شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


دووبەتییەکانی هێدی

24 Nov 2016

14 Jun 2012

وتەی من قەت نەبوو بە جوانی دەرچێ
گڵێنەم هەر لە ناو کڵدایە دەشکێ
ئەوەندەم داخ لە دڵدایە، وتارم
لە دڵ تا دیتە سەر زارم، دەسووتێ.

لە دەستانت شکایەت بەرمە بەر کێ؟
لە سووچی خۆت و ئاهی من بترسێ!
ڕەوا بوو شووشەیەک بشکێنی، ئەمما
دڵی ”هێدی“ و شکاندن، چۆن دڵت دێ؟

لە چاومەستان هەڵی نەگری خودایە!
ئەرێ بۆ هەرچی جوانە بێوەفایە؟
لە کردەی بێوەفایان هەرچی دیتم،
هەزار بەیتی نەنووسراوی لە لایە.

وەکوو تیری شەهاب دەخوشێم شەوانە
قەراری لێ بڕیم ئەو چاوە جوانە
دەڵێن یارت گەلێک جوانە، بڵێم چی؟
ڕەزای سووکە بەڵام دەردی گرانە.

وەلانێ ئەو خەم و دەردانە تاوێ
ژیان دوو ڕۆژە، توند و تێژیی ناوێ
دڵم ڕوون بۆتەوە ئەوڕۆ بە ڕووی تۆ
منت بمرم لە بن چارشێوی ماوێ!

ئەمن جاران لە دەست دوژمن دەناڵیم
چەکی دوژمن دەهات ئێسکی دەهاڕیم
بە دەستی کورد ئەوە پێم دەکرێ ئەوڕۆ
ئەوەی دوێنێ لە دەستی دوژمنان دیم.

ئەوەی سەیرە نە نارنجن، نە لیمۆ
لەوانیش خڕترن جووتە مەمی تۆ
کە نرخی وان کەسیش نەیزانی چەندە
لە دەس منیان بنێ و ئیتر مەڵێ بۆ!

ئەگەر ژانە، ئەگەر برکە، ئەگەر خەم
دەبێ سەودام لە سەردا بێ هەتا هەم
لە شەرمێ دەرچووە دێوانەیی من
وەها کەوتۆتە سەر زاری ئەو و ئەم.

لە بەختانم سەری کوێستانێ سەنگە
لە گەڵ من ئەو چیا سەختە بە جەنگە
گوڵان دەستیان لە دەست یەک ناوە، ئەمما
لە ناو واندا دڵی من بۆ تۆ تەنگە!

لە دەرگای تۆ دەبێ ئەمنیش وەکوو شەم
سەرم دانێم و جێ‌پێیە وەدەس خەم
ئەگەر سەیرانی خۆشە توانەوەی من
لە تۆ زەردە، لە من فرمێسکی نەم نەم!

وەرە سەیرێ کە، ساقی دێ بە مەستی
لەبەر مەستی، شەراب دەڕژێ لە دەستی
کە هارووژان دڵ و دیدەت بە جارێ
گەلێک ئازای ئەگەر پێیان بوەستی!

دوایی هەر دێ ئەو بوون و نەبوونە
سەرەنجامی هەموو بوونێکی ڕوونە
بەرەی مەرگ و ژیان پێک دێن بە جۆرێک
ئەوەی پێک نایە هەر تاسەی دەروونە.

تەمەن ڕۆیی و ئەمن هەر مام بە هیوات
نە هیواکەم وەدی هات و نە ئاوات
هەموو هەر دێن دەڵێن هێدی سەبر کە
لە سەر ئەو سەبرە بوو ئاوام بە سەر هات

خودایە تۆ دڵی شادت بە کێ دا؟
چ بوو تۆ ئەو دڵەت دانا لەوێدا؟
کە شەو دادێ، دەبێتە گۆمی خوێنێ
کە ڕۆژ بۆوە هەزار ئاواتی تێدا.
بگه‌ڕێوه‌|703 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia