شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


مەلە خوشخوانەکەی کە ئەمڕۆ هێلانەکەی بەیەکجاری بەجێ‌هێشت/ شێرکۆ هەژار

24 Nov 2016

ئێستا هاتمەوە ماڵ وفەیسبووکم کردەوە، دەبینم دەنگوباسی‌" هێلانە بەجی‌هێشتن"ی - ئەمجارەیان - یەکجاریی "مەل‌"ێکی خۆشخوانی موکریان، هێدی، هەموو دەنگوباسێکی تری داپۆشیوە .
لەبەرخۆمەوە بەدەنگ لە خۆم پرسی : ئەرێ بەڕاست جاری یەکەم کە من ئەو شاعیرەی نەتەوەکەمانم دیت چ ساڵێک بوو ؟
١٩٦٦ ؟ ١٩٦٨ ؟ ئێستا نایەتەوە یادم، زۆر نەبوو هاتبووە ریزی
شۆڕش و، لەگەڵ هەژاردا پێکەوە بوون، بەڵام لە چ تاریخێکدا
هاتە شۆڕش ؟ ئەویشم لە یاد نیە و، لە هیچ کوێشدا نایبینمەوە .
یەکەمجار، هاوینێک بوو، کە لە ماڵی هەژار لە گەڵاڵە دیتم .
هەژار ماڵ و منداڵی بۆ هاوین هاتبوونە لای و، وا ئێستا
" هیدی"یش ( کە هێشتا هێدی نەبوو، هەر خالیدئاغا بوو)
بەسەردان هاتبووە لایان و، هەموو لە کۆخێکی هاوینانەی
ماڵی هەژاردا پێدەکەنین . هەموومان، هەر هەموو، دەنگی
پێکەنینمان رێی رۆژێک دەڕۆیشت و، هەموومان دەستمان
بە زگمانەوە نابوو، کە لە پێکەنینان زگمان دەئێشا .
لەوکاتەدا پیرەمێردێکی کووڕی هاودەمی حەزرەتی نووح
دەرکەوت، بە بەردەمی کۆخەکەدا دەڕۆیشت، خالید ئاغا
بانگی لێ کرد : مام حاجی دە فەرموو، فەرموو، فەرموو
و لەگەڵ هەر فەرموویەکدا قامکی ئیشارەتی لە ملی خۆی
رادەکرد! مام حاجی فەرمووی نەکرد، بەڵام دوای ونبوونیشی
خالید ئاغا هەر فەرموو- فەرمووی بوو و لەگەڵیدا پێدەکەنی .
گوتم : خالید ئاغا ئەوە قامکت بۆ وا لێ‌دەکەی ؟ دەمی هێنایە
بەر گوێم و گوتی : دوایە پێت دەڵێم . لە هەلێكدا دواتر کە
ژنی هەژار لەوێ نەبوو، ئەو زمانەی ئیشارەتی بۆ روون
کردمەوە، گوتی : ئەوە زمانی منداڵییمانە، یانی : هەی لە ملی
بابت بەم! ئێ جا بۆچی وا ؟ گوتی : ئەمن زۆر رقم لەو حاجییە
سەگبابەیە، بۆیێ .
هەر ئەو جارە و زۆر جاری دیکەش، کە بە رێگایەکدا دەڕۆیشتین و،
هەر خانمێکی غەریب لە گۆشەیەکەوە سەری دەربکەوتایە، خالیدئاغا
لەبەرخۆیەوە دەیگوت : ئاخ ئێستا دوو رکاعەت نوێژی لەسەر بکەی!
کە دەمگوت : خۆ تۆ جارێ بە حاڵ دیتووتە، یا هەر بەتەواوی نازانی
شکڵی چۆنە . دەیگوت : جا ئەمن چم لە شکلی داوە، خۆ عەکسی ناگرم،
ئەمن دەمەوێ نوێژ و تاعەتی خۆم بکەم، شکلی چ دەبی با ببێ .
چەند رۆژێک دوای ئەوە، ئەوجا هەژار پێی گوتم کە خالید ئاغا شاعیرە،
شاعیرێکی زۆر چاکە . ئەوجا بە خالیدئاغام گوت بەڵکو شیعری ببینم،
دەفتەرێکی شیعرەکانی دامێ . شیعرەکانی سەرسامیان کردم، هێندەم
پێ جوان و بەرز بوون و، پێم سەیر بوو کە چۆن ئەویش وەکو هەژار
و هێمن بەناوبانگ نەبوو . موکریانییەکەیم هێندە پێ سیحراوی بوو :
بەنموونە : وشەی " سوێ" لە جیاتی " ئاسۆ" :
وەرە سەر دەرکە وەکو مانگ لە سوێ ـــ گوڵەکەم تاوێ دەگەڵ من بدوێ
یا هێندێک شتی تری کە دەست بەجێ هەموو حەواسیان داگیرکردم :
ئاسک سڵە، نەک هێندی تۆ نەشمیل و رەزا سووک
گوڵ پێدەکەنێ نەک وەکو تۆ وا بەحەیاوە
یا : تا گوارە لە گوێت دێتە لەرین، دێتەوە بیرم
هەر لاوێ کە لەم خاکە لە سێدارە دراوە .
دەست بەجێ کەوتمە نووسینەوەی هەمووی، هەر هەموویم نووسییەوە
و لەگەڵ خۆمدا بردمەوە بەغدا . لەبەرخۆمەوە هەر دەمگوتنەوە، کە
ئەوسا لەگەڵ "شێرکۆ بیکەس"دا هەڤاڵ بووین، هێندێکم بۆ ئەویش
خوێندەوە، بەڵام ئەو لیچێکی خوار ‌کردەوە و گوتی : ئەمانە زۆر کۆنن!
من تا بچووبامە باڵەکایەتی، دەچوومە خزمەت هێدی و، ئەویش جارێک
هاتە بەغدا ( ئەوسا بۆ هەر شوێنێک بچووبا، عەوداڵی دۆزینەوەی
هاوسەرێک بوو ... دیارە بە زاراوەسازیی خۆی لەبارەی تاعەتی
خوداوە!) . لە بەغدا چەند شەوێک بۆ گەڕان پێکەوە دەرچووین
(بردمە ئەبو نواس و سەعدوون و ئەو ناوە) . لە هوتێلێک دەمایەوە،
وادەزانم ناوی " بێخاڵ" بوو و، زۆر بەوە تووڕە دەبوو کەسێک
لە سەر تەختی خەوەکەی دابنیشتایە، ئێ ژوورێکی بچووک و یەک
یا دوو کورسیی تێدا بوو و، وا دەبوو میوان لە یەک و دوو پتر بوون،
بەڵام ئیدی دەبوو بە پێوە بوەستن نەک لەسەر جێگاکەی دانیشن تا
تووڕەی نەکەن .
هێدی بەتەواوی ببوو بە بەشێک لە دەستەی هەڤاڵانی ماڵی بارزانی .
لەگەڵ ئەحمەد تەوفیق یا مەلا رەشیدیشدا، هەرچەندە وەکو ئەوان
نەتەوەیی بوو، بەڵام نێوانێکی زۆری نەبوو . بە دکتۆر قاسملو و
هەڤاڵانی هەر دەگوت : شیوعیەکان! و بە هیچ جۆرێک هیچ
نێوانێکیان نەبوو .
من دوا جار هاوینی ١٩٧٩ لە کەرەج دیتم، دوای ئەوەش جارێک
لە هۆڵەنداوە نامەیەکم بۆ نارد و، وەڵامێکی زۆر جوانیم بۆ هاتەوە،
ئیدی چیتر ئاگامان لە یەکتر نەما .
کاتێک دواتر پێشەکیی " کاروانی خەیاڵ‌"یم دیت، کە بە هیچ جۆرێک
ناوی هەژاری تێدا نەبوو، هەر وەک قەت هەژاری نەناسیبێت و هەر
ناویشی نەبیستبێت، بەڕاستی پێم شتێکی ئێجگار زۆر سەیروسەمەرە بوو .
ئاخر ئەو هەمووە ساڵانە پێکەوە پێکەنین و گۆرانی گوتن و پێکەوە
سینی لێدان ( لەجیاتی دەف) بە گۆرانیی قۆریاتی کەرکووکەوە ...
ئاخر ئەی هاوار، ئەوە چۆن هەمووی سڕدرایەوە ؟
کە نێوانی دوو شاعیر تێکچوو، شوکری خودا بکە کە بۆمبی ئاتۆمیان
نیە، دەنا ئێستا هیچمان نەمابووین، نە من ئەمە بنووسم و نە کەس
بیخوێنێتەوە .
هێدی، شاعیری شیعری رۆمانتیک و حەماسەی نەتەوەیی، دڵسۆزی
ماڵی بارزانی و شۆڕشی بە رابەرییان، موکریانی‌زانێکی گەورە،
قسەخۆشێکی زۆر قسەخۆش و، ئەگەر تووڕەش بووبا، ئێجگار زۆر
تووڕە . یەکێک لە شۆڕەسوارانی مێژووی ئەدەبیاتی کورد .
رەوانت شاد .
بگه‌ڕێوه‌|795 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia