ماڵه‌وه
|
شیعر
|
بیروڕا
|
گفتوگۆ
|
ده‌نگ و دیمه‌ن
|
ئاڵبۆم
|
سه‌کۆ
|
پێناس
سه‌کۆ
ک.د.ئازاد: باوەڕ
ئەرسەلان چەلەبی: ئاگر و دارستان
بەندی عەلی: خەمبار مەبە
هه‌ڵبژارده‌ی خوێنه‌ران
نەورۆز
له بابه‌ت کۆمه‌ڵه و چاکسازی
فرمێسک و پێکه‌نین (2)
وه‌ڵامی چه‌ند پرسیار
شێعر
ئه‌ستێره
له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی لووتكهكاندا
جۆلانه
سه‌مای سه‌رخۆشان
سهراب
شێعری وه‌رگێڕدراو
شاملوو
نیما
سایه
موشیری
که‌سرایی
باوه‌تاهیر
ئه‌بووسه‌عیدی ئه‌بولخه‌یر
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
ژیاننامە
بلوێر
سروودی نێشتیمان
ده‌نگ و دیمه‌ن: ئاوێنه‌ی ئاو
ده‌ربه‌ندی ته‌م و مژ: ده‌نگی نه‌رمه نای
گفتوگۆ
گفتوگۆیه‌کی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ ئیدریس عه‌لی
گفتوگۆ له گه‌ڵ محه‌ممه‌د چاوشین
گفتوگۆ له گه‌ڵ پێشڕه‌و
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خالیدی محه‌ممه‌دزاده
گفتوگۆ له گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی هه‌ڵوێست
وێنه‌ی ئه‌مجاره
وه‌ڵامی چه‌ند پرسیار
21 Apr 2009
له بابه‌ت ڕاگه‌یاندنی کشانه‌وه‌م له کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، هاوڕێیانی ڕه‌وته جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵه، کاردانه‌وه‌ی جیاوازیان بوو. هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی منیان به ناوه‌خت و نابه‌جێ زانی. پێیانوایه کاره‌که‌ی من به قازانجی ڕه‌وتی چاکسازی نه‌بووه و ده‌ڵێن باشتربوو له حیزبه‌که‌دا بمێنییه‌وه و هه‌وڵ بده‌ی. هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ، ده‌ڵێن بڕیارێکی باشه به‌ڵام خۆزگه زووتر ئه‌و کاره‌ت کردبا. هه‌ندێکیان ده‌ڵێن ڕه‌خنه له‌و هه‌ڵه‌یه‌ی خۆشت بگره که له‌و ڕه‌وته‌دا به‌شداریت کرد و جیابوونهوهکهتان ڕێکخست و داوای لێبوردن له‌و که‌سانه‌ش بکه که ده‌وری تا ئێستات له کۆمه‌ڵه‌دا، زیانی به خه‌بات و چاره‌نووسیان گه‌یاندووه. ژماره‌یه‌ک له خوێنه‌رانی به‌یاننامه‌که‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌ی منیان به پشتهه‌ڵکردن له ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه زانیوه، یان به نیشانه‌یه‌کی به بنبه‌ستگه‌یشتنی کۆمه‌ڵه و، توانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌یان زانیوه. له گه‌ڵ سپاسێکی گه‌رم بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌و باسه‌دا به‌شدارییان کرد، چه‌ند ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌م بابه‌ته‌وه به پێویست ده‌زانم.
بۆچی زووتر نه‌کشامه‌وه؟
بۆ چی زیاتر نه‌مامه‌وه؟
من له‌به‌ر ئه‌وه کشامه‌وه که پێموابوو ئیتر مانه‌وه‌م له‌و حیزبه‌دا ته‌ئسیرێکی ئه‌وتۆی نییه. ئه‌وه که کارکرد و پێناسه‌ی حیزبه‌که جیاوازیی هه‌یه له گه‌ڵ چاوه‌ڕوانییه‌کان و به‌ڵێنه‌کانمان، نه به ته‌نیا قسه‌ی منه و، نه منیش تازه پێی گه‌یشتووم. ئه‌وانه‌ی له دوور و نزیکه‌وه به ته‌نگ چاره‌نووسی کۆمه‌ڵه‌وه‌ن، چاوه‌دێرانی وه‌زعی حیزبه‌کان و، نزیکه‌ی ته‌واوی ئه‌ندامانی ڕه‌وته‌که‌ی خۆمان له هه‌موو ئاستێکی حیزبه‌که‌دا، هه‌ڵسه‌نگاندنیان هه‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌و حیزبه چاکسازیی پێوه‌دیار نییه و، حیزبێکی خاوه‌نی ساختارێکی جیاواز نییه. ئه‌وه ته‌نیا قسه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی حیزبه‌که و ”موخالیفین“ی ئێمه نییه، نیگه‌رانیی دۆستانی هه‌ره نزیک و نزیکه‌ی ته‌واوی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبه‌که‌شه. ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌ک هه‌یه، له‌وه دایه که ئایا ده‌رفه‌تێک بۆ کاری چاره‌ساز له حیزبه‌که‌دا ماوه یان نا؟ من نه‌مه‌ویست چیدیکه هێزی خۆم بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه. پێموایه ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که له‌ده‌ستم دێ زیاتره له‌وه‌ی له ناو حیزبه‌که‌دا له‌ده‌ستم دێ.
چ ڕوویدا؟
چۆن تا ئێره هاتین؟
هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک پێی وابێ ڕه‌وتی چاکسازی به‌رنامه‌یه‌کی ته‌واو ڕۆشنی بووه، هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی داهاتووی خۆی زانیوه و، هێزێکی ڕیفۆرمخوازی یه‌کدڵ و ئایندهبینیشی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه و پرۆژه‌کانی بووه. به‌رنامه‌که‌مان و پرۆژه‌که‌مان، هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو ساغ کرایه‌وه و له کێشه‌یه‌کی به‌رده‌وامدا به‌ره‌وپێشمان برد. کێشه هه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رانبه‌ر (زۆربه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی ئه‌وکات) نه‌بوو. له نێوخۆی ڕه‌وته‌که‌ش، کێشه‌یه‌کی به‌رده‌وام هه‌بوو. ئه‌وه ئاسایی بوو. ئێمه هه‌موومان له فه‌رهه‌نگێکی سیاسی‌دا په‌روه‌رده بووین. که‌س ڕیفۆرمی وه‌ک وه‌حی پێ ئیلهام نه‌کرابوو. ئێمه هه‌وڵمان ده‌دا کارێک بکه‌ین. هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕوویدا، حاسلی ئه‌و هه‌وڵه و کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌که‌ی دیکه به‌رانبه‌ر به‌و هه‌وڵه‌بوو.
من به ئه‌زموونی خۆم له کاری سیاسی‌دا، به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووم له کاتی خۆیدا قسه‌ی خۆم بکه‌م. گه‌لێک جار بووه قسه و هه‌ڵوێستی خۆم به ڕاشکاوی ده‌رنه‌بڕیوه، نه‌منووسیوه و، چه‌ند سال دواتر که وه‌زعێکی تازه پێش هاتووه و بۆم ده‌رکه‌وتووه ئه‌وکات لێکدانه‌وه‌که‌ی من دروست بوو، په‌شیمان بوومه‌ته‌وه که بۆچی له کاتی خۆیدا پێم له‌سه‌ر دانه‌گرت و نه‌منووسی. کاتی باسه‌کانی چاکسازی من ئه‌و ئه‌زموونه‌م له‌به‌ر چاو بوو. بۆیه زۆر لێکدانه‌وه‌ی خۆمم نووسی. له دوو گفتوگۆدا، هه‌روه‌ها له چه‌ند وتاردا، (که لێره له به‌شی ئارشیڤدا هه‌ن) نیگه‌رانی و ڕه‌خنه‌کانی ئه‌وکاتی خۆم له بابه‌ت ڕه‌وتی ڕیفۆرمیش، تا ڕاده‌یه‌ک به‌یان کردووه. به‌ڵام ئه‌وانه ته‌نیا له ئاستی نهزهردهربڕیندان، نه‌ک ڕه‌خنه له کهوموکووڕی و خه‌تایه‌کی دیاریکراو.
من ئه‌ندامی ڕێبه‌رایه‌تیی ڕه‌وتی ڕیفۆرم بووم. کاری حیزبی نه‌زم و قاعیده‌ی خۆی هه‌یه. ڕێگه‌م به خۆم نه‌دا باسه‌کانی ناو ڕه‌وته‌که و گرفته‌کانی به‌رمه ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وته‌که و ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌که. به‌ڵام له ناو حیزبه‌که‌دا، ده‌وری من بریتی بوو له ”له‌گه‌ڵبوون“ و ”ڕه‌خنه‌گرتن“. من له‌و کاته‌وه، که کهمووکوڕییهکانم دیت، گه‌لێک جار ڕوانگه‌کانی خۆم بۆ هاوڕێیانم له ڕێبه‌رایه‌تیی ڕه‌وته‌که نووسی، له گه‌لێک کۆبوونه‌وه‌دا ڕه‌خنه‌م گرت و ناڕه‌زایه‌تیم ده‌ربڕی، به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی کۆبوونه‌وه‌م به جێهێشت، له ڕێبه‌رایه‌تی کشامه‌وه، ماوه‌ی چه‌ند مانگ له وه‌ئه‌ستۆگرتنی هه‌موو به‌رپرسایه‌تییه‌ک خۆم بوارد، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له چۆنییه‌تی گرتنی کۆنگره‌ی ڕیفۆرم که پێموابوو به شێوه‌یه‌کی بێبه‌رنامه گیراوه له کۆنگره‌که‌دا به‌شداریم نه‌کرد، نامه‌م بۆ کۆنگره‌که نووسی و هه‌وڵمدا مه‌ترسییه‌کانی درێژه‌پێدانی ئه‌و وه‌زعه به‌رچاوی هه‌مووان بخه‌م، دوای کۆنگره‌که‌ش له نامه و دانیشتن و کاتی هاتنه‌گۆڕێ باسه‌کاندا، هه‌وڵم دا پێویستیی گۆڕانێکی خێرا بخه‌مه به‌رچاو. من له کاتێکدا له حیزبه‌که کشامه‌وه که دیتم مانه‌وه‌م ده‌رفه‌تی کاری بهسوودترم له‌ده‌ست ده‌دا. ئێمه دوای ماوه‌یه‌ک بۆمان ده‌رکه‌وت گه‌رچی له کاتی هاتنه‌گۆڕی باسه‌کانی چاکسازیدا به‌رانبه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسی هاوده‌نگ بووین، به‌ڵام چاوه‌ڕوانیی جیاوازمان بۆ داهاتوو بووه.
ئایا په‌شیمانم له کۆمه‌ڵه؟
ئایا به‌شداریکردن له ڕه‌وتی چاکسازیدا هه‌ڵه بوو؟
من داکۆکی ده‌که‌م له ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه. به‌شداربوونم له خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌دا، به گه‌وره‌ترین شانازیی ژیانم ده‌زانم. ته‌نانه‌ت وه‌ک شاعیر و نووسه‌ریش من کۆمه‌ڵه به شوێنی هه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی خۆم ده‌زانم. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی من جێگه‌یه‌کیان له کۆمه‌ڵگادا هه‌بێ له‌به‌ر پابه‌ندبوونیانه به مرۆڤ و به‌هاکانی و، به ئامانجی ڕزگاریی ژێرده‌ستان. من کۆمه‌ڵه‌م به گه‌رمترین ناوه‌ندی خه‌بات بۆ ئه‌و ئامانجانه زانیوه. من، ته‌نها بریتیم له‌و ئامانجانه. جگه له‌وه هیچی دیکه نیم. به بێ ئه‌و ناوه‌رۆکه ئینساندۆستانه‌یه، به‌رهه‌مه‌کانیشم بایه‌خێکیان نامێنێ. من خۆم و به‌رهه‌مه‌کانم به هێمای کۆمه‌ڵه ده‌زانم، چونکه ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤی ژیرده‌سته هه‌وێن و پێناسه‌ی خۆم و به‌رهه‌مه‌کانم و ههوڵدانمن.
له‌وه‌ش په‌شیمان نیم که له ڕه‌وتی چاکسازیدا به‌شداریم کرد. ئێستاش چاکسازی به تاقه ڕێگای نه‌جاتی کۆمه‌ڵه ده‌زانم. به‌ڵام ده‌زانم ڕه‌وته‌که‌ی ئێمه‌ش، نه‌بوو به مه‌زهه‌ری چاکسازی. بۆ چاکسازی، تێوهچوونێکی بهرینترله دژی فه‌رهه‌نگێکی سیاسی پێویسته که کۆمه‌ڵه‌ی ئیفلیج کردووه. کۆمه‌ڵه، گه‌رچی هه‌ڵگری ئامانجی زۆر به‌رزی عهداڵهتخوازانهیه، هه‌رگیز خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی پێشکه‌وتووی حیزبی نه‌بوو. کۆمه‌ڵه هه‌رگیز نه‌بوو به خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌کی حیزبیی شایسته‌ی ئامانجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی. ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسییه‌یه وای کردووه که کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خاوه‌نی ئامانجێکی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها حاسڵی فیداکاری و ڕه‌نج و ئاره‌قه و خوێنی هه‌زاران که‌س له پاکترین تێکۆشه‌رانی ئه‌و ڕێبازه، ببێته کۆمه‌ڵه‌یه‌ک به‌م چاره‌نووسه‌وه که ئێستا ده‌یبینین.
له کاتی هاتنه‌گۆڕی باسه‌کانی ڕیفۆرمیشدا، من پێموابوو ده‌بێ چاکسازی له حیزبه‌که خۆیدا بکرێ، نه‌ک لایه‌نگرانی چاکسازی جیابنه‌وه. من ئه‌و کاته‌ی له ڕه‌وتی چاکسازیدا به‌شداریم کرد، به هیچ شێوه‌یه‌ک به ته‌مای جیابوونه‌وه نه‌مکرد. ئه‌وه‌شم له کاتی خۆیدا ڕاگه‌یاند. وتم جیانابینه‌وه. به‌ڵام وای لێهات. کێ وای لێکرد؟ هه‌ڵگرانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسییه. به پله‌ی یه‌که‌م، ئه‌وانه‌ی ئه‌وکات بڕیاربه‌ده‌ستی حیزبه‌که بوون. هاوڕێیانی ده‌فته‌ری سیاسی و زۆربه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌وکات، لێپرسراوی یه‌که‌من له‌و جیابوونه‌وه‌یه‌دا. به پله‌ی دووهه‌میش ڕه‌وته‌که‌ی ئێمه، به‌ده‌ر له ویستی زۆربه‌مان. زۆرینه‌ی ئه‌وکاتی ڕێبه‌رایه‌تی (باڵی ده‌فته‌ری سیاسی)، له به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی کێشه‌کاندا چه‌ندکه‌س له کادره‌کان و ئه‌ندامانیان ده‌رکرد، چه‌ند کۆمیته و ئۆرگانی حیزبی‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و هه‌وڵیان دا بیانهێننه به‌رده‌ستی خۆیان، هه‌روه‌ها له دوو ڕاگه‌یاندنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی‌دا زمانێکی ناشایست و هه‌ڕه‌شه‌ئامێزیان له دژی هه‌موومان به‌کارهێنا و تۆمه‌تباریان کردین به‌وه‌ی بووینه‌ته خزمه‌تکاری ”دوژمنانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌ڵی کورد و دوژمنانی ئازادی و پێشکه‌وتنخوازی“. کاتی خۆی له بابه‌ت هه‌ردوو ڕاگه‌یاندنه‌که وه‌ده‌نگ هاتم و نووسراوه‌کانم بڵاو کرده‌وه. له لایه‌نی ئێمه‌شه‌وه، وه‌زعه‌که زۆر له‌وه باشتر نه‌بوو. زۆر جار بڕیاری جه‌معیی که‌مینه، له نێو خۆماندا خرایه په‌راوێز. ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر به‌و دوو ڕاگه‌یاندنه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسیی ئه‌وکات، که‌مینه له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بداته‌وه و شێوازێکی دیکه‌ی گفتوگۆ بێنێته ئاراوه، سه‌ره‌تا (نازانم به ته‌مای چی) بێده‌نگه‌ی کرد و پاشان باسه‌که‌ی گه‌یانده ئاستێکی دیکه. به‌مجۆره، باسی چاکسازی که ده‌بوو به ڕاوێژ و گفتوگۆ و چاره‌دیتنه‌وه به‌ره‌وپێش ببرێ، بوو به پێکدادانی چه‌کدارانه و ڕاپه‌ڕینی چه‌کدارانه. وه‌ک هه‌موو ڕاپه‌ڕینێکی دیکه‌ش، کاتێک ده‌ستی پێ‌کرد و ته‌نییه‌وه، ئیدی ته‌نانه‌ت له ئیراده‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ش ده‌رچوو که خوڵقاندیان. تازه ڕێگایه‌ک نه‌ما بۆ پێکه‌وه ژیان. خه‌ڵک له ئۆردووگاکه، که شه‌وانه له ماڵ ده‌هاتنه‌ده‌ر، ئیدی به‌ته‌مای ئه‌وه بوون ته‌قه‌یان لێ بکرێ. ئه‌وکات منیش به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتم تازه پێکه‌وه‌بوون ناکرێ. به گومان و ئازاره‌وه، له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه که‌وتم و هه‌موو هه‌وڵی خۆشم راستگۆیانه خسته‌گه‌ڕ تا به‌سه‌رکه‌وتن بگا.. جیابوونه‌وه شتیک نه‌بوو ڕه‌وتی ریفۆرم به دانسته و له ڕووی نهقشهوه به‌رنامه‌ی بۆ داڕشتبێ. جیابوونه‌وه‌که ئاوا بوو.
له هه‌وڵ و ته‌قالای نێوخۆماندا، کێشه‌که به‌رده‌وام بوو. که‌سانێک زۆر پێش ئێستا ئومێدیان له چاکسازی بڕی. له وڵاتانی سکاندیناڤی که ناوه‌ندێکی گه‌رموگوڕی باسی چاکسازی بوو، هه‌ر زوو، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئه‌ندامانی ڕه‌وته‌که وازیان له ئه‌ندامه‌تی هێنا و به‌جێیان هێشتین. زۆر هه‌وڵم دا ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌وکاتی چاکسازی بێنمه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته که ئه‌و نیشانانه‌ی به‌ره‌وپێشنه‌چوونی ڕیفۆرم ببیینن. دواتریش له زۆر هه‌نگاوماندا و له زۆر بواری کارماندا گرفته‌کانمان دیته‌وه که هه‌ر ماون. له ڕاگه‌یاندندا، له ڕێکخستنی ئۆرگانه‌کاندا، له چاوه‌دێری و بهرنامهمهند کردنی داراییدا و... هتد، هه‌وڵمان دا، له‌م حیزبه تازه‌یه‌دا چاکسازی بخه‌ینه به‌رنامه‌ی کارمان. خۆمان پێوه ماندوو کرد. زه‌حمه‌تمان له‌گه‌ڵ کێشا. به‌شبه‌حاڵی خۆم هیچ شتێک نابینم له‌ده‌ستم هاتبێ بۆ به‌سه‌رکه‌وتنگه‌یاندنی ئه‌و ڕه‌وته و نه‌مکردبێ. ده‌زانم زۆربه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی هه‌موو هه‌ڵسووڕاوان و ئه‌ندامانی ره‌وته‌که‌ش هه‌ر وا بوون. له نێو حیزبه‌که‌دا ئێستاش هه‌مان تامه‌زرۆیی بۆ چاکسازی هه‌یه. ئه‌وان زۆربه‌یان پێیان وایه ده‌کرێ هێندێک شت بگۆڕی و به‌ره‌وپێش بچی. من هێزی ئه‌و کۆمه‌ڵه که‌سه بۆ چاکسازی به کافی نازانم، چونکه له‌و دووسێ ساڵه‌دا، گه‌لێک جار دیتم ئه‌وه‌ی چاره‌نووسمان دیاری ده‌کا، ئیراده‌ی زۆربه‌ی ڕێبهرایهتیهکه نییه، ئیراده‌یه‌که زۆربهکه له گه‌ڵ خۆی ده‌با. وه‌ک وتم ئێمه‌ش که په‌روه‌رده‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسییه‌ین به‌م ئاسانییه له ده‌ستی نه‌جاتمان نابێ.
جارێکی دیکه ده‌یڵێمه‌وه، چاکسازی بۆ کۆمه‌ڵه حه‌یاتییه. مان و نه‌مانی کۆمه‌ڵه له گره‌وی ئه‌وه‌دایه ڕیگه‌یه‌ک بدۆزرێته‌وه بۆ ده‌ربازکردنی له‌و قه‌یرانانه که تا ئێستا ههژاندوویانه. به دڵ، په‌رۆشی ئه‌و هاوڕێیانه‌م که به‌جێم هێشتوون. ئه‌وانه به‌شێکی عه‌زیزی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ن که ئاواته‌خوازی گه‌شانه‌وه و سهرکهوتنیم. ده‌شزانم ڕزگاربوون له‌و دۆخه ئاسان نییه. وه‌زعی سیاسیی ئێران و ناوچه‌که، بێبه‌شبوونی حیزبه‌کان له هێزی ڕابه‌رانی توانا و تازه‌پێگه‌یشتووی نێو کۆمه‌ڵگای کوردستان که هێز و ڕوانگه‌ی تازه بێننه ناو حیزبه‌کان، چۆنییه‌تیی به‌ڕێچوونی حیزبه‌کانی ئێمه له کوردستانی عێراق و، ڕه‌واجی هه‌ندێک نۆرمی حیزبایه‌تی و سیاسه‌ت و ڕه‌فتاری حیزبی له ناوچه‌که که جازبه‌ی تایبه‌تی هه‌یه و، هه‌ندێک هۆی دیکه‌ش که باسکردنیان نه به قازانجه و نه ئێستا پێویسته، وایکردووه که ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسییه زیانباره زیاتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا، له کۆمه‌ڵه‌دا به‌رگه بگرێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنه‌که‌وتووم، نه لۆمه‌ی خۆم به پێویست ده‌زانم نه ئه‌و هه‌وڵدانه‌ش له‌به‌رچاوم که‌مبایه‌خ ده‌بێ که له گه‌ڵ هاوڕێیانم له‌م پێناوه‌دا خۆمان پێوه ماندوو کرد. هیوادارم له وه‌ڵامی هه‌ندێک پرسیاری خوێنه‌راندا، ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌یه به که‌ڵک بووبێ.
بگه‌ڕێوه
|
1992 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|
7 بۆچوون
|
بینێره
|
چاپ
sarbast | 8 May 2009 - 23:37
کاک ناسری خۆشه‌ویست سڵاو!
هیوادارم هه‌روه‌ک چۆن تا ئێستا هه‌موو ژیانی خۆت ته‌رخان کردووه بۆ خه‌بات و تێکۆشان له پێناو ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه و گه‌لی چه‌وساوه و زوڵم لێکراوی کورد، هیوادارم له‌مه‌و به‌دواش هه‌روا بوێرانه و سه‌رکه‌وتوانه خزمه‌ت بکه‌یت. تۆ ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی حیزبیش بیت باشتر و سه‌رکه‌وتوانه‌تر خزمه‌ت بکه‌یت.
به هیوای سه‌رکه‌وتن
هيمن | 25 Apr 2009 - 10:33
كاك ناسر سلاَو .زور سباس بو بريارةكةت برياريكي شورشكيرانة بوو هيوادارم هةر سةركةتوو بيت لة بةروبيش بردني ئةدبياتي كوردي.
سالار | 22 Apr 2009 - 20:54
سڵاو کاک ناسری خۆشه‌ویست جه‌نابت زۆر خۆشه‌ویستی به‌ڵام خۆزگه هه‌ر له کۆمه‌ڵه‌ی زحمهتکێشانی کوردستان ده‌مایته‌وه چون ئه‌م ڕه‌وته له هه موو کۆمه‌ڵه‌کان ساقتره.
majid marabi | 22 Apr 2009 - 18:48
سڵاو به‌ڕێز كاك ناسری خۆشه‌ویست منیش هه‌م راگهیاننهكهتم خوێنده‌وه و هه‌م بۆچوونه‌كان و وه‌ڵامه‌كه‌ی جه‌نابیشت. ڕه‌نگه تۆ من نه‌ناسی به‌ڵام من تۆ باش ده‌ناسم و له ڕۆڵی تۆ له به‌ره‌و پێش بردنی خه‌باتی بێبه‌شاندا باش ده‌زانم، به بۆچوونی من ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌ڕێزتان له‌م كاته‌دا كه كۆمه‌ڵه تووشی وه‌ها قه‌یرانێك بووه و تا ڕاده‌یه‌ك خه‌ریكه ده‌سكه‌وته‌كانی ڕابردووشی ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه باشترین هه‌ڵوێستتان گرتووه و جێگای رێزه بۆ كه‌سێكی وه‌كوو من و پێم وایه هه‌ر كامه له ڕێبه‌رانی كۆمه‌ڵه ئه‌گه‌ر به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجێك كه كۆمه‌ڵه تێیی كه‌وتووه هه‌ڵوێستێكی سادقانه‌ی وه‌كوو تۆیان بگرتایه‌ت كۆمه‌ڵه به‌و رۆژه نه‌ده‌گه‌یشت.
به هه‌ر حاڵ هه‌ڵوێسته‌كه‌ت هه‌ڵوێستێكی شۆڕشگێڕانه و كۆمهڵانهیه و هیوادارم له ههوڵهكانتدا بۆ یه‌ك خستنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه به‌رده‌وامبیت.
سه‌ركه‌وتووبیت
هاوڕێت مه‌جید ماراو
ره‌زا ئه‌مینی | 22 Apr 2009 - 17:01
ڕێزدار ناسر حیسامی
سڵاو،ماندوو نه‌بن!
هۆی راگه‌یاندنی ده‌ست له كاركێشانهوهتان، وه‌ڵامدانه‌وه به بیروڕای گشتی ڕاگه‌یاندبوو،بۆیه مافی پرسیار كردنم بۆ خۆم به فه‌رمی زانی تا وه‌كوو خوازیاری وه‌ڵامی ئه‌م چه‌ند پرسیاره بم.
1- له ته‌وه‌رێكی باسهكانتان هۆكاری جیایی له "كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان كوردستانی ئێران" روون ده‌كه‌نه‌وه،به‌ڵام له مه‌ڕ قه‌یرانه هزرییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار لێدوانیك ناكه‌ن. له سه‌رئه‌م ڕایه نین به هۆی مانه‌وه‌ی ڕێكخراوی ئاماژه بۆ كرا‌و له نێوان دووئیسمێكی سیاسی – فكری دا دامه‌زرانی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان بویه پێویستیه‌كی كرده‌كی؟
2- "کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان" وه‌ك رێكخراوێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌نرخێنی. به‌رێزتان له هۆكاری ده‌ست له‌كار كێشانهوهكهتان دا رهخنهگهلێكتان ئاراسته كردوه كه باس له چارتی سازمانی و سیستمی به‌رێوه‌به‌ری ده‌که‌ن و ئه‌نگوست ناخه‌نه سه‌ر قه‌یرانێكی هزری. ئایا هه‌ڵوێسته‌كه‌تان ئه‌م ته‌وه‌ره له ڕه‌خنه و باسێك له خۆی ناگرێ؟
3- باس له داكۆكی كردن له كۆمه‌له و خولیاكانی ده‌كه‌ن. خاوه‌ن ڕایان پێیان وایه كۆمه‌ڵه هه‌ڵگری چه‌ند پێناسه‌ی جیاوازه بۆ نموونه" رێكخراوی كوردستانی حكا"(كۆمه‌ڵه) چه‌پ وماركسیسته، "كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران" ماركسیست و ناسیۆنالیستهو" كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان"یش ڕێكخراوێكی نه‌ته‌وه‌ییه.ئه‌گه‌ر ئه‌م پۆلێنبهندییهتان قه‌بووڵه، داكۆكیكاری كامیانن؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ش بوونه‌تان لا هه‌ڵه‌یه شوناسی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی خۆتان خولیای هه‌ن چ تایبه‌تمه‌ندی گه‌ڵیك له خۆی ده‌گرێ؟
4- وه‌كی ده‌فه‌رموون پشت له كۆمه‌له ناكه‌ن. ئایا به مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تر چالاكی ناكه‌ن؟ بوونی چه‌ند كادرێكی ڕه‌خنه‌گر و ناباوه‌ر به چاكسازی نابێته هۆكاری دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تر و بێئاسۆیهكی زێتر؟
ڕه‌زا ئه‌مینی
یونس.م | 22 Apr 2009 - 16:37
سڵاو کاک ناسری به‌ڕێز
نازانم بۆچی هه‌ست ده‌که‌م زۆر له من نزیکی. من قه‌ت له نزیکه‌وه نه‌مدیوی هه‌ر ده‌نگتم بیستووه‌و له تیڤی دیومی، به‌ڵام وا هه‌ست ده‌که‌م که زۆرت لێ نزیکم. بۆیه ڕێزی زۆر تایبه‌تم بۆت هه‌یه. من ماوه‌یه‌کی زۆر له رادیۆ کۆمه‌ڵه کارم کردووه. تۆ بۆ من مامۆستایه‌کی قه‌ت نه‌دیو و نه‌ناس بوویت به‌ڕاستی. منیش وه‌ک تۆ دابڕاوم له کۆمه‌ڵه. من خۆم به کۆمه‌ڵه‌وه تاریف ده‌که‌م. لایه‌نگری فراکسیۆنم. به‌ڵام نایشارمه‌وه زۆر ده‌ترسم. خۆم له‌و ڕه‌وته‌دا ده‌بینمه‌وه، به‌ڵام دایمه دڵه‌ڕاوکێم هه‌یه ئایا چاره‌نوسمان چۆن ده‌بێت؟
من زۆر به‌و وه‌زعه‌ی کۆمه‌ڵه ناڕه‌حه‌تم. کاک ناسر تۆ پێت وایه به‌ڕاستی ده‌بێ چی بکه‌ین؟ به ڕای تۆ رێگا چاره‌سه‌ر چییه؟ ده‌کرێ بزانین چاکسازی له روانگه‌ی تۆوه چییه و میکانیزمه‌کانی کامانه‌ن؟
هیوای له‌ش ساغیم بۆت هه‌یه.
برات یونس.م
سوید
Alireza | 22 Apr 2009 - 00:15
به‌ڕێز کاک ناسر! ده‌ستت خۆش بێ بۆ ڕوونکردنه‌وه‌که‌ت. لێره‌دا من چه‌ند خاڵی باش ئه‌بینم که به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێکردووه، به‌ڵام وڵامه‌که‌ت دیسانیش هێندێک ناڕۆشنی و خۆپاراستنی تێدایه. خۆ ئه‌زانم ئه‌وه یه‌که‌م جار نیه ناچار ئه‌بی له وتنی زۆر شت خۆ بپارێزی، به‌ڵام هه‌روه‌ک چۆن ئێستا هاتیه سه‌ر ئه‌و بڕوایه که پێویسته هه‌ڵوێست بگری و چه‌ند ڕاستییه‌ک بخه‌یته ڕوو، ڕۆژێک دێت که دیسان دێیته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕ وقهناعهته که زۆر زۆرتر و شه‌فافتر ئه‌بوایه هه‌ڵوێست بگریت و قسه‌ی خۆت بکه‌ی. پرۆسه‌ی ڕیفۆرم و چاکسازی له کۆمه‌ڵه‌دا نه‌ک هه‌ر ئه‌نجام و ئاکامی خۆی نه‌پێکاوه، به‌ڵکوو هێشتا ڕێگای خۆشی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. کۆمه‌ڵه ڕه‌وتێکی به‌رین و زیندووی کۆمه‌ڵگای کوردستانه که به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ خاوه‌نی حیزب و ڕێکخراوی خۆی نییه. زۆر که‌سی سادق و شه‌رافه‌تمه‌ند و شۆڕشگێڕ ئه‌مڕۆ له هه‌موو باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا خه‌بات و چالاکی ئه‌که‌ن و هه‌وڵی خۆیان ئه‌ده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ر وه‌ک جه‌نابیشتان ئه‌مڕۆ باسی ئه‌که‌ن ئه‌م هه‌وڵانه نه کافییه و نه تا ئێستا ئه‌نجامی بووه. هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌وڵ و تێکۆشان له پێناو گۆڕان و ساغکردنه‌وه و یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵه‌دا. ئاواتم سه‌رکه‌وتنی بهڕێزیشته.
بۆچوون بنێره
Name:
E-mail:
ده‌ستپێک
|
پێوه‌ندی
|
copyright © 2009 sharistan.org
|
Design by
Chia