ژانی گه‌ڕۆک
28 Apr 2009
ناسری حیسامی
بۆ سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی
دیسان تاسه‌ی چریکه‌یه‌ک ... که ئه‌ستێرکی ته‌نگی دڵی، شه‌پۆل ده‌پێکێ. ته‌نها له گه‌ڵ ده‌نگی ڕه‌ها ده‌بێ. ژانێکی ئاشنایه و، ئه‌مڕۆش، وه‌کوو هه‌موو ئێواره‌یه‌ک، له دڵی ئاڵاوه. غه‌ریب و ته‌نیا و ... شار بێده‌نگ و ... یار په‌یدا نابێ.
چ شه‌وێک دیسان به‌ڕێوه‌یه؟
به‌ره‌و دارستانی قه‌راغ شار، وه‌ک باڵنده‌یه‌کی هێلانهلێشێواو، کهوتهوڕهوته ملی ڕێ ده‌گرێ.
ده‌ڵێی له مه‌ڵبه‌ندی گوڵ و سه‌وزه‌ڵانی، له ئاشنایه‌کی خۆی ده‌گه‌ڕێ. عه‌وداڵ و، دڵ که‌یل و ... ده‌روون بێ ئۆقره. بۆنی ئه‌م گوڵ، له‌سه‌ر سنگی ئه‌وی دیکه هه‌ڵده‌مژێ و، دێت و ده‌چێ و، له قوژبنێکی سه‌وز ده‌گه‌ڕێ، که شه‌ونمێک فرمێسکی بۆ بشارێته‌وه و ... په‌نای دارێک که وه‌ک بێستوون پاڵی وێدا.
ئه‌ی یادگاری فه‌رهاده ڕه‌نج خه‌ساره‌که
بچریکێنه!
عه‌شقی شیرین پڕ به گه‌رووه خوێناوییهکهت
هاوار بکه!
با بڕژێتهدهر، ده‌ردی تاوتاوت
دادوبێدادی ساتێکی له‌رز و ساتێکی یاوت.
بچریکێنه!
ئه‌ی برینی بێعیلاجی سه‌د حه‌کیمی نائاشنا
کێ مه‌نعی گریانت ده‌کا؟
حه‌زم ده‌کرد
له‌گه‌ڵ ڕێژنه‌ی شیعری باران
دابارێ به‌سته‌ی خه‌یاڵت
په‌لکه‌زێڕینه‌ی یادی شیرین بێنم هه‌تا
وه‌کوو بازووبه‌ند بیکه‌یته باڵت.
نه‌ک به ته‌شوێی نامرادی
له بێستوونی په‌یکه‌ری پڕژانت بده‌ی.
وێڵی له دووی دڵێکی تاڵانکراو و
ده‌نگت ده‌تبا
تا هه‌رێمی سه‌وز و سووری
دارستان و گوڵ و چرا.