شێعری هه‌ڵبژارده‌
شێعری وه‌رگێڕدراو

شیعر

چەند کورتە شیعر

13 Nov 2009
ناسری حیسامی

شنەت هەورێکی هێناوە
چاوی کردووم بە سەرچاوە
یادی بسکی تۆ دەکەم و
خەیاڵ، یەکسەر هەمووی خاوە!

***

بێ ئۆقرەیە و
بۆ تەنیایی بێبەرگەیە
دڵی کانی.
ئەگەر شەوێک مانگ نەیدوێنێ
یان ئەستێرە چاودانەگرن، لە شەپۆلە وردەکانی
دەچێ تێکەڵ هەور دەبێ و
جا وەرە بەر ڕێژنەی فرمێسک
جا گوێ بدە ناڵەی کپی پڕ لە ژانی
وەکوو بلوێر
هەزار خەمت بۆ دەکاتە یەک گۆرانی.

***

لەو کوێستانە دووردەستەوە کە تەمومژ دەوری داوە
بۆنی نمەی بارانە دێ و
دەنگی دڵەڕاوکەی هەور بەدەم باوە.
لە پشتی شووشەی تەڕەوە، هیچ نابینم
لە جێگەپێی بارانی بێ‌ئۆقرە بەولاوە.

بەڵام دڵم دەڵێ لەوێ
لەوشاخانە
ئاسکێک لە ڕەو بەجێ‌ماوە.

***

ئا بەم درەنگانی شەوە
گیانی وەک سكڵی سووری من
لە تاسەدا، کەوتووەتە ژێر خۆڵەکەوە.
کیژێ وەرە، باوەشێنی ئەم سکڵە کە و
زیندووی کەوە.
دڵێکم بوو، هاتووەتە لات
یان بیگرە نێو ئامێزت،
یان بمدەوە!

***
بگه‌ڕێوه‌|3116 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|1 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
شیوا زمان | 13 Nov 2011 - 23:12
کاک ناسری به‌ ڕێز، ده‌گه‌ڵ سڵاوی گه‌رم. من لام وایه ‌به‌یتی یه‌ک و دو له‌ باری کاته‌وه‌، واتا زه‌مانه‌وه، له ته‌ک‌ یه‌کترا ناخوێننه‌وه .به‌یتی یه‌که‌م باسی روداوێک له‌ ئێستادا ده‌کا و ده‌ڵێ :شنەت هەورێکی هێناوە که‌ چی له‌
به‌یتی دوهه‌م دا شته‌که‌ روی داوه‌ و ته‌واو بووه‌ و ده‌ڵێ :چاوی کردم بە سەرچاوە
که‌ وا بوده‌بوایه‌ یان له‌ به‌یتی یه‌که‌م دا له‌ جیاتی هێناوه‌ ،هێنا نوسرابا یان له‌ به‌یتی د‌وهه‌م دا نوسرابا چاوی کردوم به‌سه‌رچاوه .سه‌رکه‌وتو بی.
......................
سپاس شیوا زمانی بەڕێز. ئەگەر گرفتەکە هەر ئەوەندە بێ، ئەوە چارەکردنی ئاسانە. ئێستا دەیکەمە "کردووم"بە.
هەر شاد بی. ‌.

بۆچوون بنێره‌