ماڵه‌وه
|
شیعر
|
بیروڕا
|
گفتوگۆ
|
ده‌نگ و دیمه‌ن
|
ئاڵبۆم
|
سه‌کۆ
|
پێناس
شێعری هه‌ڵبژارده
هێمن
هێدی
ئه‌وانی دیکه
شێعری وه‌رگێڕدراو
شاملوو
نیما
سایه
موشیری
که‌سرایی
باوه‌تاهیر
ئه‌بووسه‌عیدی ئه‌بولخه‌یر
له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی لووتكهكاندا
24 Oct 2009
ناسری حیسامی
دوور له زه‌وی ودوور له هاژه‌ی ڕووباره‌كان؛ له‌وێ ئێستا هه‌موو شتێك له بێده‌نگیی هه‌زارساڵه‌ی چیاكاندا نوقم ده‌بێ؛ له بێده‌نگیی كۆنهساڵی نێوان مژ و گاشه‌به‌ردا؛
شنه‌بایه‌ك، ڕێگه‌یه‌كی دوورودرێژ به‌سه‌ر ده‌شتی سه‌هۆڵبه‌ندانه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بێ، ته‌زووی به‌فری چه‌ندین سه‌ده‌ی ئه‌و لووتكانه له خۆیه‌وه ده‌هاڵێنێ و، ده‌یهێنێته ناو سنگی تۆ، كه ئێستاكه هه‌نگاوێكت له سه‌ر به‌رد و هه‌نگاوێكت له سه‌ر به‌فره.
- بۆ كوێ ده‌چی؟ ده‌ته‌وێ په‌ی به كام نهێنیی شاخ به‌ری؟ ته‌لیسمی كام قه‌ڵات ده‌وێ و، له دووی ڕازی كام ئه‌فسانه‌ی؟ واده‌زانی ئێره كۆشك و سهرایهكه، ده‌ست به‌ریت و په‌رده‌ی تالارێك لابده‌ی، په‌ی به مه‌ته‌ڵی ژین به‌ری؟
- به ده‌ستێكت توند ته‌نافی شاخه‌وانی ڕاده‌كێشی و، ده‌سته‌كه‌ی دی...
ئێسته ئه‌تۆ له هه‌وره‌بانی ئه‌و شاخه، له نێو مژ و، له نێو مێژووی كۆنی خۆت وشاخدا، بۆ گیرگهیهك ده‌ست ده‌گێڕی.
بانگت ده‌كه‌م: «وریای ڕنووی ژوور سه‌رت به!»
ئه‌تۆش ده‌دوێی؛ به‌ڵام ده‌نگت پێش ئه‌وه كه بگاته من، ده‌گاته‌وه گوێچكه‌ی به‌ردینی شاخه‌كان. لهتلهت ده‌بێ هاواری تۆ. شه‌پۆل شه‌پۆل، به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌شكێته‌وه و ئاڵقه‌ی پساوی ده‌نگی تۆ به داڵانی لووتكهكاندا داده‌گه‌ڕێن، وه‌كوو هه‌زار تهختهسههۆڵی سه‌رگه‌ردان له‌نێو شه‌پۆلی لافاودا، ئه‌وكاتانه‌ی سه‌رده‌كه‌ون و، نوقم ده‌بن و، له گێژه‌نێكی دیكه‌دا پێكداده‌ده‌ن.
ئه‌م به‌ردانه به بیستنی ده‌نگی مرۆڤ ڕانه‌هاتوون. هه‌تا ئێستا، هیچ دۆڵێك و هیچ ڕهوهزێك، هیچ به‌ردێكی ئه‌م شاخانه، ئه‌م زمانه‌ی نه‌بیستوه.
ئێستا ئه‌وه ده‌نگی تۆیه، حه‌مه‌ی ئه‌وراز، له بێده‌نگیی شكۆداری لووتكهكاندا به نێو گه‌رووی دۆڵودهرهی كۆنهساڵدا ڕه‌ها ده‌بێ. له‌م لووتكه‌وه بۆ ئه‌وی دی.
هه‌ڵدێرانی بانگی مرۆڤ له‌سه‌ر تیشهبهردی تیژی بڵند.
ده‌نگدانه‌وه و، داخزینی بانگ و هاوار.
ئه‌وه ده‌نگه ده‌شكێته‌وه. ئه‌وه ده‌نگه بڵاو ده‌بێ و، له گه‌ڵ تاڤگه‌ی سپیڕێژی زوقم و به‌فر دهڕژێتهخوار؛
له هه‌وره‌بانی هه‌وره‌وه، دادهوهرێ و ده‌ڕژێته ناو كۆڵانی بێده‌نگی بنار.
ڕازی مێژوون ئه‌م شاخانه كه تۆ ئێستا وا دڵنیا و ئاوا بێ‌باك له نێوانی لووتكهكانیان له جۆلانه‌ی مه‌رگ و ژیاندای.
له بیرمانه كه ده‌نگی تۆ له هه‌وره‌بانه به‌رزه‌كانی گۆی زه‌وی هات؛ له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی حوكمی به‌فر كه گرمه‌ی هه‌وریش كپ ده‌كا.
له بیرمانه، له داڵانی بهفربهندی نێو لووتكه‌كان، كه تا بووه هه‌ر گوزه‌رگای بای ته‌زیو بوون، ده‌ماری تۆ گه‌رمای ژینی پێدا ده‌هات.
له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی لووتكهكاندا،
گه‌رمای له‌ش و نركه‌ی ده‌نگی تۆ به جێ ما.
ناسری حیسامی
21ی دیسامبری 2003
ستۆكهۆڵم
.............
له‌بابه‌ت حه‌مه‌ی ئه‌وراز و لووتکه‌کانی گاشربرووم
حه‌مه‌ی ئه‌وراز، شاخه‌وانێکی کورد بوو، کاتی سه‌رکه‌وتن له لووتکه‌یه‌کی کۆمهڵهشاخی گاشربرووم، هه‌ره‌س گلاندی و له شاخه‌که‌وه هه‌ڵدێرا.
لووتکه‌ی ”گاشربرووم.یه‌ک“ به به‌رزایی 8068 میتر، به‌رزترین و دووره‌ده‌ستترین لووتکه‌یه له کۆمهڵهشاخی ”گاشربرووم“. که‌وتووه‌ته باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی یه‌خچاڵی 36 مایلیی ”باڵترۆ“، له ناوچه‌ی کشمیر، له په‌نا شاری ”ئاسکوولێ“. ”گاشربروومی یه‌ک“، یازده‌هه‌مین لووتکه‌ی به‌رزی جیهانه.
لووتکه‌کانی ”گاشربرووم“، پێنجن. وه‌ک نیوهبازنهیهک ده‌وری چاڵه‌به‌فرێکی گه‌وره‌یان گرتووه. ئاسۆگێکی بهردهڵانیان هه‌یه و، یاڵی ڕژد و پڕ له هه‌ڵدێر. شاخه‌که پێی ده‌گوترێ ”شاخی نه‌دیو“. ویلیا‌م مارتین ساڵی 1892 ئه‌و ناوه‌ی لێناوه، چونکه هه‌تا مرۆڤ نه‌گاته ناو ئه‌و دۆڵه‌ی هه‌ر پێنج لووتکه‌که‌ی به‌ده‌وره‌وه‌یه، شاخه‌که دیار نییه.
لووتکه‌کانی ”گاشربرووم“، ساڵی 1861، نیشانه کران. ساڵی 1934 بۆ یه‌که‌مجار ده‌سته‌یه‌کی شاخه‌وانانی سویس هه‌وڵیان دا بچنه سه‌ر ”گاشربروومی یه‌ک“، به‌ڵام ته‌نیا تا به‌رزایی 6300 میتر سه‌رکه‌وتن. دوو ساڵ دواتر، فه‌ڕانسه‌ییه‌کان، له داوێنی لای باشووره‌وه 7000 میتر هه‌ڵگه‌ڕان، به‌ڵام له‌به‌ر کڕێوه گه‌ڕانه‌وه. سه‌ره‌نجام ساڵی 1958، ده‌سته‌یه‌ک شاخه‌وانی ئه‌مریکایی، که نه‌یانتوانیبوو له لوتکه‌ی ”کا2“ سه‌رکه‌ون، به ”گاشربرووم“ هه‌ڵگه‌ڕان و دوو که‌سیان گه‌یشتنه لووتکه‌که. دوای ئه‌وه، حه‌ڤده ساڵ، لووتکه‌که، هه‌نگاوی هیچ شاخه‌وانێکی به‌خۆیه‌وه نه‌دی هه‌تا ساڵی 1975 دوو شاخه‌وانی دیکه پێی هه‌ڵگه‌ڕان. دوای چه‌ند جار سه‌فه‌ری شاخه‌وانان بۆ ئه‌و لووتکه‌یه، شاخه‌وانانی فه‌ڕانسه، سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یان تۆمار کرد: له ماوه‌ی بیست ڕۆژدا، له لووتکه‌ی گاشربروومی یه‌ک و دوو و، له (کا.دوو) یش سه‌رکه‌وتن. دواتر، سێ شاخه‌وانه‌که‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه که له شاخه‌که سه‌رکه‌وتبوون، له هه‌ڵگه‌ڕانی دیکه دا، له‌و ناوچه‌یه کوژران.
ئێستا ”گاشربروومی یه‌ک“، له لووتکه هه‌ره به‌رز و پڕمه‌ترسییه‌کانی ناوچه‌ی ”قهرهقورووم“ بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌و شاخه‌وانانه‌ی ته‌نها به مه‌به‌ستی نیشاندانی توانایی مرۆڤ له ململانێی شاخه‌کاندا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن لێی سه‌رکه‌ون.
ده‌سته‌ی شاخه‌وانانی ئێرانیش تا ئێستا دووجار هه‌وڵیان داوه له‌و لووتکه‌یه سه‌رکه‌ون. ساڵی 1973، ده‌سته‌یه‌کی شاخه‌وانان له ئێرانه‌وه بۆی چوون و به ناکامی گه‌ڕانه‌وه. ساڵی 2003، جارێکی دیکه ده‌سته‌ی شاخه‌وانانی ئێران هه‌وڵیان دا به شاخه‌که هه‌ڵگه‌ڕێن و، له‌به‌ر داڕووخانی هه‌ره‌س، حه‌مه‌ی هه‌وراز، شاخه‌وانی کورد، گیانی له‌ده‌ست دا.
بگه‌ڕێوه
|
1168 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|
2 بۆچوون
|
بینێره
|
چاپ
هه‌یاس | 27 Oct 2009 - 00:34
سلاو کاک ناسر.له جوانی دا جوانکاریت کردوه. ئه‌وه زۆر گرینگه ئینسان بتوانێ له‌سه‌ر تابڵۆیه‌کی نایاب نه‌خشی خۆی هه‌ر به‌و جوانیه بچه‌سپێنی. دیاره له هه‌ست و قه‌ڵه‌م و وره‌ی تۆ شتی زیاتریش چاوه‌ڕوان ده‌کرێ. به‌و نووسینه "هه‌وراز" ت به‌رزتر کرد و له "گاشربرووم" وهسهرت خست. من به‌راستی چێژم لێ وه‌رگرت.
s | 26 Oct 2009 - 22:42
کوڕه ئاوا ماڵته. خۆ جاران ببووه ئالبۆمی عه‌کسی خۆت. ورده ورده خه‌ریکی ته‌رخی بکه‌ی. کوره به سه‌ری خۆم خۆشم ده‌وێی بۆیه ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م لێ گرتی. ......
بۆچوون بنێره
Name:
E-mail: