شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


له‌ برینی سه‌ر دڵه‌که‌ی ئابایی

16 Apr 2009

گه‌وره‌کچانی ده‌شته‌کی!
گه‌وره‌کچانی چاوه‌ڕوان!
گه‌وره‌کچانی هومێدی ته‌نگ
له‌ ساراتی بێسنوورا
وه‌ ئاره‌زووی سنوورپه‌ڕێن
له‌ په‌رژینی خوڵقی ته‌سکا!
گه‌وره‌کچانی خه‌یاڵی ڕه‌شماڵی نوێ
له‌ ڕه‌شماڵی سه‌دساڵه‌دا!
ئه‌گه‌ر بێت و له‌ توێی زرێی به‌رگی به‌رتان هه‌ڵپشکوێن
بای سه‌رشێت
یاڵی خاوی ئه‌سپی نیاز
له‌ ملانی ده‌ئاڵۆزێ...
گه‌وره‌کچانی ڕووباری لێل
گه‌وره‌کچانی هه‌زارئه‌ستوونی ئاگرین له‌ ژێر تاقی به‌رزی دووکه‌ڵ!
گه‌وره‌کچانی ئه‌وینی دوور
ڕۆژی بێده‌نگی و کارکردن
شه‌وی شه‌وناڵه‌ و شه‌که‌تی!
گه‌وره‌کچانی به‌ڕۆژ سرکی و نه‌سره‌وتن و
شه‌وانه‌ سه‌رشکسته‌یی!
له‌ باخی ڕاز و خه‌ڵوه‌تی پیاوی کام عیشق
کاتی سه‌مای ڕه‌به‌نانه‌
بۆ شوکرانه‌ی کام فێنکایی نێو هه‌ناوی گڕگرتووتان
شلکه‌باسکی فه‌واره‌ییتان هه‌ڵده‌بڕن؟

به‌ڵام جه‌خار
که‌زی و نیگا
چ بێسه‌مه‌ر
عه‌تری وشه‌ی شاعیرانه‌م
شلوێ ده‌که‌ن.

گه‌وره‌کچانی هاتوچۆی
نێو ده‌شتایی به‌ ته‌مومژ
گه‌وره‌کچانی شه‌رم
شه‌ونم
چه‌ماوه‌یی
مێگه‌له‌مه‌ڕ!
ئه‌و برینه‌ی له‌سه‌ر دڵی ”ئابایی“ بوو
خوێنی تکایه‌ ناو سنگی ئێوه‌ کامتان؟
مه‌مکی کامتان
له‌ به‌هاری بلووغیدا پشکووتووه‌؟
لێوه‌کانتان، ئێوه‌ کامتان
- ده‌پێم بڵێن لێوی کامتان -
به‌ نهێنی عه‌تری ماچی به‌ گیانیدا پژاندووه‌؟
له‌ تاریکه‌شه‌وگارانی نمه‌نمه‌ی بارانباردا - که‌کار نییه‌ -
ئێسته‌ کامتان
به‌خه‌به‌رن
له‌ نێو نوێنی پڕ له‌ توانجی ناهومێدی
له‌ نێو نوێنی ته‌نگوته‌سکی دڵته‌نگیدا
له‌ نێو نوێنی بیری پڕ ژانی ڕازونیاز
هه‌تا یادی – ئه‌و که‌سه‌ی که‌ یادی به‌خێر کانگای ڕق و بوێری بوو –
تا دره‌نگان
گڕی ئاگر
بدره‌وشێنێ
له‌ هه‌رتک چاوی گه‌شتاندا؟

له‌ نێو ئێوه‌ کامه‌ کچتان
- ده‌پێم بڵێن –
له‌ نێو ئێوه‌ کامه‌ کچتان
خه‌نجه‌ری ئابایی ده‌سوون
بۆ ڕۆژی تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌؟
بگه‌ڕێوه‌|3008 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|5 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
سۆران | 11 Aug 2010 - 12:36
سڵاو.
کاک ناسری خۆشەویست ماندوو نەبی.کانی
دەست خۆش بۆ ئەو وەرگێرانە بە هێزەی شێعرەکانی شاملوو،هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم،
داوایشم ئەوەیە بێ زەحمەت تەرجۆمەکانی تریش دابنێن.
بە گوێرەی تواناش لینکی فەیسبوک بۆ سایتەکە دابنێن کە هەر کەس ویستی بتوانێ شێعرەکان لە فەیسبوک دا بڵاو کاتەوە.
هەر بژیت

یوسف منتک | 24 May 2010 - 12:20
سلاو پێزانین وده‌ستخۆشی له‌ رووناکبیر کاک ناسری حسامی.من حه‌ز
به‌شعره‌کانی شاملو ده‌که‌م،که‌مێک زۆر نا که‌ده‌ستم که‌تبن خوێندمه‌ته‌وه،من سالانی زوو له‌ نه‌وه‌ده‌کان کومه‌لێک شعری ئه‌وم به‌کووردی ده‌ست که‌وت،به‌لام برای ئازیزم شاعیر ناله‌حه‌سەن لێی وه‌رگرتم،به‌لام له‌به‌ر سه‌فه‌ری چونه‌ ده‌ره‌وه‌مان وه‌رم نه‌گرته‌وه‌،ئێستاش که‌ ته‌له‌فۆن ده‌ین له‌گه‌ل یه‌کتری دوای ئه‌م هه‌موو ساله‌ ده‌لێم ناله‌ گیان شعره‌کانی شاملوم ده‌وێته‌وه‌،بۆ وه‌فاداری به‌رامبه‌ر به‌مزاته‌ ،من پێشنیار ده‌که‌ن کاک ناسر شعره‌کانی شاملو له‌ دیوانێک به‌ چاب بگه‌یه‌نرێ،بۆ ئێمه‌ی کوردپێویسته‌ ،وه‌ ئه‌گه‌ر چاپیشت کرد ،ئاگادارم بکه‌وه‌،هه‌ر ته‌مه‌ن درێژ بیت بۆ به‌رده‌وامی کاره‌جوانه‌کانت
ڕۆژنامه‌نووس یوسف منتک/ئه‌لمانیا‌

که‌سێک | 3 Aug 2009 - 00:49
هیوادارم که‌ هۆنراوه‌ وه‌رگیردراوه‌کانی شاملۆ له‌ لایه‌ن کاک ناسره‌وه‌که‌ له‌کاسیتێکدا کۆ کرابونه‌وه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌کردبێ به‌ ده‌نگی کاک موهه‌مه‌د که‌مالی بو له‌م سایته‌دا دا بنرێن.بژین به‌ خۆشی.
...........
خوێنه‌ری به‌ڕێز! ئه‌وه‌نده‌ له‌مێژه‌ به‌ ته‌مام ئه‌و شیعرانه‌ تۆمار بکه‌مه‌وه‌، ئێستا ناوێرم به‌ڵێنه‌که‌ دووپات بکه‌مه‌وه‌. کاسێته‌که‌ی پێشوو، که‌ ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستت "تاشکۆفه‌ی سووری کراسێک بێت" ته‌نیا به‌شێک له‌ شیعره‌کان بوو و، خۆم تۆمارم کردبوو.
سپاس و ڕێز

rahandm mn | 26 May 2009 - 00:10
له‌ ڕاستی دا ته‌نها که‌سێک له‌ دوای مام هه‌ژار-ه‌وه‌ توانیبێتی شیعر وه‌ربگێڕێت و چێژه‌که‌یشی نه‌کوژێ، ده‌کارم بڵێم: کاک ناسری حیسامی‌-یه‌.
ئه‌مه‌یش شیاوی ستایشه‌.
حورمه‌تمان
ره‌هه‌ندم من

bakhtyar | 22 Apr 2009 - 09:56
كاك ناسر حيسامى به ريز، زۆر سپاس كه وه ر گيردراوى شيعره كانى شاملوت ليره داناوه.من سالى ١٩٩٥ كاسيتى ئه و شيعرانه م به ده نگى جه نابت هه بوو، پاشتر له ده ستم چوو . هيوا دارم هه موو كات ته ندوروست و شاد بيت.

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia