شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


ئایدا له‌ ئاوێنه‌دا

11 Apr 2009

لێوه‌کانت شیعرى ناسک
هه‌موو گه‌رمه‌ماچێکى جێژوان
ده‌که‌نه‌ شه‌رمێکى وه‌ها
که‌ گیاندارى نێو‌ ئه‌شکه‌وتان
بیچێژن پێى ده‌بنه‌ ئینسان.

دوو خه‌ته‌که‌ى سه‌رگۆناى تۆ
غوروورى تۆی تێدا مه‌یوه‌ و، چاره‌نووسه‌که‌ى منیش
که‌ شه‌و کردى و ئه‌من کردم
بێ ئه‌وه‌ى که‌ چاوه‌ڕوانیى به‌ربه‌یانێک
تینى هێنابێته‌ دڵم و،
ڕووسووریى خۆم سه‌ربه‌رزانه‌
له‌ گه‌ڕه‌کى قه‌حبه‌خانه‌ى خریدوفرۆش
سه‌ربه‌مۆر و شه‌قڵ‌نه‌شکاو
هێنایه‌وه.

هەرگیز کەسێک وا دڵتەزێن مەرگی نەگرتووەتە باوەش
کە من چوومە پەنای ژیان.

چاوه‌کانت ڕازى بڵێسه‌ى ئاگر و
خۆشه‌ویستیت
سه‌رکه‌وتنى ئاده‌میزاد
کاتێک بۆ شه‌ڕى چاره‌نووس ده‌چێ.

باوه‌شی تۆ
بسته‌ جێگایه‌ک بۆ ژیان
بسته‌ جێگایه‌ک بۆ مردن
بۆ خۆده‌ربازکردن له‌ شار
_ که ‌چ بێشه‌رمانه‌ هه‌زار په‌نجه‌ى تاوان
بۆ داوێنى پاکى ئاسمان
ڕاده‌دێرێ _.

سه‌ره‌تاى کێو یه‌که‌م به‌رده‌
هى ئینسانیش یه‌که‌مین ژان

من به‌ندییه‌کى سته‌مگه‌رم له‌ ناخا بوو
که‌ به ‌زڕه‌ى زنجیره‌کانى ده‌ست و پێى ڕانه‌ده‌هات _
من یه‌که‌مین نیگاکه‌ى تۆ سه‌ره‌تام بوو.

تۆفان کاتێک که‌ هه‌ڵده‌ستێ
له‌ نێو سه‌ماى گه‌وره‌ى تۆدا
چ شکۆدار بلوێره‌کانى ده‌نگێوێ،
وه‌ گۆرانیى ده‌مارى تۆ
خۆره‌تاوى تاهه‌تاییم لێ هه‌ڵدێنێ.

با من وه‌ها له‌ خه‌و هه‌ستم
که‌ گشت کۆڵانه‌کانى شار
پێم بزانن.

ده‌ستت ئاشتین
دۆستانێکن یارمه‌تیده‌ر
تا دوژمنى
ئیتر له‌ بیر ببرێته‌وه‌
نێوچاوانى تۆ ئاوێنه‌یه‌کی به‌رزه‌
گه‌ش و بڵیند
که‌ حه‌وت‌خوشکان لێى ده‌ڕوانن
تا له‌ جوانیى خۆیان بگه‌ن.

جووتێک باڵنده‌ى بێقه‌رار له‌ سنگى تۆدا ده‌خوێنن.
هاوین له‌ کامه‌ لاوه‌ دێ
تا تینوێتى
فێنکایى له‌ ده‌مارى ئاو بگه‌ڕێنێ؟

بۆ ئه‌وه‌ى تۆ له‌ ئاوێنه‌دا ده‌رکه‌وى
ته‌مه‌نێکى دوورودرێژ من لێم ڕوانى
به‌ قووڵایى هه‌موو گوڵاو و ده‌ریاکان
ئه‌من گریام.

ئه‌ى په‌ریساى له‌ قالبى ئاده‌میدا
که‌ په‌یکه‌رت هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ ژیله‌مۆى ناڕاستیدا ده‌سووتێ
ئه‌تۆ، بوونت به‌هه‌شتێکه‌
بایى ده‌ربازبوون له‌ دۆزه‌خ.
ده‌ریایه‌کى که‌ له‌ خۆتا نوقمم ده‌که‌ى
هه‌تا له‌ تاوان و درۆ
بمشۆیه‌وه‌.

به‌ره‌به‌یان به‌ ده‌ستى تۆ له‌ خه‌وى شه‌و ڕاده‌په‌ڕێ.

ڕێبه‌ندانى 1342
بگه‌ڕێوه‌|2677 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|2 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
کامیل بۆکانی | 23 Aug 2010 - 11:27
ده‌ستت خۆش بێ کاک ناسر گیان. من کتێبی "تا شکۆفه‌ی سووری کراسێک"م نه‌دیتووه‌ به‌لام هه‌موو ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی له‌و کتێبه‌ دا بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ به‌ کاسێت و به‌ ده‌نگی جه‌نابت بیستوومن‌.
ئه‌و دێڕه‌ش که‌ لیره‌ دا له‌ بیرت چووبوو تایپی که‌ی هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بیستبووم که‌ له‌ کتێبه‌که‌ دا بڵاوت کردۆته‌وه‌ و ده‌مزانی له‌ کاتی تایپ کردن دا قرتاوه‌.
دیسانیش ده‌ستخۆشیت پی ده‌ڵێم.
هه‌ر بژیت

کامیل بۆکانی | 23 Aug 2010 - 00:17
کاک ناسر گیان سڵاو. ده‌قی فارسیی ئه‌و شیعره‌ دێڕێکی تێدایه‌ که‌ من له‌ وه‌رگێڕانه‌که‌ دا نه‌مدیت.

هرگز کسی اینگونه‌ فجیع به‌ کشتن خود برنخاست که‌ من به‌ زندگی نشستم

ده‌ستت خۆش بێ. یه‌ک له‌ وه‌رگێڕانه‌ هه‌ر جوانه‌کانتە.
...............
سڵاو و سپاس کامیل گیان!
لە کاتی تایپکردنەوەدا کەوتبوو. پێشتر لە "تا شکۆفەی سووری کراسێک"دا ئاوا چاپ کرابوو:

هەرگیز کەسێک وا دڵتەزێن مەرگی نەگرتووەتە باوەش
کە من چوومە باوەشی ژیان

ئێستا، دوای وەبیرهێنانەوەکەی تۆ، کەچاوم لە فارسییەکە کردەوە، ئاوام لێکرد:

هەرگیز کەسێک وا دڵتەزێن مەرگی نەگرتووەتە باوەش
کە من چوومە پەنای ژیان.
ئەوە جارێکی دیکە بڵاوم کردەوە بە چاککراوی. دیسان سپاس.

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia