شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


سنگێک پڕ لە هەناسەی گۆلی وان

28 Aug 2015

.
پێم وایە پاییزی ١٩٨١ بوو. لە وەتەمیش، بە تەمای کردنەوەی خوێندنگەی ئاواییەکە بووین. لە گەڵ کاک ڕەشادی مستەفا سوڵتانی ژوورێکی بچووکمان هەبوو، لە حەوشەی ئەو بینایە کە کۆمەڵە کردبوویە دەرمانگا. ژوورەکەی ئێمە پشتی بە دەرمانگاکەوە بوو و پەنجەرەی بەرەو ڕۆژهەڵات، بە ڕووی باغێکدا دەکرایەوە کە لەوە دەچوو پێشتر باغێکی گەورە بووبێ و ئێستا چەند دارەقەیسیی تێدا مابوو.
ڕۆژێک چێشتەنگاو لە لای گوندەکانی خوارێوە گرمەی تۆپ و خۆمپارە دەهات. لەوە دەچوو لە سەر جادەی نێوان بۆکان و میاندواو پێشمەرگە و هێزی حکوومەت تێکهەڵچووبن. تاوێک دواتر تراکتۆرێک لە لای گوندەکانی خوارێوە، لە لای "قازانەسەر"ەوە هاتە نێو دێ. هاتە بەر دەرمانگا. چەند پیاو بە پەلە دابەزین و لە تریلیی تراکتۆرەکە دارەتەرمێکیان داگرت. هێنایانە نێو دەرمانگاکە. دارەتەرمەکە بریندارێکی لەسەر بوو. پێشمەرگەیەکی باریکەڵەی باڵابەرز، قژ زەرد و چاوکاڵ. لێفەیەک و یەک‌دوو پەتوویان بەسەردادا بوو. لەوە دەچوو خوێنی زۆر لە بەر ڕۆیشتبێ. لێفە و پەتووەکان خوێناوی بوون. پێشمەرگەکە، دەلەرزی و چەقوچۆیەک لەشی داگرتبوو. ئەو پیاوانەی لە گەڵ بریندارەکە هاتبوون خەڵکی گوندەکانی چۆمی مەجید خان بوون. پێشمەرگەیەکیشیان لەگەڵ بوو کە کاتێک دوکتور خەریکی چاولێکردنی برینەکان بوو، ئەو لەولا ڕاوەستابوو و هیچی نەدەگوت. بە جلوبەرگ و ڕەنگ و ڕوخسار لە پێشمەرگە بریندارەکە دەچوو. نەماندەزانی پێشمەرگەی کام حیزبن. لە یەکێک لە پیاوەکانم پرسی ئەو پێشمەرگانە خەڵکی کوێن؟ کوتی "دەڵێن کرمانجین".
ئێمە دوو سێ کەس، لەو ژوورە بچووکەدا، بە سەر شان و ملی دوکتور دا تماشای برینەکانمان دەکرد. برینێکیان گەورە و قووڵ بوو. ستوونی هێزی حکوومەت هاتبوو لە میاندواوەوە بەرەو بۆکان بچێ.پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بەرەنگاری ببوون. ستوونەکە مەزرا و گوندی دەوروپشتی تۆپباران کردبوو. ئەو پێشمەرگەیە پارچەی گوللەتۆپی بەرکەوتبوو. دوکتور چەند جاری برینەکە دوورییەوە. برینەکە تەقەڵی ڕانەدەگرت. خوێنیان پێدا و، لە چەند کیسەوە هاوکات دەرمان و سیڕۆمیان پێدەدا. برینەکە خوێنی نەدەوەستا. پێشمەرگە بریندارەکە هیچی نەدەگوت. جاروبار چاوی لە دوکتور و پەرستارەکان دەکرد، بزەیەکی دەهاتێ و ددانەکانی لە بن سمێڵە زەردە باریکەکەیەوە وەدەردەکەوتن. بزەکەی پڕ بوو لە ئازار و ژان. ڕەنگی هەتا دەهات زەردتر دەبوو. جووڵەی کەمتر دەبوو. دوکتور و پەرستارەکان نەیاندەویست دڵ بە نائومێدی بدەن. بە جۆرێک سەرقاڵی چارەسەر بوون کە دەتگوت دڵنیان کارەکەیان سەرکەوتوو دەبێ. پێشمەرگەکە چاوی لەسەر یەک دانا. لێم ڕوانی. بەئارامی هەناسەی دەدا و سنگی دەبزووت. ئێمە هەموومان چاومان لە گەڵ دەستی دوکتور و پەرستارەکان دەگەڕا. هەموومان بێدەنگ بە دەم بیم و ئومێدەوە، ئەم پێ و ئەو پێمان دەکرد. لە ناکاو، دوکتور دەستی شل کردەوە. هەستی کرد کە ئیتر هەناسەیەک نەماوە. چاوم لە سنگی پێشمەرگەکە کرد. ئیدی بە هەناسە نەدەبزووت.
پێشمەرگەکەی هاوڕێی کە تا ئێستا بێدەنگ لە گۆشەیەک وەستابوو، هاتە ژوور سەری بریندارەکە. دانەوی و، ماچی کرد. تەوێڵی ماچ کرد و بە کرمانجی شتێکی گوت، کە باشم نەبیست. پێم وایە ماڵاوایی لێ‌کرد.
پێشمەرگەکەیان خستەوە سەر دارەتەرمەکە. دوکتورەکە لە سەر مێزەکەی بەردەمی خۆی، سەعات و جامانە و پاکەتە جگەرە و شقارتە و جلیقەی بریندارەکەی هەڵگرت، لە سەر یەکی دانان و هەموویانی دا بەو پێشمەرگەیەی لە گەڵی هاتبوو.
ئەو دوو پێشمەرگەیە و چەند پێشمەرگەی دیکەش کە هێشتا لە مەیدانی شەرەکە بوون، خەڵکی باکووری کوردستان بوون. وا بزانم خەڵکی دەوروبەری دیاربەکر. نازانم ئایا لە گەڵ هێزەکەی حیزبی دیموکرات بوون، یان خۆیان هاتبوونە ناوچەکە و چووبوونە ناو شەڕەکە.
.
کە هاتن، پێشمەرگەیەکی بریندار ئازارێکی زۆری لە گیاندا بوو. ئێستا کە دەڕۆیشتن ئەو ئیدی هەستی بە ئازار نەدەکرد و دەتگوت ئازاری هەموو برینەکانی بەسەر جەرگی ئێمەدا بەش کراوە. بە تایبەت پێشمەرگەکەی هاوڕێی. تەواو چەمابووەوە و دژوار هەنگاوی هەڵدەگرت.
لەو کاتەوە هەتا ئێستا ڕوخساری ئەو پێشمەرگە بریندارە، بەو سمێڵە زەردە باریکەیەوە لە زەینمدایە. گەنجێک کە گۆلی وان و چۆمی مەجیدخان، مەزراکانی جزیرە و گۆلێ مەرزینگان و، خەڵکی ئاواییەکانی ئەسپووغە و ماردینی وەک یەک بە هی خۆی دەزانی، وەک چۆن بۆ ئەو هەتاوی دیاربەکر و مهاباد هەر یەک هەتاو بوو.

٢٠١٤/١٠/٣٠
سوید
بگه‌ڕێوه‌|850 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia