شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


فرمێسک و پێکه‌نین (1)

3 May 2009

ناسری حیسامی
له‌دایکبووی 1959، شێخاڵی

دوایین مانگی پاییزی ساڵی 1338ی هه‌تاوی، سێپتامبری 1959، له‌ شێخاڵی له‌ دایک بووم. شێخاڵی، گوندێکی بچووکه‌، له‌ په‌نا کێوی ”ئاڵمه‌ڵوو“، له‌ به‌شی محاڵ له‌ ناوچه‌ی موکوریان.

شێخاڵی
ده‌مێکه‌ شێخاڵیم نه‌دیوه‌ و زۆر جار بیری ده‌که‌م. وه‌ک پێشتریش نووسیومه‌، زۆر جار له‌ خه‌یاڵی خۆمدا ”سووک سووک، وه‌ک قۆزاخه لۆکه به‌ده‌م باوه، ده‌ڕۆم. ده‌گه‌ڕێم به سه‌ر ئه‌و جێگایانه‌دا که بیریان ده‌که‌م. ده‌دوێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی خۆشم ده‌وێن و لێیان دوورم. له یادمدا، ئه‌و گونده‌ی لێی گه‌وره بووم، له داوێنی چیاکه، له به‌ر مانگه‌شه‌وێکی ڕووناک، له‌شی هیلاکی خۆی، به خه‌و سپاردووه. مرۆڤ کاتێک به‌خه‌یاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابوردوو، هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌وه ببینێ که شته‌کان، له گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مان گۆڕاون. ئه‌و منداڵانه‌ی پێکه‌وه ئێواران چاوشارکێمان ده‌کرد، ئێستا ژن و پیاوی پیرن. که قسه‌یان له گه‌ڵ بکه‌ی، باسی ئه‌وه ناکه‌ن له سه‌ر لقی کام دار، هێلانه‌ کۆترێک هه‌یه‌ که بچین هێلکه‌کانی ده‌ربێنین . ئێستا هه‌رکامه‌یان به قه‌د چه‌ند هه‌واڵنێر، هه‌واڵی پێیه‌ له بابه‌ت سووتمان و، بۆمباران و، وشکه ساڵی و... ئه‌وینی ناکام و هه‌زار حیکایه‌تی تاڵ و مزر . ئه‌و نه‌مامانه‌ی ئه‌وکات پێمان لێ ده‌نان، ئێستا هه‌رکامه‌یان دارێکن سێبه‌ر له خانوویه‌ک ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر وشک نه‌بووبن و، ئه‌گه‌ر نه‌بڕابنه‌وه. به‌ڵام له خه‌یاڵی مندا، منداڵه‌کان هێشتا به ده‌نگی ئه‌وکاتیان ده‌زریکێنن و، نه‌مامه‌کان هه‌روا شلکن. خۆشم بێخه‌یاڵ و بزۆز، له هاتوچۆدام و ...

گه‌لێک جار، ئه‌و گونده‌ی لێی گه‌وره‌ بووم، به‌ ماڵه‌کانییه‌وه‌، به‌ مرۆڤه‌کانییه‌وه‌، به‌ کانییه‌کانییه‌وه‌ و به‌ بۆن وبه‌رامه‌ی خاکه‌که‌یه‌وه‌، له‌ یادمدا زیندوو ده‌بێته‌وه‌. گوندێک، له‌به‌ر سێبه‌ری چیای ”ئاڵمه‌ڵوو“ و له‌ ساوپه‌نای نزرگه‌ی ”سوڵتان“ دا. گوندێک، که‌ کانییه‌ک و چه‌ند دیواری نیوه‌ڕووخاو ده‌که‌وێته‌ نێوان ”گه‌ڕه‌کی سه‌رێ“ و ”گه‌ڕه‌کی خوارێ“ی. گوندێک که‌ ژنه‌کانی و کچه‌کانی، بۆ ئاوهێنان ده‌چنه‌ ”کانیی حه‌مه‌سنه“ و پیاوه‌کانی ئێستاش به‌ ته‌مان ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ”کانییه‌سوێر“ بکه‌وێته‌ به‌ر به‌زه‌یی خوا و، پڕ به‌ پلووسکه‌که‌ی ئاوی پێدا بێ. ”کانییه‌سوێر“، چۆڕێک ئاو و هه‌ندێک قه‌وزه‌ له‌ په‌نای که‌نده‌ڵانێکی ئه‌شکه‌وتئاسای له‌ خیز و خڕکه‌به‌رد، له‌ گه‌ڕه‌کی خوارێ، له‌ قووڵکه‌یه‌کدا هه‌ڵکه‌وتووه‌، له‌داوێنی ئه‌و ڕێگایه‌ی ماڵه‌کان له‌ مه‌زرا جیا ده‌کاته‌وه‌“.
له‌ شێخاڵی چوومه‌ خوێندنگه‌. له‌ کۆنه‌مه‌ڵڵاله‌ر درێژه‌م پێدا و، دوایه‌ له‌ بۆکان و چه‌ند مانگ له‌ نه‌غه‌ده‌ و دواتر له‌ که‌ره‌ج.
یه‌که‌مجار کتێبی کوردیم له‌ شێخاڵی، له‌ دیوه‌خانی ”حاجی حه‌مه‌داغا“ی بابه‌گه‌وره‌م، دیت. ته‌مه‌نم که‌متر له‌ ده‌ساڵ بوو. دیوانێکی وه‌فایی، نازانم کامه‌ چاپ بوو، له‌سه‌ر تاقه‌ بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ بچووک بوو، سه‌رنجی ڕاکێشام. تا ئه‌وکات پێموابوو کتێب ده‌بێ به‌ فارسی بێ. وشه‌کانی ئه‌و کتێبه‌، که‌ به‌ زمانی خه‌ڵکی گونده‌که‌ بوو، هێنامییه‌ سه‌ر شه‌وق. به‌ زه‌حمه‌تێکی زۆر ده‌مخوێنده‌وه‌، به‌ڵام باشتر له‌ کتێبه‌ فارسییه‌کانی خوێندنگه‌ تێیده‌گه‌یشتم.

هاتنه‌وه‌ی مامم
باوکم، که‌ پێی ده‌ڵێین ”مامه‌“ له‌ لای ئێمه‌ نه‌بوو. له‌ دایکمم ده‌بیست ”له‌ودیو“ه‌. شه‌وانه‌ دایکم ڕادیۆیه‌کی ده‌گرت و چاوه‌ڕوان ده‌بوو مامم شیعر بخوێنێته‌وه‌، یان قسه‌ بکا. له‌و‌ رادیۆیه‌ فێری ”ئه‌ی ڕه‌قیب“ بووم. له‌ مه‌دره‌سه‌که‌ی شێخاڵی، له‌ به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌، کاتێک دیاری کرابوو بۆ ”سروود“. وا بزانم مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بوو سرووده‌کانی ئێران و هه‌روه‌ها گۆرانیی منداڵان فێری منداڵان بکرێن. مامۆستاکه‌ زۆر تاقه‌تی ئه‌و شتانه‌ی نه‌بوو. له‌ سه‌عاتی سروود دا منداڵه‌کان گۆرانییان ده‌گوت و مامۆستاکه‌ پێمان پێده‌که‌نی. ڕۆژێک که‌ نۆره‌ی من هات ”ئه‌ی ڕه‌قیب“م گوت. نه‌شمده‌زانی چییه‌ و جیاوازیی له‌ گه‌ڵ گۆرانییه‌کانی دیکه‌ هه‌یه‌. مامۆستاکه‌ زۆر تووڕه‌ بوو. نیوه‌ڕۆ، که‌ منداڵه‌کانی دیکه‌ مه‌ره‌خه‌س بوون، نه‌یهێشت من بچمه‌وه‌. به‌ ته‌نیا له‌ کلاسه‌که‌دا مامه‌وه‌ و ده‌رگای له‌سه‌ر داخستم. هه‌تا دایکم به‌سۆراغمه‌وه‌ هات، گریام.
ساڵی 1975، له‌گه‌ڵ شکانی بزووتنه‌وه‌ی بارزانی، مامم ”له‌ودیو“ هاته‌وه‌. بۆ دیتنی چووینه‌ نه‌غه‌ده‌. له‌ ”ئۆردووگای بارزانییه‌کان“، خێوه‌تێکی هه‌بوو له‌ په‌نا ماڵی بارزانی. له‌وێ چاوه‌ڕوان بووین تا له‌ ناو شار هاته‌وه‌. بۆنێکی خۆشی لێده‌هات. بۆنی عه‌ترێکی ”ئه‌ودیو“. پرسی ”تۆ کامیانی؟“ . ناوی خۆم گوت. له‌گه‌ڵ خۆی بردینییه‌ ناو شار، جلوبه‌رگ و پێڵاو و سه‌عاتی بۆ من و مزه‌ففه‌ر کڕی. له‌ودیو ژنی هێنابوو. دایکم زۆری به‌سه‌رداهات و ئه‌و ده‌نگی نه‌ده‌کرد. به‌ هێمنی ده‌یگوت ”چ بکه‌م؟ وای لێهات!“ له‌ بۆکانه‌وه‌ ماڵمان چووه‌ نه‌غه‌ده‌. ماڵی ئێمه‌ و ماڵی ”باجیم“ له‌ دوو خانوو دا بووین. ماڵی ئێمه‌ له‌ حه‌وشه‌ی سه‌ید ئه‌حمه‌د ناوێک بووین و، ماڵی باجیم له‌ حه‌وشه‌ی ماڵی ”خاڵه‌مین“. مامم له‌ چ ماڵێک بوایه‌، من و مزه‌ففه‌ریش له‌وێ بووین. ‌به‌ منداڵی من خۆشه‌ویست بووم، ئێستاش مزه‌ففه‌ر که‌ منداڵی بچووکی ماڵه‌وه‌ بوو. ئه‌و دوانه‌مان هه‌میشه‌ به‌ دووی ماممه‌وه‌ بووین. له‌وێ خاڵه‌مینی به‌رزنجیم ناسی. خاڵه‌مین، شیعری بۆ ده‌خوێندینه‌وه‌، ئامۆژگاریی ده‌کردین و، له‌ دووکانه‌که‌یه‌وه‌ قه‌ندوچای پێدا ده‌ناردینه‌وه‌ بۆ هه‌ر سێک ماڵه‌که‌. ئه‌ویش دوو ژنی هه‌بوو، له‌ ماڵێکدا.
له‌ نه‌غه‌ده‌، کتێبفرۆشییه‌کیش هه‌بوو، به‌ ناوی ”خه‌ییام“. خاوه‌نه‌که‌ی زۆری ڕیزی مامم ده‌گرت. کتێبی کوردی و فارسیشی ده‌دا به‌ من و مزه‌ففه‌ر. ئیدی له‌ خوێندنه‌وه‌ی کوردی ڕاهاتبووم.
دوای خوێندنی ناوه‌ندی، به‌ ته‌مابووم بچمه‌ به‌شی ئه‌ده‌بی. مامم به‌ خاڵه‌مینی گوتبوو ناسر گوێ ناداته‌‌ ده‌رسه‌ زانستییه‌کان‌. خاڵه‌مین بانگی کردم گوتی: ”ئه‌ده‌بییات هیچ نییه‌، له‌ برسان ده‌مری. بچۆ ڕشته‌ی عیلمی“. له‌ سه‌ر ئامۆژگاریی خاڵه‌مین و به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی خۆم ”عولومی ته‌جروبی“م هه‌ڵبژارد و، سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر نمره‌ی ده‌رسه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان فریام نه‌که‌وتبان، ده‌رنه‌ده‌چووم. نمره‌ی ده‌رسه‌ زانستییه‌کانم زۆربه‌یان له‌ ده‌ که‌متر بوون.
ماڵمان چووه‌ که‌ره‌ج. له‌ ده‌بیرستانی ”دهخدا“ و دواتر له‌ ”ستایش“ خوێندم. به‌ڕێوه‌به‌ری ”ستایش“ پیاوێکی خه‌ڵکی مهاباد بوو، به‌ داخه‌وه‌ ناوه‌که‌یم له‌ بیر نه‌ماوه‌. زۆر پیاوی چاک بوو.
له‌ که‌ره‌ج، لقی 8ی پارتی له‌ عه‌زیمییه بنکه‌ی هه‌بوو. له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له‌ گه‌نجه‌کان ”یه‌کیه‌تیی قوتابیان“مان پێک هێنا. له‌ چله‌ی بارزانیدا له‌ شنۆ، وه‌ک نوێنه‌ری یه‌کیه‌تیی قوتابیان وتارم خوێنده‌وه‌. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری فارسیی یه‌کیه‌تیی قوتابیان بووم. ”دوکتور شیرازی“، ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌ی له‌ دوای کۆماره‌وه‌ زۆر باسی هاتووه‌ته‌ گۆڕ، دراوسێمان بوو. ئه‌و یارمه‌تیی ده‌داین بۆ چاپکردنی گۆڤاره‌کان و بڵاوکراوه‌کان. پێش ڕاپه‌ڕین، بانگه‌وازێکمان نووسی. به‌ نهێنی بۆی چاپکردین. نه‌مانده‌زانی له‌ کوێ. ده‌یانگوت له‌ گه‌ڵ حیزبی تووده‌ به‌ینی هه‌یه‌. له‌ به‌ر ”دانشگا“ی تاران، کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاری یه‌کییه‌تیی قوتابیان، چه‌ند پۆسته‌ر سه‌رنجیان ڕاکێشام. یه‌کیان مامۆستا شێخ عیزه‌ددین بوو، که‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی باڵابه‌رزی چوارشانه‌ له‌ لای وه‌ستابوو. ئه‌وی دیکه‌ش پیاوێکی پیر بوو، به‌ بڕنه‌وێکه‌وه‌، دواتر زانیم لاله‌حه‌مه‌یه‌ و، پێشمه‌رگه‌ی یه‌کییه‌تیی جووتیارانه‌. له‌ کۆمه‌ڵه‌دا دیتمه‌وه‌.
درێژه‌ی هه‌یه‌
بگه‌ڕێوه‌|2622 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|1 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
ahsan | 15 Jun 2015 - 17:36
dest xosh kak naser. noosinekanet per le wene o hesti cwanen. xwendeneweyan tekelaweke le helchooni hest o tabloyek le wenay rengawreng , pencereyek ke kirdenewey heway pak o xawen o boni xosh le geldaye.her bjit

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia