شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


نامەیەک بۆ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

16 Dec 2011

دۆستانی بەڕێز!

دەمهەوێ راستەوخۆ لە گەڵتان بدوێم و هەر بۆیە لە جیاتی وتارێک، نامەیەک دەنووسم.

ئەم ڕۆژانە دیمەنێکی ناشیرینتان لە خۆتان و حیزبەکەتان نیشان دا. پێشمەرگەیەکتان کوژراوە. خەڵک بە خەمەوە بوون و لێی دواون. ئێوە لە جیاتی ئەوەی وەک حیزبی یەلدای کوژراو، وەک خانەوادەی یەلدا، هەموو ئەو سۆز و بەدەربەستبوونە کە خەڵک بۆ دەرکەوتنی حەقیقەتی ماجەراکە نیشانیان دا، لە باوەش بگرن و، وەک هاوسۆزی لە گەڵ پێشمەرگەکەتان و خۆتان و حیزبەکەتان وەری بگرن، بە بێ هیچ سەبەبێک کەوتوونەتە هەڵوێستی وەستانەوە بەرانبەر بەو خەڵکە. قسەی ناشیرینیان پێدەڵێن. پێیان دەڵێن ئێوە مرۆڤدۆست نین. پێێان دەڵێن ئێوە درۆزن و ڕیاکارن و فیمینیستی دووڕوون. پێیان دەڵێن ئەدی بۆ لە فڵانە حیزب وەدەنگ نایەن. لەوپەڕی سەرسوڕماندا بە چاوی خۆم دیتم و خوێندمەوە کە نووسیوتانە: بۆچی شیعر بۆ یەلدا دەڵێن؟ نازانم بۆچی شیعر وتن بۆ یەلدا و لاواندنەوەی ژنەپێشمەرگەیەکی جوانەرمەرگ، کە پێشمەرگەی ئێوە بووە تووڕەتان دەکا؟ ئایا پێتان وایە ئەم لاواندنەوەیە پیلانێکی لە دژی ئێوە و حیزبەکەتان لە بندا شاردراوەتەوە؟ دڵنیاتان دەکەم وا نییە. ئێوە بەم کارەتان، تەنیا ناوبانگی خۆتان و حیزبەکەتان لەکەدار کرد.

ئێوە نازانم بە چ لێکدانەوەیەک، لەم کێشەیەدا، زیاتر لەوەی خۆتان وەک خانەوادەی یەلدا و حیزبی یەلدا بناسێنن و بدوێن، وەک حیزب وخانەوادەی مێردەکەی دەدوێن.

ئەوانەی لەم ماوەیەدا وەدەنگ هاتوون، بەشی هەرە زۆریان لەو ڕۆشنبیر و چالاکە مەدەنییانەن کە حیزبەکەی ئێوە لە میدیای خۆیدا زیاتر لە حیزبی دیکە بایەخ و قورساییان پێدەدا. ژمارەیەک لەوانە، گەڵێک جار لە میدیای حیزبەکەی ئێوەدا، وەک کەسانی تێکۆشەر و خۆشناوی بواری خەباتی مەدەنی گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە و هەواڵی خەبات و تێکۆشانیان بڵاوکراوەتەوە. سیمای وایان تێدایە هەر چەند مانگ لەوەپێش، تاجەگوڵینەی سپاسی خەڵكی شارێکی وەک کرماشانیان خراوەتە مل و ئێوەش بە پێزانینەوە هەواڵەکەیتان بڵاو کردووەتەوە. بە پێی چ لێکدانەوەیەک بە باشتان زانی ئەوانە بە نەیاری خۆتان نیشان بدەن و قسەی سووکیان پێ بڵێن؟

ئێوە حیزبێکی سیاسین کە دەتانهەوێ لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بن. دەبێ هەوڵ بدەن کە خەڵک متمانەتان پێ بکەن و وەک هێزێکی عەقڵانی، وەڵامدەرەوە، بەدەربەست و ڕێزدانەر بۆ یاسا و گوێڕاگر بۆ دیالۆگ و ڕەخنە، بتانناسن. لە تاران کاتێک ”نەدا“ کوژرا، خەڵک ویستیان بکوژەکەی سزا بدرێ. ئەوانەی دەبوو ئەو سزادانە دەستەبەر بکەن جارێک وتیان نەدا خۆی تەقەی لە خۆی کردووە، جارێک وتیان هاوڕێکانی خۆی کوشتوویانە و جارێک وتیان ئینگلیس کوشتوویەتی. ئێوە لە قەتڵی یەلدا دا، لە جیاتی ئەوەی هەمووان دڵنیا بکەن کە قەتڵەکە عەمدی نەبووە، پێویستە ئەو متمانەیە بدەن کە خۆتان پێش هەموو کەس و بەدەربەستتر لە هەموو کەس وەدووی لێکۆڵینەوە دەکەون و داوای بڕیاری دادگا دەکەن. کەچی بەداخەوە لە ڕاگەیاندنەکەی سکرتاریەتدا ئەوەتان نەکرد و گەلێک جار لە نووسینی ئەندامەکانتاندا دەڵێن جا لە هەموو جێگایەک ڕووداوی وا هەیە، وەک ئەوەی مەبەستتان ئەوە بێ کە دەیجا چ بوو کوژراوە.

ڕووداوی ئاوا، بەڵێ لە هەموو جێگایەک دەکرێ ڕووبدا، بەڵام لە نێو حیزبێکدا کە بە خەبات لە پێناوی مافی ژناندا ناسراوە، زیاتر لە هەموو جێگایەکی دیکە سەرنج و پەژارە دەبزوێنێ. پەژارەکەش کاتێک زیاتر دەبێ کە خەلک ببینن ئێوە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانیان وەدەنگ دێن.

من ئەڵبەت حیزبەکەش لە پێکهاتنی زەمینەی قەومانی ڕووداوی ئاوا دا بە بێ خەتا نازانم. پێم وایە کێشەی نێوان باڵەکانی کۆمەڵە، زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە، بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو حیزبەی وا لێکرد کە لە حاست کەسانێک کە ڕەفتاری وایان لێ بوەشێتەوە چاوپۆشی بکەن و لە نێو هێزەکانیاندا جێیان بۆ بکەنەوە. ئەوەش تایبەتمەندیی تەنیا ئەو لایەنەی کۆمەلە نییە و دیتوومانە کە لە سەردەمی توندبوونەوەی کێشەکاندا، هەموو جارێ کەسانی ئاوا مەیدانیان بۆ کراوەتەوە. ئەگەر چاوێک لە ئەدەبیاتی حیزبەکەی خۆتان لە پێنج ساڵی ڕابوردوودا بکەن دەبینن کە گەلێک جار باسی ئەو دیاردەیەتان کردووە و ئێستا داوێنی ئێوەشی گرتووەتەوە. ئەوە باسێکە کە لە جێی خۆیدا پێویستە بکرێ.

ئێستا کە باسەکە هاتووەتە گۆڕ، چاوەڕوانی لێتان ئەوەیە وەک حیزبێکی بەدەربەست و وەڵامدەرەوە بکەونە دیالۆگ لە گەڵ ئەو کەسانەی دەیانهەوێ لە گەڵتان بدوێن. ئەو وەدەنگ هاتنەی ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ئەگەر لە خۆتانی تێک نەدەن دەرفەتێکی گەورەیە بۆ حیزبەکەتان کە دیالۆگیان لە گەڵ بکەن، متمانەیان بەدەست بێنن و نیشان بدەن کە ڕێز دادەنێن بۆ بەشدارییان لە باسێکی وا گرینگدا.

بۆ ئەوەی بیانکەنە لایەنی دیالۆگ مەرجیان بۆ دامەنێن کە دڵنیاتان بکەن دوژمنتان نین، مرۆڤدۆستی ڕاستەقینەن، فێمێنیستی ڕەسەنن، حەتمەن ڕەخنە لە حیزبی دیکەش دەگرن یان شتی لەو بابەتە.

منیش خۆم بە نەیارتان نازانم. ئەگەر هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی لە مێژە یەکتر دەناسین، لە خۆم ڕادەبینم لە هەر جێگایەک پێویست بوو وەدەنگ بێم.

ناسری حیسامی
٢٠١١/١٢/١٦
بگه‌ڕێوه‌|3887 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|8 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
مه‌جید | 26 Dec 2011 - 15:07
سڵاو له هه‌مووان، کاک ناسر زۆر به‌ڕێز و خۆشه‌ویستتره له‌وه‌ی که به نووسراوه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه (که به بڕوای منیش هێندێک له‌سه‌ری ئه‌که‌وێت) له پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خۆی له ته‌یفه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا له ده‌ست بدات. به‌ڕیزیان له داهاتووشدا هه‌ر خۆشه‌ویستی ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه ئه‌بن. من پێم وایه که کاک ناسر له بنه‌ڕه‌تدا به‌م نووسراوه‌ی ناڕه‌واییه‌کی به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵه نه‌کردووه، به‌ڵکه زیاتر به‌رانبه‌ر به خۆی. هۆیه‌که‌شی له‌وه‌دا ئه‌بینم، که به‌ڕیزیان له یه‌ک، دوو حاڵه‌تی بایه‌خداری په‌یوه‌ندیدار به کۆمه‌ڵه‌کان (وه‌ک له‌ناوچوونی سه‌هلی ژووماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه له جه‌وله ناڕێکخراوه‌کاندا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژووماره‌یه‌ک له پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان بۆ ناو کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران له‌م دواییانه‌دا، وه‌ک کاک ئه‌یووبی عه‌بدوڵاپووریش ئاماژه‌ی پێ کردووه) به داخه‌وه ڕوو له بیر و ڕای گشتی (ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم!)بێده‌نگی هه‌ڵبژارد و ئه‌مه‌ش ئه‌و پرسیاره لای خه‌ڵک درووست ئه‌کات، که بۆچی ڕووناکبیرێکی ڕاسته‌قینه‌ی وه‌ک کاک ناسر له ئاست رووداوه‌کاندا به دوو پێوانه‌ی جیاواز هه‌ڵوێست ئه‌گرێ؟ له‌گه‌ڵ ڕیز و خۆشه‌ویستیم بۆ کاک ناسر‌

سارا | 21 Dec 2011 - 21:02
بۆ ئه‌و هێرشانه‌ کرایه‌ سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تاوانه‌که‌ بوو یان حیزبه‌که‌ ..کاتێک که‌ ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌ به‌ په‌راوێز ده‌خرێت و هه‌موو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ته‌فسیرێک ده‌رده‌کات هه‌ر وه‌کوو حیزبیش جواب ده‌داته‌وه‌ ...بۆ شته‌ باشه‌کان باس ناکه‌ن ژنانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنێک به‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکانی دیکه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ رایگه‌یاند که‌ مه‌سه‌له‌ گه‌ر خوازراو بێت یان نه‌خوازراو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ ناده‌ن که‌ مافی یه‌ڵدا بخۆرێت و هه‌وڵی خۆیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبار به‌ سزای کاره‌که‌ی بگات... هاوڕێیان ئێوه‌ که‌ خۆتان به‌ دادپه‌روه‌ر ده‌زانن داواکارن ڕاستیه‌کانتان پێ بوترێت ئه‌ی بۆ هه‌ر خۆتان هه‌موو ڕاستیه‌کان ناخه‌نه‌ به‌رده‌ست خۆ وا دیاره‌ ئێوه‌ له‌ ئاسایشی سلێمانی به‌ڵگه‌ی زۆرترتان لایه‌ .. هیوادارم که‌ ڕه‌خنه‌ش ده‌گرن تۆزێ ویژدانیشتان هه‌بێت

حسین | 20 Dec 2011 - 21:23
بەراستی کاک ناسر ئەمن خوم بە دوستی تو دەزانم لام وایە هەلەیکی زور گەورت کرت و دلی سەدان کەسی لە تەیفەکانی کومەلەت لە خو ئیشاند ئاخر چون دەکریت کاک ناسری حیسامی کە هەمو تەمنی جەوانی خوی لە پیناو کومەلە دا سەرف کرد ئیستا ناوی لە ریزی نەیارانی کومەلە و بی ئاگا لە سیاسەت
بنوسریت ئەویش لە سایتیکی سەرتا پا دوژمنی هەمو تەیفەکانی کومەلە
بە بروای من کاک ناسر لی بوردنیک بە کومەلەکان قەرزدارە و ئەمن بەش بە حالی خوم لە کاک ناسر چاوەروانم کە حەتمن داوای لی بوردن بکا

ره نگه ناو | 19 Dec 2011 - 22:01
منیش خۆم بە نەیارتان نازانم. ئەگەر هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی لە مێژە یەکتر دەناسین، لە خۆم ڕادەبینم لە هەر جێگایەک پێویست بوو وەدەنگ بێم.

عه‌لی ره‌سوولی | 17 Dec 2011 - 12:18
کاکه ناسر گیان ده‌ستت خۆش بێ و ماندوو نه‌بی. ئه‌و هه‌ڵویسته مرۆڤ‌دۆستانه‌یه‌ی جه‌نابت زۆری خۆشحاڵ کردم و به‌داخه‌وه‌م که ئه‌و حیزبه‌ی که ده‌بوایه داکۆکی‌که‌ر بوایه له زوڵم لێکراو به‌پێچه‌وانه‌وه داکۆکی له زالم ده‌کات. هه‌ر وه‌ک جه‌نابت ئیشاره‌ت پێ کردووه خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و رووداوه‌ی ئه‌وان ده‌ڵێن واش بێ، خۆ ده‌بێ دیفاع له‌و ژنه‌ پێشمه‌رکەیە بکه‌ن که بێتاوان تێداچوو؟ به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو شتێک ده‌ری دەخەن که دەڵێی خۆشیان دەستیان لەو قەتڵه دابووە.
ئەو کەسانەش کە لە ناو حیزبەکەیان دا دیفاع دەکەن هەر دەبێ وابکەن دەنا بێگومان لەو حیزبه دا جێگایان نابێته‌وە. جا خودا نەکا ئەو حیزبه دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت دەنا ئه‌وە چارەنووسی هه‌موو نەیارەکانیان دەبێت ئه‌گەر بۆیان بلوێت.

shwana | 17 Dec 2011 - 09:06
dast xosh kak naser zor jwan bo. zor rasta am bradarana zortr wak bnamalai merdakai dadwen.

افشین ابراهیمیان | 16 Dec 2011 - 23:01
هێندێ جار پیت و وشو و ره‌سته له وتنی شته ناحه‌زه‌کان داماو ئه‌بن. به‌ڵام به وته‌یێکی نه‌سته‌قی فارسی له‌وانه‌یه بکرێت ده‌ربڕینێ بۆ ئه‌م به‌زم و ره‌زمه بکرێت. فارس ئه‌ڵێت : (هرچیز که بگندد نمکش میزنند / وااای به حال روزی که بگندد نمک !) واته : بۆ پێشگیری کردن له خراپ بوون و گه‌نیوی ئه‌وشتانه‌ی که به که‌ڵکی خواردن دێن ، خوێ به کار ئه‌هێنرێت / جا وااای له‌و رۆژه‌ی که خوێه‌که بۆ خۆی گه‌نیبێت !!!

asti piroti | 16 Dec 2011 - 19:34
dast xosh kak naser , peshniyari diyalog leser ev babete vateh kojrani jeneki pesmerge zor beje ve doroste . be pey vesh hiwadarem le bari ganonishewe hezi asayish ve polis kari xoyan beken ve gatel her kese be jezay lazim begeyenin.. her veha hiwadarem jinani chalaki kurdotan le navche vedoy ew pervandeh bekewen ve ewy rastiye be xalki rabgeyenin,
asti piroti

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia