شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


هەڵبژاردەیەکی چوارینەکانی هێدی

24 Nov 2016

چەندی کردم نوختەیەک وەک خاڵی تۆ پەیدا نەبوو
هەرچی نووسیم، واژەشم هیچی لە جێی خۆیدا نەبوو
ناچنەوە سەر یەک وتەی من هیند پەرێشانە خەیاڵ
باوەڕت بێ، پێش ئەوەی زولفت ببینم وا نەبوو!

ڕازی خۆت هێندە لە دەست نامەحرەم و دووڕوو مەنێ!
کەس ئەوەندەی تۆ بە ڕووی ئاوێنەوە پێ ناکەنێ.
گەنجی من بۆ زێڕ وەشانی زولفەکەت باشە بەڵام
بەژنی تۆ هێند بەرزە، واژەی من گەلێک جار نایگەنێ.

حەز دەکەم لە وڵاتەکەی خۆمدا بژیم و، ڕێم نییە
ئاگرێکم پێوە، کەڵکی دیتنی هیچ کوێم نییە
کۆڵەواری و، دوورەیاری و، دەردەداریی دا بە من
چارەنووس وەدیارە تازە کاری دیکەی پێم نییە.

خاڵی تۆ وا ورد و ناسۆری بە قەد ئەو کێوەیە
قەت خەیاڵ نازانێ خاڵی تۆ بەری بە کوێوەیە
زولفەکەت لە جیاتی داپۆشی شنە ڕێی تێ نەبا
دەیدەیە دەس شانە، شانەش سەد زمانی پێوەیە.

دەردی خۆم و لەرزوتای دەردی جودایی کوشتمی
دەردی سەرگەردانی، دەردەی بێنەوایی کوشتمی
دەرد و خەم سەد هێندە بێ خۆ من لە گەڵیان هەڵدەکەم
یار لە گەڵ من بیوەفا بوو، بێوەفایی کوشتمی.

کەس نەزانێ من بە چی مەستم ئەتۆ خۆ شارەزای
دەردی من با کەس نەزانێ، تۆ لە گەڵ خەڵکی جودای
سینگی من گەنجێکی بێ ئەژماری تێدایە و ونە
تۆ بە تەنیا خاڵێ هەر دەرکەوتی وەک ڕۆژ ئاشکرای!

پاییزێکم گەیوەتێ ژینم گەڵاڕێزان دەکا
وەرزی پیریم سارد و سڕ هاتووە لە پاییزان دەکا
هەرچی بوو چوو تازە، تەنیا ئەو گرێیەم ماوە من
ئێستە دڵ زۆرتر پەلەی دیداری ئازیزان دەکا.
بگه‌ڕێوه‌|414 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia