شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


ئەرخەوان: هووشەنگی ئیبتیهاج

3 Jan 2011

ئه‌رخه‌وان

دار ئه‌رخه‌وان!
ئه‌ى هاوخوێنى لق له‌ جه‌سته‌ى خۆم دابڕاو
ئاسمانه‌که‌ى سه‌ر سه‌رى تۆ
ئه‌مڕۆ ڕه‌نگى چ ده‌نوێنێ؟
خۆره‌تاوى گه‌ش و ڕوون و گه‌رمابه‌خشه‌؟
یان هێشتاکه‌
ته‌م و مژى خۆڵه‌مێشی ده‌بارێنێ؟
ئه‌من لێره‌
له‌م گۆشه‌ ته‌ریکه‌ى ده‌ره‌وه‌ى جیهاندا
تاقى شینى هیچ ئاسمانێک
به‌دى ناکه‌م له‌سه‌ر سه‌رم.
له‌ هاتن و ڕۆیشتنى قافڵه‌ى به‌هار
بێخه‌به‌رم.
له‌ چوار ده‌ورم
دیوارێکى ڕه‌ش و ئه‌ستوور؛
هێند نزیکه‌
ئه‌و کاتانه‌ى که‌ هه‌ناسه‌
له‌ سنگمه‌وه‌ دێته‌ ده‌رێ
ئه‌و ڕێگاکه‌ى لێ ده‌ته‌نى و
به‌ ڕووى خۆمدا ده‌یپژێنێ
شووره‌ى ده‌ورم وا ته‌نراوه‌
دواى هه‌نگاوێک
باڵه‌کانى مه‌لى نیگام لێ ده‌شکێنێ.
ورشه‌ى کزى چرایه‌کى زه‌رد و نه‌خۆش
تا به‌یانى
چیرۆکبێژى تاریکانى شه‌وانه‌مه‌
ئه‌ویش بزه‌ى لێ تۆراوه‌.
هه‌ناسه‌م ته‌نگ؛
لێره‌ هه‌وا و سروه‌ى شنه‌ش
هه‌ر وه‌کوو خۆم
بێجووڵه‌یه‌ و به‌ند کراوه‌.

له‌م قوژبنه‌ خامۆشه‌دا
له‌ نێو خولیا و خه‌یاڵى من
یادێک چه‌ترى ڕه‌نگاوڕه‌نگى په‌ڕوباڵى خۆى ده‌نگێوێ و
له‌ گه‌روومدا
کوڵى گریان هه‌ڵده‌ستێنێ:
ئه‌رخه‌وانه‌که‌ى من له‌وێ،
ئه‌رخه‌وانه‌که‌ى من ته‌نیا،
ئه‌رخه‌وانه‌که‌ى من ده‌گرى.
وه‌ک دڵه‌ خوێناوییه‌که‌ى خۆم
فرمێسکى سوور ده‌وه‌رێنێ.

دار ئه‌رخه‌وان!
ئه‌مه‌ چ ڕەمز و ڕازێکه‌
له‌ گه‌ڵ هه‌موو کوچبارێکى به‌هارانه،‌
له‌ گه‌ڵ برینى ته‌شه‌نا و
له‌ گه‌ڵ شه‌پۆڕى شیوه‌ن و تازیه‌باریى دڵى ئێمه‌
سه‌رهه‌ڵده‌دا؟
هه‌موو ساڵێ
خوێنى په‌ره‌سێلکه‌ى عاشق
وشکه‌ زه‌وى تێرئاو ده‌کا.

دار ئه‌رخه‌وان!
ئه‌ى په‌نجه‌ى خوێناویى زه‌وى!
تۆ داوێنى به‌یان بگره‌ و
له‌ سوار چاکى تیژ تێپه‌ڕى خۆر بپرسه‌
که‌ى دەبێ، که‌ى
به‌ مه‌ڵبه‌ندى شیو و دۆڵى ئه‌م خه‌مه‌مدا
بێن تێپه‌ڕن؟

دار ئه‌رخه‌وان!
ئه‌ى هێشووى خوێن!
به‌ربه‌یانان که‌ کۆتره‌کان
له‌ لێوارى به‌ر په‌نجه‌ره‌ى کازیوه‌ دا
ده‌گمێنن
تۆ ئه‌م گیانه‌ گوڵڕه‌نگه‌ى من
بنى سه‌ر ده‌ست
بیبه‌ ته‌ماشاى هه‌ڵفڕین.
ده‌خێراکه‌
هه‌ڤاڵانى وه‌ڕێکه‌وتووى ئه‌م ڕێگایه‌
چاوه‌ڕوانى هاوسه‌فه‌رن!
دار ئه‌رخه‌وان!
ئه‌ى به‌یداخى گوڵ‌گوڵینى وه‌رزى به‌هار!
تۆ بشنێوه‌ و گه‌ردن هه‌ڵکه‌
چاوم له‌ ڕاشه‌کانت بێ.
تۆ شێعرى خوێنبارى منى
چه‌ترى یادى ڕه‌نگاوڕه‌نگى ڕه‌فیقانم
با که‌لامى گوڵشکۆفه‌ى زمانت بێ.
ده‌نگ هه‌ڵبڕه‌، دار ئه‌رخه‌وان!
ئه‌ى شێعرى هێشتا نه‌وتراو!
ئه‌ى هاوخوێنى لق له‌ جه‌سته‌ى خۆم
دابڕاو!
بگه‌ڕێوه‌|2235 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|2 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
madeh | 21 Apr 2011 - 12:10
ده ستت خوش بی ماموستا به هیوایه ئه ویی که شیعره کانی دیکی هوشه نگی ایبتهاج وه ر گیری بو سه ر زمانی کوردی

موکرییان | 13 Feb 2011 - 23:54
مامۆستا گیان هه‌زار جارد ده‌سته‌ کانت خۆش بێ ئه‌وه‌نده‌ دڵ خۆش بووم کاتێ ئه‌رغه‌وانم ئاوا به‌شیرنی له‌ به‌رگی ڕازاوه‌ێ کوردیدا بینی،من زۆر هۆگری ئه‌ شێعرم بۆ یه‌ زۆر خۆشحاڵ بووم هه‌زار سپاس،

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia