شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


سێ هەرمێ کێویلە

1 Mar 2012

ئەمڕۆ چوومەوە نێو کاغەزەکان. پاکەتێکی گەورەم وەبەر دەست هات، کە نازانم کەی پێچاومەتەوە. لە بیریشم نەماوە چیی تێدا هەڵگیراوە. یادداشتی جۆراوجۆر... شیعری ناتەواو، نامە لە سەر کاغەزی جۆراوجۆر هەر یەکەی لە ڕەنگێک، شین و سەوز و پەمەیی... سەرەنجام پەڕە کاغەزێک هاتە بەر دەستم، دیوێکی نووسراوە و دیوەکەی دیکەی نا. ژمارەی لاپەڕەشی پێوە نییە. دەزانم لاپەڕەیەکە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانم، بەڵام هی کام دەفتەر و، چ ڕۆژێک؟ نووسراوەکە بە نیوە ڕستەیەک دەست پێدەکا و بە ڕستەیەکی ناتەواو کۆتایی پێدێ:

”و تازە ئیدی درەنگ بوو. ئەمشەو هەر لێرە دەمێنینەوە. حەزم دەکرد بڕۆین. مرۆڤ، کاتێک نائارام و بێ‌ئۆقرە بێ، هیچ شتێک لە ڕۆیشتن باشتر نییە. دیمەنەکانی بەرچاوت دەگۆڕێن و، جەستەت دەجووڵێ و، دەرفەتی ئەوەت نییە هەموو گیانت بە خەیاڵ بسپێری. نەڕۆیشتین. درەنگ بوو. ماینەوە و، ئێستا ئێوارەیە. شنەیەکی فێنک هەڵی‌کردووە. لە سەر کۆتەرەی داربەڕوویەک دانیشتووم. ئەمبەر و ئەوبەرم ڕیزەشاخێکە و، بەرانبەرم دۆڵێک، کە ڕەزێکی تێدایە و لەولاتر پۆلە چنارێکی تەنک، دوایەش پەرێزێک و، لە داوێنی، ئاڵقەیەک و خەتێکی سەوز، کە لەوە دەچێ شیناوەردی دەوری گۆلاوێک و جۆگەکەی بێ. لە دوورتر، ئاسۆی ئاسمانی ئێوارە دیارە، نارنجی و مۆر. لێرەش، لەم نزیکانە بۆنی دووکەڵ دێ. هەندێک گەڵابەڕووم کۆ کردەوە، شەوی پێشتر نمەبارانێکیان لێ باریوە. بەینێک پێ چوو هەتا ئاگرەکەم کردەوە. دووکەڵێکی شین، جاروبارە بۆ لای من دێ و، جاری واشە بۆ ئەو لا دەچێ. چاوەڕێم ئاگرەکە سکڵێکی سوور بخا، جگەرەیەکی پێ داگرسێنم و، ئەگەر تا ئەو کات باران دا نەکا، بنووسم. پەڵە هەورێک هاتووە و لە سەر سەرم لەنگەری گرتووە. بۆنی باران لە دوورەوە دێ.

حەزم دەکرد بڕۆین و، نەشم‌دەزانی بۆ کوێ. یانی نازانم کە لێرە ڕۆیشتین، دەچینە کوێ. ئەوەندە دەزانم تامەزرۆی حەسانەوەم لە ژوورێکی ڕووناکی پاک‌وخاوێن، کە دڵنیا بم جانتاکەم باران لێی نادا و کاغەزەکانم تەڕ نابن. جلەکانم تەڕ نابن و، لێفەکەی سەرم تەڕ نابێ. بەڵام ئێستا، کە لێرە لەسەر ئەم کۆتەرەدارە دانیشتووم، نمەی باران خۆشە، بە بێ ئەوەی لە بن کەپرێک بم.
لە داوێنێ ڕەزەکە، کوڕە شوانەکە دەنگی دێ. تەمەنی هەر دە دوازدە ساڵ دەبێ. تاوێک لەوە پێش کە گەڵا و چیلکەم کۆ دەکردەوە بۆ ئاگرکردنەوە، لە خوارێ تووشی بووم. ماڵاتی دەلەوەڕاند. ڕاوەستابوو، داردەستەی لە زەوییەکە چەقاندبوو و ئانیشکی دادابووە سەری. پێڵاوەکانی دڕابوون و، دوو سێ کراس و کەوای بەسەر یەکدا لەبەر کردبوو. دیار بوو بەیانان زوو دێتە مەزرا و، ئەوکات ساردە. کوتی: ”نایەی چایەکت بۆ لێ نێم“؟
کوتم: ”نا! بە تەنێ نیم. ئەوانی دیکە، ئەوە لە سەرێ دانیشتوون، چاوەڕێن من ئاگر بکەمەوە و چایەکە وەسەر نێم“.
کوتی: ”دە وەڵا چای من بەشی وان ناکا“.
دوو سێ هەرمێ پاییزەشی هەڵگرتبووەوە. دەستی ڕاداشت کوتی: ”ها! هەرمێیەک بخۆ“!
هەرمێیەکم لێ وەرگرت. دیار بوو لە مێژە وەریوە و تاو لێی‌ داوە. هەندێک سیس ببوو، بەڵام تامی زۆر خۆش بوو.
چایەکەی بە تەما بوو بۆ من دەم بکا و، لە هەرمێکانی، یەکیانی دا بە من. نازانم ئەوە چ هەستێکە کە خەڵکی ئەم ولاتە وا لێدەکا؟ بزەیەک، دەرگای ماڵە گەرم و ڕووناکەکەی دەروونیت لێ دەکاتەوە.
ئێستا ئەوە دەنگی دێ و گۆرانی دەڵێ. لێرە، لە نێوان ئەم دوو ڕیزە شاخەدا تاوی لێ هەڵدێ و، ڕۆژی لێ ئاوا دەبێ و، بەفری لێ دەبارێ و، گەزیزە سەری لێ وەدەر دەنێ و، گەنم و جۆ پێدەگەن و، هەرمێ پاییزە پێدەگەن و، لە گەڵ ئەوانە گەورە دەبێ. شان بۆ دروێنە دادەدا و، پشت بۆ کۆڵەئارد دەچەمێنێتەوە، لەو لووتکانەوە بارەدار بۆ سووتەمەنیی زستان دینێتەخوار و، سەرەنجام لە نێو ئەم شاخانە پیر دەبێ.
ئەوانە دەنووسم کە پێت بڵێم ئێمە لێرە گەورە دەبین، لەم وڵاتە کە خاکەکەی وەک چۆن ترێ ڕەشکە و هەرمێ کێویلە دێنێ، ئاواش خۆشەویستی دێنێ، ساڵێک زۆر و ساڵێک کەم، ڕەنگە وشک و ڕەنگە پڕئاو، بەڵام هەمیشە شیرین. بیرت دەکەم. بەیانی ڕێ دەکەوین و پێم وایە“
بگه‌ڕێوه‌|2798 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|5 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
narin | 4 Sep 2013 - 05:15
سلام ئه م کاته تان باش . .گورانیک به شعره جوانه کان کاک ناسرم هه یه .چون بوتانی بنیرم؟

عه‌بدوڵا محه‌مه‌د | 24 Mar 2012 - 01:07
کاک ناسر ،وێڕای ده‌ستخۆشیم بۆ ئه‌و وێنه‌ ناوازه‌یه‌ی به‌ سه‌لیقه‌یه‌کی جوانه‌وه‌ کێشاوتانه‌،بۆمن وه‌ک ئه‌وه‌ وابوو،پاش ڕێگابڕێنێکی زۆرو به‌ مه‌به‌ستی حه‌سانه‌وه‌یه‌ک،له
‌سه‌ر کانییه‌کی سازگارلابه‌یت و دوولێوان له‌و ئاوه‌ بخۆیته‌وه‌.
من له‌م سه‌فه‌ره‌ی دواییمدا ڕێکه‌وتی هه‌مان وێنه‌م کرد که‌ ئێوه‌ له‌و چامه‌یه‌دا وێنه‌تان کێشابوو،هه‌مان شوانم دی که‌ سه‌رقاڵی چالێنان بوو،جگه‌ له‌خوڵقێکی (تووڕکیی)،دیاریی میوه‌ی پێدام که‌ له‌و ڕۆزه‌دا ده‌ستی که‌وتبوو.
سه‌رکه‌وتووبن

ئامانج زه ندی | 23 Mar 2012 - 19:39
ده زانم لا په ره ییک له ده فته ری بیره وه ریه کانمه
به لام هی کام ده فته ر و چ روژیک نازانم
کاک ناسر جه نابت چه ند ده فته ری بیره وه ریت هه یه؟
له پیشدا ئه لیی هی ده فته ری بیره وه ریه کان به لام دوایی ئه لیی نازانم چ ده فته ریک...........

عه بدوللا | 13 Mar 2012 - 15:10
زور جوان و ساکار تابلویه کی بی وینه ت کیشاوه ته وه ده ست و بیرت پیر نه بیی
جودا له و وینه جوانه ئه و بیروکه ی هه ست به رویشتن له کاتیکدا که بی ئوقره ی
که س نه یتوانیوه وا ریک و پیکی خات من ده س خوشیت لیده که م و داواییکیشم هه یه تکایه هه لبه سته کان و وه رگیردراوه شیعریه کان به ده نگی خوت بینه سه ر شارستان
................................
سڵاو و سپاس کاک عەبدوڵڵای بەڕێز! هەندێک لە شیعرەکان کە بە دەنگ تۆمار کراون، لە بەشی دەنگ و دیمەن، هەر لێرە لە شارستان هەن.
بۆ ئەوەی ئاسانتر بیبینییەوە، ئەوە لینکەکەی لێرەش دادەنێم:
http://sharistan.org/deng.php

حسین | 3 Mar 2012 - 02:53
هەمو روژیک جاریک چاو بە سایتەکەت دا دەخشینم زورم عەز دەکرد کە نوسینەکانی جەنابت هەر هەموی لە بەرژەوەندی بەش مەینەتان و کومەلەکان دابن هیوای سەرکەوتنت بو دەخوازم

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia