ماڵه‌وه
|
شیعر
|
بیروڕا
|
گفتوگۆ
|
ده‌نگ و دیمه‌ن
|
ئاڵبۆم
|
سه‌کۆ
|
پێناس
سه‌کۆ
ک.د.ئازاد: باوەڕ
ئەرسەلان چەلەبی: ئاگر و دارستان
بەندی عەلی: خەمبار مەبە
هه‌ڵبژارده‌ی خوێنه‌ران
نەورۆز
له بابه‌ت کۆمه‌ڵه و چاکسازی
فرمێسک و پێکه‌نین (2)
وه‌ڵامی چه‌ند پرسیار
شێعر
ئه‌ستێره
له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی لووتكهكاندا
جۆلانه
سه‌مای سه‌رخۆشان
سهراب
شێعری وه‌رگێڕدراو
شاملوو
نیما
سایه
موشیری
که‌سرایی
باوه‌تاهیر
ئه‌بووسه‌عیدی ئه‌بولخه‌یر
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
ژیاننامە
بلوێر
سروودی نێشتیمان
ده‌نگ و دیمه‌ن: ئاوێنه‌ی ئاو
ده‌ربه‌ندی ته‌م و مژ: ده‌نگی نه‌رمه نای
گفتوگۆ
گفتوگۆیه‌کی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ ئیدریس عه‌لی
گفتوگۆ له گه‌ڵ محه‌ممه‌د چاوشین
گفتوگۆ له گه‌ڵ پێشڕه‌و
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خالیدی محه‌ممه‌دزاده
گفتوگۆ له گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی هه‌ڵوێست
وێنه‌ی ئه‌مجاره
گفتوگۆ له گه‌ڵ پێشڕه‌و
14 Apr 2009
هه‌ژاری و نیگه‌رانی زه‌ینی مرۆڤ سپى ده‌که‌نه‌وه
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه، گفتوگۆیه‌که له ژماره 43ی گۆڤاری پێشڕه‌ودا، ساڵی 1993 چاپ کراوه.
بۆچوونی مارکسیسته‌کان له سه‌ر مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات له مێژه‌وه جێگای کێشه و قسه‌وباسی زۆر بووه . هاوڕێ ناسری حیسامی له‌م وتووێژه‌ی خواره‌وه‌دا، چه‌ند کێشه‌ی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ده‌داته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه و تێڕوانینی خوی له سه‌ر ئه‌وانه شی ده‌کاته‌وه.
پێشڕه‌و
پرسیار: زۆر جار ئه‌و پرسیاره ده‌کرێ که ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند، یان نووسه‌ر، حیزبی بن ئایا به‌رهه‌مه‌که‌یان نابێته به‌رهه‌می حیزبی؟ ئێوه له‌م بابه‌ته‌وه ده‌ڵێن چی؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ! زۆر جاریش پرسیار ناکرێ به‌ڵکوو هه‌ر ڕاسته و ڕاست له گه‌ڵ ئه‌و حوکمه به‌ره‌وڕوو ده‌بین که ”هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری حیزبی، له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی حیزبێکی سیاسی ده‌که‌نه قیبله‌ی خۆیان، ناتوانن له چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو بترازێن و به ناچار به‌رهه‌مه‌که‌یان ده‌بێته به‌رهه‌مێکی کهمپێز و ته‌مه‌نکورت“.
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له کاتێکدا دێته گۆڕ، یان له کاتێکدا زه‌ق ده‌بێته‌وه که له کوردستان که‌م نه‌بوون و که‌م نین شاعیران و نوووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانى حیزبی. له کاتێکدا که جیاوازییه‌ک له نێوان حیزب و کۆمه‌ڵدا هه‌بێ و ئه‌م دووانه له‌سه‌ر دوو ڕێباز و به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز بڕۆن، جیاوازیی نێوان هونه‌ری حیزبی و هونه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر زه‌ق ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه که نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌می خۆیان ببه‌ستنه‌وه به چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراو و به‌رته‌سکه‌وه، هه‌ر له کۆنه‌وه پێشینه‌ی هه‌یه. به‌رهه‌می تایبه‌ت به ستایشی میر و سوڵتان، تایبه‌ت به ستایشی ده‌وڵه‌تێک، تایبه‌ت به فیرقه‌یه‌کی مه‌زهه‌بی و هتد، له کۆنه‌وه بووه.
دیفاع و داکۆکیکردن له‌وه‌ی هه‌یه، له به‌رانبه‌ر پێویستییه‌کان و ڕه‌وتی حه‌ره‌که‌تی زیندووی کۆمه‌ڵدا، هه‌میشه دواکه‌وتووانه و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و دوایه. هه‌ر به‌م پێیه خۆبه‌ستنه‌وه به هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندێکی به‌رته‌سک له به‌رانبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵی مرۆڤدا، له ئه‌نجامدا به‌رهه‌مێکی نه‌زۆکی لێ ده‌بێته‌وه.
هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ده‌بێ ڕه‌خنه‌گری زه‌مانه‌ی خۆیان بن. ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوون به به‌رژه‌وه‌ندێکی بچووک ڕێگای ئه‌وه‌ی لێگرتن که ببنه ڕه‌خنه‌گری ناله‌بارییه‌کانی زه‌مانه‌ی خویان و ببنه تێکۆشه‌ری ڕێگای وه‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕ، ئه‌وا خۆیان ده‌بنه پارێزه‌ری وه‌زعی مه‌وجوود و ده‌بنه به‌شێک له بابه‌تی ڕه‌خنه لێگیران. له باسێکی وادا، پێویسته بزانین، کام له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه، پێناسه‌ی شاعیره‌که ده‌که‌ن:
- شاعیره‌که له گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌یه بۆیه وا بیرده‌کاته‌وه.
- شاعیره‌که وا بیرده‌کاته‌وه بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌یه.
له حاڵه‌تی یه‌که‌مدا، له‌وانه‌یه شاعیر و نووسه‌ر له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی حیزبه‌که‌ی هه‌ست به ناته‌بایی بکا و ناچار بێ به هۆی په‌یوه‌ندی حیزبى، خوی سانسۆر بکا. یان هیچ نه‌ڵێ، یان به پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و ویستی خوی و گونجاو له گه‌ڵ سیاسه‌تی حیزبه‌که‌ی به‌رهه‌م بخوڵقێنی. له‌م حاله‌ته دا شاعیر و نووسه‌ر ئیتر خاسییه‌تی خوی وه‌ک ڕه‌خنه گر، وه‌ک هه‌نه‌رمه‌ند و نووسه‌ری ره‌خنه‌گر، له ده‌ست داوه. له هه‌رحاڵدا، ئه‌وشته که ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌ى لێ ده‌وه‌شێته‌وه رێبازێکی فیکرییه، خۆ زۆر که‌س له‌وانه‌ی هونه‌ری به‌رگرییان ده‌خوڵقاند حیزبی نه‌بوون. به کورتی گیروگرفته‌که ”حیزبی بوون” نییه. مه‌سه‌له‌که بریتییه له‌وه که ئه‌و که‌سه ڕه‌خنه‌گر و به‌رچاوڕوون هه‌یه یان نییه.
به‌رهه‌می نه‌مر، به‌رهه‌می گه‌ش، به‌رهه‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و لایه‌نگری مرۆڤی ژێرده‌سته، به‌رهه‌می لێواولێوی ئامانج و ئاره‌زووه‌کان و هه‌ست و خۆشه‌ویستی و ڕق و تووڕه‌یی مرۆڤی پاماڵکراو، ده‌سکار و به‌رهه‌می داهێنانی ئه‌و که‌سانه‌یه که کۆمه‌ڵی خویان و، هێزی بزوێنه‌ری کۆمه‌ڵ ده‌ناسن. بێجگه له ئه‌مڕۆ، دوێنێ و سبه‌ینێش ده‌بینن. که‌سانێک که به هه‌موو وجوودیانهوه و له قووڵایی دڵیانه‌وه ئینساندۆستن. که‌سانێک که ده‌زانن تووڕه بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌که‌یان فه‌رمانی تووره بوونی دابێ. که‌سانێک که ده‌زانن پێبکه‌نن، به‌بێ ئه‌وه‌ی لاسایی هیچکه‌س بکه‌نه‌وه. که‌سانێک که شه‌یدای هه‌ڵفڕینن به پهرینایی هه‌موو جیهاندا و هیچ سنوورێک نایانگرێته خۆی، هه‌ر بۆیه مل به هیچ به‌رژه‌وه‌ندێکی به‌رته‌سکی تاکه‌که‌س و گرووپ و هیدیکه ناده‌ن. که‌سانێک که ئاماده نابن ببنه تووتیی هیچ ڕێکخراوه‌یه‌ک. نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ئاوا، خۆیان گه‌رای شۆڕش و جووڵه و هه‌نگاوی به‌ره‌و پێشن. ئه‌م که‌سانه ته‌نیا له حیزبێکی ئاڵوگۆڕ پێکهێنه‌ر و شۆڕشگێڕ‌دا جێیان ده‌بێته‌وه. ئه‌م که‌سانه حیزب بۆ خۆیان ناکه‌نه هێلانه به‌ڵکوو ده‌یکه‌نه باڵی هه‌ڵفڕین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ئه‌م جیهانبینییه نه‌بوو، ئه‌گه‌ر عه‌وداڵ و دڵبه‌سته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ی ڕزگاریی مرۆڤ نه‌بوو، ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌لی به‌رژه‌وه‌ندی نزمی ده‌سته و تاقمێکی جیاواز له ژیان و ته‌قالای مرۆڤی ژێرده‌سته و چه‌وساوه بوو، دیاره فڵانه حیزبی له‌و قوماشه، یان حیزبیش نا، فلانه ده‌وڵه‌ت و فڵانه کۆمپانیاش جڵه‌وی به ده‌سته‌وه ده‌گرن.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه سه‌ر باسێکی دیکه: ئایا قالبی زیانبار بۆ هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ته‌نیا سێکتاریزم و قالبی حیزبییه؟ ئایا هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانی غه‌یری حیزبی، به ته‌واوی مانا ئازادن؟ ئایا ته‌نیا سه‌یته‌ره و ده‌سه‌ڵاتی حیزبه که هونه‌ر له قالب ده‌دا و ئه‌مر و نه‌هی پێده‌کا؟ نه‌خیر! هێزێکی دیکه له کۆمه‌ڵدا حوکم ده‌کا و ڕه‌وت و ڕێبازی فیکریی جۆراوجۆر شکل پێده‌دا. ڕه‌وته فیکرییه‌کان، گرووپه‌کان، حیزبه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌کان و سیاسه‌ته‌کانیش له ژێر سه‌یته‌ره‌ی دان. هێزێک که له به‌رژه‌وندی ماددی و چینایه‌تیی ئینسانه‌کانه‌وه، سه‌رچاوه ده‌گرێ. مرۆڤه‌کان به هه‌زار به‌ند و هه‌ودا په‌یوه‌ستن به‌م به‌رژه‌وه‌نده جیاوازانه‌وه. هیچ مرۆڤێک له کۆمه‌ڵدا نییه که خۆی به تاک و ته‌نیا، جیاواز له جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیی خۆی و ئازاد له هه‌موو بهرژهوهندیکی کۆمه‌ڵایه‌تی، فیکرێکی سه‌ربه‌خوی هه‌بێ. بیری هیچ ئینسانێک ته‌واو ”ئازاد و سه‌ربه‌خۆ“ نییه. ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژانه، داب ونه‌ریتی ناو کۆمه‌ڵ، قه‌واره‌ی فیکری و ئیدئۆلۆژیکی سه‌رده‌م، هه‌ست و باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و دینی و جینسی و هیدیکه، هه‌رکامیان چوارچێوه‌یه‌ک بۆ بیری به‌شه‌ر و له ئه‌نجامدا بۆ به‌رهه‌می هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی زاده‌ی ئه‌و بیره دروست ده‌که‌ن. هه‌ر کام له‌مانه له ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ”سانسۆر” به‌رێوه ده‌به‌ن.
سه‌ره‌نجامیش، گه‌وره‌ترین سانسۆری هه‌موو مێژووی به‌شه‌ر، هه‌ژاری ونه‌داری به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. هێمینگوێی گوته‌نی: نیگه‌رانی و نه‌داری، زه‌ینی ئینسان سپی ده‌که‌نه‌وه. هێمینگوێی ده‌یگوت: دوو شت فه‌وتێنه‌ری هونه‌رن: نه‌داری و نیگه‌رانی! هه‌ڵبه‌ت هێمینگوێی ده‌یزانی که هه‌ر به ته‌نیا باسی نیگه‌رانی بکا به‌سه، به‌ڵام نه‌یده‌ویست قودره‌تی گه‌وره و ڕووخێنه‌ری ”نه‌داری” سێبه‌ری بکه‌وێته سه‌ر. ئه‌وانه، کۆسپی سه‌ر ڕێگای گه‌شه‌ی داهێنانی مرۆڤن و، چوارچێوه و قالب بۆ بیری مرۆڤ دروست ده‌که‌ن و به‌ربه‌ستیش ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ربڕێن و چۆنیه‌تیی ده‌ربڕینی مرۆڤ. ئه‌وانه هه‌ر یه‌که‌ی به شێوه‌یه‌ک، ڕێگا له‌وه ده‌گرن که به‌رهه‌می گه‌ش و ئازاد و ڕه‌ها له هه‌موو قه‌ید و به‌ندێک بخوڵقێ. ئه‌وانه‌ن که ناهێڵن بیری مرۆڤ به به‌رینایی زه‌وی و ئاسمان باڵ بکاته‌وه. نه‌زمێک هه‌یه که تییدا زۆر دیارده‌ی ژیانی مرۆڤ مه‌فهووم و ڕه‌نگ و ناوه‌رۆکیان به ته‌واوی گۆڕاوه. مرۆڤ، خۆشه‌ویستی و سۆز و میهره‌بانیی لێ ئه‌ستێندراوه‌ته‌وه. بیری مرۆڤ، توانای داهێنانی مرۆڤ و ئازادیی مرۆڤ، هه‌ڕه‌شه و قه‌یدوبه‌ندی زۆر ترسناکتری له‌سه‌ره. چوارچێوه‌ی حیزبی ته‌نیا یه‌کێکه له شکڵه‌کانی ئه‌و هه‌زاران قه‌ید و به‌نده، که به بڕوای من زۆریش جێگه‌ی مه‌ترسی نییه.
با به‌کورتی ئیشاره به لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌م باسه‌ش بکه‌م: زۆر جار هه‌ر چه‌شنه ئامانجخوازییهک، به ناوی ئه‌وه که.”سیاسی” یان ”حیزبی”یه ده‌درێته به‌ر لافاوی ته‌وس و توانج.
پرسیار: ئێوه چۆن هونه‌ری ئامانجخواز و سیاسی له‌یه‌ک جیا ده‌که‌نه‌وه؟
وه‌ڵام: من لایه‌نگری ئه‌وه نیم به‌رهه‌می هونه‌ری به زمانێکی ته‌بلیغی، فڵانه سیاسه‌تی دیاریکراو یان فڵانه تاکتیکی ده‌وره‌یی به‌یان بکا یان بیکاته ناوه‌رۆک و بابه‌تی لێدوان. من لایه‌نگری ئه‌وه‌م هونه‌ر بۆ دوورتر بڕوانێ. ئامانجخواز بێ، ئیلهام له‌و به‌رژه‌وه‌ند و ئامانج و ئاسۆیه وه‌ربگرێ که سه‌ره‌نجام سیاسه‌ته‌کانیش ڕووی تێده‌که‌نه‌وه.
به‌ڵام ئاشکرایه، له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که له سه‌ر بنه‌ڕه‌تیترین ئامانجه‌کان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌یه، هه‌ر ئه‌و هونه‌ره ئامانجخوازهش کارکردی سیاسی په‌یدا ده‌کا. ئه‌وانه‌ی ئامانجخوازی له هونه‌ردا، به بیانووی ”سیاسی” بوونی به‌رهه‌مه‌که مه‌حکووم ده‌که‌ن، ڕێک مه‌به‌ستیان ئه‌م کارکرده سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى به‌رهه‌مه‌کانه. کاتێک مرۆڤ له کێشه و ململانێدایه، ناکرێ داوای لێبکه‌ی هونه‌ره‌که‌ی، ڕه‌نگی ئه‌و کێشه و ململانێیه‌ی پێوه نه‌بێ.
پرسیار: ئێوه له قسه‌کانتاندا باسی هونه‌ری بهرگرىتان کرد که له ئێران به ناوی ”هونه‌ری موقاومه‌ت” ده‌ناسرێ و به‌شی زۆری به‌رهه‌مه‌کانی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانی ناڕازی و میلیتانت ده‌گرێته خوی. ئایا ئێوه ڕه‌خنه‌یه‌کتان لێی هه‌یه؟ به گشتی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م هونه‌ره چین؟
وه‌ڵام: هونه‌ری ”به‌رگرى“ یان ”موقاومه‌ت“، هه‌ر وه‌ک له ناوه‌که‌یه‌وه دیاره، له‌و شوێنانه شکڵ ده‌گرێ که بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ، بهرههلستبوونهوهیهک له نێو کۆمه‌ڵدا، یان له نێو به‌شێکی کۆمه‌ڵدا، به‌رانبه‌ر به سته‌م و سهرکوتگهرى، یان به‌رانبه‌ر به داگیرکه‌ران ڕوو ده‌دا. تا ئه‌و جێگایه‌ى په‌یوه‌ندی به ئێرانه‌وه هه‌یه، هونه‌رێکی پێشینه‌داره و به تایبه‌ت له‌سه‌روبه‌ندی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 57 (1979) دا که فه‌زایه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک ئازاد بۆ هه‌ڵسووڕان هه‌بوو، به شێوه‌یه‌کی به‌رین هاته ڕوو. له کوردستانیش وا بوو. ئه‌م هونه‌ره، دیاره، هونه‌رێکی ناڕازییه. له دژى سته‌م و زۆرداری ڕاده‌وه‌ستێ. به‌رانبه‌ر به سه‌ره‌ڕۆیی حکوومه‌ت ده‌نگ هه‌ڵدێنی. ته‌ناته‌ت له‌و کاتانه دا که به هۆی خه‌فه‌قان و سانسۆر و هه‌لومه‌رجی ناله‌باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، خامۆشی و بێده‌نگییه‌ک به‌سه‌ر فه‌زای فه‌رهه‌نگیی کۆمه‌ڵدا زال بووه، تاکه تاکه به‌رهه‌می ئه‌م ڕێبازه هه‌وڵیان داوه ئه‌م بێده‌نگی و بێهیواییه بشکێنن.
به‌ڵام به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌م هونه‌ره تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌یه که جێگای سه‌رنجه. به‌شی زۆری به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌م ڕێبازه له بوچوونێکهوه سه‌رچاوه ده‌گرن که به پێی ئه‌و بۆچوونه ”به‌رگری” و موقاومه‌ت” له به‌رانبه‌ر دیکتاتۆری و سته‌مدا کاری هه‌موو که‌س نییه و، وا نیشان نادرێ که له وزه‌ی هه‌موو ئه‌و کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و زۆرلێکراوانهدایه که ئه‌نگاوته و ئهنجنراوی تیر و ته‌وری سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ن. زیاتر وا نیشان ده‌درێ که ئه‌م به‌رگرییه کاری چه‌ند قاره‌مانێکه. بۆیه له زۆر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی ئه‌م ڕێبازه‌دا – به تایبه‌ت له ده‌قه شانۆییه‌کاندا ئه‌کته‌ره‌کان- چه‌ند قاره‌مانێک بوون که که‌متر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئینسانی خاکییان پێوه دیار بوو. زۆریان هێزێکی سه‌روو هێزی ئاسایی مرۆڤیان هه‌بوو. له ئینسانی ئاسایی واوه‌تر بوون. ده‌یانتوانی په‌ی به هه‌موو نهینییه‌ک به‌رن، وه‌ک پیر و شێخه‌کانی نێو ئایینه‌کان پێشگۆییان ده‌کرد و کهراماتیان ده‌نواند، هه‌رگیز تووشی ترس و دوودڵی نه‌ده‌بوون، ماندوو نه‌ده‌بوون، به هیچ شتێک دانهدهچڵهکان، عاشق نه‌ده‌بوون، به بێ پێویستییه ماددی و ڕووحییه‌کانی ئینسانی ئاسایی ده‌یانتوانی بژین. فریشته‌یه‌ک بوون بۆ نه‌جاتی مرۆڤی کاس و بێخهبهر و ڕێگه ونکردوو نازل ببوون و قسه و که‌لامیان به شێوه‌یه‌کی جادوویی کاری ده‌کرد. کاتێک له‌گه‌ڵ که‌سانێکی خه‌ڵکی ئاسایی به‌ره‌وڕوو ده‌بوون که سه‌ره‌ڕای هه‌ژاری و نه‌داری و زۆرلێکراوى هیچ ”موقاومه‌ت” و ”قاره‌مانه‌تی” یه‌کیان لێ نه‌ده‌بینرا، هه‌تا توانایان هه‌بوو ده‌نگی بانگه‌وازیان هه‌ڵده‌بڕی که ”خه‌ڵکینه ! هه‌تا که‌ی وا به بێخه‌به‌ری؟ !” و له ناکاو خه‌ڵکه‌که وه‌ک شتێکیان پی ئیلهام کرابێ و هێزێک له ده‌روونیان گه‌ڕابێ، وه‌خۆ ده‌هاتنه‌وه، وه‌خه‌به‌ر ده‌هاتن و به ڕیزی جه‌نگاوه‌ران په‌یوه‌ست ده‌بوون، یانی له ژیانی پێشووی خویان داده‌بڕان. له‌م ڕوانگه‌یه‌دا، خه‌ڵکی ئاسایی پێویست بوو له ژیانی خۆیان دابڕێن، تا بتوانن ”جه‌نگاوه‌ر” بن. له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه شانوییهکاندا و زۆر جار له شیعر‌و چیرۆکه‌کانیشدا مه‌سه‌له‌کان ئاوا نیشان ده‌دران.
که‌متر ئه‌وه‌یان ده‌بینی که جه‌ماوه‌ر له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیدا به چنگ و ددان خه‌ریکی شه‌ڕێکی به‌رده‌وامن بۆ مانه‌وه و بۆ ژیان. که‌متر ئه‌وه‌یان ده‌بینی که شکۆدارترین دیمه‌نه‌کانی قاره‌مانه‌تی، رۆژانه هه‌زار جار له نێو ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌دا ڕوو ده‌ده‌ن. نه‌یانده‌توانی ئه‌وه ببینن که ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمکردنی ئه‌م جه‌ماوه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو مه‌ینه‌ت و کوێره‌وه‌رییه، خۆی گه‌وره‌ترین حه‌ماسه‌یه.
ته‌نانه‌ت به‌شی زۆری شاعیران و نووسه‌رانی ”چه‌پ”، ئه‌وانه‌ی ڕادیکاڵتر بوون و ڕوویان ده‌کرده چینی کرێکار و کۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تکێش، زیاتر هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه قسه‌یان ده‌کرد و ده‌یکه‌ن. ئاسایی‌ترین و به‌دیهیترین دیمه‌نه‌کانی ژیانی ئه‌و چینه، وه‌ک حوکمێک به‌یان ده‌که‌ن که گۆیا خۆیان بۆ یه‌که‌م جار که‌شفیان کردوه. ”کرێکار ماندوو ده‌بێ” و ”سه‌رمایه‌دار چه‌وسێنه‌ره” و...هتد. هه‌ر به‌م پێیه ده‌که‌ونه ئاموژگاریکردنێکی باوکانه. کرێکار ته‌نیا کاتێک به ڕه‌سمی ده‌ناسن که هاتبێته مه‌یدانی شه‌ڕی خوێناوی و نرکه‌ى بێ. په‌یتاپه‌یتا فه‌رمانی ڕاپه‌رین و ڕووخاندن ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر چینی کرێکار وانه‌کا، خۆیانی لی بێبه‌ری ده‌که‌ن. ئه‌م بوچوونه تا راده‌یه‌کی زۆر بیگانه‌یه له‌گه‌ڵ ژیانی واقیعی و ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی چینی کرێکار و کۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تکێش و زۆرلێکراو. ته‌ئسیری له‌و رێبازه فیکرییه وه‌رگرتووه که چه‌وساوه‌کان و به‌شمه‌ینه‌تانی کۆمهڵًی ته‌نیا وه‌ک هێزی زه‌خیره بۆ وه‌دیهێنانی خولیا و ئامانجی چین و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵ چاولێکردووه.
ئه‌م ره‌وته له هونه‌ر دا، خه‌ریکه به‌ره‌و لاوازبوون و کهمڕهنگبوونهوه ده‌چێ. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه که مرۆڤایه‌تیی چه‌وساوه له ئاستێکی جیهانیدا خوی به‌رانبه‌ر به جه‌مسه‌ری زۆرداری و چه‌وساندنه‌وه و ملهوڕی ده‌بینێته‌وه، هاوکات له‌گه‌ڵ جیهانیبوونه‌وه‌ی رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ زیاتری فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی، هاوکات له‌گه‌ڵ جیهانیبوونه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری چاوه‌ڕوانییه‌کانی مرۆڤ، ده‌بینین ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ، په‌یوه‌نده‌کانی، مه‌فهوومه ئه‌خلاقییه‌کانی، ناڕه‌زاییه‌کانی، خۆشه‌ویستییه‌که‌ی و شێوازی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینیشی جیهانیتر و سهراسهریتر ده‌بنه‌وه و تایبه‌تمه‌ندییه خۆجێیى و ناوچه‌ییه‌کان که‌مڕه‌نگ ده‌بنه‌وه. مرۆڤایه‌تیی چه‌وساوه و زۆرلێکراو خه‌ریکه به زمانێکی یه‌کگرتووتری جیهانی دێته دوان. هۆیه‌کانی په‌یوه‌ندیگرتنی گشتی، به شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌ره‌وپێش چوون.
هونه‌رمه‌ندان ونووسه‌رانی پێشڕه‌وی ئه‌م سه‌رده‌مه له کوردستان، پێویسته هه‌رچی زیاتر به‌ره‌و پیری فه‌هه‌نگی جیهانیی مرۆڤ و ده‌سکه‌وته هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌م وهخهبهرهاتنه نوێیه‌وه بچن. ئه‌مه یارمهتمیان ده‌دا که له به‌رهه‌می ئاوه‌ز و فهرزانهیى و داهێنانی مرۆڤ به‌هره‌مه‌ند بین. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ش نه‌کرێ، نه‌یکه‌ین، سه‌ره‌نجام ئه‌و فه‌رهه‌نگه بێسنووره ڕۆژێک به‌ری درگامان پێده‌گرێ.
پرسیار: ئێوه تاراده‌یه‌ک باسی شانۆ و شیعر و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانی دیکه‌تان کرد. له بابه‌ت مۆسیقای کوردی، مه‌سه‌له‌که چۆن ده‌بینن. به تایبه‌ت ئێستا ڕه‌وتێکی دیاریکراو له مۆسیقای کوردی‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه. مۆسیقایه‌کی عیرفانی دیاره به به‌یانێکی تازه‌بابه‌ت و ئه‌مڕۆیی.
وه‌ڵام: من له پێشدا ئه‌وه بڵێم که شاره‌زاییه‌کی تایبه‌تم له زه‌مینه‌ی مۆسیقا دا نییه. ده‌توانم هه‌ندێک شت باس بکه‌م که ته‌نیا زه‌وق و هه‌ستی خوم به‌یان ده‌کا.
ئه‌و شته‌ی ئێوه پێى ده‌ڵێن ”مۆسیقای عیرفانی” ساڵانێکی دوور و درێژه له مۆسیقای فارسی‌دا هه‌یه و له‌م دوواییانه‌دا، به‌شێک له‌و مۆسیقا عیرفانییه شکلی تازه‌ی گرتووه‌ته خۆی. به‌تایبه‌ت له ساڵانی کۆتایی حکوومه‌تی شا دا –که ورده بورژوازییه‌کی به‌رین پێک هاتبوو- سکاڵای ئه‌م چینه له ژیانی خۆی و له چنگ دهستکورتییهکانی، له شێوازێکدا که زۆرتر سکاڵای نائومیدانه بوو، به‌ریناییه‌کی گه‌وره‌ی مۆسیقای داگرت. ناوه‌رۆکه‌که‌ی بریتی بوو له هه‌ندێک حه‌سره‌ت و خوزگه‌ی نه‌ک زۆر بایه‌خدار. ئێستا له مۆسیقای کوردیش‌دا ئه‌وه به‌رچاو ده‌که‌وێ و که‌میش نییه.
من با ئه‌وه‌ش بڵێم که مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه موسیقا نابێ خه‌م و په‌ژاره و حه‌سره‌ت به‌یان بکا. مرۆڤ جاری وایه خه‌مناک ده‌بێ. به حه‌ق خه‌مناک ده‌بێ و دیاره خه‌مه‌که‌ی خۆی به‌یان ده‌کا. هه‌ر وه‌ک چۆن شادییه‌که‌ی و خۆشه‌ویستییه‌که‌ی به‌یان ده‌کا. ئه‌وه‌ی له‌م جۆره مۆسیقا عیرفانییهدا –لانی که‌م بۆ من- گوی لێگرتنی سه‌خته ئه‌وه‌یه که خه‌م و خوزگه و حه‌سره‌ته‌که، پووچ و بێبایه‌خه. ڕۆڕۆیهکه بۆ هیچ و، خۆزگه خواستنه بۆ شتێک که گریمان ئه‌گه‌ر وه‌دی بێ دیسان هیچ به‌خته‌وه‌رییه‌ک نیه. ئه‌و ڕێچکه‌یه له مۆسیقادا، شادییهکهشی و چهپڵهڕێزانهکهشی به هه‌مان ڕاده بێناوه‌رۆکه. من له‌و مۆسیقایه‌دا هیچ شوور و گوڕ و تێنێک به‌دی ناکه‌م. هیچ حه‌ره‌که‌تێکی تێدا نییه. ئاخر، مرۆڤی بزۆز ئه‌گه‌ر خه‌مناک بوو، جووڵه‌یه‌کی پێوه دیاره. ده‌بزوێ. به‌ڵام ئه‌م مۆسیقا عیرفانییه به میلۆدییه‌کی خه‌واڵووی ساردوسڕه‌وه ده‌ڵێى جه‌سته‌ى ماری بێگیانه و به زه‌حمه‌ت ئه‌مدیوه‌ودیو ده‌کا.
دیاره ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و سکاڵایه و گوێگری خوی هه‌یه. نه‌سلێک له لاوانی ئه‌مڕۆ، که سه‌ختییه‌کان و نابه‌رابه‌رییه‌کانی ژیان وه‌ڕه‌زی کردوون، له شه‌ڕ و کوشتار بێزار بوون، بێکار و بێده‌ره‌تانن و هه‌ست به ده‌ستکورتی ده‌که‌ن و ئه‌وه‌نده‌ش به‌رچاوڕوون و سه‌ربزێو نین ئاسۆیه‌ک و هیوایه‌ک دڵیان گه‌رم بکاته‌وه، ئه‌م مۆسیقایه ته‌سکینیان ده‌دا. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی کار و ته‌قالای ڕۆژانه‌ن، ئه‌وانه‌ی ژیانیان به‌نده به‌وه که ببزوون و بژیوی خۆیان له کێشه‌یه‌کی به‌رده‌وامدا له ته‌بیعه‌ت و ده‌وروبه‌ری خویان بستێنن، ناتوانن و مه‌جالی ئه‌وه‌یان نییه ئه‌وه‌نده سه‌ر به‌رنه‌وه نێو خویان. مه‌جالی ئه‌وه‌یان نییه ده‌ست به ئه‌ژنۆوه بگرن. بۆیه چێژ له‌م مۆسیقایه وه‌رناگرن و زیاتر لایه‌نگری مۆسیقای پڕ جموجووڵن. ئه‌و سه‌مایه‌ی ئه‌وان بۆ زیندوو مانه‌وه له‌به‌ر باره‌گای ژیان ده‌یکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆسیقایه دێته‌وه. ته‌نانه‌ت له‌و جێگایه‌ی ئه‌م سه‌مایه، خوێناوی ده‌بێ هێشتا هه‌ر له بزووتن دانامێنن. هه‌ر بۆیه له گۆرانییه فولکلورییهکاندا و له زۆربه‌ی به‌یت و حه‌یرانه‌کاندا که چیرۆکی ناکامییه‌کان و به مرادنهگهیشتن و ڕه‌نجه‌ڕۆیی ده‌گێڕنه‌وه، هیچ مه‌جالێک به داماوی و سهربردنهوه ناوخو نادرێ و، به پێچه‌وانه، کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌کان حه‌ماسه‌یان لێ دروست ده‌کرێ و له هه‌موو سهربهندهکانیاندا ژیان هه‌ڵپه‌ی دێ. یان بۆ نموونه له گورانییهکانى گۆرانیبێژێکی وه‌ک حه‌سه‌ن زیره‌ک دا، ئه‌و دیارده تازانه‌ی که ڕوخساری کۆمه‌ڵ ده‌گۆڕن باسیان ده‌کرێ: ماشێنی جیپ، کارخانه‌ی قه‌ندی میاندواو، تلڤیزیۆن، ئاپۆلۆی 14، ئیزگه‌ی ڕادیۆی تاران و... هیدیکه. به کورتی مۆسیقای پڕ جموجووڵ و بهخورۆش، زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی زیاتر تێدایه که له مۆسیقای ئه‌مڕۆیی و جیهانی نزیک بێته‌وه. خاوبوونه‌وه و سهربردنهوه ناوخۆ له مۆسیقادا ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌ک ڕواڵه‌تی مودێرنی پێدراوه و له سازه تازه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌ره‌که‌تی تێدا نییه له مۆسیقای ئه‌مڕۆیی و جیهانی دوور که‌وتووه‌ته‌وه و له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و دوایه.
ئێستا، که ئه‌و باسه هاته گۆڕ، پێم خوشه ئاماژه بۆ دیارده‌یه‌کی دیکه‌ش بکه‌م. دیارده‌یه‌که زیاتر له شیعردا که له‌م ڕێگایه‌وه هاتووه‌ته نێو گۆرانییه‌کانیش و، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و خوێنرشتن و کاولکارییه‌یه که له کوردستان کراوه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که زیاد له ڕاده‌ی پێویست، به‌ده‌ر له سنووری تاقه‌تی خوێنه‌ر و گوێگر، باسی خوێن و مه‌رگ و شه‌هید و ته‌رم و برین و ئێسقان ده‌کرێ. جارى وایه کۆڕى شیعر ده‌ڵێى کۆڕی پرسه‌یه و گۆرانی ده‌ڵێی یاسین و خه‌تم و تهلیلهیه. به ڕاستی بۆ خه‌ڵکێک که ڕۆژى سه‌دجار کۆستیان ده‌که‌وێ، هه‌موو ڕۆژێ جه‌رگیان به کوچکی داغه‌وه ده‌درێ، له هه‌موو کۆڵانێک ده‌نگی شیوه‌ن ده‌بیستن، زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌م فه‌زایه له شیعر و گۆرانیدا بۆچییه؟ گریاندنی خه‌ڵکێک که هه‌ر به شێوه‌ی ئاساییش هه‌میشه قوڵپی گریان له گهروویاندایه، چ هونه‌رێکه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ڕێزگرتنه له قوربانیانى ئه‌م کوشتار و ویرانییه، ئه‌وه به‌بێ زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌م فه‌زایه و به هاندانی وره‌ی تێکۆشان و به گه‌شکردنه‌وه‌ی هیوا به ژیانی به‌خته‌وه‌رانه و به ئاگرکردنه‌وه له دژى سته‌م و جینایه‌تکاری ده‌کرێ. له بیرمان نه‌چێته‌وه ئامانجی هونه‌ری ئێمه به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤه. دوورخستنه‌وه‌ی مرۆڤه له کوێره‌وه‌ری و هه‌ناسه ساردی و دا‌غ و قه‌مچی. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مڕۆ پێویسته، ڕوانینه بۆ ئاسۆی داهاتوو. گه‌شبینییه‌کی زیاتر پێویسته. جگه له‌و هیوادارییه، ئه‌م خه‌ڵکه تینووی زه‌ڕڕه‌یه‌ک شادین. موحتاجی بزهیهکن. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی له ده‌ست دێ، نابێ دریغی بکا.
گۆڤاری پێشڕه‌و (ئۆرگانی ناوه‌ندیی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمه‌ڵه)
ژماره 43، جوولای 1993،
بگه‌ڕێوه
|
580 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|
1 بۆچوون
|
بینێره
|
چاپ
aram meriwan | 14 Apr 2009 - 18:34
هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ کاک ناسری به‌ڕێز. هیوادارم هه‌موو به گوڕ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بییاتی کوردی خزمه‌ت به‌و گه‌له بنده‌سته بکات.
بۆچوون بنێره
Name:
E-mail:
ده‌ستپێک
|
پێوه‌ندی
|
copyright © 2009 sharistan.org
|
Design by
Chia