت هەبێ لەسەر ماچ لە شیعردا، خێرا ڕەنگى سیاسى دەگرێت. گرووپێکى سیاسى بە ئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراو دەبێتە دوژمنت و لەوانەشە تەقەت لێ بکات. لە کۆمەڵگایەکى ئاوادا زیاد لە ڕادە هەموو شتێک ڕەنگى سیاسى وەردەگرێ و کەم کەسیش هەیە بتوانێ خۆى لێ بدزێتەوە. من جیاوازییەک دەبینم لە بەینى سیاسەت کردن و حیزبایەتى کردندا، بەڵام ئەوەشت لەبیر نەچێ کە لە کۆمەڵگاى ئێمە سیاسەت کردن بە بێ حیزبایەتى زۆر کاریگەریی نییە. لە وڵاتانى دیکە سیاسەت داپۆشراوە، دەنا خەڵک زۆر لە ژێر کاریگەریى ڕاگەیاندنى ئەو حیزبانەدان. سیاسەت هەر ئەوە نییە کە تۆ لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێست بگرى سەبارەت بە ڕووداوێک. لە ئورووپا رێکلامى کۆمپانیایەک تەئسیر دادەنێ لەسەر ئاستى ژیانى خەڵک و ئەمەش سیاسەتە.

پرسیار: شاملوو لە جێگایەکدا دەڵێ شاعیرانى پێشوو هاتوون وەسفیان کردووە، هەموو دیاردەکانیان وەسف کردووە، ئێستا دەبێ بیگۆڕین. بە ڕاى جەنابتان شێوەى گۆڕینى هەموو دیاردەکانى کۆمەڵگا دەبێ چۆن بێت؟

وەڵام: من پێم وایە ئەوەیە کە شاعیر لە شیعرەکەیدا ئەوە دەربخات کە جیهان چۆن دەبینێ و دەیەوێ چۆن بێت. من پێم وایە ئەم گۆڕینە یان ئەم هەوڵدانە ڕاستەوخۆ نییە، هەوڵدانێکە بۆ ئەوەى کە شاعیر نیشانى دەدا دیاردەکانى دەوروبەرى خۆى چۆن دەبینێ و دەیەوێ چۆن بێت. زۆربەى شیعرەکانى شاملوو ئەم تایبەتمەندییەیان پێوە دیارە. زۆر جاریش بایەخى شیعرەکەى لەوەدایە کە تۆ دەبینى لەسەر دیاردەیەکى دیاریکراو ئەو بەجۆرێک دەڕوانێتە دیاردەکە کە جیاوازە لەوەى تا ئێستا چاوت لێ کردووە. هەر بۆیە دەبینى ئاسۆیەکى تازە لەبەرچاوت دەکاتەوە.

پرسیار: زۆربەى ڕەخنەگران و خوێنەران گلەیى دەکەن کە بۆچى کاک ناسر تەنها سەرقاڵە بە شاملووەوە. چونکە لە فارسیدا دەنگى جیاوازى دیکەش هەیە. شاعیرانى وەک بیژەن جەلالى، موشیرى، نیما، فرووغ، هوشەنگ ئیبتیهاج.
و: من بەرهەمى 5 شاعیرى ئێرانیم کردۆتە کوردى: شاملوو، نیما، فەرەیدوون موشیرى، هووشەنگ ئیبتیهاج و سیاوەش کەسرایى. بەر لەوەى شیعرەکە وەرگێڕى، دەبێ تێکەڵى شیعرەکە بى. لەگەڵ هێندێک شیعر نەمتوانیوە پەیوەندى بەرقەرار بکەم، هەندێ شیعریش هەیە من ناتوانم وەرى بگێڕم. شیعرى "زستان"ى مەهدى ئەخەوان، لەو شیعرانە بوو کە حەزم دەکرد وەریگێڕمە سەر زمانى کوردى. زۆریشم هەوڵدا لەگەڵى، بەڵام نەمتوانى.

پرسیار: چیرۆکنووسان و خوێنەرانى چیرۆک دەڵێن کاک ناسر بەو زمانە شیرین و پاراوە هەر شیعر تەرجەمە دەکات و ئاوڕێک لە چیرۆک ناداتەوە. چونکە چیرۆکنووسى باشیش هەیە لە فارسیدا وەک هوشەنگ گوڵشیرى، شەهریارى مەندەنىپوور، مونیرۆ رەوانى پوور.

وەڵام: وایە من کەمتر چیرۆکم وەرگێڕاوە و زیاتر خەریکى شیعر بووم. بەڵام هەندێ چیرۆکیشم وەرگێڕاوە کە ڕەنگە زۆر کەس لێى ئاگادار نەبن. بۆ نموونە چیرۆکى مونیروو ڕەوانى پوور، هوشەنگى گوڵشیرى، عەلى ئەشرەف دەرویشیان، مەحموود دەوڵەت ئابادى، مەحموود کاکاوەند، ئەوانەم وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى و چاپیش کراون. چیرۆکى میرى چکۆلەش. بەڵام ئەگەر دەرفەتم هەبێ، حەز دەکەم هەندێ چیرۆکى دیکەش بکەمە کوردى کە کاریان تێکردووم.

پرسیار: بەگشتى شیعر و چیرۆکى کوردى لاى فارس نەناسراوە. بۆ ناسینى ئەدەبى کوردى بە فارسى، خۆتان لە قەرەى ئەوە دەدەن کە شیعر و چیرۆکى کوردى بکەن بە فارسى؟

وەڵام: بیرم لێکردووەتەوە و چەند نموونەشم وەرگێڕاوەتە سەر زمانى فارسى. من لەبەر ئەوەى کوردى زمانى یەکەممە و زمانى دایکیمە، دەتوانم شیعرێک بە زمانى کوردى دابڕێژمەوە و توانام زیاتر لەم بوارەدایە تا داڕشتنەوەى شیعرێکى کوردى بە فارسى. چونکە وەرگێڕان تەنها پێویستى بە زانینى زمانەکە نییە، پێویستى بە دیتنەوەى زمانى هاوتاى زمانى ئەو شاعیرە لە زمانى دووهەمیشدا هەیە. ئەگەر من بمهەوێ شیعرى شێرکۆ بێکەس بکەمە فارسى، تەنها ئەوە پێویست نییە کە من فارسى بزانم، بەڵکوو دەبێ زمانى هاوتاى شیعرى شێرکۆ لە فارسیدا بدۆزمەوە و ئەوە کارێکى ئاسان نییە و کاتێکى زۆرى دەوێ و دەبێ زمانەکە بدۆزییەوە، کەسایەتییەک بدەى بە شیعرەکە لە زمانى دووهەمدا.

پرسیار: بەرنامە و کاتێکى دیاریکراوت بۆ وەرگێڕان هەبووە؟

وەڵام: من بە داخەوە تا ئێستا بە بەرنامەوە کارم نەکردووە و هەمیشە بەسەردا کەوتووم و لە کاتى خوێندنەوەدا، شیعرێک یان چیرۆکێکم بینیوە و هەستم کردووە بۆ وەرگێڕان خۆش و باشە و پرۆژەیەکى ئەوتۆم نییە کە بڵێم وادەکەم و وا ناکەم. بەهیوام ئەو کۆمەڵە شیعرەى کە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، کۆ بکەمەوە و چاپى بکەم. بەتەمام چیرۆکى میرى چکۆلە، ئەگەر بتوانم، وەک شانۆنامەیەکى رادیۆیى بە دەنگى خۆم تۆمار بکەم و بیخەمە سەر کاسێت و هەموو شیعر و بەرهەمەکانى خۆم، بە کۆمەڵێک ڕەخنە و لێکۆڵینەوەى ئەدەبیشەوە، کۆ بکەمەوە و چاپیان بکەم.