شێعری هه‌ڵبژارده‌
شێعری وه‌رگێڕدراو

شیعر

ئێسته‌ خاکی بۆنخۆشی وێ

30 Jun 2009
ناسری حیسامی

ئێره‌
نه‌مده‌ویست پێت بڵێم
بۆ بوومه‌ په‌ڕیوه‌ی وڵات و
بۆ بوومه‌ ئاواره‌ له‌ شاران.
بۆ لێره‌م؟
چی ده‌که‌م
له‌م شاره‌ی سه‌هۆڵ و
له‌م شاره‌ی کڕێوه‌ی بێده‌نگ و
له‌م شاره‌ی ته‌نیایی به‌رباران؟
له‌ ماڵی خامۆشی چاوانی چاوه‌ڕێ و
له‌ ماڵی هه‌ناسه‌ و هه‌نسکی به‌یانی و
له‌ ماڵی گریانی ئێواران.

له‌م دیوی په‌نجه‌ره‌ سیس بوونی شیعری من
له‌ودیویش
کزبوونی جریوه‌ی باڵنده‌ی که‌سیره‌ی سه‌ر داران.


گیانه‌که‌م!
من لێره‌ بوومه‌ته‌
شه‌پۆلی گۆلاوی ئۆف و ئاخ
من لێره‌ بوومه‌ته‌
به‌له‌می چه‌قیوی که‌ناری ده‌رد و داخ.

ئه‌وێ!
پێش ئه‌وه‌ش، دڵی من له‌وێ بوو.
پێش ئه‌وه‌ش ئه‌و خاکه‌م خۆش ده‌ویست.
ئه‌و هه‌تاوه‌ و، ئه‌و سێبه‌ره‌ و، ئه‌و شاخانه‌ و، ئه‌و ده‌شتانه‌.
پێش ئه‌وه‌ش ئه‌و خه‌ڵکه‌م خۆش ده‌ویست
هه‌ناسه‌ی پیاوانی ئه‌فسووس و
فرمێسکی ژنانی حه‌سره‌ت و
ـ «چاوانم کوێر!» «ده‌ستم بشکێ!»
خۆشم ده‌ویست ئه‌و چاوانه‌ و ئه‌و ده‌ستانه‌!
چاوی ته‌ڕ و ده‌ستی ماندووی ئه‌و ژنانه‌ و ئه‌و پیاوانه‌.

پێش ئه‌وه‌ش که‌ تۆ له‌وێ بی،
هه‌موو ڕۆژێ،
به‌ گیانی تۆ، هه‌موو ڕۆژێ دڵم ده‌هاته‌وه‌ ئه‌وێ.
هه‌موو ڕۆژێ تفڵی دڵم گڕووی ده‌گرت
ئه‌وێی ده‌وێ.
ئێسته‌ به‌ڵام، به‌ چاوی تۆ
خاکی ئه‌و داوێنه‌،
بۆ من هه‌ر نیشتمان نییه‌؛
ئێسته‌ بۆ من ئه‌وێ
ئیتر هه‌ر کوردستان نییه‌
ئیتر خاکی بۆنخۆشی وێ،
خاکی شه‌وبۆیه‌ و نیشتمان
خاکی شه‌وبۆیه‌ و کوردستان.
بگه‌ڕێوه‌|2771 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|4 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
saman | 7 Oct 2009 - 14:10
kak hisam dastxoshit le akam. barasti shi3rakata la naxawa mni hajand. har sarkawtu bit.
saman .broksel

jamal husen | 26 Aug 2009 - 13:51
kak nasr pash slaw
mn peshnyarekm haya bo ewae barez
sherakane shmlo ka ewa wartan gerawata sar kurde w badanga xoshakatan xwendwtanawa esta labar konyan tonw dange tek chwa , hewadarm bajde jareketr sherakane bxwenawaw zabte bkanaw

که‌سێک | 3 Aug 2009 - 00:40
سڵاوت لێبێ کاکه‌ ناسر مرۆ هه‌رچه‌ند له‌ نوسینه‌کانت هۆنراوه‌و وه‌رگێڕانه‌کانت وورد ئه‌بێته‌وه‌و گوێ ئه‌گرێ وا هه‌ست ئه‌کات ئه‌وه‌ ژیانی خۆیه‌تی و ....نازانم هه‌ رلای من وایه‌ یا به‌ گشتی ئه‌وه‌نده‌ سه‌رکه‌وتوانه‌ ئه‌چیته‌ ناخی مرۆوه‌واا ئه‌زانین ژیان هه‌ ر ئه‌و کاتانه‌یه که‌ به‌رهه‌مه‌کانت ئه‌خوێنێته‌وه‌و گوێ ئه‌گرێن .سه‌رکه‌وتو بیت و شاد بژیت.‌

stran abdullah | 2 Aug 2009 - 19:25
dast xwsh kak nasr slawm but haea w hewa dakam salamt bn
supas
stran abdullah
karkuk
......
سڵاو کاکه‌ سترانی‌ی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست!
خۆشحاڵ بووم به‌ دیتنی یادداشته‌که‌تان. هیوام شادی و له‌شساخی و سه‌رکه‌وتنته‌.

بۆچوون بنێره‌