شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


فرمێسک و پێکه‌نین (3)

11 May 2009

به‌شی سێهه‌می بیره‌وه‌رییه‌کان

له‌ هێزی پێشڕه‌و، ئه‌و چه‌که‌ی به‌ پێشمه‌رگه‌ بوو، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نیشانه‌ی جێگه‌وڕێگه‌ی پێشمه‌رگه‌که‌ بوو. چه‌که‌کان ئه‌وانه‌ بوون به‌ ده‌سکه‌وت له‌ شه‌ڕه‌کاندا ده‌گیران و به‌ پێی ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ ڕه‌غبه‌تیان له‌سه‌ر بوو، به‌ ڕیز ئه‌وانه‌ بوون: کڵاشینکۆفی سیخۆی ڕووس، کڵاشینکۆفی پێنج بزمار، کڵاشینکۆفی ڕه‌قه‌م ده‌، کڵاشینکۆفی قه‌ره‌چی‌ساز، ژێ‌سێ‌، بڕنه‌و و، ئێم یه‌ک.

له‌ کڵاشینکۆفه‌کاندا، له‌ هه‌موویان باشتر دوولاق و، دوایه‌ یه‌ک لاق و، دوایه‌ قۆناخدار بوو. کڵاشینکۆفی سیخۆی ڕووسی دوولاق به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ک بووایه‌، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ بوو له‌مێژه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ و گه‌لێک بواری دژواری سه‌ربه‌رزانه‌ تێپه‌ڕاندووه‌. ئه‌وانه‌ی ژێ سێ‌یان پێ بوو، زۆربه‌یان ئه‌وانه‌ بوون که‌ تازه‌ هاتبوون. هه‌ڵبه‌ت کاتێک به‌رنامه‌ بۆ عه‌مه‌لیاتێک داده‌ڕێژرا، به‌ پێی ده‌وری هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌دا، دیاری ده‌کرا له‌و عه‌مه‌لیاته‌دا چ چه‌کێکی پێ بێ. ”کوێخا“ بڕنه‌وێکی کورتی درابوویه‌. تازه‌ هاتبوو. هه‌ر له‌ مقه‌ڕیش بوو. بۆ عه‌مه‌لیاتیان نه‌ده‌نارد. کوڕێکی نه‌خوێنده‌واری خه‌ڵکی ئاواییه‌کی چۆمی مه‌جیدخان بوو. ته‌مه‌نی بیست نه‌ده‌بوو. ساکار و قسه‌خۆش و ڕوحسووک بوو. تاکه‌که‌سی هێزی پێشڕه‌و بوو بڕنه‌وی پێ بوو. له‌ بیرم نییه‌ ناوی خۆی چ بوو. پێموایه‌ کاک سه‌عیدی گه‌وهه‌ری ئه‌و ناوه‌ی لێنا. کوێخا خۆی ناوه‌که‌ی‌ زۆر به‌دڵ بوو. چه‌ند که‌سی سنه‌ییش له‌ هێز بوون، پێیان ده‌گوت قه‌یخا. له‌ ئه‌نباره‌که‌ له‌ نێو چه‌که‌کاندا، بڕنه‌وێکی کورتی جوان هه‌بوو. داره‌که‌ی سوورگوێزێکی بریقه‌دار بوو. ئه‌وه‌، بڕنه‌وی جه‌عفه‌رئاغای ”سه‌درئاباد“ بوو. کۆمه‌ڵه‌ چووبووه‌ سه‌ر ماڵه‌که‌ی و گرتبوویان. ماڵه‌که‌ی له‌ سه‌درئاباد کرایه‌ مقه‌ڕ و دواتر کرا به‌ بیمارستان. ماڵێکی گه‌وره‌ بوو.

ڕۆژێک له‌ هێزی پێشڕه‌و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب په‌یدا بوو کوتیان چه‌ک دابه‌ش ده‌کرێ. پێشمه‌رگه‌یه‌کی زۆر، له‌وانه‌ی ژێ سێ یان پێبوو، کڵاشینکۆفی تازه‌یان وه‌رگرت. دیار بوو ئه‌وانه‌ ده‌سکه‌وت نین، چونکه‌ ده‌سکه‌وت که‌ ده‌گیرا هه‌ر زوو دیار بوو کێ نۆره‌یه‌تی چه‌کی باشتری پی بدرێ. ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر که‌س چه‌کیان وه‌رگرت. منیش گه‌رچی پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌که‌ نه‌بووم و وه‌ک مامۆستای خوێندنگه‌که‌ له‌وێ بووم، ته‌ماعی کڵاشینکۆف گرتمی. چووم داوام کرد. کاک ڕه‌ئووفی په‌رستار که‌ دابه‌شی ده‌کردن کوتی تفه‌نگ هه‌یه‌، به‌ڵام بچۆ به‌ کاک یه‌حیاش بڵێ. چوومه‌ لای کاک یه‌حیا. پێشتریش جارێک چووبوومه‌ لای.

جاری پێشتر داوای نامیلکه‌که‌م لێکردبوو. له‌ مقه‌ڕ ده‌مدیت هه‌ندێک له‌ پێشمه‌رگه‌کان نامیلکه‌یه‌کیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌. جارێک سه‌رم کێشا چاوی لێ بکه‌م، نه‌یانهێشت. کوتم ئه‌وه‌ چییه‌؟ کوتیان ئه‌وه‌ هی ”ته‌شکیلاتی“یه‌کانه. بچۆ له‌ گه‌ڵ کاک یه‌حیا قسه‌ بکه‌. چوومه‌ لای کاک یه‌حیا‌. کوتی ئه‌وه‌ ”مه‌شعه‌ل“ گۆڤاری ناوخۆیی کۆمه‌ڵه‌یه‌. له‌مه‌ودوا وه‌ره‌ له‌ خۆمی وه‌رگره‌ و بیخوێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ جاری دووهه‌م بوو ده‌چوومه‌ لای کاک یه‌حیا و، ئه‌مجار بۆ کڵاشینکۆف. کوتی بچۆ وه‌ری بگره‌.
پرسیارم لێکرد ئه‌و هه‌موو چه‌که‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌. گوتی یارمه‌تییه‌.

مه‌دره‌سه‌که‌ی وه‌ته‌میش، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی منداڵه‌کان له‌ فه‌سڵی کاردا ده‌چوونه‌ مه‌زرا، زووتر له‌ کاتی ئاسایی ساڵی خوێندنی ته‌واو کرد. چه‌ند ڕۆ دواتر ناردیانمه‌ ”ئاشی گوڵان“. له‌وێ کۆمه‌ڵه‌ بنکه‌یه‌کی بچووکی هه‌بوو، دوو ژوور و پێشخانه‌یه‌ک. ژوورێکیان چه‌کی تێدابوو، هه‌ر له‌و یارمه‌تییانه‌. ژووره‌که‌ی دیکه‌، من و دوو که‌سی دیکه‌ که‌ ئاگامان له‌و چه‌کانه‌ بوو. یه‌کیان هیوا فارس بوو، ئه‌وی دیکه‌ ”ی...“. به‌ پێچه‌وانه‌ی مقه‌ڕی هێز، ئه‌وێ ئارام و بێده‌نگ بوو.

کاوه‌ی ئاسنگه‌ر
دوو هه‌فته‌ دواتر له‌ خانه‌قاوه‌ بانگ کرامه‌وه‌. ئه‌مجار به‌ بڕیاری ناوه‌ندی، که‌ بچم بۆ تیپی شانۆ. نمایشنامه‌یه‌ک ئاماده‌ کرا، له‌ ڕووی شانۆنامه‌ شیعرییه‌که‌ی شێرکۆبێکه‌س: کاوه‌ی ئاسنگه‌ر. کاک ڕزگاری عه‌لی‌په‌نا ده‌رهێنه‌ری بوو. بۆ‌ حاجیاڵیکه‌ند و قه‌ره‌گوێز و خوڕخوڕه‌ و سڵامه‌ت و گوڵۆڵان و کاوڵان و چه‌ندگوندی دیکه‌مان برد. کاوڵان ئه‌وکات بازاڕێکی گه‌وره‌ی لێبوو. شه‌و چه‌ندکه‌س چووینه‌ ماڵێک. دیوه‌خانێکی گه‌وره یان هه‌ بوو. پیاوێکی پیرله‌ وێ بوو و، کوڕی ماڵه‌که‌ و ژنه‌که‌ی. چه‌ند ژنی دیکه‌شی لێبوو، نازانم کێ بوون و بۆ له‌وێ بوون. شه‌و بۆ هه‌ندێکمان له‌ ژوورێک جێگه‌یان چا کرد. بۆ سێ که‌س له‌ لای سه‌ره‌وه‌. له‌ لای ده‌رگاش، له‌ لای چه‌پ‌ جێگه‌ی من بوو، له‌ ته‌نیشت منیش له‌ لای ڕاست، جێگه‌ی ژنومێرده‌که‌ بوو. ژنه‌که‌ فووی له‌ چراکه‌ کرد و هاته‌ سه‌ر جێگه‌ی مێرده‌که‌ی. دوای کوژانه‌وه‌ی چراکه‌، ورده‌ ورده‌ به‌رچاوم ڕوون بووه‌وه‌. پێم ئاسایی نه‌بوو ژنه‌که‌ له‌ لای ئێمه‌ چووه‌ته‌ نێو جێگای مێرده‌که‌ی. دوای به‌ینێک ده‌نگی دام کوتی ”ئه‌و زیته‌زیته‌ت له‌ چییه‌ بۆ نانووی؟“. نوستم و به‌یانی بانگی کردین کوتی ”ئه‌وه‌ نیوه‌ڕۆیه‌. بۆ هه‌ڵناستن؟ هه‌موو بنتان بۆگه‌ن بووه‌ هێند نووستوون“.

بۆنی به‌هێ
له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا، سه‌ره‌تای هاوینی 1982 (1361) بڕیارێکی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ هات که‌ مقه‌ڕه‌که‌ی پێشووی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ ئاجیکه‌ند بدرێ به‌ ”جه‌معییه‌تی موعه‌لیمان“ و، ئه‌ندامانی پێشووی جه‌معییه‌ت له‌وێ کۆ بنه‌وه‌. مقه‌ڕه‌که‌، ڕووی له‌ ڕۆژئاوا بوو، له‌ سه‌ر سه‌کۆیه‌ک دروست کرابوو، به‌ سێ‌چوار پلیکان بۆی سه‌رده‌که‌وتی. دوو ژووری گه‌وره‌ و پێشخانه‌یه‌ک له‌ نێوانیاندا و، شۆرکه‌یه‌کی بچووکیشی هه‌بوو. له‌ لای باکووری بنکه‌که‌ ماڵه‌کانی ئاوایی بوون. لای باشووری ڕیزه‌ داربه‌هێیه‌ک و پاشان باغێکی گه‌وره‌ی قه‌یسی و به‌ڵاڵووک بوو. لای ڕۆژهه‌ڵاتیشی، گۆڕه‌پانێک، دوو دارگوێزی گه‌وره‌ و پاشان هه‌ورازێک بوو هه‌ڵده‌کشا بۆ بانوان. پاییز بۆنی باغه‌به‌هێکه‌ ئه‌و ناوه‌ی داده‌گرت.

کۆبووینه‌وه‌. کرام به‌ لێپرسراوی مقه‌ڕه‌که‌. کۆڕێکمان پێکهێنا که‌ ناوێکی فارسیی له‌سه‌ر بوو: ”هیئت تدوین کتابهای درسی“. کتێبه‌کان زۆربه‌یان به‌ کوردی ده‌نووسران. کۆمه‌ڵێک له‌ مامۆستایانی خوێندنگه‌کان له‌وێ بوون. کاک ڕه‌شادی مسته‌فا سوڵتانی، کاک ڕه‌حیمی تلووعی فه‌ڕ، خانمی شه‌هلای ئێلخانی، بورهانی سادقی، حه‌مید که‌ لایه‌نگری چریکه‌ فیداییه‌کان بوو، چه‌ند که‌سی گه‌نجتریش، پێموایه‌ له‌ هه‌موویان که‌م‌ته‌مه‌نتر من بووم، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نووسینی کوردیدا شاره‌زاییه‌کم بوو، کرامه‌ لێپرسراوی ده‌سته‌ی نووسینی کتێبه‌کان. له‌ شێوازی داڕشتنی وانه‌کاندا، ڕه‌حیم شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بوو. ئه‌و فێری ده‌کردین وانه‌ی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی ده‌بێ چ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌بێ و له‌هه‌ر وانه‌یه‌کدا پیتی کلیل و وشه‌ی کلیل چییه‌.

چووینه‌ سه‌ردانی مامۆشتا شێخ عیزه‌ددینی حوسێنی له‌ ”زاواکێو“. چه‌ند که‌س له‌ ئه‌ندامانی جه‌معییه‌تی موعه‌لیمان بۆ ئه‌وه‌ چووین داوا بکه‌ین کتێبی په‌روه‌رده‌ی دینی بۆ مه‌دره‌سه‌کان، ده‌فته‌ری مامۆستا ئاماده‌ی بکا. له‌ بیرم نییه‌ ئه‌نجامه‌که‌ چ بوو. پێشتر له‌ بۆکان که‌ مه‌دره‌سه‌کان کرانه‌وه‌، جه‌معییه‌ت ده‌رسی قورئان و په‌روه‌رده‌ی دینیی له‌ به‌رنامه‌ی ده‌رسه‌کاندا هێشتبووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خوێندکارانه‌ی موسوڵمان نه‌بوون، بۆیان هه‌بوو نه‌چنه‌ ئه‌و کلاسانه‌. له‌ خوێندنگه‌یه‌ک ، نازانم ”سه‌عدی“ یان ”توروق“ کاک ڕه‌حیمی ئه‌مینی به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا بوو. چه‌ند کچ له‌ خێزانی به‌هایی یان مه‌سیحی چووبوونه‌ لای و گوتبوویان ئێمه‌ موسوڵمان نین، ئایا ده‌کرێ نه‌یه‌ینه‌ کلاسی قوڕئان؟ کاک ڕه‌حیم گوتبووی پێویست نییه‌ بێن. به‌ دینی خۆتان بکه‌ن. دواتر که‌ حکوومه‌ت بۆکانی گرته‌وه‌، کارنامه‌ی ئه‌و ساڵه‌ ،که‌ ”جه‌معییه‌ت“ دابووی به‌ منداڵان، قه‌بووڵی کرد.

پێشتر له‌ ناو شاری بۆکان ”جه‌معییه‌ت“ کتێبێکی بۆ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی نووسیبوو. ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بریتی بوون له‌: کاک فایه‌قی ده‌باغی، کاک ڕه‌حیمی ئه‌مینی، کاک په‌رویزی شافعی، کاک ڕێبوار (شێخولئیسلامی)، کاک فارووقی نه‌قشی، کاک عه‌تای خوڵقی و کاک وه‌فای نوسره‌تپوور“. گۆیا کاک محه‌ممه‌دی حه‌سه‌نخاڵی وێنه‌ی بۆ کتێبه‌که‌ کێشابووه‌وه‌. له‌ ئاجیکه‌ند ئه‌و کتێبه‌مان کرده‌ بنه‌ما بۆ نووسینی کتێبێکی تازه‌. بۆ نووسینی کتێبه‌کانی پۆلی دووهه‌م و سێهه‌م، پێشنیوه‌ڕۆیان هه‌رکامێکمان ده‌چووینه‌ به‌ر سێبه‌ری دارێک و گه‌ڵاڵه‌ی ده‌رسێکمان داده‌ڕشت. دوا نیوه‌ڕۆ کۆده‌بووینه‌وه‌ و ڕاوێژمان له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌کان ده‌کرد.

له‌ نووسینی ده‌رسه‌کاندا هه‌ندێک جار تووشی گرفت ده‌بووین و بۆ وشه‌ی گونجاو داده‌ماین. یه‌ک له‌وانه،‌ وانه‌یه‌ک بوو باسی ”حه‌له‌زوون“ی تێدا بوو. له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ی شتێکی پێده‌ڵێن و هیچیانمان به‌ گونجاو نه‌ده‌زانی: هێلکه‌ شه‌یتانۆکه‌، نینۆکه‌ شه‌یتان و، ناخون شه‌یتان. پێشنیارم کرد هه‌ر وێنه‌که‌ی دابنێین و پرسیار بکه‌ین ئه‌وه‌ چییه‌؟ منداڵ چی وه‌ڵام دایه‌وه‌، وه‌باڵی به‌ ئه‌ستۆی خۆی. دوایه‌ش باسی ژیانی گیانله‌به‌ره‌که‌ بکه‌ین. پێیان باش بوو.

دوای ماوه‌یه‌ک، هاوینی 1982، کۆمه‌ڵه‌ له‌ سێ ناوچه‌ی سه‌قز و بۆکان و مهاباد، 18 ژن و پیاوی نارد که‌ ”جه‌معییه‌ت“ ده‌وره‌ی ڕاهێنانیان بۆ دابنێ و ئاماده‌یان بکا که‌ وه‌ک مامۆستا بچنه‌‌ ئاواییه‌کان و خوێندنگه‌کان ئاوه‌دان که‌نه‌وه‌. ده‌وره‌ی یه‌که‌م له‌ ئاجیکه‌ند به‌ڕێوه‌برا و ئه‌نجامێکی باشی هه‌بوو. سه‌ره‌تا کاک ڕه‌شاد و دوایه‌ کاک ڕه‌حیمی ئه‌مینی لێپرسراوی ده‌وره‌که‌ بوون. من وانه‌ی کوردیم ده‌گوته‌وه‌. ڕه‌حیم ”شێوازی بارهێنان“ی ده‌گوته‌وه‌. کاک نادری قازی‌زاده‌ (ئازاد) که‌ دواتر بوو به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسینی کتێبه‌ده‌رسییه‌کان، له‌ خوێندکارانی ئه‌و ده‌وره‌یه‌بوو. دوای ده‌وره‌که‌ جه‌معییه‌ت نه‌ینارده‌وه‌ ناوچه‌ی مهاباد و داوای کرد هه‌ر له‌ ئاجیکه‌ند له‌ بنکه‌ی ناوه‌ندیی جه‌معییه‌ت کاری پێ بسپێردرێ. قادری قادری، شه‌هینی شه‌هلایی، فایزه‌ی نیکدین، گه‌لاوێژ و نه‌جمه‌ی مه‌حموودزاده‌ و، کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ له‌و ده‌وره‌یه‌ خوێندیان.

له‌ بابه‌ت خوێندنگه‌ی ئاجیکه‌ند، له‌ مزگه‌وت قسه‌م کرد. ژن و پیاو هاتبوون. له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌، ژنان دانیشتبوون. هه‌ندێک قسه‌م کرد و خه‌ڵکه‌که‌ چه‌پڵه‌یان لێدا. دوای تاوێک دیسان چه‌پڵه‌یان لێدا. زانیم ژنێکی به‌ته‌مه‌نی ڕیزی پێشه‌وه‌ چه‌پڵه‌لیدانه‌که‌ ده‌ست پێده‌کا. دوای چه‌ند جار چه‌پڵه‌ لێدان، ژنێکی ته‌نیشتی وه‌ده‌نگ هات کوتی، لێی گه‌ڕی با قسه‌کانی بکا. ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌که‌ کوتی” توخودا قه‌یدێ ناکا، جحێڵه‌ دڵی پێی خۆشه‌“.

چووینه‌ قۆرغان بۆ کردنه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌ و، له‌ مزگه‌وت قسه‌م کرد. پێاوێکی ئارام، هه‌ندێک ڕیشی هاتبوو، کوتی ”ئه‌من کوڕی خۆم نانێرم. نازانم چ ده‌رسێکیان پێده‌ڵێن. کوڕی گه‌وره‌م ناردووه‌ته‌ سابڵاغ. موعه‌للیمه‌که‌ باسی خودای بۆ کردوون و کوتوویه‌ خودا هه‌موو کارێکی له‌ده‌ست دێ. منداڵێک پرسیویه‌تی ئه‌دی خودا ده‌توانێ به‌ردێک دروست بکا هێنده‌ گه‌وره‌ بێ خۆی نه‌توانێ هه‌ڵیگرێ. جوابه‌که‌ هه‌رچی بده‌یه‌وه‌ هه‌ر کفره‌. ئه‌و عیلمه‌ به‌ کاری منداڵان نایه‌“. نازانم ئه‌وکات چیم جواب دایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویش ڕازی بوو مه‌دره‌سه‌که‌ بکه‌ینه‌وه‌. خوشک و برایه‌ک، گه‌لاوێژ و نه‌جمه‌دینی مه‌حموودزاده‌، که‌ له‌ ده‌وره‌ی ئاجیکه‌ند به‌شدار بوون، چوونه‌ ئه‌وێ بۆ وانه‌گوتنه‌وه‌.

هه‌ر ئه‌و هاوینه‌ بڕیار هات جه‌معییه‌ت بنکه‌ی خۆی به‌رێته‌ تو‌رجان. چووینه‌ ئه‌وێ و، له‌ بینایه‌کی قه‌راغ ئاوایی دوو ژوورمان خاوێن کرده‌وه‌. پێشتر ده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تیی تێدا ببوو. هه‌فته‌یه‌ک حه‌ساینه‌وه‌. بڕیارمان دا ده‌وره‌ی دووهه‌می ڕاهێنانی مامۆستایان له‌ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت له‌ ”سیسێر“ بکه‌ینه‌وه‌. به‌ ته‌راکتۆر چووین. له‌ ڕێگا ژانه‌زگێکی خراپ تووش بووم. ده‌مزانی گوێچکه‌ده‌رێ ده‌رمانگای موجاهیدینی لێیه‌. لامان دا و چوومه‌ ده‌رمانگاکه‌. دوو سێ که‌سیشم له‌ گه‌ڵ هاتنه‌ ژوور. ئه‌وانی دیکه‌ ده‌پازده ‌که‌س، له‌ لای تراکتۆره‌که‌، له‌ولاتر بوون. چاوپێکه‌وتنی دوکتور که‌می خایاند. ده‌رمانی دامێ. هاتینه‌ده‌ر دوو پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکرات ڕووبه‌ڕوومان به‌ ئارپی‌جی‌یه‌وه‌ دامه‌زرابوون. یه‌کیان کوتی چه‌ک بن. پێنج شه‌ش که‌سی دیکه‌شیان له‌و ده‌وروبه‌ره‌ دامه‌زرابوون. میلی تفه‌نگیان هێنایه‌وه‌. چه‌کمان پێ نه‌بوو. به‌ هه‌موومان دووسێ تفه‌نگمان پێ بوو، به‌و که‌سانه‌ بوون له‌ لای ترێلی و تراکتۆره‌که‌ بوون. ئه‌وانیش واوه‌هاتن و، له‌ گه‌ڵیان چووینه‌ بنکه‌که‌ی حیزبی دیمۆکرات. ژوورێکی خاوین و به‌ فه‌ڕش ڕاخراوبوو. یه‌که‌م بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌ بوو فه‌ڕشم تێدا دیتبێ. له‌ سه‌ر کاغه‌زیک به‌ دیواره‌که‌وه‌ نووسرابوو”پێشمه‌رگه‌ باسکی به‌ هێزی گه‌له‌“. پێشمه‌رگه‌یه‌ک، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رێ ئارپی‌جی‌یه‌که‌ی پێ بوو، هاته‌ ژوور. بڕێک قسه‌ی کرد. له‌ قسه‌کانی تێگه‌یشتین پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ و حیزب شه‌وی پێشتر له‌ شوێنێک تێک‌هه‌ڵچوون. ئێمه به‌یانی زوو ڕێ‌که‌وتبووین و نه‌مانزانیبوو. ئه‌وان ئاماده‌باش بوون. پێشمه‌رگه‌که‌، هه‌ڵه‌شه‌ قسه‌ی ده‌کرد. پاش به‌ینێک پیاوێکی به‌ ته‌مه‌ن هاته‌ ژوور.‌ خه‌ڵکی گونده‌که‌ و ئه‌ندامی حیزب بوو. له‌وه‌ده‌چوو لێپرسراوێتییه‌کیشی هه‌بێ. پێشمه‌رگه‌که‌ی ده‌نگ دا و، کوتی هه‌سته‌ له‌ باتی ئه‌و قسانه‌ بچۆ چایه‌کیان بۆ بێنه‌. بڕێک، هاتوچۆی ده‌ره‌وه‌یان کرد و، کوتیان له‌ مقه‌ری خه‌لیفان پێیان گوتووین کارتان پێیان نه‌بێ.

وه‌ڕێ که‌وتینه‌وه‌ و شه‌و دره‌نگێک گه‌یشتینه‌ سیسێر و چووینه‌ مزگه‌وته‌که. هاوین بوو. گونده‌که‌ زۆری خه‌ڵک تێدا نه‌مابوو. چووبوونه‌ هه‌واره‌کان. ئه‌و به‌ینه‌ له‌ مزگه‌وته‌که‌ ده‌خه‌وتین‌. له‌ په‌نا مزگه‌وته‌که‌ ژوورێکی بچووک هه‌بوو، کرابووه‌ ئه‌نباری ته‌داروکات. زارای قاسمیانی، خه‌ڵکی سه‌رده‌شت، مه‌سئوولی ته‌داروکات بوو. هه‌میشه‌ گیرفانی پڕ بوو له‌ تیغ و سابوون و شقارته‌ و، ئه‌و شتانه‌ی زووزوو پێویستیمان پێی ده‌بوو. جێگه‌ی ڕێزی هه‌موومان بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موومان وه‌ک خوشکێکی دڵسۆز ده‌جووڵایه‌وه‌.

کلاسه‌کانی ده‌وره‌ی مامۆستایان له‌ مه‌دره‌سه‌که‌ داده‌نران. له‌ بیرم نییه‌ کێ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌وره‌که‌ بوو. مامۆستا، هه‌ر ئه‌وانی ده‌وره‌که‌ی پێشوو بووین. کاک محه‌ممه‌دی ئێلخانیزاده‌، (محه‌ممه‌دی حاجی سمایلاغای ئێلخانی) که‌ دواتر له‌ بۆکان له‌ ماڵی خۆیدا شه‌هید کرا، وه‌ک مامۆستای میوان له‌ چه‌ند کۆبوونه‌وه‌دا به‌شداریی کرد و وانه‌ی ”مێژووی بزووتنه‌وه‌کانی کورد“ی ده‌گوته‌وه‌. ‌ئێواران که‌ کلاس ته‌واو ده‌بوو، زۆر جاران ده‌چووینه‌ هه‌واره‌کان بۆ نانخواردن. ئه‌وه‌نده‌ی ناودێ گه‌رم و ناخۆش و حه‌وز وئاوی گونده‌که‌ پیس بوون، ئه‌وه‌نده‌ هه‌واره‌کان خۆش و دڵگر بوون. ڕاوێژی خه‌ڵکه‌که‌ی، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانی به‌ته‌مه‌نتر، له‌ ڕاوێژی مه‌ جیاواز بوو. له‌ جیاتی ”گیان“ بۆ ده‌ربڕێنی خۆشه‌ویستی ده‌یانگوت ”قه‌وه‌ت“. ته‌بیعه‌تی خه‌ڵکه‌که‌، له‌ کانییه‌کان و هه‌واره‌کان و مه‌زراکان و داره‌کانیان ده‌چێ. کانیی بچووک، سارد و زوڵاڵ. به‌هاری ته‌ڕ و هاوینی وشک. داربه‌ڕووی زبر و تینوو و گه‌ڵاتۆزاوی. که‌ میوانیان ده‌بی، زۆر گه‌رموگوڕ و به‌ ته‌عاروف به‌خێرهاتنت ناکه‌ن، وه‌ک که‌سی خۆیانت وه‌رده‌گرن. میوان له‌ نێویاندا به‌ڕوودا ناکه‌وێ. مرۆڤ له‌ لایان ده‌حه‌سێته‌وه‌. چه‌ند ئاساییه‌ ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌ له‌ کاروان بێته‌وه‌ و داوای دۆیه‌کی سارد بکا، ئه‌وه‌نده‌ش ئاساییه‌ ڕێبوارێک لاداته‌ هه‌واریان و بڵێ نانم بۆ بێنن.

کۆتایی ده‌وره‌که‌ بوو، خه‌به‌رهات تورجان گیراوه‌ته‌وه‌. خه‌به‌ریان لێناردم بچمه‌وه‌ ئاجیکه‌ند بۆ کارێکی پێویست. له‌ سیسێر ئێسترێکیان بۆ گرتم. به‌یانی، تاریک‌وڕوون وه‌ده‌ر که‌وتین. ئاشنایه‌کی خه‌ڵکی گونده‌که‌ هات هه‌تا ”سڵامه‌ت“ به‌ڕێم بکا. له‌ دوایین هه‌واری سیسێر، پێموایه‌ له‌ ”سێوه‌سووره“‌ تاومان لێ‌هه‌ڵات. لامان دا بۆ نانخواردن. ژنی ماڵێ که‌تریی وه‌سه‌رنابوو. خێرا چای بۆ ده‌م کردین. له‌ نێو ڕه‌شماڵه‌که‌ له‌ سه‌ر لێفه‌یه‌ک دانیشتم. جووڵاوه‌. منداڵی ماڵه‌که‌ بوو، هێشتا له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ستابوو و، من له‌سه‌ر قاچی دانیشتبووم. نانمان خوارد و به‌ ڕووکاری گه‌نماندا داگه‌ڕاین. له‌ سڵامه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ به‌ ماشێنی باری، چوومه‌وه‌ ئاجیکه‌ند.

کوتیان ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ و ”جه‌معییه‌تی موعه‌لیمان“ قسه‌یان کردووه‌، ”جه‌معییه‌تی دێمۆکراتیکی موعه‌لیمانی موبارز“ ببێته‌ ”کۆمیسیۆنی فێرکردن و بارهێنانی کۆمه‌ڵه‌“. بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی ده‌زگا تازه‌که سێ که‌س وه‌ک ئه‌ندامی ”کۆمیسیۆنی ناوه‌ندی“ دیاری کرابوون: محه‌ممه‌دی میسری (مهابادی) عه‌تای خوڵقی (سنه‌یی) و شه‌هلای ‌دانیشفه‌ڕ (تارانی). له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ماوه‌یه‌ک کاک یۆسفی ئه‌ره‌ده‌ڵانیش وه‌ک به‌رپرسی گشتی له‌وێ بوو. منیش وه‌ک لێپرسراوی بنکه‌ی ناوه‌ندیی کۆمیسیۆنه‌که‌ و، لێپرسراوی ده‌سته‌ی نووسینی کتێبه‌ ده‌رسییه‌کان کارم پێ سپێردرایه‌وه‌. ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسینی کتێبه‌ده‌رسییه‌کان بڵاوببوونه‌وه‌. ده‌بوو کۆیان که‌ینه‌وه‌.

که‌لوپه‌لی مقه‌ڕی تورجانیان هێنابووه‌وه‌ ئاجیکه‌ند. له‌ نێو که‌لوپه‌له‌کاندا زۆر گه‌ڕام، جانتاکه‌ی منیان نه‌هێنابووه‌وه‌. جلوبه‌رگ و ئاڵبۆمی وێنه‌کان و هێندێک نامه‌ و شتی دیکه‌می تێدا بوو. زۆرم سۆراغ گرت. ده‌ستاوده‌ست چووبوو. هه‌تا‌ مقه‌ڕی ”شێخ چۆپان“ له‌ ناوچه‌ی سه‌قز شوێنم هه‌ڵگرت. ئاخری قوڵاغیان بۆ هێنامه‌وه‌. ئاڵبۆمه‌که‌ و نامه‌کانم وه‌گیرکه‌وته‌وه‌.

مانگێکی پاییز چووبوو، ده‌وره‌ی سێهه‌می ڕاهێنانی مامۆستایان دانرا. له‌ ”هاچیده‌رێ“. نزیکه‌ی 20 که‌س له‌ ناوچه‌کانی سه‌قز و بۆکان و مهاباده‌وه‌ به‌شدارییان تێدا کرد. مه‌نسووری خوسره‌وی که‌ دواتر شه‌هید بوو، له‌گه‌ڵ نه‌شمیلی هاوسه‌ری که‌ تازه‌ زه‌ماوه‌ندیان کردبوو، له‌و ده‌وره‌یه‌ خوێندی. مامۆستا، هه‌ر ئه‌وانی پێشوو بووین. له‌ کۆتایی ده‌وره‌که‌دا جه‌ژنێکمان گرت به‌ به‌شداریی خه‌ڵکی ئاواییه‌که‌ و له‌وێ قسه‌م کرد. وێنه‌کانی ماون. xezellwer-1361-hachidere-314.jpg

به‌ زانین ده‌توانین بگۆڕین جیهان
دووسێ ڕۆژ پێش ئه‌وه‌ی مامۆستایان و خوێندکارانی ده‌وره‌که‌‌ بڵاوه‌ بکه‌ن، بانگیان کردمه‌وه‌ ئاجیکه‌ند. ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ داوای کردبوو گه‌ڵاڵه‌یه‌کی تازه‌ بۆ کتێبه‌ ده‌رسییه‌کان پێشنیار بکه‌ین. کتێبه‌کانی له‌ سه‌رده‌‌می ”جه‌معییه‌ت“دا نووسیبوومانن ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر بوو، گوندییانه‌ن. ناوه‌رۆکی ده‌رسه‌کان و وێنه‌کان، زۆرتر باسی خه‌ڵکی گونده‌کان و جووت‌وگا و، نانکردن و شتی‌ وا بوون. گوتیان ئێستا کوردستان له‌وه‌ پێشکه‌وتووتره‌ که‌ ئێوه‌ نیشانتان داوه‌. له‌و کتێبانه‌دا که‌ نووسیوتانن حه‌وشه‌ی هه‌موو ماڵێک پڕه‌ له‌ سه‌گ و تانجی، ڕێگاکان که‌روباریان پێدا ده‌ڕوا و، ده‌وری کانییه‌کان پڕن له‌ قه‌ل و مریشک.

که‌ هاتمه‌وه‌ ئاجیکه‌ند، که‌سێکی تازه‌ هاتبووه‌ مقه‌ڕه‌که‌. کچێکی تازه‌پێگه‌یشتوو، که‌ دواتر زانیم ئازه‌ربایجانییه‌ و خه‌ڵکی ورمیێه‌. نانی به‌یانیمان ده‌خوارد هات له‌ کاک عه‌تای پرسی ”کاری ئه‌مڕۆی مقه‌ڕ چییه‌؟“ کاک عه‌تا گوتی ”ئه‌وه‌ ناسر هاتووه‌ته‌وه‌. لێپرسراوی مقه‌ڕ ئه‌وه‌. تا ئێستا که‌ لێره‌ نه‌بوو من کاره‌کانیم ده‌کرد. له‌مه‌ودوا خۆی کاره‌کان ده‌سپێرێ“. له‌ کاک عه‌تام پرسی کێیه‌. کوتی له‌ ته‌شکیلاتی نهێنی بووه‌، ئاشکرا بووه‌ و هاتووه‌ته‌ ده‌ر. ناوه‌ندی ناردوویه‌ته‌ لای ئێمه‌ کاری پێ بسپێرین. دواتر به‌ینمان پێکه‌وه‌ خۆش بوو. بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ قسه‌ی له‌ گه‌ڵ بکه‌م بۆ ژیانی هاوبه‌ش. ئه‌وه‌ ئه‌وکات له‌ کۆمه‌ڵه‌دا ئاسایی نه‌بوو. له‌ گه‌ڵ کاک محه‌ممه‌دی میسری قسه‌م کرد. کوتی ده‌بێ به‌ ناوه‌ندی بڵێین. په‌یوه‌ندی کۆمیسیۆنه‌که‌ و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ له‌ ڕێگه‌ی شه‌هلای دانیشفه‌ڕه‌وه‌ بوو. ئه‌ویان ڕاسپارد به‌ ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ بڵێ. دوای هه‌فته‌یه‌ک شه‌هلا گوتی پرسم به‌ ناوه‌ندی کردووه‌، ده‌توانی قسه‌ی له‌ گه‌ڵ بکه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌ت له‌به‌رچاو بێ که‌ باوکی ده‌مێک نییه‌ ئیعدام کراوه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌ هاتنه‌گۆڕی باسێکی وا دڵی بێشێ. ڕۆژێک بانگم کرد و قسه‌م له‌ گه‌ڵ کرد. پێی ناخۆش نه‌بوو. خۆشی بیری له‌وه‌ کردبووه‌وه‌. دواتر چه‌ند ساڵێک پێکه‌وه‌ ژیاین و منداڵێکمان بوو. له‌وانه‌یه‌ حه‌ز نه‌کا ناوی بێته‌ ناو ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌، بۆیه‌ ناویم نه‌هێنا.

ته‌شکیلاتی نهێنیی کۆمه‌ڵه‌ که‌وتبووه‌ به‌ر هێرشی پۆلیس. جاروبار که‌سانێک ده‌هاتنه‌ ده‌ر. یه‌ک له‌وانه‌ کچێک بوو به‌ ناوی ”په‌روین“ هاته‌ ئاجیکه‌ند. ڕۆژێک له‌ گه‌ڵ شه‌هلای دانیشفه‌ڕ هاتنه‌ لام. په‌روین ده‌ستی له‌ ده‌ستم نا و پێده‌که‌نی. دواتر له‌ شه‌هلام پرسی په‌روین به‌ چی پێده‌که‌نی. کوتی ”زۆرم باسی کاره‌کانی هه‌یئه‌تی ته‌دوین بۆ کردبوو. سه‌ری سوڕمابوو له‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵه‌ له‌م گوندانه‌ و به‌م بێ ئیمکاناتییه‌ ئه‌م هه‌موو کاره‌ چۆن ده‌کا. پێشترلای خۆی وای دانابوو ”هه‌یئه‌تی ته‌دوین“ کۆمه‌ڵێک پسپۆڕي به‌ ئه‌زموون بن. که‌ گوتبووم فڵانکه‌س لێپرسراوی هه‌یئه‌تی ته‌دوینه‌، وای دانابوو پیاوێکی به‌ ته‌مه‌نی چاویلکه‌له‌چاو و سه‌ر ڕووتاوه‌ ببینێ. که‌ تۆم نیشان دا به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ و به‌و پشتێن و یه‌خه‌ و به‌رۆکه‌وه‌، پێی سه‌یر بوو. به‌وه‌ پێکه‌نی“.

شه‌هلا بۆ من وه‌ک دایک وابوو. له‌ مقه‌ڕه‌کان که‌ جووتێک پێڵاوی لاستیک یان بلووزێکی گه‌رمی وه‌گیر که‌وتبا بۆی دێنامه‌وه‌. زۆری ئاگا لێم بوو. منیش زۆرم ڕێز لێده‌گرت.

ده‌سته‌ی تازه‌ی نووسینی کتێبه‌ده‌رسییه‌کان، له‌ ده‌سته‌ی پێشوو بچووکتر بوو. به‌ ژماره‌ که‌متر بووین. محه‌ممه‌دی میسری، عه‌تای خوڵقی، شه‌هلای دانیشفه‌ڕ، ڕه‌حیمی تلووعیفه‌ڕ، ڕه‌شادی مسته‌فا سوڵتانی، نادری قازی‌زاده‌ (ئازاد) و من بووین. ئه‌ندامیکی دیکه‌ی ده‌سته‌که‌ش، ئێستا له‌ شاره‌ و ناتوانم ناوی بێنم. کتێبه‌کانمان له‌ سه‌رڕاوه‌ داڕشته‌وه‌. له‌ جیاتی ”توانا بود هر که‌ دانا بود“ که‌ له‌ ئێران له‌ سه‌ر به‌رگی کتێبه‌کان ده‌نووسرا، کاک محه‌ممه‌دی میسری پێشنیاری کرد بنووسین ”به‌ زانین ده‌توانین بگۆڕین جیهان!“. zanin-160.JPGهه‌موومان په‌سندمان کرد. پێشتر له‌ بۆکان چیرۆکیکی منداڵانم له‌ فارسییه‌وه‌ کردبووه‌ کوردی. چیرۆکه‌که‌ وام له‌ بیره‌ باسی خه‌باتی خه‌ڵکی ڤییه‌تنامی ده‌کرد و ناوی ”شه‌ونامه‌“ بوو. هی نووسه‌رێکی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا بوو. ئه‌و چیرۆکه‌مان داڕشته‌وه‌، ناوی منداڵه‌کانمان کرده‌ کوردی و دوو ده‌رسمان لێ ساغ‌کرده‌وه به‌ ناوی ”شۆڕشگێڕه‌ بچکۆله‌کان“.

تووری ته‌ره‌غه‌
هاوکاره‌که‌مان، ئه‌وه‌ی ناتوانم ناوی بێنم، یه‌کجار پیاوی چاک بوو. خه‌ڵکی گوندێکی بۆکان بوو. پیاوی وا قسه‌خۆشم که‌م دیوه‌. که‌مدوێنێش بوو. جاروبار نه‌با قسه‌ی نه‌ده‌کرد، به‌ڵام که‌ قسه‌ی ده‌کرد هێنده‌ ورد و داناردانار ده‌دوا، مرۆڤ هه‌ر حه‌زی ده‌کرد جارێ نه‌یبڕێته‌وه‌. کوتی جارێکی که‌ چوومه‌وه‌ ماڵێ، میوانی لێبوو. یه‌کیان مه‌لایه‌ک بوو. به‌خێرهاتنم کردن. مامۆستا له‌ جوابمدا گوتی ”ئه‌دی. تووری ته‌ره‌غه‌ی به‌نێوبانگه‌“. مامۆستا‌ گوێچکه‌ی گران بوو. تێنه‌گه‌یشتبوو من به‌خێرهاتنی ده‌که‌م. پێشتر باسی کشتوکاڵی ته‌ره‌غه‌یان کردبوو، وه‌یزانی له‌و بابه‌ته‌ی لێده‌پرسم.

کاره‌کان ئاوا دابه‌ش کرابوون: ده‌رسه‌کانی کتێبی گه‌وره‌ساڵان که‌ به‌ فارسی بوون، شه‌هلای دانیشفه‌ڕ و کاک عه‌تای خوڵقی، کاریان له‌سه‌ر ده‌کردن. ئه‌و کتێبه‌، بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌نووسرا که‌ ته‌مه‌نی خوێندنگه‌یان به‌سه‌رچووبوو به‌ڵام به‌ نه‌خوینده‌واری مابوونه‌وه‌. بۆ کوردی، ده‌رسه‌ زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕه‌حیم و ئازاد گه‌ڵاڵه‌یان بۆ ئاماده‌ ده‌کردن، چیرۆک و شیعر و بابه‌تی گشتی من و کاک محه‌ممه‌دی میسری و هاوکاره‌ قسه‌خۆشه‌که‌ کۆمان ده‌کردنه‌وه‌ یان ده‌ماننووسین، مێژوو کاک ڕه‌شاد کاری له‌سه‌ر ده‌کرد. هه‌ندێک له‌ ده‌رسه‌کانمان له‌ ڕووی کتێبه‌کانی خوێندنگه‌کانی ئێرانه‌وه‌ ده‌کرده‌ کوردی. دوایه‌ش به‌ هه‌موومان پێیاندا ده‌هاتینه‌وه‌ و، سه‌ره‌نجام من و کاک محه‌ممه‌دی میسری به‌ زمان و داڕشتنیاندا ده‌چووینه‌وه‌‌. کتێبی ”ئه‌لف و بێ“ بۆ پۆلی یه‌که‌م، له‌ داڕشتنی کۆتاییدا به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌کی کاک محه‌ممه‌دی میسری و کاک ڕه‌حیمی تلووعیفه‌ڕ به‌ ئه‌نجامیان گه‌یاند.

نموونه‌ی وانه‌کان
مه‌ته‌ڵ،‌ یه‌کێک له‌ وانه‌کان بوو که‌ ڕه‌حیمی تلووعیفه‌ڕ نووسی و به‌ ناوی ”ره‌حیم – ت“ ئیمزای کرد و له‌ لاپه‌ڕه‌ 60ی کتێبی خوێندنه‌وه‌ی کوردی بۆ پۆلی سێهه‌می سه‌ره‌تاییدا چاپ کراوه‌. له‌ نووسینه‌وه‌یاندا، ڕێنووس و خاڵبه‌ندیی ئه‌وکاتی کتێبه‌کان ده‌سکاری ناکه‌م.

مه‌ته‌ڵ
وه‌ره‌ گوێ بگره‌ بۆ ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌
به‌ڵام وریا به‌ نه‌چی به‌ هه‌ڵه‌
پیتی هه‌وه‌ڵی نووکی مشاره‌
پیتی دووهه‌می ڕاسته‌ وه‌ک داره‌
هه‌وه‌ڵی شمشاڵ پیتی سێهه‌مه‌
یێ‌ی چه‌ڵه‌مه‌دار پیتی چواره‌مه‌
ئاخر پیته‌که‌ی، دوا ده‌نگی حه‌یران
وێکیان خه‌، سوار به‌، بڕۆ بۆ سه‌یران

شیعری ”بولبول و منداڵ“ من نووسیم و هه‌ر له‌ کتێبه‌که‌ی پۆلی سێهه‌مدا، له‌ لاپه‌ڕه‌ی 8 دا به‌ ئیمزای ”ن. ئه‌یار“ چاپ کرا. هه‌تا کۆتایی هه‌شتاکانیش من نووسراوه‌کانی خۆم به‌ ناوی ”ن. ئه‌یار“ ئیمزا ده‌کرد.

بولبول و منداڵ
بولبولێکی باڵ نه‌خشین
ده‌نووک سووری پشت‌ڕه‌نگین
گۆرانی‌بێژ و ده‌نگ‌خۆش
وریا و زیره‌ک و به‌هۆش
له‌ سه‌ر چڵ هێلانه‌ی کرد
با جۆلانه‌ی پێ ده‌کرد
ڕۆژێک له‌ باغ هه‌ڵفڕی
ڕێگه‌ی بۆ ناودێ بڕی
چوو له‌ سه‌ر بانێک هه‌ڵنیشت
ده‌نگی منداڵانی بیست
زانی که‌ مه‌دره‌سه‌یه‌
جێگای ده‌رس و کایه‌یه‌
پڕ به‌ دوو چاوی جوانی
بۆ هه‌رچوار لای خۆی ڕوانی
ئه‌مجار باڵی راوه‌شاند
پڕ به‌ ده‌نگ تێی چریکاند:

باغچه‌ی گوڵان ئێره‌یه‌
له‌ گوڵ جوانتر لێره‌یه‌
به‌ درێژایی ژیانم
هاوسێی خونچه‌ و گوڵانم
به‌ڵام بزه‌ی منداڵان
لام جوانتره‌ له‌ هه‌مووان
شه‌ر‌ته‌ هه‌تا بمێنم
هه‌ر بۆ ئێوه‌ بخوێنم
ده‌نگی من، قاقای ئێوه‌
تامی ژیانی پێوه‌.

وانه‌ی ”ڕۆبینسۆن کرۆزۆ“ (لاپه‌ڕه‌ی 67 تا 70) شه‌هلا نووسی. په‌یامی ده‌رسه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤ گیانله‌به‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و، له‌ کۆمه‌ڵدا ده‌توانێ گه‌شه‌ بکا. وانه‌که‌ به‌سه‌رهاتی پیاوێکه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵ داده‌بڕێ:‌ ”که‌شتی‌یه‌وانه‌که‌ ڕۆبینسۆنی برد بۆ ده‌ریایه‌کی دووره‌ده‌ست و له‌ جه‌زیره‌یه‌کی چۆڵ و هۆڵ دا، به‌ تاقی ته‌نیا به‌ جێی هێشت... ژیانێکی سه‌خت و دژواری ده‌برده‌سه‌ر... به‌ڵام نه‌مرد... چونکه‌... ئه‌و ته‌جره‌به‌ی چه‌ندین هه‌زار ساڵ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئینسانی ده‌زانی و که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرت.... ڕۆبینسۆن له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌ک شتی تازه‌ فێر نه‌بوو به‌ڵکوو ورده ‌ورده‌ ئه‌و شتانه‌ی له‌ پێشوودا ده‌یزانی له‌ بیری چووه‌وه‌“.

ساڵانی دواتر، زۆر جار بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌، کۆمه‌ڵه‌ دوای دابڕانی له‌ شاره‌کان و ناوه‌نده‌ به‌ زانست ئاوه‌دانه‌کانی کوردستان، وه‌ک ڕۆبینسۆنی لێهات: شتی تازه‌ فێر نه‌بوو، ئه‌وه‌ی ده‌شیزانی له‌بیری چووه‌وه‌.

وانه‌ی ”بیره‌وه‌ری‌یه‌ک له‌ کۆچی مه‌ریوان“ (لاپه‌ڕه‌ی 106 تا 109) کاک ڕه‌شاد نووسی. وانه‌ی ”پێ‌پانه‌کان“ (لاپه‌ڕه‌ی 121تا 123) هاوکاره‌ قسه‌خۆشه‌که‌مان نووسی:

پێ‌پانه‌کان
ورچێک و ڕێوی‌یه‌ک له‌ ناو دارستانێک‌دا خانوویه‌کیان دروست کردبوو. ئه‌وان به‌ یه‌که‌وه‌ له‌و خانوویه‌دا ده‌ژیان. مام ورچ سێ بێچووی هه‌بوو. پاش ماوه‌یه‌ک ڕێوی‌‌یه‌که‌ش تره‌کی و چوار بێچووی بوو.
رۆژێک له‌ رۆژان رێوی به‌ مام ورچی وت: مام ورچ! هه‌روه‌ک ده‌زانی ئێمه‌ ده‌مێکه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌ژین و هیچ جیاوازی‌یه‌کمان له‌ به‌ین‌دا نه‌بووه‌. له‌مه‌و دواش بێچووه‌کانمان به‌ یه‌که‌وه‌ به‌خێو ده‌که‌ین با پێکه‌وه‌ کایه‌ بکه‌ن و وه‌ڕه‌ز نه‌بن. خۆشمان هه‌روه‌ک جاران به‌یه‌که‌وه‌ ده‌چین بۆ راو.
مام ورچ وتی: زۆر باشه‌ مام ڕێوی. هیوادارم هه‌تا سه‌ر هه‌روا به‌ینمان خۆش بێ.
رۆژێک مام ورچ و رێوی به‌یه‌که‌وه‌ چوون بۆ راو. پاش ماوه‌یه‌ک رێوی خۆی له‌ مام ورچ دزی‌یه‌وه‌ و گه‌ڕاوه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و یه‌کێک له‌ بێچووه‌ ورچه‌کانی خوارد.
کاتێک ورچه‌که‌ هاته‌وه‌، رێوی به‌ گریان و له‌خۆدان به‌ره‌وپیری چوو، پێی وت: ئاخر مام ورچ من هه‌ر ده‌ڵێم با ئه‌م بێچووه‌ فه‌قیرانه‌ به‌ ته‌نیا له‌ ماڵێ به‌ جێ نه‌هێڵین. نه‌م وت با یه‌کێکمان له‌ لایان بمێنینه‌وه‌ و ئاگاداری‌یان لێ بکه‌ین؟
مام ورچ وتی: چی بووه‌؟ چی قه‌وماوه‌؟
رێوی وتی: یه‌کێک له‌ بێچووه‌کانمان خوراوه‌.
مام ورچ پرسی: بێچووی منه‌ یان هی تۆیه‌؟
ڕێوی وتی ئه‌و من‌من و تۆتۆیه‌ جیاوازی ده‌خاته‌ به‌ینمان. فه‌رقی من و تۆ چی‌یه‌؟ یه‌کێک له‌ بێچووه‌ پێ‌پانه‌کان خوراوه‌.
به‌م جۆره‌ ڕێوی مام ورچی فریو دا و تا مام ورچ به‌ فێڵی ڕێوی زانی، یه‌که‌یه‌که‌ بێچووه‌کانی لێ خوارد.

دواتر که‌ حیزبی کۆمۆنیست وای به‌سه‌رهات، ئه‌غڵه‌ب جار بێچووه‌کانی ماڵی هاوبه‌ش دیار نه‌ده‌مان و، هه‌میشه‌ش له‌ پێ‌پانه‌کان بوون تێدا ده‌چوون، که‌ باسیشی کرابا ده‌یانگوت ئه‌و من‌من و تۆتۆیه‌ نیشانه‌ی قه‌وم‌په‌رستیی ناسیۆنالیستییه‌.

درێژه‌ی هه‌یه‌
بگه‌ڕێوه‌|3219 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|7 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
sardar ma7mu-darbandixany | 23 Aug 2010 - 10:28
به‌ڕێز کاکه‌ ناسر ده‌ستت خۆش و چاوت ڕوون ،،، خۆزگه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌شت وه‌ستۆ ده‌گرت ،، نه‌قڵه‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیت ده‌نوسی یه‌وه‌ ،،، به‌ڕاستی بیره‌وه‌ریه‌کانت گه‌لێک پڕ چێژو له‌زه‌ت نوسیوون ده‌سته‌کانت هه‌ر خۆش بن ...........

سلێمان دڵسۆز | 4 Oct 2009 - 09:14
هه‌رسێك به‌شی بیره‌وه‌رییه‌كانم خوێندوونه‌وه‌ و به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌رِوانی به‌شه‌كانی داهاتووم.
زمانه‌كه‌ ته‌رِوبرِ و خۆشه‌. رسته‌كان كورت و بروسكاوین. جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و هێمنییه‌ی سه‌رتاپای نووسینه‌كه‌ی داگرتووه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ناوازه‌ی به‌ بیره‌وه‌رییه‌كان به‌خشیوه‌. یه‌كه‌م جاریشه‌ له‌ نووسینی بیره‌وه‌ریی كورداندا ده‌بینم بگێرِه‌وه‌ تاكه‌ پاڵه‌وانی مه‌یدانه‌كه‌ نییه‌. خه‌وشێك كه‌ به‌ زۆربه‌ی بیره‌وه‌رییه‌ تۆماركراوه‌كانمانه‌
وه‌ دیاره‌ و بیره‌وه‌ری­نووسه‌ك�
�ن خۆیان وه‌ك پاڵه‌وانی له‌شكان­نه‌هاتووی بێ­هه‌ڵه‌ و خه‌وش­هه‌ڵنه‌گر ده‌نوێنن.
له‌ فرمێسك و پێكه‌نیندا خۆرِانان كه‌متر ده‌بینرێ. له‌حنی گێرِانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كان له‌حنێكی راپۆرت­ئاسا و بێلایه‌نانه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆر نه‌چووه‌ته‌ نێو ورده‌كارییه‌كانه‌و�
�‌ و به‌ خێرایی به‌سه‌ر رووداوه‌كاندا تێده‌په‌رِێ، به‌ڵام ده‌ستچن كردنی رووداوه‌كان ژیرانه‌یه‌ و نووسه‌ر ده‌زانێ چ شتێك بایه‌خی باسكردنی هه‌یه‌.
ئه‌و جۆره‌ نووسینه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی كوردیدا رێچكه‌یه‌كی نوێیه‌ و شیاوی ده‌ست­خۆشییه‌.

tahir hosaini | 4 Jun 2009 - 11:37
سلاو کاک ناسری به‌ڕێز.ده‌ستت خۆش بێ و ماندوو نه‌بی.

ئه‌سعه‌د دروودی | 19 May 2009 - 17:42
سڵاو کاک ناسر
دستت خۆش بێ. بیره‌وه‌ری به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌و زمانه‌ پاراو و شیرینه‌ نووسرابێ که‌ به‌ڕێزت نووسیوته‌، ئاوێنه‌ی کولتوور و فه‌رهه‌نگی خه‌ڵک له‌و کاته‌دایه‌ که‌ ڕووداوه‌کان ڕویانداوه‌. هیوادارم به‌رده‌وام بی له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی که‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردیدا.
سه‌رکه‌وتوو بیت

تاله‌ئوله‌ | 15 May 2009 - 21:18
کاک ناسر سڵاو، ده‌سته‌کانت خۆش بێت بۆ نووسینی بیره‌وریه‌کانت. به‌ڵام وێنه‌ و نامه‌کانی ئه‌م بیره‌وریانه‌ ناکرێنه‌وه‌. واباش نییه‌ که‌لانی که‌م ئه‌ونیش وه‌ک نووسراوه‌ی ورد له‌به‌رده‌ست بن؟
سپاسی دووباره
.......
خوێنه‌ری به‌ڕێز!
به‌ ته‌مام به‌شێک له‌ نامه‌کان بنووسمه‌وه‌ و بڵاویان بکه‌مه‌وه‌. بڕێک پێده‌چێ تا ئه‌و کاره‌ بکه‌م. وێنه‌کانیش هه‌ندێکیان له‌ به‌شی ئاڵبۆم هه‌ن. ئه‌وانی دیکه‌ش، هه‌ڵبژارده‌یه‌کیان به‌ره‌به‌ره‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. سپاس بۆ ڕێنوێنییه‌که‌ت.‌

سه عدون کاکه باوه تورجان | 14 May 2009 - 22:56
ده ستت خۆش کاکه‌ ناسری به‌ڕێز بۆ گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رێکانت.
هیوادارم سه رکه‌وتووبی.

sebari darabi | 12 May 2009 - 20:15
ده‌ست خۆش کاک ناسری به‌ڕێز. زۆر جوان ده‌یانگێڕیه‌وه‌ و زۆریش خۆش و به‌که‌ڵکن. سه‌رکه‌وتوو بی.

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia