شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


لە سەبر و بێدەنگیی تۆ ئەی شاخ!

7 Feb 2012

بۆ کۆڵبەرەکانی نێو بەفر!






ئەم دەشتە تاقەتی بەسەر چوو، لە سەبر و بێدەنگیی تۆ ئەی شاخ!
تاریکان هەموویان دێنەوە.
وەرزێرن، دێنەوە بۆ گوند و بۆ هەوار
کۆڵهەڵگر کە هیلاک ڕێ دەکەن دەستەیەک بەرەوژوور، دەستەیەک بەرەوخوار
چەتە دێن، ڕێ بگرن لە ڕێبوار
بن بەردیش دەبێتە سەرپەنا
بۆ گورگ و، بۆ ئاسکی ترساو و
کەروێشکی پشوو سوار.

هەناسەی هەموویان دەناسی.
بە بۆنی هەموویان دەزانی.
ورتەیان دەبیستی کە دەودێن
لە عیشق، لە جوانی
کە دەگرین، لە دووری و لە ژانی،
کە شادن دەکەونە ورینگەی گۆرانی.
جەخار و دەنگی ئاخ دەبیستی
لە پەنا بەردێکت
کە خوێنی کوڕێک یان کیژێکی ئەم خاکە
دەبێتە سووراوی سەر لێوی هەڵالەی بەرتیشکی هەتاوی بەیانی.


ئەم هەمووە دەبینی
ئەم هەمووە دەبیستی
چ ناڵێی.

نە جارێک دڵداری بە مراد لێی بیستی پێی بڵێی‌: هەی ئۆخەی!
نە قەت بوو، بۆ بەژنی ئاڵای من، شنەیەک هەڵ بکەی
نە جارێک کەس بیستی بۆ ژانێک بڵێی ئاخ!
ئەم دەشتە تاقەتی بەسەر چوو، لە سەبر و بێدەنگیی
تۆ ئەی شاخ!

بەرەبەیانی ٢٠١٢/٠٢/٠٧
بگه‌ڕێوه‌|1596 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|2 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
فەریبا | 12 Feb 2012 - 17:26
سوپاس بۆ ئێرە کە هاورێ دڵ‌تەنگیەکانمە

که‌ماڵ عه‌لیدووست | 8 Feb 2012 - 16:58
ده‌سته‌کانت خۆش بێت کاک ناسر گیان، شێعرێکی زۆر جوانه. زۆر باش ده‌بوو، ئه‌گه‌ر له به‌رنامه‌کانی داهاتووی "ڕێگای ئاوریشم"دا به ده‌نگی به‌سۆزی خۆتان بتانخوێندبایه‌وه. له‌ش ساغ و ته‌مه‌ندرێژ بن

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia