شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


بێدەنگی و بۆنی جاترە

27 Aug 2015

.
سەید ئەحمەد تەمەنی نزیک شەست ساڵ دەبوو، یان -لانی‌کەم- وا دیار بوو. لەوانەشە تەمەنی کەمتر بووبێ و، سەختیی ڕۆژگار وای لێکردبێ هیندە بە تەمەن بنوێنێ.
شوانی ئاوەدانی بوو. ئەوەندەی وەبیرم دێ لە شێخاڵی هەموو ساڵێ هەر ئەویان بە شوان دەگرتەوە. ئەمین بوو.خەڵکی دێیەکە بە ئەمینیان دەزانی. قەت قسەی نەهاتبووەوە سەر. دڵی کەسی لێ نەئێشابوو. خۆیان تەنیا چەند سەر بزنیان هەبوو، کە سەید ئەحمەد ئەوانیشی لە گەڵ مەڕی ئاوەدانی دەبردە مەزرا.
چاوی سەوز بوون. سەوز و چکۆلە. لەوە دەچوو بە گەنجێتی چاوی سەوزێکی ڕوون بووبێ، بەڵام ئێستا ڕەنگیان هەندێک لێڵ دەینواند. لە بەر سێبەری برۆکانی، چاوی لە گۆمیلکەی پاییزان دەچوون. کورتە باڵا بوو، هەر بۆیە تێپەڕینی تەمەن، بە باڵایەوە دیار نەبوو. پشتی نەچەمابووەوە. لەو تەمەنەشدا چوست و ئازا دیار بوو. زۆر گوێی بەوە نەدەبزووت جلوبەرگی چۆن لەبەر دەکا. کەوا و پاتۆڵی، هەر یەکی لە ڕەنگێک بوون. بەڵام پشتێنەکەی هەمیشە شاڵی سەوز بوو. لە نێو دێ زۆر کەس، بە تایبەت ژنان، سوێندی گەورەیان بەو شاڵە کەسکە بوو کە سەید ئەحمەد لە پشتی بەستووە. جاروباریش کە ماڵێک نەخۆشیان هەبوایە، دەچوون داوای تیتۆڵێکی شاڵەکەیان لێدەکرد. هەر بە دەستی تیتۆڵێکی دادەڕی و دەیدانێ. شاڵەکەی، زۆر جار جێگەی تیتۆڵەکانی دیار بوون.
سەید ئەحمەد کوڕی سەید عەوڵا بوو. سەید عەوڵا کە هەر لە گۆڕستانەکەی شێخاڵی نێژرابوو، وەک پیاوچاکێک ناسرابوو. خەڵک بۆ نەزر و نیاز دەچوونە سەر گڵکۆی، دەیانگوت یەکێکە لە ئەولیا و کەسانێکیش هەبوون دەیانگوت دیتوومانە بە شەوی ساماڵ قەبرەکەی سەید عەوڵا نوورێکی سەوزباوی لەسەر هەستاوە و هاتووە بەسەر گوندەکە کشاوە.
ئەگەرچی خۆی و کوڕەکانی و کچەکانی هەمیشە لەکاردابوون، ماڵی سەید ئەحمەد دەسکورت بوون. سەید، کە جاری وابوو بە "باوەلێ" بانگیان دەکرد، سێ کوڕ و سێ کچی هەبوو."باوەلێ" قسەی خۆی بوو. کاتێک لە مەزرا ئاگری دەکردەوە و چای وەسەردەنا، لە ڕێبوار و دەشتەوان و گاوان هەر کەسی بەلادا هاتبایە، سەید بانگی دەکرد: باوەلێ! لانادەی چایەکی بخۆیەوە؟ ئیدی لە زمانی خۆیەوە، خەڵکیش بەویان دەگوت باوەلێ.
سەید ڕەحمان، کوڕی هەرەچکۆلەی سەید ئەحمەد بوو. تەمەنی دوازدە سێزدە ساڵێک دەبوو. ئەویش لە گەڵ بابی دەچووە بەر مەڕی.کچەکانیشی ئازا و کارکەر بوون. سەید زۆری خۆش دەویستن. جاری وا بوو کە سەید ڕەحمان لەدەستدا نەبوایە، یەکێک لە کچەکان، سەیزادە ڕوقیا یان سەیزادە مرێمی لە گەڵ خۆی دەبردە بەر مەڕی. وەکی دیکەش کچەکان دەچوونە مەزرا دڕوویان دەدروو بۆ تفاقی زستانی بزنەکانیان. سەید خۆشی زستانان دەبووە کارداری ماڵان. فەسڵی مەڕدۆشین، ئێواران مەڕ دەهاتەوە سەر کانییەک لە خوار ئاوەدانی. ڕێگەی نیوسەعاتێک لە ئاوەدانی دوور بوو. "خیزکان"یان پێدەگوت. کاتێک مەڕ دەکەوت، سەید ئەحمەد خۆی لە لای مێگەلەکە دەماوە و، سەید ڕەحمانی کوڕی بە سواری گوێدرێژێک دەهاتەوە نێو دێ. هەر سەید ڕەحمان لە هەورازەکەی خوار ئاوایی وەسەر دەکەوت، ئیدی خەڵکی دێ دەیاندیت. بێری دەیانزانی ئەو سەیدە چکۆلە هاتەوە، نیشانەی ئەوەیە مەڕ کەوتووە. دوو دوو و سێ سێ، جاری واش بوو بە پۆلی گەورەتر، کچان و ژنان، هەر یەکی سەتڵیکی فافۆن بەدەستەوە، دادەگەڕان بۆ مەڕدۆشین. هەتا ئەوان لە مەڕدۆشین دەبوونەوە، سەید ڕەحمانیش لە ماڵێ قەندوچا و کتری و چادان و یەک دوو کوتەبەڕە و لێفەی لە گوێدرێژەکە دەنا و، بەرەو خوار دادەگەڕا. شەوانە لە گەڵ بابی لە کن مەڕی دەمانەوە. بارانیش باریبا دەچوونە بن کەپەنکەکەیان. سەید ئەحمەد گۆچانەکەی دەکردە ستوون، قاپووتەکەی بەسەردادەدا و لە گەڵ سەید ڕەحمان دەچوونە بنی.
کچان لە کاتی مەڕدۆشیندا سوعبەتیان لە گەڵ سەید ئەحمەد دەکرد. جاری وابوو داوەتیان دەگرت و سەید ئەحمەد گۆرانیی بۆ دەگوتن. پێم وایە هەر یەک گۆرانیشی دەزانی:
ئەی بۆ هەللامە، وەی بۆ هەللامە
بەو دەسرەی دەستت، کفنم تەمامە
سەید ئەحمەد مەڕ و ماڵاتەکەی زۆر خۆش دەویست. قەت دڵی نەدەهات لێیان بدا. کەس هەبوو لە نێو دێ دەیگوت دیتوومە سەید ئەحمەد لەو دەشتەی بە نێو مەڕوماڵاتەکەدا دەگەڕێ، قسەیان لە گەڵ دەکا و گۆرانییان بۆ دەڵێ.

بەڵام ئەو لایەنەی سەید ئەحمەد کە وای دەکرد لە بیر بمێنێ، ئەوە بوو کە یەکجار ئارام بوو. پێم وایە قەت کەس نەیدیتبوو لە کارێکدا یان لە ڕێیەکدا سەید ئەحمەد پەلەی کردبێ. ئارام دەڕۆیشت و ئارام دەدوا. قسەی کورت بوون. قسەی هەر ئەوەندە دەکرد کە پێویست بوایە. گۆچانەکەی دەکردە ستوونی ئانیشکی، خۆی دەچەماندەوە سەر گۆچانەکەی، چاوی لە زەوییەکە دەبڕی و گوێی دەگرت. دوایە، کورت و مانادار قسەیەکی دەکرد. نە خەیاڵ دەیبردەوە، نە زۆر بە بناوانی قساندا دەچوو. دەنگی گڕ بوو. لە ژیانی خۆی ڕازی بوو. بەدڵ ڕازی بووبێ یان نا، شوکرانەبژێر بوو. کۆڵی بە هیچەوە هەڵنەدەگرت. ئەوە بە ئارامییەکی گەیاندبوو. لە مرۆڤی بەهەڵپە و پشووسواری ئەم سەردەمە نەدەچوو. دەتگوت پێی وایە هەر کارێک بکا، زەمان و جیهان لە سەری ڕادەوەستێ هەتا ئەو بە شێنەیی لێ دەبێتەوە.
لە ساڵانی دواتردا کە ڕێم کەوتەوە شێخاڵی، لە قەبرانی سەرێ، گڵکۆی سەید ئەحمەدیان نیشان دام. بە دارێکی باریکی وشکەوە، کە هەر بە قەد گۆچانەکەی خۆی دەبوو و لە لای ژوورووی قەبرەکە لە زەوییان چەقاندبوو، پەڕۆیەکی سەوزی کاڵەوەبوو بە دەم بایەکی ئارامەوە دەشەکاوە. دوو بەردی درێژکۆلەی نێو مەزراکەیان هێنابوو بۆیان کردبووە کێل. گیای ئەو ناوە وشک ببوون. لە گەڵ هەموو هەنگاوێک بۆنی نەعنە و شێستپەڕ تێکەڵ خاکەکە دەبوو. سەرقەبران، لە ئاوەدانی دوورە. دەنگی دێیەکەی ناگاتێ. لەوێ، هەر شنەیەک هەست پێدەکەی و بۆنی تیژی نەعنە و جاترە و، بێدەنگی و هیچی دیکە.
قەبران، کەوتووەتە لای ڕۆژئاوای گوندەکە. چەند بەردهاوێژ لەولاتر، پۆلێک داربادام بە لاپاڵێکەوە بوون، کە "باغەدێم"یان پێ دەگوت. بەهاران، ئەو کاتی دار گوڵیان دەکرد، بۆنی گوڵی داربادام دەگەیشتە سەرقەبران. بەهاران بۆنی گوڵی داربادام و، هاوینان بۆنی جاترەی وشک و تۆزی سەر گەڵای شێستپەڕ، بەدەم شنەباوە دێن. لەوێ، سەیدئەحمەد، پیاوی تەنیای شەو و ڕۆژی مەزراکان، لەو بێدەنگییەدا، شکۆی تەواو دەردەکەوێ. هەموو شتێک لێرە ساکار و ئارام، لە ڕەنگی خۆیەتی.
٢٠١٤/١٠/٢٠
بگه‌ڕێوه‌|898 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia