شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


شێرکۆ بێکەس

27 Aug 2015

ناوەڕاستی هەشتاکان بوو. ئێوارەیەکی پاییز، لە کارێزەوە بەرەو مالوومە، بە پێیان بەڕێوە بووین. گەیشتنیە گاپیڵۆن. تاوێک لەوەپێش ڕێژنەبارانێک باریبوو. بەڵام زۆری نەخایاند و، باران لێی کردەوە و هەورەکان ڕەوینەوە. هەڵمێکی گەرم لە هەوادا وەستابوو. لە نێودێ، دووکانێکی بچووک بە قەراخ ڕێگاکەوە بوو. لامان دا. کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکیەتیش لەوێ بوون. سەکۆی بەر دووکانەکە، هەندێک کزر ببووەوە. چەند پێشمەرگە پاڵیان بە سەکۆکەوە دابوو. چەند پێشمەرگەش بە پێوە وەستابوون. لە دووکانەکە شتیان کڕیبوو. کێک و ساردی. لە نێو ئەوانەدا کە بە پێوە بوون، یەکیان جانتایەکی ڕەنگ‌عەسکەریی بچووکی بە شانەوە بوو. کە ڕووی وەرگێرا ناسیمەوە. شێرکۆ بێکەس بوو. بەخێرهاتنی کردین. پێشتر چەند جار لە "مالوومە" و "یاخسەمەر" و "بەرگەڵوو"یەکترمان دیتبوو
ئێ! ئەی ئەو برادەرانە چۆنن؟
ئەحواڵی چەند کەسی پرسی. ساردییەکەی بە دەستەوە بوو. خواردییەوە و، هەندێک قسەمان کرد. دوایین قسەی کە دوایی بەڕێوەش هەر لە گوێمدا دەزرینگایەوە ئەوە بوو: "ئیتر ئاوایە کاکە! ئەوە وەزعەکەیە". ئەوەی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی مندا بوو کە کەی دێتەوە لامان بۆ شیعر خوێندنەوە. باسی ئەوەی کرد کە شوێنێک بۆ ئارامگرتن و حەوانەوەی نییە. "ئیتر ئاوایە کاکە!..."
ئەوان ڕۆیشتن و تاوێک دواتر ئێمەش ڕۆیشتین. ئەو دیمەنەیم هەر لەبەرچاوە کە جانتایەک بەشانەوە، شل و شۆڕ، قژهاتوو، لە گەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە ئەم گوند و ئەو گوندی دەکرد. ویردی زمانی شاخ و کانی و ڕێگە و پێشمەرگە و ئازادی بوو. هەموو گیانی سکاڵابوو و، بە دەم ورتەورتی خۆی و غایەڵە و تاسە و ئازارەوە جگەرەی دەکێشا. ساڵانێک، لەو شاخ و دۆڵانە، ناسراوترین شاعیری ئەم سەردەمەی ئێمە، ئاوا ژیا.

یادی بەخێر
٢٠١٥/٠٨/٠٤
بگه‌ڕێوه‌|1012 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia