شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


لە سەر حەسیرەکە

26 Aug 2015

مام حەمەکەریم، تەمەنی زۆر بوو. لە هەشتا بەرەوژوور بوو. بۆ خۆی دەیگوت سەت دەبم. خات زارا، تەمەنی شتێک لەو کەمتر بوو. باریک و لاواز، بەڵام هێشتا نەچەمیبووەوە. جێگە ئاوڵەی نەخۆشییەکی کۆن بە دەموچاوییەوە مابوو.
کە هەوای خۆش بوایە، بە هەردووکیان حەسیرێکیان لە بەر دەروازەی دەرێ رادەخست. مام حەمە کەریم پشتی بە دیوارە گڵەکەوە دەدا و سەبیلەی دەکێشا. خات زارا، بە لایەوە دادەنیشت و باس و خواسی نێو دێیەکەی بۆ دەگێڕایەوە.
زەوی و زاریان نەبوو. ڕەشایی بوون. حەوت هەشت سەریان بزن هەبوو، تێکەڵ مەڕی ئاوەدانییان کردبوو. سەرەبەهاران کە بزنەکان دەزان، خات زارا، دڵی نەدەهات کاریلەکان لە گەڵ بەرغەلی ئاوەدانی بنێرێ. بۆ خۆی دەیبردنە لەوەڕ. لە قەراغ جۆگەیەک، یان لە سنووری نێوان پەڵەوێنجەی دوو ماڵان دەیلەوەڕاندن. چاوی لە هەڵبەز و دابەزیان دەکرد، بزەی دەهاتێ و، وەک منداڵی خۆی دەیدواندن. مام حەمەکەریم و خات زارا، وەجاخ‌کوێر بوون.
خات زارا، قەت نێوی مام حەمەکەریمی نەدێنا. پێی دەگوت کوڕەکە: ”کوڕەکە، دوێنێ شەوێ، نەخۆش بوو، دەیناڵاند“. ”کوڕەکە، لە مێژ بوو خۆی نەشوتبوو، ئاوم گەرم کرد، پاک‌پاک شوتم“. کوڕەکە، ئەو ناوەی خات زارا، مام حەمەکەریمی پێ بانگ دەکرد، یادگاری سەردەمی بووکێنیی خات زارا بوو. لە نێو خەڵک‌وخوای گوند، لە ڕووی هەڵنەهاتبوو بە نێو بانگی بکا. هەر کوتبووی کوڕەکە. ئیدی ئەو ناوە، بەشی هەتا کۆتایی ژیانیانی کرد. کوڕەکە، ڕدێنی سپی ببوو، کە تاوێک ڕادەوەستا خۆی داویشتە سەرگۆچانەکەی، چاوی کەم‌حوکم ببوون و، کاتێک کەسێک بەلایاندا هاتبا و ئەحواڵی پرسیبان، ئەگەر مام حەمەکەریم، خۆی بە دەنگ نەیناسیباوە، دەیگوت ”زارا! ئەوە کێ بوو؟“. بەڵام نێوی و، ڕەنگە سیماشی، لە لای خات زارا، هێشتا هەر ”کوڕەکە“ بوو.
مام حەمەکەریم، قسە خۆشیش بوو. کاتێک دەنگ بڵاو بووەوە بەشەر چووەتە سەر کورەی مانگ و ڕادیۆکان باسیان دەکرد، لە پێشدا کوتی ”مانگ بەو تەلانەیەوە، بۆ خۆی خەریکە بەربێتەوە، بەشەر چۆن بەوێوە خۆی دەگرێ؟“. دواتر کە زۆری لەسەر ڕۆیشتن کە نەخێر بەشەر چووە و لەوێ عەکسیان گرتووە و بەردیان هێناوەتەوە، مام حەمەکەریم، کە بۆی زەحمەت بوو باوەڕ بەوە بکا، تەڵاقی خوارد ”هەتا بۆ خۆم لەوێ بە جووت‌وگای، جووتی نەکەم، هەتا گاسن لە عەرزەکەی نەگیرێنم، باوەڕ بەوەی ناکەم“.
لەم ساڵانەی دواتردا، کە حەسیرەکە لە بەر دەرگا، لە پەنا دیوارە گڵەکە ڕادەخرا، خات زارا، بە تەنیا لەسەری دادەنیشت. خۆشی بێ هێز ببوو. چاوی کەم حوکم ببوو. ئەو ساڵانەی دوایەی، خات زارار، بە بێ مام حەمەکەریم، زۆر تاڵ بەڕێ کرد. گۆچانەکەی مام حەمەکەریمی بەدەستەوە دەگرت و، باوەشێنە حەسیرە شڕەکەی ئەویش. ئەگەر کەسێک ڕووی تێکردبا و دواندبای، خات زارا دەچووە سەر باسی ”کوڕەکە“. ئەوینی خات زارا و مام حەمەکەریم، کە نزیکەی سەت ساڵ بە نێو بەفر و باراندا، بە نێو شەوانی شوانەتی و ڕۆژانی دروێنە و دەسکەنەدا، لە خانووی تاریکی بێ پەنجەرەدا، لە بن میچی دڵۆپەکردوو، لە نێو لێفەو دۆشەگی کۆن و پینەکراودا، تێپەڕیان کردبوو، سەرەنجام لە سەر ئەو حەسیرە کۆتایی پێهات. ئەڤینداریی خات زارا و کوڕەکە، بەشی سەت ساڵی کرد.
بگه‌ڕێوه‌|1802 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|3 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
عه بدوللا | 13 Mar 2012 - 15:22
کاک ناسر
جار له گه ل جار به هیز تر ئه و دیمه نه بی وینانه دینیته سه ر لاپه ره کان و سه رنجی خوینه ر وا را ئه کیشی که هه تا دوایی نوسراوه که ناتوانیی لیی لادا و هان ده دریی دریژه به گه ران به دوای نوسراوه ی دی بدات ده ستت خوش و پیر نه بی

م ره نگه ناو | 15 Feb 2012 - 20:33
کاک ناسر ئا پده یتی ئا پده یتی ده ستتت خوش بی و ماندوو نه بی
ده ستی فه ریبا خانیش خوش بی هه میشه هه نگاویک له به ر منویه

فەریبا | 14 Feb 2012 - 21:05
دەستت خۆش و ڤالێنتاین پیرۆزی خۆت و خۆشەویستانت

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia