شێعری هه‌ڵبژارده‌
شێعری وه‌رگێڕدراو

شیعر

ئاوێنەی ئاو

12 Apr 2009
ناسری حیسامی

ده‌شت خامۆش و هه‌وار چۆڵه‌
بایه‌ و سه‌مای خاك و خۆڵه‌
گه‌ڵا ده‌ستی له‌دار به‌ر بێ
ده‌ڕوا هه‌تا ڕێی له‌به‌ر بێ
ڕێچكه‌، ماری له‌ش ته‌زیوه‌
زوقمی له‌سه‌ر پشت باریوه‌
ده‌نگی پێیه‌كی پێده‌وێ
خه‌وی قورسی، پێی بڕه‌وێ
له‌وه‌ ده‌ترسێ ڕێی هه‌وار
كوێر بێته‌وه‌ به‌ بێ ڕێبوار.

خۆڵه‌مێشی نێو ئاگردان
په‌نای گرتوه‌ له‌ بن به‌ردان
با، توێ توێ ده‌یلێسێته‌وه‌
پشكۆیه‌ك ناگه‌شێته‌وه‌.

كانی، ژوانگه‌كه‌ی ده‌شت و ده‌ر
ئێسته‌ كه‌سی نایه‌ته‌ سه‌ر
به‌ چاو، سه‌رچاوه‌ ده‌دوێنم
تاسه‌ی ته‌نیایی ده‌شكێنم:
شه‌پۆله‌كان دێن و ده‌ڕۆن
هه‌ر زیخ و چه‌و هاوده‌می تۆن
ته‌نیاییت چۆن به‌سه‌ر ده‌به‌ی؟
ورده‌ به‌ردان چ لێده‌كه‌ی؟
پێیان به‌ خه‌مان ده‌وێری؟
یان كۆچی جوانان ده‌بژێری؟
جاران به‌ژنی به‌رزت ده‌نواند
شۆخت ده‌دی، جوانت ده‌دواند
ئێستا چۆنی به‌ نامۆیی؟
كاروان له‌ من و له‌ تۆش ڕۆیی!
له‌و زایه‌ڵه‌ و ژاوه‌ ژاوه‌
ئێستا ته‌نها یادێك ماوه‌.
مه‌گه‌ر تۆ وه‌فا بنوێنی
گیانێك وه‌به‌ر خولیام بێنی.



ڕه‌وتی ڕوون و زوڵاڵی ئاو
چما ئاوێنه‌ی قاڵكراو
تیشكی هه‌ر یادێك لێی بدا
ده‌توێته‌وه‌ له‌ ناویدا
شلكه‌ وێنه‌ دێن و ده‌چن
سه‌رنج ده‌گرم و ون ده‌بن.



هه‌ر ڕه‌نگێك دێ و ڕه‌نگێك ده‌ڕوا
ئه‌دی ئازیزه‌كه‌ی من كوا؟
ئه‌وه‌ی نه‌رم هاته‌ سه‌ر ئاو
شۆڕه‌بییه‌ یان قژی خاو؟
شه‌پۆل _ بڵێ _ ئارام بگرێ
تاسه‌بارم، تكام بگرێ
به‌ قسه‌ی سروه‌ی بزۆز نه‌كا
دیمه‌نم لێ ئاڵۆز نه‌كا.
ئه‌وه‌ زه‌رده‌ی خۆره‌تاوه‌
یان دیسان ئه‌و خۆی ڕاناوه‌؟
گوڵی ئه‌رخه‌وان وه‌ریوه‌
یان لێوی ئه‌و پێكه‌نیوه‌؟
جووتێك ماسی بوون دوو به‌ دوو
یان درزی به‌رۆكی ئه‌و بوو؟
گه‌ڵایه‌ك بوو با وه‌رانی
یان په‌ره‌نگی گواره‌كانی؟
ئه‌وه‌ ڕه‌گی پیره‌داره‌
یان ده‌سكی گۆزه‌كه‌ی یاره‌؟



كه‌ خۆشڕه‌وته‌ هه‌نگاوی ئاو
وێنه‌ی ئه‌وی چۆته‌ هه‌ناو
ئه‌و له‌ هه‌ر كوێ خۆ بنوێنێ
ڕۆحی سه‌مای وه‌به‌ر دێنێ
تۆفانی ڕه‌نگ به‌ ڕه‌نگی وا
ئه‌و نه‌بێ كێ هه‌ڵیده‌كا!



سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم، تاریكانه‌
ئێواره‌یه‌ و ته‌متومانه‌
له‌ جێگاكه‌ی ڕاده‌مێنم
خه‌یاڵ ده‌به‌م، خه‌یاڵ دێنم
ئه‌وه‌ ئه‌ستێره‌ن له‌و ناوه‌
یان ملوانكه‌ی ئه‌و پساوه‌؟

چ بكه‌م، خه‌زان لێناگه‌ڕێ
هه‌ر گه‌ڵایه‌ و هه‌ڵده‌وه‌رێ

گه‌ڵایه‌ك شه‌پۆل ده‌بزێوێ
دیده‌م وێنه‌ی لێ ده‌شێوێ
به‌و شه‌پۆله‌، شیرین نیگا
دیسان له‌ ئاوێنه‌ ڕه‌نجا
وه‌ك ئاسكێكی ته‌نیا و بێ جووت
به‌ بازێكی سرك، بزووت
وا بلووری به‌ژن و باڵا
تارای شه‌پۆلی تێ ئاڵا
چاوی منی هه‌ر له‌ دوا بوو
له‌ پشت چه‌ند په‌رده‌ ئاوا بوو

هاوار ده‌كه‌م، ده‌ڵێم وه‌ره‌!
وه‌ره‌ و ئه‌مجار منیش به‌ره‌!
بمبه‌وه‌ جێی له‌بیر كراو:
دنیای زوڵاڵ و پاكی ئاو

هه‌ولێر ، 25/1/1998
بگه‌ڕێوه‌|4455 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|2 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
boukan | 29 May 2009 - 14:17
سه‌لام کاک ناسر. هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بی. شیعره‌کانی مامۆستا هێدی زیاتر بخه‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ت. سپاس

ramyar | 15 Apr 2009 - 09:34
سڵاوت لێ بێ کاک ناسر! پیرۆزبایی سایته‌که‌ت لێ ئه‌که‌م و سپاس بۆ دانانی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌شت. چه‌نای چه‌ن جار له‌ گووگل و سایته‌کاندا ناوی ئه‌م شیعره‌م سیرچ کردو نه‌مدۆزییه‌وه‌. بژیت و به‌رده‌وام بیت و دووباره‌ سپاس.

بۆچوون بنێره‌