شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


فرمێسک و پێکەنین (5)

19 Feb 2012

بەرەو گەورکان


بەرەبەیانی ڕۆژێکی بەهاری ١٣٦٢ (١٩٨٢) باروبنەی ”کۆمیسیۆنی فێرکردن و بارهێنانی کۆمەڵە“مان لە ترێلی و تراکتۆرێک نا و بەرەو ئاوایی ”سڵامەت“ لە گەورکان کەوتینە ڕێ. نانی نیوەڕۆمان لە ”ئاغوەتمان“خوارد و لای عەسر گەیشتینە سڵامەت. ئیدی دوای ئەوەی لە سڵامەت لە تراکتۆرەکە دابەزین، سەفەر و بنکە گوێستنەوەی دیکە، لە مانگەکان و ساڵەکانی داهاتوودا، هەمووی بە پێیان بوو. لە سڵامەتەوە بۆ گەنمان و، لەوێوە بۆ سیسێر و، دوایەش بەرەو بێژوێ و تیەت و، لەوێشەوە بۆ گەڵاڵە، لە دۆڵی سەفرە و زەروون، لەودیو، لە کوردستانی گەرمێن.

لە سڵامەت، مقەڕی کۆمەڵە لە خانوویەکی گەورەدا بوو. پێم وایە ماڵی ئاغا بوو کرابووە مقەڕ و بەشێک لە ئۆرگانەکانی کۆمیتەی مەڵبەندی موکریان ی کۆمەڵە، لەو مقەڕە بوون. نهۆمی خوارەوە، کادێن و ئەنبار بوو. نهۆمی سەرەوە، چەند ژوور بوون. ژوورەکان زۆربەیان گەورە بوون. هەندێکیان لای پشتەوە بوون و پەنجەرەیان نەبوو، ئەوانە کرابوونە ئەنبار و مەتبەخ. دووی تاریکیش، کە دەرگایان بەسەر مەتبەخەکەدا دەکرایەوە، ئاخوڕیان تێدا هەڵبەسترابوو، بەڵام لەوە نەدەچوو قەت ئاژەڵیان تێهاتبێ. پاک و خاوێن بوون. لە ژوورەکانی لای پێشەوە کە پەنجەرەیان بە ڕووی خۆرهەڵاتدا دەکرایەوە، یەکیان کە دیار بوو دیوەخان بوو، کرابووە مقەڕ. ژوورێکی بچووکی ڕووناکیش، بە پەنا دیوەخانەکەوە، لەسەر پلیکانەکان، ژووری بێسیم بوو. ئەوەیان دا بە ئێمە بۆ کاری نووسینی کتێبەکانی خوێندنگە. بۆ ژیانی ڕۆژانە، هەر لە گەڵ هاوڕێیانی دیکەی مقەڕ بووین.
ڕۆژێک، بە بێ ئەوەی هیچم لێ ون بووبێ، بە بێ ئەوەی بۆ هیچی تایبەت بگەڕێم، لە ژوورەتاریکەکەی پشتەوە، بە چراوە دەگەڕام تا بزانم چی لێیە. لە نێو ئاخوڕەکەدا، ڕادیۆیەکی تازەی سێ مەوجم دیتەوە. زۆرم پرسی خاوەنی دیار نەبوو. لەوە دەچوو، پێشمەرگەیەک کە چووبێتە جەولە یان شەڕ، لەوێی دانابێ هەتا دێتەوە، بەڵام ئیدی لە بەر هەر هۆیەک بووبێ، نەگەڕابووەوە. ماوەیەک ڕام گرت. کەس سۆراغی نەگرت. بەرگم تێگرت و هەڵم‌گرت بۆ خۆم.
شەوێک کە نیگابان بووم، بەرپرسی مقەرەکە وتی، لە مەتبەخەکە گۆشتیان وەسەر ناوە بۆ سبەینێ. جاروبار سەری بدەن کە نەسووتێ. کە چووم سەری مەنجەڵەکەم هەڵداوە، مەنجەڵێکی گەورە، پڕ بوو لە گۆشت. لە بنەوە وەکوڵ هاتبوو، بەلام گۆشتی سەرەوە هێشتا کاڵ بوو. هەندێکم لێ جیاکردەوە. بڕێک لە سکڵی ناو کوانووەکەم واوەهێنا، گۆشتەکەم بە شیشی کڵاشینکۆفەوە کرد و برژاندم. دەمێک بوو گۆشتی براژوم نەخواردبوو. ڕۆژانی دواتریش لە مقەڕ گۆشت زۆر بووە. حەوشەکە، مەڕ و ماڵاتی تێ‌هاتبوو. مەڕ و ماڵاتەکە دەسکەوتی شەڕ بوون. لە ناوچەی سەقز، پێشمەرگە چووبوونە سەر ماڵەجاشێکی گەورە و تاڵانیان کردبوو. گۆیا کوێخاشەریف.
لە سڵامەت جێگەوڕێگەمان کەم بوو. بڕیارمان دا بگوێزینەوە بۆ گەنمان. ڕۆژێک کەلوپەلمان لە چەند ئێستر نا و بەرەو ”گەنمان“، ”سڵامەت“‌مان بە جێ هێشت.

گه‌نمان
بیره‌وه‌رییه‌ک له‌ کانییه‌کان و مرۆڤه‌کانی ده‌وروپشتیان

گه‌نمان. گوندێکی چکۆله‌ و بێده‌نگ. ته‌نیا و دابڕاو. له‌ به‌ر سێبه‌ری چیای «که‌پری». په‌یوه‌ندی گه‌نمان له‌ گه‌ڵ جیهان، له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند باریکه‌ ڕێیه‌که‌وه‌یه‌ که‌ به‌ چه‌ندین هه‌وراز و دۆڵ ولاپاڵ و ته‌پۆڵکه‌دا، به‌ نێوان کۆمه‌ڵێک ده‌وه‌ن و داربه‌ڕووی تینووی تۆزاویدا و به‌ قه‌راخ چه‌ند کانیدا تێپه‌ڕ ده‌بن، تا ده‌گه‌نه‌ گوندێکی دیکه‌، جا «نه‌ستان» بێ یان «سیسێر»، یان «برایم خه‌سار»، یان «سارده‌کوێستان»، که‌ له‌ ڕاوێژی «مام ئه‌حمه‌د» دا ئه‌م دوو گونده‌ی دوایی پێیان ده‌گوترا «برێم خه‌سار» و «سارده‌کۆستان».


مام ئەحمەد

ئێستا کە ئەم دێرانە دەنووسم، مام ئەحمەد نەماوە. ئەم بەهارە بێتەوە، دوو ساڵ بە سەر دوایین ماڵاوایی مام ئەحمەد دا تێدەپەڕێ. خەڵکی ”مووسێ“ بوو. ئەوکات کە ئێمە چووینە گەورکان، تەمەنی لە پەنجا بەرەوژوور بوو. بەشێکی زۆری تەمەنی بە شوانەتی تێپەڕ کردبوو. لە خۆیم نەبیست بزانم کۆمەڵەی چۆن ناسی و، ئەو پیاوە تەنیایەی لەم جیهانەدا کەسی نەبوو، ئەو شوانەی تەمەنێک سەری خۆی داخستبوو و مەڕوماڵاتی بردبووە لەوەڕ، بە چ لێکدانەوەیەک چەکی هەڵگرت. هەتا کۆتایی تەمەنی، لە گەڵ کۆمەڵە مایەوە. زووتر، بە هەرسەبەبێک کۆمەلەی هەڵبژاردبێ، لەم ساڵانەی کۆتاییدا کە پیر ببوو، کۆمەڵە بۆی پەنا و شوێنی ژیان بوو. تفەنگ و خەنجەرەکەی هەر پێ بوو. خۆی لە گەڵ دەوروبەر ڕێک دەخست. ڕاهاتبوو زۆر لە سەر قسەیەک نەڕوا. ئەگەر زانیبای باسێک لەوانەیە بگاتە قسەلێک‌هەڵبەزینەوە، خۆی لێ لادەدا. پێم وایە تەنیایی و بێکەسیی پێشووی وای ڕاهێنابوو کە خۆ لە ململانێ و بەرەوڕووبوونەوە لادا. لە دەوروبەری خۆی، بە گومان بوو. بە درێژایی ئەو ساڵانە، بە ڕۆژ دەنوست و، شەوانە بە خەبەر بوو، لە سەر هەست بوو و گوێی لە خشپەیەک بوایە، دەهاتە دەر و، دەوروبەری تاقی دەکردەوە. تا لە حیزبی کۆمۆنیستدا بووین، بۆ نزیک‌کردنەوەی ڕاوێژی خۆی لە ئەدەبیاتی سیاسیی باوی حیزبەکە، لە دژی سەرمایەداری دەدوا، بەو جیاوازییەوە کە ئەو ”مەڕدار”یشی لە گەڵ چینەچەوسێنەرەکان ڕیز دەکرد و، کە باسی کاربەدەستانی گەندەڵ و سەرکوتگەر کرابایە، ئەو ”کوێخا“ی بە نموونە دێناوە. شیعاری ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کارگەری، لە ڕاوێژی مام ئەحمەد دا ببووە ”یەکیەتی و بەرانبەری و سەرانسەری“. دوای ئەوەی لە حیزبی کۆمۆنیست جیا بووینەوە، مام ئەحمەد دەرفەتێکی بۆ هەڵکەوت بڕێک زیاتر ببێتەوە خۆی. ئاڵایەکی کوردستانی لە پەنای ئاڵا سوورەکەی کۆمەڵە لە سەربانی ماڵەکەی خۆی هەڵکرد. ”دۆشکە“یەکی کۆنی لە کارکەوتووی، لە نێو چرپییەکانی قەراخ باخچە چکۆلەکەی بەر ماڵەکەی دابەستبوو. لە بەر ئەوەی بە تەمای بەکارهێنانی دۆشکەکە نەبوو، گوێی نەدەدا ئەوە کە دۆشکەکە دەرزیی تێدا نییە و تەقە ناکا. ئاڵا سوورەکەی کۆمەڵە، کە مام ئەحمەد لەسەربانی ماڵەکەی هەڵیکردبوو، زۆر کاڵ ببووە، بەلام پێم وایە وای پێ جوانتر بوو، بۆیە تازەی نەدەکردەوە
لە بۆتێ، کۆتایی هەشتاکان، ماوەیەکی زۆر من و مام ئەحمەد دراوسێ بووین. لە پەنا ژوورەکەی ئێمە، کەپرێکی بۆ خۆی دروست کردبوو. قووڵکەیەکی گەورەشی لە پەنا ڕەوەزە بەردێک هەڵدڕیبوو، بۆ پەناگە و کونەتەیارە. ئەو کاتی کە مەترسیی بۆمبارانی شیمایی هەبوو، مام ئەحمەد لە سێ چوار شاخی دەوروبەری ئۆردووگاکە، نان و پێخۆر و قەند و چای شاردبووەوە بۆ ڕۆژی مەبادا. ڕۆژی بۆمبارانەکە، من و مام ئەحمەد پێکەوە لە بن بەردێک بووین.
زۆری پێخۆش بوو باسی ژن هێنانی لە گەڵ بکەی. قەدیم لە زمان ”سەیدبرایم” و لەم دواییانەدا لە زمان ”کاعەوڵا“وە دەیگێڕاوە کە بەڵێنیان پێداوە ژنی بۆ بێنن. جارێکیش کە پێم گوت ژنم بۆ دیتوویەوە و ژنێکی هونەرمەند و پێشمەرگەی کۆمەڵەم نیشان دا و نەزەریم پرسی، کوتی ”پێم باشە، بەڵان دەبێ پرسم بۆ بکەی بزانی زگان دەکا؟“.
بە دریژایی نزیک سی ساڵ مام ئەحمەد لە بنکە و مقەڕەکانی کۆمەلە ژیا. کەم پێشمەرگەی کۆمەڵە هەیە، مام ئەحمەدی نەناسیبێ و نەیدواندبێ. زۆر کەس، بیرەوەرییەکانی مام ئەحمەد دەگێڕنەوە، بەلام مام ئەحمەد خۆی بیرەوەریی خۆشی لە کەم کەس هەبوو. هەموو کەسی نەدەدواند. شارییەکانی خۆش نەدەویست، دەیکوت لووسکەن. لە لێپرسراوانی کۆمەلەش، هەندێکیانی خۆش نەدەویست. لە ژوورەکەی خۆی، بە تەنیایی و لە خەیاڵی خۆیدا، دایدەنان و دادگایی دەکردن و لێی دەپرسینەوە. لە کۆبوونەوەکاندا، لە باتی هەر لێپرسراوێکی کۆمەلە، قوتوویەکی تەنەکەی دادەنا، نۆرەی پێدەدان بۆ قسە کردن و، خۆی لە جیاتی هەموویان قسەی دەکرد، ڕەخنەی لە خەتابارەکان دەگرت و، دوایەش نۆرەی دەدا بە خەتابارەکە لەسەر خۆی وەجواب بێ. لە جیاتی ئەویش قسەی دەکرد، بەڵام ئەغلەب لە کاتێکدا خۆی لە وەکالەتی خەتابەرەکەوە قسەی دەکرد، قسەی پێ دەبڕی، دەیگوت نۆرەت تەواو بووە و بێدەنگی دەکرد.
زۆر خەیاڵێکی بەرینی هەبوو. لە خەیاڵی خۆیدا تفەنگی بۆ کاک سمایلی شەریفزادە هەڵگرتبوو، تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا گۆرباچۆفی دیتبوو و داوای یارمەتیی لێکردبوو بۆ کۆمەڵە.
ئارەزووی ئەوە بوو بە چەک و ڕەختەوە و بە خەنجەری بەرپشتێنییەوە، ڕۆژێک وەک پێشمەرگەیەکی سەرکەوتوو، بگەڕێتەوە زێدی خۆی، کاری خەڵک جێبەجێ بکا و، داوایان بە جێ بێنێ و، ماڵ و ڕێگەوبانیان بۆ چاک بکاتەوە و، نەخۆشیان بگەیەنێتە دوکتور. بەم ئارەزووەوە، لە کاتێکدا هێشتا خۆی گوتەنی ”بوخچەی نەکراوە“ بوو، مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٠ لە زڕگوێز، ماڵاوایی لە ژیان کرد. .

بن داربییەکان

کانیاوی هه‌ره‌ به‌ناوبانگی ئه‌و ناوه‌، «ئاوده‌رۆمه‌لان»ی پێ ده‌ڵێن. له‌ نێوان گه‌نمان و «برایم خه‌سار»دا، له‌ دۆڵێکی به‌ردەڵاندا، له‌ داوێنی ڕه‌وزه‌به‌ردێک له‌ زه‌وی دێته‌ ده‌ر. ئاشگێڕێک ئاوی سارد. سارد و سووک. بۆ ڕێبواری تینوو و شه‌که‌ت، ئه‌و ئاوه‌، مزگێنییه‌کی گه‌وره‌یه‌. هه‌ر که‌ له‌ دۆڵه‌که‌ نزیک ده‌بییه‌وه‌، له‌ پێشدا فینکایی و، دوایی هاژه‌ی ئاوه‌که‌ به‌ره‌وڕووت دێن.
ئه‌و کاته‌ی ئێمه‌ چووینە گەنمان، سه‌ر کانییه‌که‌ ماڵێکی لێ بوو. ژوورێکی بچووک و، له‌ په‌نا ئه‌ویش ڕه‌شماڵێکیان هه‌بوو. ئه‌و دۆڵه‌ به‌ شێوه‌ی ئاسایی، له‌وانه‌یه‌ ڕۆژانه‌ به‌ده‌گمه‌ن ڕێبوارێکی پێدا بڕوا، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه‌، گونده‌کانی ناو ئه‌و چیا و دۆڵه‌ حه‌سته‌مانه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ئاوه‌دان بوون و، ئاوده‌رۆمه‌لان ڕۆژانه‌ چه‌ند جارێک ده‌بووه‌ شوێنی لادان و حه‌سانه‌وه‌ی پۆله‌ ڕێبوار. له‌ داوێنه‌وه‌ به‌ره‌و ژوور، له‌ ”خوڕخوڕه“‌ و ”زاواکێو“ و ”زێڕاندۆڵ“ه‌وه‌ به‌ره‌و ”سیسێر“ و ”نستان“ و، ”ڕه‌به‌ت“، به‌ره‌و ”ئالان“ و ”بێژوێ“ و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌رمێن. له‌ گه‌رمێنیشه‌وه‌، به‌ره‌و خوار ، به‌ره‌و موکوریان. ئاوده‌رۆمه‌لان به‌و هاتوچۆیانه‌ ئاوه‌دان بوو. تاقه‌ ماڵه‌که‌ی په‌نا کانییه‌که‌، هێندێک پێویستیی ڕێبواری برسی و تینوویان ده‌فرۆشت: خه‌یار و ته‌ماته‌، ماسیی قوتوو، هێلکه‌و، ساردی. ساردی و ئاوه‌ ترێی «ساندیس» که‌ ده‌یانخستنه‌ ناو ئاوی سه‌رچاوه‌که‌.
ئێمه‌ له‌ دۆڵێکی دیکه‌، له‌ پشتی ئاوده‌رۆمه‌لان، به‌ ڕووکاری گه‌نماندا، جێگەمان خۆش کرد. کلکه‌ی که‌پری و چه‌ند ته‌پۆڵکه‌یه‌ک له‌ نێوان ئێمه‌ و ئاوده‌رۆمه‌لاندا بوون. له‌و دۆڵه‌شدا، کانییه‌ک هه‌بوو، ئاوێکی نه‌ک زۆر، به‌ڵام سارد و سووک، به‌ پلووسکه‌که‌یدا ده‌هاته‌خوار. به‌ردهاوێژێک له‌ خوارووی کانییه‌که‌وه‌، جێگەیەکمان تەخت کرد و خێوه‌تمان هه‌ڵدا. سێ خێوه‌تمان هه‌بوو له‌ پشت دوو داره‌بیی ئه‌ستووری که‌م لق وپۆ. له‌بن داره‌کانیش، سه‌کۆیه‌کمان ته‌خت کرد، به‌ قه‌د جێ خه‌رمانێک، بۆ نانخواردن و کۆبوونه‌وه‌ و، دانیشتنی شه‌وان. دانیشتنی شه‌وان، که‌ ئه‌وکاتانه‌ی مانگه‌شه‌و بوایه‌ و، مێشووله‌ ده‌رفه‌تی داباین، تا دره‌نگان درێژه‌ی ده‌بوو. ئه‌وکات هێشتا خه‌ریکی نووسینی کتێب بۆ خوێندنگه‌کان بووین، به‌ ته‌مای ئه‌وه‌ی حکوومه‌ت به‌ زوویی ناچاربێ لانیکه‌م له‌ گونده‌کان و شاره‌چکۆله‌کان بکشێته‌وه‌ و، ئێمه‌ خوێندنگه‌کان بکه‌ینه‌وه‌.
شه‌وانه‌، تا دره‌نگێک، سه‌رمان به‌سه‌ری یه‌که‌وه‌ ده‌نا و، له‌ به‌ر تیشکی چراتۆڕێک، خه‌ریکی ساخکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌و کتێبانه‌ ده‌بووین. جاری واش بوو، میوانمان ده‌هات و، کۆبوونه‌وه‌ به‌تاڵ ده‌کرا و، ده‌بوو به‌ شه‌ونشینی. میوان، ئه‌غڵه‌ب جاران هه‌ر «مام سێمان» بوو. مام سێمان، ته‌مه‌نی نزیکه‌ی په‌نجا بوو. ئه‌ندامی حیزبی دێموکرات و، ئه‌ندامی شوورای گونده‌که‌ بوو. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ بوو. ئه‌مرونه‌هی مام سێمان، هه‌موو که‌سی ده‌گرته‌وه‌. پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات و کۆمه‌ڵه‌ و موجاهید و چریک و هه‌ر ڕێکخراوێکی دیکه‌ش که‌ هاتبانه‌ ”گه‌نمان“، مام سێمان ده‌بوو بزانێ که‌ی دێن و که‌ی ده‌ڕۆن و له‌ کوێ ده‌خۆن و له‌ کوێ ده‌خه‌ون و له‌ کام لاوه‌ دێن و به‌کام لادا له‌ گوند ده‌چنه‌ده‌ر. هاوئاهه‌نگ کردنی په‌یوه‌ندی مقه‌ری کۆمه‌ڵه‌ و دێموکرات و موجاهیدیش که‌ له‌ گونده‌که‌ بوون، مام سێمان ده‌یکرد.
شه‌وێک، له‌ شه‌وانی مانگه‌شه‌وی هاوینی گه‌نمان، مام سێمان له‌ لامان دانیشتبوو، چای ده‌خوارده‌وه‌ و، جگه‌ره‌ی ده‌کێشا و قسه‌ی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌. ئاوێته‌یه‌ک له‌ ڕاستی و حیکایه‌ت و خه‌یاڵ. باسی هێزی په‌نامه‌کی و نه‌ناسراوی چیای «که‌پری»، باسی ڕه‌نگ گۆڕینی خاکی چیاکه‌ له‌ به‌ر مانگه‌شه‌و، که‌ جارێک زه‌ردی بریقه‌دار ده‌نوێنێ و جارێک سوورباوێکی توندوتاریک. باسی شه‌ڕی موعینییه‌کان و ئه‌منییه‌ی شا له‌ بن تاوێره‌کانی لای خۆرهه‌ڵاتی که‌پری، باسی ونبوونی شوانان له‌ نێو ڕه‌وه‌زه‌به‌رده‌کانی که‌پری و، باسی شه‌وانی شوانه‌تیی خۆی له‌و شاخه‌ له‌به‌ر باران و هه‌وره‌برووسکه‌ و، کڕێوه‌ و باڕنی تووش و، گه‌لێک باسی دیکه‌ش، که‌ ڕاست بووبن یان ته‌نیا زاده‌ی وه‌هم و خه‌یاڵ، یه‌کجار شیرین و سه‌رنجڕاکێش بوون. مام سێمان له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌و قسانه‌دابوو، که‌ له‌ناو گوند ته‌قه‌ په‌یدا بوو. تاوێک گوێی هه‌ڵخست. ته‌قه‌که‌ له‌ ته‌پۆڵکه‌یه‌کی لای خۆرئاوای گونده‌که‌وه‌ ده‌هات. چه‌ند ده‌سڕێژی چه‌کی سووک و، دوایه‌ش گرمه‌ی چه‌ند ئار پی جی و، دیسان ده‌سڕێژ. مام سێمان هێندێک تێکچوو. به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌و گونده‌دا که‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می بوو، چۆن ده‌بێ شتێک ڕووبدا که‌ ئه‌و ئاگاداری نه‌بێ. هه‌ستا، پێڵاوه‌کانی له‌ پێ کرد. پرسیارم لێ کرد ده‌بێ چ ڕوویدابێ. کوتی ئه‌وه‌ موجاهیدن مانۆڕیان هه‌یه‌. ده‌چم کۆنتڕۆڵیان ده‌که‌م.
من نه‌مزانی مه‌به‌ستی مام سێمان له‌ ”کۆنتڕۆڵیان ده‌که‌م“ چییه‌، به‌ڵام که‌ پرسیم به‌ قسه‌ت ده‌که‌ن؟
کوتی: «ئادی! چ نییه‌، موجاهیدم پێ بزنه‌»!
دوای ئه‌وه‌، «موجاهیدم پێ بزنه‌»، له‌ ناو ئێمه‌دا بوو به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ک ڕۆژانه‌ چه‌ندین جار و به‌ مانای جۆراوجۆر دووپات ده‌کرایه‌وه‌.
ئاخر، مام سێمان خۆی هه‌ندێک وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی، له‌ کاتی جۆراوجۆردا، به‌ مانای جۆراوجۆر به‌کارده‌برد. به‌ تایبه‌ت، هێندێک وشه‌، مام سێمان له‌ پێشمه‌رگه‌ی بیستبوون و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ماناکه‌یان به‌ ته‌واوی بزانێ، هه‌رجاره‌ی به‌مانایه‌ک به‌کاری ده‌بردن. یه‌کێک له‌وانه‌ «کۆنتڕۆڵ کردن»بوو. مام سێمان زۆر شتی کۆنتڕۆڵ ده‌کرد، که‌ بۆ کۆنتڕۆڵکردن نه‌ده‌بوون. ده‌یکوت «له‌و دێیه‌ی، هه‌رکه‌س به‌ قسه‌م نه‌کا. کۆنتڕۆڵی ده‌که‌م». ڕۆژێکیش که‌ پرسیارم لێکرد، چۆنه‌ هێندێک له‌ زه‌وییه‌کان هه‌روا به‌یارن، کوتی «دێیه‌که‌ جاده‌ی نییه‌، ته‌راکتۆری ناگاتێ، ده‌نا زه‌ویی به‌یارم نه‌ده‌هێشت، هه‌مووم کۆنتڕۆڵ ده‌کردن».
ئه‌وکاتی له‌ ”به‌رده‌سوور“ له‌ نێوان کۆمه‌ڵه‌ وحیزبی دێموکراتدا شه‌ڕ بوو، مام سێمان سێ شه‌وان دیار نه‌بوو. زۆرم بیر کردبوو. خه‌به‌رمان زانی شه‌وانه‌، له‌ سه‌ر ڕێگای نێوان سیسێر و گه‌نمان پێشمه‌رگه‌کانی دێموکرات که‌مین بۆ کۆمه‌ڵه‌ داده‌نێن و مام سێمانیش، له‌گه‌ڵیان له‌ که‌میندایه‌. ئێواره‌ی ڕۆژی چواره‌م، له‌ کاتێکدا نێوانی کۆمه‌ڵه‌ و دێموکرات هێشتا ته‌واو له‌ گرژیدا بوو، مام سێمان وه‌ده‌رکه‌وت. له‌ هه‌ورازه‌که‌ی لای خواره‌وڕا، ته‌لیسێک به‌ کۆڵه‌وه‌، خه‌ریک بوو وه‌سه‌ر ده‌که‌وت. ده‌مزانی دێته‌ لای ئێمه‌، چونکه‌ له‌و دۆڵه‌دا ته‌نیا هه‌ر ئێمه‌ هه‌بووین. نزیک بووه‌وه‌. به‌خێرهاتنم کرد. ته‌لیسه‌که‌ی له‌ کۆڵی داگرت، پێڵاوه‌کانی داکه‌ند و هات دانیشت. ڕووی له‌ یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌ کچه‌کانی مقه‌ڕ کرد کوتی «ئه‌وه‌ی به‌تاڵ که‌!». ده‌ستی بۆ ته‌لیسه‌که‌ ڕاداشت. پێش ئه‌وه‌ش که‌ ته‌لیسه‌که‌ به‌تاڵ بکرێ، ده‌مانزانی مام سێمان چی بۆ هێناوین. بۆنی کاڵه‌ک و ترۆزی و خه‌یار ئه‌وناوه‌ی داگرتبوو. مام سێمان به‌ کاڵه‌ک و شووتی ئاشتی کردینه‌وه‌ و، شه‌ویش چووبووه‌وه‌ که‌مین، گه‌رچی دڵنیام له‌ هیچ که‌مینێکدا ئاماده‌ نه‌بوو ته‌قه‌ له‌ ئێمه‌ بکا که‌ له‌و مقه‌ڕه‌دا ناسیبووینی و له‌ گه‌ڵمان هه‌ستان ودانیشتنی هه‌بوو. شه‌ڕه‌که‌ زۆری نه‌خایاند. نێوانی ئێمه‌ و مام سێمانیش هه‌روا گه‌رم مایه‌وه‌.
ئێواره‌یه‌ک، سێبه‌ر تازه‌ خه‌ریک بوو له‌ داوێنی که‌پری داده‌گه‌ڕا، له‌ گه‌ڵ ئه‌حمه‌د و حه‌سه‌ن، به‌ره‌و ئاوده‌رۆمه‌لان وه‌ڕێ که‌وتین. بێده‌نگیی مه‌زرای چۆڵ و، هه‌وای فێنکی ئێواره‌، هه‌نگاو به‌ مرۆڤ سووک ده‌که‌ن. که‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر کانییه‌که‌، ته‌واو برسی ببووین. هه‌ر به‌ نیازی ئه‌وه‌ش چووبووین له‌ ماڵی سه‌ر کانییه‌که‌ نانێک بخۆین. له‌سه‌ر کانییه‌که‌ دانیشتین. فێنکاییه‌کی پڕ له‌ بۆنی پنگه‌ و گه‌ڵای ته‌ڕ. ده‌ستوچاومان شوشت. حه‌ساینه‌وه‌ و، له‌ سێبه‌ری ڕه‌شماڵه‌که‌‌، نانمان خوارد. هێلکه‌ وته‌ماته‌ له‌ ده‌وریی فافۆندا. ژنی ماڵه‌که‌، تا ئێمه‌ حه‌ساینه‌وه‌، له‌ سه‌ر کوانووه‌که‌، لای کتریی چایه‌که‌، هێلکه‌و ته‌ماته‌ی ساز کرد. دوایه‌ش هێلکه‌ و«ماسیی قوتوو»مان لێ کڕین بۆ مقه‌ڕ. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا، هێندێک له‌ قسه‌کانی کاک ڕه‌شادمان گێڕایه‌وه‌، که‌ جاری وابوو لێمان تووڕه‌ ده‌بوو.
کە تازە چووبووینە گەنمان، خەڵکی دێیەکە، زۆرمان لە گەڵ ڕووخۆش نەبوون. زۆربەیان دۆست و لایەنگری حیزبی دیموکرات بوون. دێیەکە بنکەی موجاهیدینیشی لێ بوو. ڕەنگە هەر لە بەر ئەوە بووبێ کە کرانەوەی مقەڕێکی تازەیان پێ خۆش نەبوو. هەوڵمان دا نێوانمان لە گەڵ خەڵکەکە خۆش بکەین. هەر شەوەی هاتوچۆی ماڵێکمان دەکرد. شەوێک لە گەڵ کاک ڕەشاد، چووینە ماڵی حاجییەک کە لە مێژ نەبوو لە سەفەری حەج هاتبووەوە. حاجی پێی خۆش بوو چووین. ڕەنگە زۆرتر بۆ ئەوەی باسی سەفەرەکەیمان بۆ بگێڕێتەوە. منیش زۆرم پرسیار لێکرد. ئەو بە وردی باسی سەفەرەکەی دەکرد. ڕێگا و، مانەوەیان لە هوتێل و دوایە خێوەت هەڵدان و، شەیتان ڕەجم کردن و..... من زۆرم قسەکانی پێ خۆش بوو. بە زمانێکی ڕەوان و، بە دەنگێکی گەرم دەدوا. کاک ڕەشادیش گوێی هەڵخستبوو. کاک ڕەشاد زۆر بە گەرما و تەپوتۆزی گەنمان تووڕە بوو. پرسیارەکەشی لە حاجی هەر لە بابەت گەرما و تەپوتۆز بوو:
- ئەی کاکە حاجی ئەوێش وا گەرم بوو.
- ئادی. گەرمای ئێرە چ نییە لە چاو وێ. هەر چەندی بڵێی گەرمە. بەڵام ئیدی ئەوە پیاو بۆ شتێکی مبارەک دەچێ و دڵی خۆشە، دەنا گەرماکەی لەوەیدا نییە. خودا بە نسیب هەموو کەسی بکا.
- ئەدی کاکە حاجی تەپوتۆزیشی هەیە؟
کاک ڕەشاد ئەوەی پرسی و، پێم وایە لە خەیاڵی خۆیدا، بەو گێڕانەوە ورد و خۆشەی حاجی، کاک ڕەشاد تەواو خۆی لە نێو گەرما و تەپوتۆزی ئەوێدا دەدیتەوە.
ئاخرمانگی هاوین، حکوومه‌ت هێرشی بۆسه‌ر ناوچه‌ی گه‌ورک ده‌ست پێکرد. ئێوارەیەک کۆمه‌ڵێک له‌ کادر و لێپرسراوانی ناوچه‌ی بۆکان، که‌ له‌ بێژوێ گه‌ڕابوونه‌وه‌، به‌ دڵگه‌رمی و ئومید و تینێکی زۆره‌وه‌، له‌سه‌ر سه‌کۆی بن داربییه‌کان باسی پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان ده‌گێڕایه‌وه‌. ئه‌وان له‌ کۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ر گه‌ڕابوونه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگایان به‌ره‌و زاواکێو، که‌ بنکه‌ی مه‌ڵبه‌ندی موکوریانی کۆمه‌ڵه‌ی لێبوو، لای ئێمه‌ لایان دابوو. شه‌و لای ئێمه‌ مانه‌وه‌. به‌ڵام وام له‌ بیره‌، زاواکێو هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ چۆڵ کرابوو. ئه‌وانه‌ی له‌ کۆنگره‌ هاتبوونه‌وه‌، ماڵاواییان له‌ ئێمه‌ کرد و به‌ره‌و خوار، پێم وایه‌ به‌ره‌و سارده‌ کۆستان که‌ پێشمه‌رگه‌کانی گوردانی سه‌قز و بۆکان له‌وێ له‌شه‌ڕدا بوون، داگه‌ڕان. ئێوارێ کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ی برینداری شه‌ڕه‌کانی ئه‌وڕۆژه‌یان هێنا مقه‌ڕه‌که‌ی ئێمه‌. چه‌ند که‌سیان به‌ پێی خۆیان هاتن و، دووسێ که‌سیشیان، پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ چووبوونه‌ بن باڵیان. شه‌و، باسی ئه‌وه‌ بوو که‌ چۆن خۆ کۆبکه‌ینه‌وه‌ و، هه‌ڵکشێین به‌ره‌وژوورتر. له‌وه‌ نه‌ده‌چوو، تازه‌ له‌و ناوچه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌ بتوانێ مقه‌ڕه‌کانی بێڵێته‌وه‌.
شه‌ودره‌نگانێک، من و دوو که‌سی دیکه‌ چووینه‌ مقه‌ڕی حیزبی دیمۆکرات که‌ بزانین ئه‌وان به‌ته‌مای چین. کوتیان پێشمه‌رگه‌مان له‌ جه‌بهه‌کانی خواره‌وه‌ شه‌ڕ ده‌که‌ن و ده‌وڵه‌ت ناتوانێ بێته‌ پێش. ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵبه‌ت ته‌واو هاتبووه‌ پێش و هێزێکی گه‌وره‌شی هێنابوو، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چوو حیزب نیازی وابێ له‌ سه‌ر ناوچه‌که‌ شه‌ڕ بکا و لانیکه‌م جارێ، چۆڵی نه‌کا. هه‌ربۆیه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ مقه‌ڕه‌که‌ی گه‌نمان بوون، زۆر ئه‌رخه‌یان دیاربوون و که‌لوپه‌لی مقه‌ڕیشیان نه‌پێچابووه‌وه‌.
به‌ره‌به‌یان، تاریک وڕوون، قوته‌شاخه‌که‌ی ده‌ڕوانێته ‌گه‌نمان، پاسداری پێوه‌ بوو. تاوێک دواتر هێلیکۆپتر په‌یدا بوون. سێ چوارێک بوون. هاتنه‌ سه‌ر گه‌نمان و چه‌ند ڕاکێتیان هاویشت. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ بریندارانه‌ی له‌ مقه‌ڕه‌که‌ی ئێمه‌ بوون، یه‌ک یه‌ک و دوودوو، له‌ لای ئێمه‌ ڕۆیشتن. هه‌مووشیان ناچاربوون خۆیان بڕۆن. دیاره‌ زۆر به‌ دژواری. چه‌ند که‌س له‌وانه‌ی مقه‌ڕی خۆمان، ژنه‌کان (ئه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوون) و ئه‌وانه‌ش که‌ نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام بوون، له‌ پێشدا به‌ڕێمان کردن. به‌و ڕێگایه‌دا که‌ له‌ گه‌نمانه‌وه‌ به‌ره‌ نه‌ستان ده‌چێ. له‌ گه‌ڵ یه‌ک دوو که‌س چووینه‌ ناو دێ ئێستر په‌یدا که‌ین بۆ گواستنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی مقه‌ڕ. ئاوه‌دانی ئێستر و ته‌نانه‌ت که‌ری به‌کارهاتووی تێدا نه‌مابوو. حیزب زۆریانی بردبوو. خه‌ڵکیش هێندێکیان خه‌ریک بوون به‌ره‌و نه‌ستان و سیسێر، ژن ومنداڵ و سووکه‌ڵه‌باریان به‌ڕێ ده‌کرد. کاروانێکی گه‌وره‌ی حیزبی دیمۆکرات، پێم وایه‌ زیاتر له‌ سه‌د ئه‌سپ و ئێستر به‌ باره‌وه‌، له‌ دێ وه‌ده‌ر که‌وتن. ئه‌و کاروانه‌ تاوێک پێشتر له‌ خوارێ ڕا هاتبوونه‌ گه‌نمان. ڕێگه‌ی گه‌نمان به‌ره‌و نه‌ستان، له‌ پشت ماڵه‌کانی گه‌نمان له‌ هه‌ورازێک هه‌ڵده‌کشێ و ده‌گاته‌ سه‌ر که‌لێکی بڵیند. کاروانه‌که‌ی حیزب که‌ گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌و که‌له‌، به‌ خه‌ستی کاتیۆشاباران کرا. ده‌سڕێژی کاتیۆشا. گولله‌ تۆپ وه‌ک باران. ده‌یان له‌ چه‌ند چرکه‌یه‌کدا ده‌هاتن. به‌سه‌ر سه‌ری ئێمه‌دا ده‌خوشین و له‌سه‌رکه‌له‌که‌ی به‌رچاومان، به‌ نێو کاروانه‌که‌ی حیزبدا ده‌ته‌قینه‌وه‌. ئه‌وکه‌سانه‌ی ئێمه‌ش به‌ڕێمان کردبوون، به‌ مه‌زه‌نده‌ ئێستا هه‌ر گه‌یشتبوونه‌ سه‌ر که‌له‌که‌. گرمه‌ و، ته‌پ و تۆز، ئاسمانی ئه‌و ناوه‌ی داگرتبوو. له‌ ده‌روبه‌ری گونده‌که‌، له‌ چه‌ند جێگا، ستوونی دووکه‌ڵ و تۆز هه‌ستابوو. منداڵ، به‌ باوه‌شی باوکیانه‌وه‌، له‌ کۆڵی دایکیان، له‌ سه‌ر پشتی وڵاخێکی ترساو، یان به‌ ڕاکردن داوێنی کراسی دایکیان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌، خه‌ریک بوون له‌ ئاوه‌دانی وه‌ده‌ر ده‌که‌وتن. هێلیکۆپتره‌کان ده‌گه‌ڕان. چه‌ند ڕاکێتیان به‌ره‌و مقه‌ڕه‌که‌ی حیزب هاویشت. دواتر به‌ره‌و مقه‌ڕه‌که‌ی موجاهیدین. من تازه‌ دوو گوێدرێژی بێ هێز وتاقه‌ت و وه‌ڕه‌زم دیتبووه‌وه‌‌ و بارم ده‌کردن. کاک عه‌تای خوڵقی ش، بارگینێکی نازانم له‌ کوێ په‌یدا کردبوو، خه‌ریک بوو باری ده‌کرد. ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ کۆنگره‌ هاتبوونه‌وه‌، چوار مینی قورسی تانک شکێنیان پێ بوو، لای ئێمه‌یان به‌جێ هێشت. ئه‌وانه‌ی له‌ که‌رێک نا. من به‌و دوو که‌ره‌وه‌ و کاک عه‌تا به‌ بارگینێکه‌وه‌، له‌ مقه‌ڕ ده‌رکه‌وتین. ده‌بوو به‌ نێو ماڵه‌کانی گوند دا بچینه‌وه‌ سه‌ر ڕێگاکه‌ی نه‌ستان و که‌لی به‌ر کاتیۆشاکان. خێوه‌ته‌کانی مقه‌ڕی ئێمه‌ به‌ پێوه‌ نه‌مابوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌کان هه‌ر له‌وێ خه‌ریکی شت کۆکردنه‌وه‌ بوون که‌ هێلیکۆپتره‌کان هاتنه‌ سه‌رئێمه‌ش. یه‌که‌م ڕاکێت، دوور له‌ ئێمه‌ له‌ نێو شێوه‌رده‌که‌ی دا. ڕاکێتی دووهه‌م وسێهه‌م و چواره‌م نزیک بوون. من دانیشتم. ته‌پ و تۆز به‌رچاوی گرتبووم. ده‌نگی کاک عه‌تام بیست که‌ بانگی ده‌کردم بزانێ چیم لێ هاتووه‌. هه‌ستام. ئه‌ویش له‌ ناو ته‌پ وتۆزدا دیار نه‌بوو. بانگم کرد و به‌ جێگاکه‌یم زانی. هه‌رتکمان ڕێ که‌وتین. به‌ هه‌ورازه‌که‌ی پشت ئاواییدا، وه‌سه‌رکه‌وتینه‌ سه‌ر که‌له‌که‌. ده‌نگی هێلیکۆپتره‌کان ده‌هات که‌ له‌و نزیکانه‌ له‌ جێگایه‌کیان ده‌دا. هه‌ر جاره‌ش ڕێژنه‌یه‌کی کاتیۆشا ده‌هات و له‌ ده‌وروپشتمان، لێره‌وله‌وێ، له‌ ناو زه‌وییه‌کان و له‌سه‌ر ڕێگاکه‌، ده‌که‌وتن. ڕێگاکه‌ دیمه‌نی شه‌ڕگه‌یه‌کی ترسناکی گرتبوو که‌ هێشتا ڕۆحی کوژراوه‌کان به‌ جێیان نه‌هێشتبێ. لێره‌وله‌وێ، وڵاخێک به‌ باره‌وه‌، له‌سه‌ر ڕێگاکه‌، بریندار یان بێ گیان، که‌وتبوو. ئه‌و کاروانه‌ که‌ره‌سه‌ی بیمارستانێکی گه‌وره‌ی حیزبیان ده‌گواسته‌وه‌ که‌ که‌وته‌ به‌ر تۆپباران. پێشمه‌رگه‌یه‌ک گوتی چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی بریندار که‌ به‌سه‌ر پشتی وڵاخه‌وه‌ به‌سترابوون و له‌ گه‌ڵ کاروانه‌که‌ بوون، له‌م تۆپبارانه‌دا، جارێکی دیکه‌ پڕیشکیان وێ که‌وتووه ‌و شه‌هید بوون. ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ خه‌ریک بوو به‌ چه‌قۆیه‌ک ته‌نافێکی هه‌ڵده‌بڕی هه‌تا باری سه‌ر پشتی وڵاخێکی بریندار بکاته‌وه‌. وڵاخه‌که‌ ملی درێژ کردبوو و به‌ ده‌نگێکی ترسناک هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌کێشا و ده‌یپڕماند.
له‌ پێشتر، له‌ بن پۆله‌ دارێکی قه‌راخ گۆلاوێک، که‌سه‌کانی خۆمان که‌ سه‌رله‌به‌یانی به‌ڕێمان کردبوون، دانیشتبوون. گرمه‌ و هاژه‌ی گولله‌تۆپ کاسی کردبوون و به‌ باشی ده‌نگی ئێمه‌یان نه‌ده‌بیست که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ بانگمان ده‌کردن.
بگه‌ڕێوه‌|2233 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|2 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
کاروان | 20 Feb 2012 - 08:12
کاک ناسر ماندوو نةبی... کاکه خؤ بةشی 3 و 4 له سةر سایتةکه دانةندراوه، له کوییه؟
.....................................................
کاک کاروانی بەڕێز! بەشەکانی پێشوو، هەموویان هەن. لە ستوونی لای چەپ، لە ماڵپەڕەکە، لە لای خوارەوە جێگەیەک بۆ بیرەوەری دیاری کراوە. ئەوە کلیک بکەی، بەشەکانی پێشوو دەبینی.،

لوقمان بێستوونی | 19 Feb 2012 - 23:41
مامۆستا ناسری خۆشه‌ویست:پڕ به‌ دڵ ماندوو نه‌بوونتان لێ ده‌که‌م،ده‌ستان خۆش و خامه‌تان نه‌ڕزێت؛به‌ ڕاستی من کاتێ چیرۆکی حه‌مه‌ دۆکم خوێندوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌م به‌ سه‌رهاته‌ ڕاسته‌ی که‌ جه‌نابتان نووسیوتانه‌ چێژی پێ داوم.

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia