شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


سازی ناساز

29 Apr 2009

هێمن

بولبولی باڵشکاوی وه‌ختی گوڵم.
هه‌ر شه‌پۆلان ده‌دا دڵی له‌ کوڵم.

کوردی به‌ندیی به‌یانی نه‌ورۆزم،
گڕی گرتووه‌ ده‌روونی پڕسۆزم.

موغی بێ‌ئاگری شه‌وی یه‌لدام.
چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی ناپه‌یدام.

که‌وی بێده‌نگی نه‌وبه‌هارانم.
گوڵی بێڕه‌نگی چاوله‌بارانم.

کونجی جێژوانی چۆل و خامۆشم.
سێبه‌ری نازه‌نینی ڕه‌شپۆشم.

ده‌ستی به‌ربووی کچی گه‌ڕی شاییم.
هه‌ستی خنکاوی لاوی سه‌وداییم.

کێلی گۆڕی شه‌هیدی گومناوم.
تاکه‌داری کڕووزی بێ‌ئاوم.

ده‌فته‌ری شیعری شاعیری ڕووتم.
شه‌می سه‌ر گۆڕ و داری تابووتم.

کونی گیراوی کۆنه‌شمشاڵم.
خه‌ونی ئاڵۆز و، خاتیره‌ی تاڵم.

ژیله‌مۆی ئاگری به‌یانانم.
باوکی فرمێسکم و، کوڕی ژانم.

باڵه‌ سووتاوه‌کانی په‌روانه‌م.
شووشه‌باده‌ی به‌تاڵی مه‌یخانه‌م.

چڵه‌ ڕیحانی دووره‌دێراوم.
سازی ناسازی هه‌ڵپه‌سێرراوم.

تکه‌ئاونگی سه‌ر گه‌ڵای زه‌ردم.
خه‌سته‌ و ده‌رده‌داری چی ده‌ردم.

ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم.
شاعیری پیری تووڕه‌ و زیزم.

چۆن ده‌توانم به‌ تۆ بڵێم من چیم!
خۆم گومانم هه‌یه‌ که‌ هه‌م یا نیم!
1975
بگه‌ڕێوه‌|2051 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia