شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


خاک و خۆرەتاو

27 Aug 2015

دەروێش حەمەد تەمەنی زۆر بوو. لە هەشتا نزیک ببووەوە. کە دەڕۆیشت بە لای چەپدا دەشکاوە. شانێکی لەوی دیکە نزمتر بوو. ئەوانی بە تەمەنتر بوون، بە "حەمە باڵشکاو" ناویان دەبرد. لەوە دەچوو هەر لە سەردەمی گەنجێتییەوە وایان پێ گوتبێ. بە گەنجێتی بارە گەنم لەسەر شانی خزیبوو، یان لە کاتی قوڕەکاریدا لادیواری بەسەردا هاتبوو، نازانم. ئەوانی کەم تەمەنتر بوون بە "دەروێش حەمەد" دەیانناسی. گۆیا بەینێک هەوای دەروێشی لە سەری دابوو. چووبوو سەروپرچی هێشتبووەوە و ڕێی عەوداڵانی گرتبوو. دواتر زانیبووی ئەوەی بۆ ناچێتەسەر لە خانەقایەک پەنا بگرێ، دەبێ کاسپی بکا و ماڵ و منداڵ بەخێو بکا. شانی دابووەوە بەر دروێنە و مەڵەغانگێڕان. زەویوزاری نەبوو. ماڵاتیشیان نەبوو. قەرە بوو. بەراتی دروێنەی وەردەگرت و لەم ساڵانەی پیریدا زەکاتیشیان دەدایە. خانوویەکی بچووکیان بوو هەتا ئەم دواییانەش لە گەڵ خات مەلەک لەوێدا دەژیان. ژوورێک بوو، نانیان تێدا دەکرد و چێشتیان تێدا لێدەنا و هەر لەوێش دەنوستن. زستانان لە سەر تەندوورەکە کورسییان دادەنا و خۆیان لە بن گەرم دەکردەوە.
پاییزان، هەتا تەواو ساردی دەکرد، هەر لە مەزرا بوو. کە سەر خەرمان چۆڵ دەبوون و باغ دەڕووتانەوە، ئەویش دەهاتەوە ناو دێ. ڕۆژێ چەند جاران بە لارەلار دەهات دەچووە مزگەوت. پاڵتۆیەکی کۆنی ئەستووری بەسەر شانیدا دەدا. زستانان کە سەرما دەبزووت، ئەویش ئیدی نەخۆش بوو. ڕۆژانی سەرما و سەخڵەت، کە باڕن بەرز و نەویی تێک دەکردەوە، زۆر جار وا دەبوو چەند منداڵ بە پەلە هەڵدەهاتنە مزگەوت:
- دەروێش حەمەد هیلاکە. دەچین مەلای بانگ دەکەین بێ یاسینی بخوێنێ.
هەموو زستانێک ئەوە چەند جار دووپات دەبووەوە. مەلا یاسینی لەسەر دەخوێند. دەروێش حەمەد دەیگوت تازە چاوم بە بەهار ناکەوێتەوە. لە دڵی خۆیدا ماڵاوایی لە هەموو شتێک دەکرد و دڵی بە مردن دەسپارد. هەتا نزیک بەهار هەر لە جێدا بوو. لەو ڕۆژانەدا ڕەنگە گەلێک جار ئاواتی ئەوەی خواستبێ گۆشەیەکی خۆرەتاوی گەرمی لێ دەرکەوێ یان بە خەیاڵ چووبێتە ناو پەرێزی دەغڵی بەر سوورەتاو.
سەرە بەهار، کە خاک و ئاو هەندێک گەرم دادەهاتن، ئەویش تینی تێدەهاتەوە. بە دەنگی باڵندەی سەر دارەکان و بە دەنگی مەڕ و بزن و بەرخ و کاریلەی ناو دێ، دەبووژاوە. لە جێ دەهاتە دەر و، هاتوچۆی مزگەوتی دەکردەوە. بەرە بەرە کە تاووبان گەرمتر دەبوو، ئەویش ئازا دەبووەوە. فەسڵی دروێنە داسەکەی بە قۆڵیدا دەکرد و، بۆ دروێنە لە دێ وەدەر دەکەوتەوە. هەر ئەوەندەی هەتاو ئەستۆی گەرم دادەهێنا و قاچی دەگەیشتەوە سەر خۆڵەنەرمەی مەزراکان و بۆنی گوڵەگەنمی بەسەردا دەچوو، جومگەکانی هێزیان تێ دەهاتەوە و ئەژنۆی پتەو دەبووەوە.
بە گەرمای خۆرەوەتاو و بە هاودەمیی خاک دەبووژاوە. خاک و خۆرەتاو! ژیانەوەی بە خاک و خۆرەتاو بوو. هەر ئەو پیاوە، هەر کە نەرمە ئارەقەیەک لە سنگی دەنیشت، لەشی وەک مێو نەرم دەبووەوە و پزووی بەرەدروێنەی ڕادەکێشا. دەیانگوت بە قەد پاڵەیەکی ماسوولکە پتەوی ئازا، دروێنە دەکا.
ئێواران درەنگێک، کاتێک سێبەری شاخەکە بەسەر مەزرا دەکشا، ئەو دەستی لە دروێنە هەڵدەگرت و، بەرەو کەپرەکە دەهاتەوە. نەشدەهاتەوە ناو دێ. مەزرای بە جێ نەدەهێشت. لە پەنا ئاگردانەکە چای دەخواردەوە و، پرێسکەی نانەکەی دەکردەوە. نانی دەخوارد و هەر لەوێ، لە بن ئاسمانی پڕ ئەستێرە دەنوست.
لەوێ نەمابووم، نازانم سەرەنجام کامە زستان، ئیدی بەهاری نەدیتەوە.

٢٠١٤/١٠/١٧
بگه‌ڕێوه‌|830 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia