شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


فرمێسک و پێکه‌نین (2)

6 May 2009

به‌شی دووهه‌می بیره‌وه‌رییه‌کان



خۆپیشاندان له‌ دژی حکوومه‌تی شا په‌ره‌ی گرتبوو. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا، دوو که‌س له‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ عه‌زیمیه، به‌ شه‌و‌ له‌ ماڵی خۆیاندا کوژران و، بکوژه‌کان دیار نه‌بوو کێن. په‌نابه‌ران نیگه‌ران بوون. شه‌وانه‌ کوڕه‌گه‌نجه‌کان نیگابان بووین. شه‌وێک، ئوتومبێلێکی سواریمان ڕاگرت، سێ‌چوار پیاوی تێدابوو. ئوتومبێله‌که‌ پڕ بوو له‌ چه‌ک. پیاوێکیانم ناسییه‌وه‌. پێشتر له‌ ماڵی ”حسۆمیرخان“ دیتبووم. وابزانم خه‌ڵکی مه‌شهه‌د بوو. دواتر زانیم لێپرسراوێکی گه‌وره‌ی چریکه‌فیداییه‌کان بووه‌. چه‌کیان ده‌برد له‌ داوێنی چیاکانی پشت عه‌زیمییه‌ تاقه‌تی که‌ن. به‌یانی ڕاپه‌ڕین کرا. ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی حکوومه‌تی نیزامی له‌ عه‌زیمییه‌ بوو. له‌ نیوسه‌عاتدا تاڵان کرا. له‌ خوار عه‌زیمییه‌، سێ ته‌پۆڵکه‌ هه‌ن ”زوراباد“ی پێده‌ڵێن. خه‌ڵکی بێده‌ره‌تان له‌و سه‌ر ته‌پۆڵکانه‌ سه‌رپه‌نایان بۆ خۆیان دروست کردبوو. ڕۆژی یه‌که‌می ڕاپه‌ڕین ده‌نگ ساز بوو کوتیان خه‌ڵکی ”زوراباد“ وه‌ڕێکه‌وتوون بێن کورده‌کانی عه‌زیمییه‌ تاڵان که‌ن. گوتبوویان ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ شا به‌ینیان خۆش بووه‌. کوتیان مه‌لای مزگه‌وته‌که‌ی عه‌زیمییه‌ پێشی پێگرتوون.

ژماره‌یه‌ک له‌ ئاغاکانی موکوریان هاتبوونه‌ لای مامم ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ ده‌کرد ”حیزبی میللیی عه‌شایر“ دروست بکه‌ن و بارزانییه‌کان یارمه‌تییان بده‌ن. پێموایه‌ هه‌ر له‌ ئاستی ڕاوێژدا مایه‌وه‌.

بۆکان
چه‌ند مانگ دواتر، هاوینی 1979 (1358)، هاتمه‌وه‌ بۆکان. ”جه‌معییه‌تی دێموکراتیکی موعه‌لیمانی موبارز“ پێکهات. ئه‌وانه‌ی جه‌معییه‌ته‌که‌یان پێکهێنابوو، زۆربه‌یان دۆست و لایه‌نگری کۆمه‌له‌ بوون. جه‌معییه‌ته‌که‌ ده‌وره‌یه‌کی دانا، بۆ فێرکردنی خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی. کاک ڕێبوار (موسلیحی شێخولئیسلامی) ده‌رسی ده‌گوته‌وه‌. منیش چووم. ده‌وره‌که‌، وام له‌بیره‌ کورت بوو. یه‌کدوو هه‌فته‌. دوای تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتایی، ڕۆژێک چوومه‌ نووسینگه‌ی ”جه‌معییه‌ت“ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی تاقیکارییه‌که‌. کاک ڕه‌حیمی ئه‌مینی له‌وێ بوو. گوتی ”ئه‌نجامی ده‌وره‌که‌ باش بوو. کوڕێکی کوردی عیراقی باشترین ئه‌نجامی به‌ده‌ست هێناوه‌“. لیستی ناوه‌کانی هێنا. باشترین ئه‌نجامه‌که‌ هی من بوو. دیاربوو له‌ به‌ر پێشینه‌ی بابم و ئه‌وه‌ که‌ من له‌ که‌ره‌جه‌وه‌ هاتبوومه‌وه‌، به‌ عێراقیم تێگه‌یشتبوو.

له‌ خولی داهاتووی فێرکردنی کوردیدا، من وانه‌م ده‌گوته‌وه‌. پێشوازییه‌کی باشی لێکرا. چه‌ند که‌س له‌وانه‌ی له‌ بۆکان به‌ منداڵی ده‌رسم له‌ لا خوێندبوون و سیمایان بۆ هه‌میشه‌ وه‌ک مامۆستا له‌ زه‌ینمدا ده‌مێنێ، هاتبوون ناوی خۆیان نووسیبوو بۆ فێربوونی خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی و، وه‌ک خوێندکارێکی ورد و هێمن گوێیان بۆ وانه‌کان شل ده‌کرد. دوای ئه‌ویش خولێکی دیکه‌مان دانا، بۆ ئاستێکی پێشکه‌وتووتر. ده‌رسی ”ڕێزمان“یش هاته‌ نێو به‌رنامه‌ی ئه‌و ده‌وره‌یه‌. ”حوسێن به‌فرین“ وانه‌ی ڕێزمانی ده‌گوته‌وه‌ و، من ڕێنووس. حوسێن به‌فرین، که‌ خه‌ڵکی سلێمانییه‌، لایه‌نگری کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران و، سوێندی گه‌وره‌ی ”به‌ گۆڕی شه‌هید ئارام“ بوو. به‌فرین، شاعیرێکه‌، ئه‌وه‌نده‌ی توانایی داهێنانی هه‌یه‌، ناوبانگی نییه‌. شیعری سرووده‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی ”وڕ و کاس و سه‌رگه‌ردان نیم“، شیعری حوسێن به‌فرینه‌.
”وڕ و کاس و سه‌رگه‌ردان نیم
ده‌سته‌مۆی ئه‌شکی گریان نیم.
هه‌رچه‌ند به‌ ئازار ته‌زیوم،
سه‌ربزێو بووم، نه‌به‌زیوم.“

له‌و سه‌روبه‌نده‌دا له‌ بۆکان گرووپێکی شانۆ پێکهات. سه‌ره‌تای ساڵی 1981 (ناوه‌ڕاست‌مانگی زستانی 1359) نمایشنامه‌یه‌کمان برده‌ سه‌ر شانۆ به‌ ناوی ”ئالای شۆڕش“. له‌ بیرم نییه‌ کێ نووسه‌ری نمایشنامه‌که‌ بوو (کاک ڕێبوار یان کاک په‌رویزی شافعی)، به‌ڵام کاک سمایلی یۆسفی، لێپرسراوی گرووپه‌که‌ و ده‌رهێنه‌ری شانۆکه‌ بوو. له‌ بۆکان چه‌ند جار نیشان درا و هه‌زاران که‌س دیتیان. ده‌وری ”کاکاغا“م هه‌بوو. کاکاغا، که‌ له‌ نمایشنامه‌که‌دا، ده‌وری ئاغایه‌کی لایه‌نگری حیزبی دیموکراتی بوو، کوڕێکی لایه‌نگری چریکه‌کانی ئه‌کسه‌ریه‌ت بوو، برازایه‌کیشی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه‌ بوو. نمایشنامه‌که‌، ڕووداوه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی ئێران و هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیی ده‌گێڕایه‌وه‌.

مانگی ڕه‌شه‌مه‌ (مارس)، نمایشنامه‌که‌مان برده‌ شنۆ. ئه‌وکات شنۆ هێشتا پێشمه‌رگه‌ی تێدا بوو. له‌ بۆکانه‌وه‌ تا شنۆ، ڕێگاکه‌ به‌ چه‌ند ناوچه‌ی داگیرکراودا تێده‌په‌ڕی. له‌ سه‌فه‌ره‌که‌دا، ئێمه‌ نزیکه‌ی 15 که‌سی تیپی شانۆکه‌ بووین، که‌ چه‌کمان پێ نه‌بوو. کۆمه‌ڵه‌ ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵ ناردین که‌ بمانگه‌یه‌نێته‌ شنۆ. عه‌لییه‌ ڕه‌شی کۆنه‌دێ، فه‌رمانده‌ی ئه‌و ده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ بوو. هه‌تا ئیندرقاش به‌ تراکتۆر چووین، له‌وێوه‌ به‌ پێیان. شه‌و، له‌ جاده‌ی مهاباد- ورمێ په‌ڕینه‌وه‌. له‌و به‌ری جاده‌، چه‌ند گوند چۆڵ کرابوون. یه‌کیان ”مه‌حمه‌شه“‌ بوو. دوو گوند له‌ په‌نای یه‌کتر، هه‌رتک ناویان مه‌حمه‌شه‌یه‌. ”مه‌حمه‌شه‌ی کوردان“ و ”مه‌حمه‌شه‌ی‌عه‌جه‌مان“. ئه‌وی عه‌جه‌مان سووتێنرابوو. دێ به‌ دێ،‌ سێ ڕۆژ به‌ڕێوه‌ بووین. له‌ ”مه‌حمه‌شه“‌ و ”قاڕنێ“ و ”ده‌شتی قوڕێ“ و ”شاوه‌لێ“ و دێیه‌کی بچووکی بناری شاخێک که‌ نا‌وه‌که‌یم له‌ بیر نییه‌ و، له‌ ”ئاڵیاوێ“ لامان دا. له‌ قاڕنێ، له‌ قه‌راخ دێ وه‌ستاین هه‌تا تاریک داهات. دێیه‌که‌ پایگای تێدا بوو. ئێواره‌ دره‌نگ چووینه‌ ئاوه‌دانییه‌که‌. له‌ ماڵێکی پێشه‌وه‌، داوای نانمان کرد. نه‌چووینه‌ ژوور. له‌ به‌ر ده‌روازه‌ گه‌وره‌ ئاسنه‌که‌یان ڕاوه‌ستاین. نانێکی زۆر و کووپه‌یه‌ک په‌نیریان بۆ هێناین. شه‌و په‌ڕینه‌وه‌. له‌ ئاڵیاوێ، شه‌وی دواتر لامان دا. ئێمه‌ چه‌ند که‌س، چووینه‌ ماڵێک. خاوێن و خۆش بوو. به‌ خه‌تێکی خۆش، له‌سه‌ر دیواری ژووره‌که‌ نووسرابوو:
”وه‌های فه‌رمووده‌ دانای سه‌رزه‌مین:
مه‌ردانه‌ مردن، نه‌ک ژنانه‌ ژین!“ ‌

پاییزی ‌ 1980 (1359)، مه‌د‌ره‌سه‌کانی بۆکان کرانه‌وه‌. له‌ خوێندنگه‌ی ناوه‌ندیی ”په‌روینی ئیعتیسامی“ وه‌ک مامۆستا ده‌ستم به‌ کار کرد. نه‌ورۆزی 1981، له‌گه‌ڵ کاک جه‌ماڵی مفتی بڕیارمان دا ئاهه‌نگێک ساز بکه‌ین بۆ خوێندکارانی خوێندنگه‌کانی بۆکان. ئاهه‌نگه‌که‌ له‌ خوێندنگه‌ی ”سه‌عدی“ گیرا. جه‌ماڵ، له‌ چه‌ند هه‌فته‌ له‌وه‌پێشه‌وه‌ خوێندکاره‌کانی کۆ ده‌کرده‌وه‌ و سروودی فێر ده‌کردن. له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا، جه‌ماڵ و خوێندکاره‌کان سروودیان وت. ئێمه‌ش، چه‌ند که‌س، شیعرمان خوێنده‌وه‌.

به‌هاری 1981، (1360)، له‌ جه‌معییه‌ت بڕیارمان دا هه‌موو خوێندکارانی خوێندنگه‌کانی‌ بۆکان، بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی وانه‌ی کوردی له‌ کۆتایی ساڵی خوێندندا، له‌ یه‌ک جێگا کۆبکه‌ینه‌وه‌. له‌ ساڵۆنی ده‌بیرستانی که‌ماڵ تاقیکردنه‌وه‌که‌ کرا. ئه‌زموونێکی خۆش بوو.

چه‌ند ڕۆژ دواتر، 28ی مانگی پووشپه‌ڕی 1360،( 18/7/1981) جه‌ماڵ، له‌ شه‌ڕێکدا له‌ نێو شاری مهاباد شه‌هید بوو. له‌ بۆکان له‌ نێو ڕێز و شکۆیه‌کی گه‌وره‌دا به‌ خاک سپێردرا.

كه‌ هاتییه‌وه‌ من له‌وێ بووم.
له‌م سه‌ر تا ئه‌وسه‌ری شه‌قام
ئه‌وانه‌ی تۆیان خۆش ده‌ویست
ئه‌وانه‌ی خۆشت ویستبوون
وه‌ك دارستان، ئه‌مبه‌ره‌وبه‌ر ڕاوه‌ستابوون
قامه‌تی تۆش چنارێكی ڕاكشاو بوو
به‌ نێو داڵانی باغێكی پڕ له‌ سڵاو و سروود دا
تێده‌په‌ڕی.
خۆت بێده‌نگ و
سرووده‌كه‌ت له‌ گه‌رووی شارێك ده‌بیسترا.


ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ گه‌ڕایه‌وه‌
به‌ژنت بۆنی نه‌عنه‌ی كێویی لێده‌هات و
بۆنی خاكی به‌ر سووره‌تاو؛
بۆنی ده‌غڵی ده‌شتی به‌رینی شاروێران؛
بۆنی شنه‌ی پاییزانی باغه‌به‌هێی ئاجیكه‌ند و
بۆنی سه‌نگه‌ری به‌رباران.
(له‌ شیعری سه‌فه‌ری سروود، بۆ جه‌ماڵی مفتی)

سه‌ره‌تای پاییز، هێزه‌کانی حکوومه‌ت له‌ میاندواو و سه‌قزه‌وه‌، بۆ گرتنه‌وه‌ی بۆکان هاتن. له‌ شار هاتینه‌ده‌ر. یه‌که‌م مقه‌ڕ، له‌ ”چاوه‌رچین“ ماینه‌وه‌. له‌وێ کاک که‌ریمی دانشیارم ناسی. مامۆستایه‌کی مهابادی، کوردیزان و قسه‌ڕه‌وان و له‌سه‌رخۆ. چه‌ند ڕۆژێک چوومه‌ ئاجیکه‌ند. له‌ گه‌ڵ کاک ڕه‌شادی مسته‌فا سوڵتانی ناردیانین بۆ وه‌ته‌میش، که‌ له‌وێ مه‌دره‌سه‌ بکه‌ینه‌وه‌، وه‌ته‌میش له‌و ده‌وروبه‌ره‌ له‌ گونده‌کانی دیکه‌ گه‌وره‌تر بوو. ئه‌و کات ”هێزی پێشره‌و“ی کۆمه‌ڵه‌، له‌ وه‌ته‌میش بوو.



وه‌ته‌میش
کاک مینه‌ی حیسامی، کاک یه‌حیای ده‌وه‌نداری و سه‌ید ئه‌سعه‌دی حوسێنی، کۆمیته‌ی هێز بوون. محه‌ممه‌دی سوڵتانی و ڕه‌ئووفی په‌رستار و محه‌ممه‌دی ئێلخانی مه‌سئوولی په‌ل بوون. هێزی پێشڕه‌و، ناوه‌ندێکی پڕ جووڵه‌ و پڕ هاتوچۆ بوو. کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی سێ ناوچه‌ی مهاباد و بۆکان و سه‌قز له‌وێ کۆ کرابوونه‌وه‌. پڕ بوو له‌ پێشمه‌رگه‌ی ئازا، قسه‌خۆش، کوڕی چاک و هاوڕێی ڕاست و دروست. سه‌عیدی گه‌وهه‌ری، سه‌ید مینه‌، حه‌مه‌ گووگه‌، سمایلی قه‌ره‌نی‌پوور، حه‌سه‌نی سوڵتانی (حه‌سه‌ن ئارپیجی)، خدری محه‌ممه‌دی، ڕه‌حیمی بلووری، حه‌مه‌ی له‌گز، خالیدی وه‌حیدی (خالیدی مه‌لا عه‌وڵا)، نادری خه‌لیقی، زاهیدی به‌رازه‌نده‌، خالیدی ئه‌رغه‌وانی، مه‌حموود شاره‌زوور، حوسێنی مسته‌فا زاده‌، سه‌عیدی ته‌ها و گه‌لێکی دیکه‌شم له‌وێ ناسی و خۆشم ویستن. له‌وانی ماویشن: ، جه‌عفه‌ری ئه‌مین زاده‌، شابازی شه‌هلایی، عه‌لی ڕه‌مه‌زانی، شه‌مێ و موعته‌سه‌می تاتایی، که‌ریمی ئێلخانی زاده‌، ئه‌بووبه‌کری له‌گز و ...، له‌وێ بوون. هێزی پێشڕه‌و پێشمه‌رگه‌شی لێ بوو که‌ کورد نه‌بوون. ”هیوا فارس“ پێموایه‌ خه‌ڵکی ئیسفه‌هان بوو، ”که‌ماڵ تورک“ یش خه‌ڵکی میاندواو بوو. هه‌رتکیان وشیار و چاوکراوه‌ و ئه‌هلی کتێب بوون و زۆر خۆشه‌ویست بوون.

له‌ وه‌ته‌میش، زیاتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانمان ده‌کرد، خه‌ڵک پێشوازییان له‌ کرانه‌وه‌ی مه‌دره‌سه‌که‌ کرد. له‌وێ مامۆستایه‌کی دیکه‌ش بوو به‌ هاوکارمان: شه‌هلا خانم، ژنێکی ڕۆشنبیر و چالاکێکی سیاسیی خه‌ڵکی شمالی ئێران، که‌ له‌گه‌ڵ کاک جه‌عفه‌ری ئیلخانیزاده‌ ژیانی هاوسه‌رییان پێکهێنابوو و له‌ وه‌ته‌میش ده‌ژیا.

له‌ مزگه‌وت، خه‌ڵک کۆبوونه‌وه‌ و گوتیان سووته‌مه‌نیی مه‌‌دره‌سه‌که‌ دابین ده‌که‌ین. میزرا عه‌بدولڕه‌حمان، که‌ دووکاندارێکی نه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندیش بوو، ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌می ساڵێکی منداڵه‌کانی مه‌دره‌سه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ. میرزا عه‌بدولڕه‌حیمی براشی، زۆری یارمه‌تی داین. له‌ هێزی پێشره‌و، له‌ گه‌ڵ کاک ڕه‌شاد ژوورێکمان بوو. خه‌ڵکی ئاوه‌دانی زۆر جار خوارده‌مه‌نییان بۆ دێناین و جلوبه‌رگیان بۆ ده‌شوتین.


پێموایه ناوه‌ڕاستی زستان بوو. ماوه‌یه‌ک بوو موزه‌ففه‌رم نه‌دیبوو.‌ له‌ ”گوێچکه‌ده‌رێ“ بوون. کوتم ده‌چم سه‌ری لێده‌ده‌م. له‌ کۆمیته‌ی هێز گوتیان ئه‌گه‌ر واوه‌ ده‌چی، کارێکیش هه‌یه‌ جێبه‌جێی بکه‌. پێشمه‌رگه‌یه‌ک، برایم، که‌ له‌ ناوچه‌ی بانه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ ”کیتکه“‌ له‌ ماڵی خۆیان لایداوه‌. یان بیهێنه‌وه‌، یان تفه‌نگه‌که‌ی بێنه‌وه‌. ڕه‌سووڵ، برای برایمیش له‌ وه‌ته‌میش پێشمه‌رگه‌ بوو، ئه‌ویشیان له‌گه‌ڵ ناردم. ڕه‌سووڵ، منداڵکارێکی باریکه‌ڵه‌ی گه‌نمڕه‌نگ بوو. ئارام و بێده‌نگ. ده‌مانچه‌ی کاک ڕه‌شادم وه‌رگرت و ڕۆیشتین. سه‌ردانی موزه‌ففه‌رم کرد. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا، له‌ کیتکه‌ پرسیارمان کرد، ژنێک که‌ وابزانم زڕدایکی برایم و ڕه‌سووڵ بوو، کوتی ”برایم لێره‌ نه‌ماوه‌، له‌ گه‌ڵ خوشکی چووه‌ته‌ خه‌لیفان ماڵی گرتووه‌“. چووینه‌ خه‌لیفان. به‌ پرسیار برایممان دیته‌وه‌. ژووریکی بچووکی گرتبوو. ژووره‌که‌، سێگۆشه‌ بوو. له‌ ده‌رگا که‌ ده‌چوویه‌ ژوور، سۆبه‌یه‌کی دار به‌رانبه‌رت پشتی به‌ دیواره‌وه‌ بوو. له‌ ته‌نیشت سۆبه‌که‌، جێگه‌ به‌ قه‌ده‌ر حه‌سیرێک هه‌بوو. ده‌رگاکه‌ش ته‌خته‌یه‌کی شاش بوو. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رما به‌ که‌لێنه‌کاندا نه‌یه‌ته‌ ژوور، لێفه‌یان پێدادابوو. کچه‌که‌، خوشکیان، ته‌مه‌نی به‌ زه‌حمه‌ت پازده‌ ساڵ ده‌بوو. که‌ ڕه‌سووڵی دیت له‌ خۆشییان گه‌شکه‌ بوو. له‌ هه‌موویان چکۆله‌تر بوو. برای له‌ هه‌مووشیان گه‌وره‌تر، له‌ بۆکانه‌وه‌ هاتبوو سه‌ریان لێ بدا. ببوونه‌ سێ برا و خوشکێک. شه‌و له‌ برایمم پرسی دێیه‌وه‌. کوتی ناتوانم، خوشکم له‌ ماڵێ ده‌رکراوه‌. له‌ گه‌ڵ زڕدایکم ناحاوێته‌وه‌، من بێمه‌وه‌ پێشمه‌رگایه‌تی بێکه‌س ده‌مێنێته‌وه‌. شه‌و ڕه‌سووڵ تاوێک وه‌ده‌ر که‌وت. که‌ هاته‌وه‌ بانگی کردمه‌ ده‌ره‌وه‌، کوتی ”له‌ ناو دێ ده‌ڵێن برایم چه‌که‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ی فرۆشتووه. پووڵی له‌ کابرایه‌کی قه‌ره‌چی وه‌رگرتووه‌ خوشکه‌ که‌شمانی بداتێ“. هاتینه‌وه‌ ژوور برایم سه‌ری داخست. ڕه‌سووڵ گوتی منیش نایه‌مه‌وه‌. دڵی لای خو‌شکه‌که‌ی بوو.‌ کچه‌، له‌ وێنه‌ی منداڵه‌ هه‌ژاری ناو کتێبه‌کانی حیکایه‌ت ده‌چوو. باریک، لاواز، وریا و چاوگه‌ش. پێده‌که‌نی و شانی به‌ شانی ڕه‌سووڵی برایه‌وه‌ نابوو. هیوادارم ئێستا له‌هه‌ر کوێ هه‌ن، به‌ ژیانێکی باشتر بژین. برا گه‌وره‌که‌یان کوتی ”من دێمه‌ وه‌ته‌میش. یان کۆمه‌ڵه‌، بۆ چه‌که‌که‌ی برایم لێمان خۆش ده‌بن، یان با بمگرن“.

به‌یانی زوو نانمان خوارد و وه‌ڕێکه‌وتین. چه‌که‌که‌ی ڕه‌سووڵیشم هه‌ڵگرت. به‌فرێکی قورس باریبوو. به‌ نێو به‌فر و بێده‌نگیی ئه‌و پێده‌شتانه‌دا، به‌ ڕچه‌یه‌کدا که‌ جێ‌جێ باڕن پڕی کردبووه‌وه‌، هه‌تا ئێواره‌ هاتین. ئێواره‌ دره‌نگێک، به‌ دووکه‌ڵی سه‌ربانی ماڵان، ”سه‌رباخچه‌“مان دیته‌وه‌. گوندێک به‌ ڕووکاری ڕۆژئاوای چیای ”ته‌ره‌غه“‌دا. له‌ ناو دێ، پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن به‌ره‌وڕوومان ده‌هات. چوارشانه‌یه‌کی باڵابه‌رز بوو. خه‌ریک بوو قۆڵی که‌واکه‌ی داده‌داوه‌. دیار بوو تازه‌ ده‌سنوێژی هه‌ڵگرتووه‌. پرسیاری ڕێگه‌ی ”عیلماباد“م لیکرد. کوتی ”عیلمابادت بۆ چییه‌ به‌و شه‌وه‌ی؟“
کوتم: ده‌چینه‌وه‌ وه‌ته‌میش.
کوتی: ”به‌وشه‌وه‌ی ده‌رناچن. به‌فر هه‌وراز و نه‌ویی تێک کردووه‌ته‌وه‌. پیاوی شاره‌زاش، ئێستا ڕێگه‌ ده‌رناکا“.
گوتم: ئه‌گه‌ر ڕێگه‌که‌مان پێ بڵێی ده‌ڕۆین.
گوتی: ”ڕێگه‌تان پێ ناڵێم. خه‌می ئێوه‌م نییه‌ گورگ ده‌تانخوا. خه‌می خۆمه‌ دوایه‌ خه‌ڵک ده‌ڵێن خدر به‌و شه‌وه‌ی میوانی به‌و به‌فره‌دا به‌ڕێکرد و نه‌یگێڕانه‌وه‌. ئابڕووم ده‌چێ.“
له‌ گه‌ڵی چووینه‌وه‌. دوو کوڕی گه‌وره‌ی به‌ ژن و ماڵی هه‌بوو. جلی وشکیان بۆ هێناین. کووره‌ی دار داییسا. چایان بۆ تێکردین. سیغاری بۆ پێچامه‌وه‌. گه‌رم بووینه‌وه‌. نانمان خوارد و شه‌و تا دره‌نگ قسه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه‌. تێکه‌ڵاوێک له‌ بیره‌وه‌ری و حیکایه‌ت. باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی موعینییه‌کان و، شه‌ڕی ژاندرمه‌ له‌ ”مله‌ی میرقاس“. باسی شه‌ڕی نێوان گورگ و ڕێبواری ماندوو له‌ به‌فری قورسدا. باسی دیتنه‌وه‌ی گولله‌ی ده‌مانچه‌ له‌ قوتوویه‌کدا له‌ کۆنه‌ مه‌ته‌رێزێکی بان ته‌ره‌غه‌.
به‌یانی که‌ هه‌ستاین، به‌فرێکی ئه‌ستوور باریبوو. نه‌یهێشت بڕۆین. کوتی: ”ده‌رناچن. ئه‌گه‌ر له‌ دانیشتن وه‌ڕه‌زن، بچن له‌ گه‌ڵ کوڕه‌کان سه‌ربانان بماڵن.“ سه‌ربانمان ماڵی و، سبه‌ینێ، یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی بۆ شاره‌زایی تا ”کانییه‌ ڕه‌ش“ له‌ گه‌ڵ ناردین. ڕێگه‌ی عیلماباد گیرابوو.

عومه‌ری جانالی
زستانی 1982، (1360) ناخۆش ته‌واو بوو. ڕێک هه‌فته‌یه‌کی مابوو بۆ نه‌ورۆز، شه‌ڕه‌که‌ی قلیانتاغ ڕوویدا. عومه‌ری جانالی، که‌ له‌ نێو شاره‌وه‌ زۆر به‌ینمان خۆش بوو، له‌ گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بوو که‌ له‌ قلیانتاغ تووشی ستوونێکی هێزه‌کانی حکوومه‌ت بوون.
‌عومه‌ری جانالی، له‌ بۆکان له‌ گه‌ڵ ڕێکخراوی ”وه‌حده‌تی کۆمۆنیستی“ بوو. ئه‌سعه‌دی براشی هه‌ر وا. تازه‌ له‌ شار هاتبووینه‌ ده‌ر که‌ خه‌به‌ر هات ئه‌سعه‌د ئیعدام کراوه‌. ئه‌سعه‌د ڕۆژی 25ی گه‌ڵاڕێزانی ساڵی 1360، ڕێکه‌وتی 15ی نۆڤامبری 1981، له‌ زیندانی میاندواو ئیعدام کرابوو. عومه‌ر له‌ قه‌ره‌گوێز له‌ ماڵی کاک عومه‌ری موهته‌دی بوو. له‌ وه‌ته‌میشه‌وه‌ چوومه‌ قه‌ره‌گوێز بۆ سه‌ره‌خۆشی له‌ عومه‌ر. نامه‌ی ئه‌سعه‌د له‌ گه‌ڵ خه‌به‌ری ئیعدامه‌که‌ی هاتبوو. کاتێک زانیبووی ئیعدام ده‌کرێ نامه‌یه‌کی نووسیبوو بۆ که‌سوکار و هاوڕێیانی. ئه‌و نامه‌یه‌ که‌ ئه‌سعه‌د به‌ وره‌یه‌کی به‌رزه‌وه‌ نووسیبووی زۆر کاری له‌ عومه‌ر کرد. بیری له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ چه‌ک هه‌ڵ‌بگرێ. وه‌حده‌تی کۆمۆنیستی له‌ کوردستان هێزی چه‌کداری نه‌بوو. عومه‌ر ڕای منی پرسی که‌ پێت چۆنه‌ بێمه‌ وه‌ته‌میش و چه‌کی کۆمه‌ڵه‌ هه‌ڵگرم. وه‌ک برا وابووین. حه‌زم ده‌کرد بێته‌ لای خۆمان. ئه‌وکات شه‌ڕ زۆر بوو. پێشمه‌رگه‌ش زۆر شه‌هید ده‌بوون. به‌ڵام هیچ به‌ بیرمدا نه‌ده‌هات عومه‌ر ئه‌گه‌ر چه‌ک هه‌ڵبگرێ و بچێته‌شه‌ڕ شه‌هید ببێ. هاته‌ وه‌ته‌میش. زیره‌ک و ئه‌هلی کتێب و خوێندنه‌وه‌ بوو. کاتێک پێده‌که‌نی، به‌ ده‌نگێکی وا به‌رز پێده‌که‌نی سه‌رنجی هه‌مووانی ڕاده‌کێشا.

ڕۆژێک پێشنیوه‌ڕۆ، تاووساوێکی خۆش بوو. عومه‌ر له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ڕێکرایه‌ ”قه‌ڵاچووغه‌“. قه‌ڵاچووغه‌ گوندێکی بچووکه‌ له‌ لای ژوورووی وه‌ته‌میش، له‌ بناری کێوی ”سوڵتان“. ده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌که‌ زوو گه‌ڕانه‌وه‌. پرسیم چ بوو؟ عومه‌ر، به‌ بزه‌یه‌کی سارده‌وه‌ گوتی: ”هیچ وه‌ڵا، چووین کابرایه‌کمان کوشت و هاتینه‌وه‌.“ پێم سه‌یر بوو. ئه‌وان به‌ ته‌مای شه‌ڕ نه‌چووبوون. چووبوون مقه‌ڕ بکه‌نه‌وه‌. حیزبی دیموکرات گۆیا به‌ لایه‌نگرانی خۆی گوتبوو مه‌هێڵن کۆمه‌ڵه‌ له‌وێ مقه‌ڕ بکاته‌وه‌. چه‌ند که‌س هاتبوون و، قسه‌یه‌ک له‌وان، یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌، سه‌ره‌نجام یه‌کێک له‌ خه‌ڵکی ئاوایی له‌ تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌یه‌ک ڕۆهاتبوو. پێشمه‌رگه‌که، گولله‌ی بردبووه‌ به‌ر تفه‌نگه‌که‌ی.‌
له‌ عومه‌رم پرسی کابرا چۆن کوژرا؟ کوتی ”به‌ڕاستی نازانم. ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم ئه‌و له‌ لایه‌ک و عه‌به‌ له‌ لایه‌ک تفه‌نگه‌که‌یان ده‌کێشا. نازانم ده‌ستی کامیان وه‌به‌ر په‌له‌پیتکه‌که‌ که‌وت. کابرا پێکرا“. به‌و ڕووداوه‌، عومه‌ر زۆر تێکچوو. گوتی بیرم له‌وه‌ نه‌کردبووه‌وه‌ پێشمه‌رگایه‌تی ڕووداوی وا ناخۆشیشی تێدایه‌.

چه‌ند رۆژ دواتر، ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ هات کوتی سبه‌ینێ ده‌چمه‌ مه‌ئمووریه‌ت. تفه‌نگه‌که‌م زۆر خراپه. ‌تفه‌نگه‌که‌ی تۆ ده‌به‌م. کاک عومه‌ری موهته‌دیش به‌سه‌ردان هاتبووه‌ وه‌ته‌میش، میوانمان بوو. ده‌مانچه‌یه‌کی چاكی هه‌بوو، ده‌ما‌نچه‌که‌ی دا به‌ عومه‌ر و به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ گوتی ئه‌گه‌ر تفه‌نگه‌که‌ت کوێره‌ی کرد ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ هه‌ڵکێشه‌. ڕۆژی دوای ڕۆیشتنیان، کاک عومه‌ری موهته‌دی بانگی کردم. سه‌ری داخست. تاوێک مات بوو، کوتی کوڕه‌کان له‌ ”قلیانتاغ“ تووشی شه‌ڕ بوون. 5 که‌س شه‌هید بوون، یه‌کیان عومه‌ره‌. له‌ کاتێکدا گریان گه‌رووی گرتبوو، شیعری ”نازلی“ی تا کۆتایی خوینده‌وه‌: ساڵها دواتر که‌ شیعره‌کانی شاملووم کرده‌ کوردی، ئه‌و شیعره‌ پێموایه‌ یه‌که‌مین شیعری شاملوو بوو کردمه‌ کوردی :

”نازلی!
به‌هار بزه‌ی هاتێ و
دارئه‌رخه‌وان ئه‌وا پشکووت.
له‌ ماڵه‌وه‌، لای په‌نجه‌ره‌
ئه‌وا گوڵی کرد پیره‌یاس!
نه‌هاتییه‌. شان له‌ شانی مه‌رگ مه‌ده‌.
بوون باشتره‌ له‌ تێداچوون،
به‌تایبه‌تی له‌ به‌هارا...“

چوومه‌وه‌ ژووره‌که‌ی خۆمان. نامه‌کانی عومه‌رم ده‌رهێنا. ئه‌وانه‌ی له‌ قه‌ره‌گوێزه‌وه‌ بۆی نووسیبووم. به چاوی ته‌ڕه‌وه‌ جارێکی دیکه‌ نامه‌کانیم خوێنده‌وه‌. له‌ یه‌کیاندا نووسیبووی:
”له‌م سه‌فه‌ره‌ی دواییدا، که‌ ده‌چوومه‌ تاران، له‌ مهاباد، له‌ بازاڕ چاوم به‌ کچه‌کان که‌وت. حاڵیان باش بوو، به‌ڵام هه‌رتکیان زۆر بێتاقه‌ت دیار بوون.“
کچه‌کان، ئه‌وانه‌ی عومه‌ر باسی کردبوون، دوو خوشک بوون. عومه‌ر یه‌کیانی خۆش ده‌ویست، من ئه‌وی دیکه‌. خه‌ڵکی بۆکان بوون. پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عومه‌ر ببینه‌ هاوڕێ، چه‌ند جارێک له‌و گه‌ڕه‌که‌ی ماڵی کچه‌کانی لێبوو، تووشی یه‌کتر ببووین. عومه‌ر پێی وابوو من چاوم له‌و کچه‌یه‌ که‌ ئه‌و خۆشی ده‌ویست. ماوه‌یه‌ک پێچوو تا تێک گه‌یشتین. ئه‌مجار بووینه‌ هاوڕێ و پێکه‌وه‌ به‌و گه‌ڕه‌که‌دا ده‌هاتین و ده‌چووین. له‌ خه‌یاڵمدا ئه‌و کۆڵانه‌ی بۆکان، هێشتا ده‌نگی قاقای عومه‌ری لێدێ.

تۆ نه‌بووی، مانگه‌ شه‌وێ چوومه‌وه‌‌ به‌و کووچه‌یه‌ دا
هه‌موو گیانم بووه‌ چاو و، له‌وێ بۆ تۆ ده‌گه‌ڕا
له‌ حه‌ز و تاسه‌ وه‌ها پڕ بوو دڵم ، لێی ده‌ڕژا
...
له‌ هه‌موو چۆڵی ده‌روونم گوڵی یادت ده‌ڕوا،
ده‌می سه‌د بیره‌وه‌ری پێده‌که‌نی،
عه‌تری سه‌د بیره‌وه‌ری بوو ده‌گه‌ڕا.
(له‌ وه‌رگێڕدراوی شیعری کووچه‌ی فه‌ره‌یدوونی موشیری)

خانه‌قا
هه‌ر ئه‌و سه‌روبه‌نده‌، کاک ناسیحی مه‌ردۆخ نامه‌یه‌کی بۆ ناردم. نووسیبووی وه‌ره‌ بۆ ”خانه‌قا“. ئه‌وکات به‌شێک له‌ ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌ و ئۆرگانه‌کانی ده‌و‌روبه‌ری ناوه‌ندی له‌ خانه‌قا بوون. دواتریش هه‌ندێک له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، له‌و خانه‌قایه‌ گیران. خانه‌قا، گوندێکی‌ بچووکه‌ له‌ دۆڵێکدا له‌ داوێنی ڕیزه‌ شاخێکی وشک، به‌ڵام ناو گونده‌که‌، به‌تایبه‌ت لای ژوورووی که‌ قه‌برانی لێیه‌، داروباخێکی خۆشی هه‌یه‌. به‌هاران، که‌ داره‌کان گوڵ ده‌که‌ن، ئه‌و ناوه‌ دیمه‌نێکی جوانی هه‌یه‌. خه‌ڵک له‌ دوورونزیکه‌وه‌ دێن، ده‌چنه‌ سه‌ر قه‌بری شێخه‌کان، دوعاده‌که‌ن و مرادیان لێده‌خوازن. خانه‌قا ده‌ڵێی بۆ خۆی داناوه‌ ناوه‌ندی باس و لێکۆڵینه‌وه‌ و قیل‌وقاڵ بێ: دینی یان ئه‌ده‌بی، فیکری یان سیاسی. هێمن و هه‌ژار له‌وێ خویندوویانه‌، له‌ شیعر دواون و، له‌وێ سه‌یفی قازییان دیوه‌ و باسی شیعریان له‌گه‌ڵ کردووه‌. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا خانه‌قا ناوه‌ندی باس و ڕاوێژ بوو، گه‌رچی باس و بابه‌تی ناته‌با و دوور له‌ یه‌ک. له‌ حه‌وزه‌که‌ی ده‌رێ سۆفی و موقیم و موجاوری پیرپیر، هه‌ر یه‌ک به‌ ڕاوێژی ناوچه‌یه‌کی کوردستان، هه‌ندێک به‌ په‌سته‌ک و جامانه‌وه‌ و هه‌ندێک به‌ پێچی کووده‌رییه‌وه‌، ده‌سنوێژیان هه‌ڵده‌گرت و له‌به‌ر لێویانه‌وه‌ خه‌ریکی دوعا و موناجات بوون. له‌ ژووره‌وه‌ش، له‌ نێو خانه‌قا کۆمه‌ڵێک گه‌نجی مارکسیست، خه‌ریکی ڕاوێژ بوون له‌ بابه‌ت پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. له‌ ناو خانه‌قا باس له‌ تێزه‌کانی مارکس و فۆیرباخ و ترۆتسکی و لێنین بوو، له‌ بن دیواره‌کانی حه‌وشه‌ باسی بایه‌زیدی به‌ستامی و غه‌وسی گه‌یلانی و شاهی نه‌قشبه‌ند.

له‌ نا‌مه‌که‌دا، کاک ناسیح نووسیبووی:

”کۆمه‌ڵه‌ ئیدی به‌م به‌ریناییه‌ی ئێستای و به‌م ئه‌رکه‌ قورسانه‌ که‌ ڕووبه‌روویان بووه‌ته‌وه‌، ناتوانێ ته‌نیا و ته‌نیا به‌ ”خه‌به‌رنامه‌“ و ”پێشڕه‌و“ کاری خۆی جێبه‌جێ بکا. فیلم و نمایشنامه‌ و... ده‌بێ که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و تواناییانه‌ی له‌ کۆمه‌ڵه‌دا هه‌ن کۆ نه‌کرێنه‌وه‌ و، ئه‌گه‌ر هاوڕێیانی وه‌ک تۆ هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تی نه‌که‌ن، ناتوانین ئه‌و ئه‌رکه‌ گرنگانه‌ به‌ره‌و پێش به‌رین“.

پێشناری کردبوو کار له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌کی ڕۆشنبیری بکه‌ین. له‌ گۆشه‌یه‌کی نامه‌که‌ش نووسیبووی ”مه‌حره‌مانه‌. کۆمه‌ڵه‌ به‌ ته‌مایه‌ ڕادیۆ دابنێ. وه‌ره‌ ده‌نگت تاقی بکه‌ینه‌وه‌ بۆ ڕادیۆش“. چووم. ده‌نگم به‌کار نه‌هات. کاک محمه‌ممه‌دی که‌ماڵی، ده‌نگی کامڵتر و پێگه‌یشتووتر بوو. ئه‌ویان هه‌ڵبژارد.

له‌ به‌شی ئاڵبۆم، بیره‌وه‌ریی 2، وێنه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌م بیره‌وه‌رییه‌ هه‌ن:
1- به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی تیپی شانۆ، بۆکان فێبرواریی 1981
2- مه‌حمه‌شه‌، مارسی 1981
3- نامه‌ی کاک عومه‌ری جانالی
4- نامه‌ی کاک ناسیحی مه‌ردۆخ
بگه‌ڕێوه‌|8669 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|13 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
له یلا | 6 Jul 2010 - 18:09
سه لام کاک ناسر ئه مرو که ئه م بیره وری گه ل جه ناب تانم خوینده وه به راستی هه ر چه ند که ئه و سال لانه حتی من به دونیا نه هاتبوم بلام وه ها ئه و دیمه ن گه له له بر چاوم زیندو بون که له گه ل یان گریام و پی که نیم. کوردی نووسینم باش نیه البته زور به داخه وه! به لام هه ر کات سیری مالپه ره که ی جه ناب تان ده کم زور جه سور تر ده بم بو ئه وی که حتی ئه گر هه له کانم زورتریش بیت له ئه وانه یکه دورست نووسیگمه به لام هه ر ده نوسم چون ده مه ویت فیر بم به زمانی دایکیم بنوسم
له یلا کچی کوردی سنه ایی

سه‌لاح ڕه‌حیمی | 29 Oct 2009 - 23:06
ناسر گیان ماندوو نه‌بی!
کارێکی به‌په‌له‌م هه‌بوو و به‌هه‌ویای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و یادانه‌ت نه‌بووم، به‌ڵام که‌ ده‌ستم پێکرد نه‌متووانی وازی لێبێنم هه‌تا ته‌واو بووم. زۆرم بیره‌وه‌ری کوردی خوێندۆته‌وه‌، به‌ڵام هیچیان به‌ زمانێکی کوردی ئاوا خۆش و پاراو نه‌نووسراون. ده‌ستت خۆش بێ و درێژه‌ی پێبده‌. به‌ڵام به‌په‌له‌ مه‌به‌ و وێنه‌کان زیاتر بڕازێنه‌وه‌. زمانه‌که‌ت ئه‌وه‌نده‌ خۆشه‌ هێندێک جار که‌ ده‌مخوێنده‌وه‌ ده‌تکوت سه‌یری وێنه‌ یان فیلمێکی ڕه‌نگی خۆش ده‌که‌م. منیشت برده‌وه‌ بۆ یادی ڕۆژانی خۆش و ناخۆشی ڕابردوو که‌ قه‌ت له‌بیر ناچنه‌وه‌

يحيا ده وه نداري | 17 May 2009 - 15:10
كاك ناسری به‌ڕێز سلاو. ده‌ستت خۆش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ت نووسیوه‌. بیره‌وه‌ریی هیزی پیشره‌و‌ت نووسیبوو، به خوێندنه‌وه‌ی منیشت برده‌وه وه‌ته‌میش، به‌ر دوكانی مام ره‌حمان و ماڵی خاڵه‌ڕه‌حیم و ماڵه‌ڕه‌ش و ڕووته‌ پێشمه‌رگانه‌كه‌ی شه‌هید ڕه‌سولی بۆكان وجارێكی تر زرده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی كاك حه‌مه‌ی سوڵتانی و ڕووی گه‌ش و كراوه‌ی كاك سه‌عید گه‌وهه‌ری و، نه‌رم و نیانی كاك ئه‌سعه‌د حوسینی و پی كه‌وتویی كاك حه‌مه‌ی ئیلخانی زاده ‌و قسه‌خۆشه‌كانی خله ‌و زاهید و خالید و.... و یادی هه‌موو ئه‌و هاورێ ‌خۆشه‌ویستانه كه‌ گیانی خۆیان له‌پێناوی ئازادی و وه‌ده‌ست هینانی حق و عدالت به‌خت كرد، كه‌وته ‌بیرم و، منیش وه‌ك تۆ و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ‌كه ئه‌وانه‌ بیره‌وه‌ری هاوبه‌شمانه‌، به‌چاوی پڕ له ‌تاسه‌ و دڵی پر له‌حه‌زه‌وه‌، ئاواته‌خوازی وه‌دیی هینانی ئامانجی شه‌هیده ‌سه‌ربه‌رزه‌كانم . له‌ئاخردا خوزگا ئه‌خوازم ئه‌و چه‌ند دێڕ شیعره‌ ت بكردبایت به‌كوردی كه ‌نازانم كیش دایناوه‌... هرچند همچون گل همه‌برباد رفته‌اند .....هرگز گمان مدار كه‌از یاد رفته‌اند .......اینان نه‌آن گل اند كه‌گویی در این خزان ....چون برباد رفته‌اند از یاد رفته‌اند ....سربازان نبرد نهایی اند ....پولاد زیست كرده‌و پولاد رفته‌اند .... هه‌ر بژیت یه‌حیا ده‌وه‌نداری

sakar | 12 May 2009 - 13:24
سڵاو. ده‌ست خۆش، به‌ڵام زۆر زوو به‌ سه‌ر بابه‌ته‌ گرینگه‌کاندا بازت داوه‌. کاک ناسر چۆن له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ ئاشنا بوو؟
جه‌ماڵ مفتی کێ بوو؟
بۆ له‌ گه‌ڵ دیموکرات لێتان بوو به‌ شه‌ڕ؟ و زۆر پرسیاری دیکه‌ش. له‌م بۆچوونه‌دا باسی خالیداغام نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌یان دانێ. وا دئاره‌ جه‌نابیشت مرۆیه‌کی ئازادیخواز و دیموکرات نی.
..........................................
خوێنه‌ری به‌ڕێز!
1- له‌ بیره‌وه‌رییه‌کاندا خه‌ریکم باسی ئه‌وه‌ش ده‌که‌م که‌ چۆن له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ ئاشنا بووم. له‌و به‌شه‌دا که‌ تۆ خوێندووته‌ته‌وه‌، هێشتا ئه‌و باسه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ گۆڕ.
2- پێم وا نه‌بوو پێویسته‌ جه‌ماڵی مفتی بناسێنم
3- بۆ له‌ گه‌ڵ دیموکرات لێمان بوو به‌ شه‌ڕ؟ که‌ی؟ له‌ کوێ؟ من له‌ گه‌ڵ دیموکرات لێم نه‌بوو به‌ شه‌ڕ. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌ و دیموکراته‌، ئه‌وه‌ دواتر ڕووی دا. له‌و به‌شه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کاندا تا ساڵی 1360 باس کراوه‌. کۆمه‌ڵه‌ و دیموکرات شه‌ڕێکی وایان نه‌بوو.
4- ئه‌وه‌ بیره‌وه‌رییه‌. تێیدا باسی ئه‌زموونی شه‌خسی ده‌کرێ. کۆمه‌ڵه‌ و دیموکرات ئه‌گه‌ر ئه‌و کات شه‌ڕیشیان بووبێ، نه‌بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ ئه‌زموونی شه‌خسیی من. تکایه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگره‌. من مێژوو نانووسم. لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و لێکۆڵینه‌وه‌ی میژووییش نانووسم. بیره‌وه‌ری ده‌نووسم.
5- بۆچوونه‌که‌ی پێشترت بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. پێم سه‌یره‌ که‌ نه‌تدیوه‌

s | 11 May 2009 - 18:42
سڵاو، ده‌ستت خۆش بێ؛ به‌ڵام تێبیینییه‌کمان له‌ باره‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانته‌وه‌ هه‌یه‌: زۆر به‌ په‌له‌ نووسیوته‌ و به‌ سه‌ر زۆر شتدا بازت داوه‌. بۆ نموونه‌ چۆن بوو کاک ناسر کوڕی مامۆستا هێدی(خالیداغای حیسامی)مامۆستایه‌کی شاعیری سوننه‌تی سه‌ر به‌ بارزانییه‌کان بووه‌ لایه‌نگری کۆمه‌ڵه‌؟؟ و زۆر شتی دیکه‌ش. که‌ زۆر به‌ په‌له‌ به‌سه‌رتدا بازت داون.‌

كاروان | 11 May 2009 - 09:07
كاك ناسر ماندوو نه‌بي... هونه‌ر زور جار به‌وه پيناسه ده‌كريت كه هه‌لگري فكره و زور جاريش به‌و چيژه نامويه‌وه ده‌ناسريته‌وه كه ده‌يبه‌خشيت.... به راست ده‌توانم بليم كه ساليكيش ده‌بيت بابه‌تيكي ئه‌وه‌نده چيژبه‌خشم نه‌خويندوته‌وه... به‌رده‌وام چاوه‌رواني به‌شه‌كاني ديكه‌ي بيره‌وه‌ريه‌كانت ده‌كه‌م به‌لام تكايه وردتر به ورده‌كاريه‌كاني دابچو... مه‌به‌ستم ئه‌وه‌يه با شته‌كان هه‌ر سه‌ره‌كي باس نه‌كرين... هه‌نديك شوين هه‌يه كه خوشه ته‌واو به ناخيدا روبچيت... چاوه‌ريين

Kawa | 10 May 2009 - 09:02
سلاو کاک ناسری به ریز
خودی رووداوه‌کان زۆر سرنج راکێشن و ناتوانی ده ستی لێ هه‌ڵگری. زمان‌ و شێوه‌ی نوسینه‌که زۆرتر سرنج راکێشی کردوه.
ده‌ستت خۆش بێت
کاوه

بۆکان موکری | 8 May 2009 - 14:40
وێڕای سڵاو:
ئه‌م بابه‌ته‌ جیا له‌وه‌ بیره‌وه‌ریی و جووڵه‌ی شه‌خسین به‌لام بۆخۆیان به‌سه‌رهات و مێژووی نزیکی به‌شێک له‌ خه‌باتی گه‌لی کورده‌. هه‌روه‌ها زمان خاوه‌ن تواناییه‌کی مه‌زنه‌،
ده‌ستخۆش رێزدار حیسامی

31BOKAN | 8 May 2009 - 10:42
سڵاو کاک ناسری ئازیز
خویندنه‌وه ی بیره‌وه‌ریه‌کانت وێڕای فرمێسک و پێکه‌نین، گه‌لێک ده‌رسی به‌نرخی تێدایه که ده توانێ بۆ نه‌وه‌ی نوێ جێی سه‌رنج بێ. هیوای به‌رده وامیت بۆ ده‌خوازم. زۆرم هه وڵدا نه‌م توا نی ئه‌و عه‌کسانه‌ی ئاماژه‌ت پێ دابوون بیان بینمه‌وه له ماڵپه‌ڕه‌که‌ت دا.

س. چ. هێرش | 7 May 2009 - 23:43
زۆر به‌ڕێز كاكه‌ ناسر

وێرای سڵاو، له‌مێژساڵ بوو به‌و ئاواته‌وه بووم كه‌ كه‌سێك په‌یدا بێ و به‌م چه‌شنه‌ بیره‌وه‌ری بنووسێ، ئه‌وه ئه‌م ئاواته‌م هاته‌دی، هه‌زار جارئافه‌رین و ده‌ستخۆش، هه‌ر بژی و راوه‌ستاو بی، هیواداریشم هه‌روا درێژه‌ی پێبده‌ی.

سه‌ركه‌وتنت ئاواتمه: هێرش

شاهؤ كرماشانى | 7 May 2009 - 19:58
كاكه ناسر! ده‌سته‌كانت خۆش بێت. به‌رده‌وام به.

امانج ئەزیزیکەندی | 7 May 2009 - 16:36
کاکە گیان سڵاو!
ڕەنگە ئەوە پەیوەندی بە ڕابردوویەکی پڕشنگدار یا خود خۆشەویستی یا هەر شتێکی تر هه‌بێ کە لە سەر بیرەوەریی نەسلی ئێمە کاردانەوەی هەبێ ، بە گیان و دڵ هەست دەکەم نووسراوە ئەدەبییەکانی تۆم پێخۆشە و کەیفیان پێ دەکەم. جارێکی تر هەستم کرد دەقێکی کوردیم خوێندۆتەوە کە بەرییە لە ئەو هەمووە شتە سەیرەی کە ئێستا بە ناوی کوردی دەنوسرێ.
هەر بژی و سەر کەوتوو بیت
برات ئامانج

ke | 7 May 2009 - 05:50
بژی کاک ناسر دریژه‌ی بده‌ زوور خوش و به‌ که‌لکه‌

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia