سه‌کۆ
هه‌ڵبژارده‌ی خوێنه‌ران
شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


avatar

ستارە عارف: ژین

3 Jul 2010

زەمەنێک بەر لە داڕمانی پێکەنین،
عەیامێک پێش کۆچی خۆشەویستی،
چەردەیەک تەمەنم فیدای خۆرنشینی ژیان کرد،
کەچی پاداشتی ئەو تاڵاو بوو بە منی بەخشی.

لای من ژیان سەرمەدێکی خۆشنوود بوو
بۆ دەست پێڕاگەیشتنی،
ڕۆندک وشەونخونیی دەویست
لای من ژیان بەهەشتی هەوڵی بێ بڕانەوەمان بوو
بۆ ماچی ژیان هەنگاو و نەترەی زیاترمان دەویست.

لای من ژیان نواڵەیەک لەچەپکە ئەرخەوانییەکانی ڕەنجمان بوو
تا لەباوەشمان بگرێت!
منداڵێکە رۆحی پڕ بەرائەت و چاوی ڕووبارێک لەمیهرەبانی،
زارو دڵی دەریایەک لەشەپۆلی گوڵباران و پێشوازی گەرمەسێرانە.

وتم ئەمێستا ژیان پاش خەرمانەی ڕەنجەکانمان، نێسکەی خۆیمان بۆ دەکات
نەمزانی هێشتا ژیان نەوەند و ساردە کێڵە.
من وام خەیاڵ کرد، ژیان کەزیەی درێژو خانمانەیە،
نەمزانی هێشتا تیر بەدەست و شوانکارەیە.
هێندەی فورات فرمێسکم ڕشت،
هێندەی دایکی کۆشێک منداڵ شەونخوونیم چەشت،
بەقەد لووتکە ورەم هەبوو، هەنگاوم نا،
هێندەی شیرین بۆ گەیشتن بەئیرسی عیشقی ژیان ڕێگام پێوا
هێندەی فەرهاد ڕەنجم کێشا
بەتوێشوی ڕێبواریمەوە،
بەهەگبەی تژی لەتەقەللا و بەچاوی تێر لەنیگای ئازادیمەوە
بەسینەی پڕ لەماچ و تاسەمەوە
بەحەسرەت دەرگاکەیم کوتا، کەچی ژیان دەرگای لێ نەکردمەوە.

*"زەمەنیک بەر لە داڕمانی پێکەنین" دێڕێکی ئیسماعیل خورماڵیە

مانگی ئەیلولی2008
بگه‌ڕێوه‌|111 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێک|پێوه‌ندی |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia