شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


ناسری حیسامی: قه‌ڵغانی سه‌بر

25 Nov 2011

شیعری: سەیف ی فەرغانە
سەیف، لە شاعیرانی نیوەی دووهەمی سەدەی حەوتەم و سەرەتای سەدەی هەشتەمی کۆچییە. لە فەرغانە لە دایک بوو و دواتر لە ڕۆم و ئازەربایجان و ئاسیای بچووک ژیا. بە غەزەل و قەتعە و قەسیدە و چوارینەوە، دە هەتا یازدەهەزار دێڕە شیعری هەیە. ساڵی ٧٤٩ی کۆچی، ماڵاوایی لە ژیان کرد.



سه‌ره‌نجام مه‌رگ، به‌ ژیان و به‌ جیهانی ئێوه‌شدا دێ!
له‌سه‌ر ته‌ختن، ڕۆژی ته‌خت وه‌رگه‌ڕانی ئێوه‌ش دادێ!

کوندی مه‌ینه‌ت، بۆ وه‌ی به‌سه‌ر‌ که‌لاوه‌تاندا بخوێنێ،
ڕۆژێک به‌سه‌ر کۆشک و سه‌را و، به‌رهه‌یوانی ئێوه‌شدا دێ!

گه‌ڵاڕێزان که‌ هه‌ڵی کرد، له‌ وه‌خت و ناوه‌خت ناپرسێ،
ئه‌م خه‌زانه‌ به نێو باغ و سه‌ر بێستانی ئێوه‌شدا دێ!

ئاوی گه‌رووگری ئه‌جه‌ل، گه‌رووی گه‌لێک شا و گه‌دای گرت،
ئه‌م ئاشگێڕه‌، به‌ دۆڵاشی ئاشه‌وانی ئێوه‌شدا دێ!

تیغی سته‌مکاریی خۆتان‌، به‌ گه‌ردنی ئێمه‌ تیژ کرد
واده‌ی کولبوونی خه‌نجه‌ر و ژه‌نگ هێنانی ئێوه‌ش، دادێ!

ڕۆژی دادی داپه‌روه‌ران، کۆتایی هات و تێپه‌ڕی
بێ شک، کۆتایی بێدادی زاڵمانی ئێوه‌ش، دادێ!

له‌م هه‌رێمه‌ نه‌ڕڕه‌ی نه‌ڕره‌شێران ئه‌گه‌ر نه‌ما، ئیدی
بێده‌نگبوونی لووره‌ی سه‌گی ده‌رکه‌وانی ئێوه‌ش، دادێ!

سوارچاک هه‌بوو، نه‌ ئه‌سپی ما، نه‌ تۆزی ما به‌ده‌شته‌وه‌
دامرکانی ته‌پوتۆزی که‌رگه‌وزانی ئێوه‌ش، دادێ!

زۆر مۆمی ڕوون به‌ زریانێ کوژانه‌وه‌. لێم ببیستن!
به‌ چراوه‌‌، ڕۆژی که‌وتنه‌ به‌ر زریانی ئیوه‌ش، دادێ!

کاروانسه‌رای ئه‌م ژیانه‌ زۆر کاروانی لێ تێپه‌ڕی
ڕۆژگاری بارگه‌به‌ستنی کاروانی ئێوه‌ش، دادێ!

به‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ خت و به‌ نێوچاوان، له‌ خۆ بایی مه‌بن!‌‌
هه‌وری نه‌هات، به‌ ئاسمانی نێوچاوانی ئێوه‌شدا دێ!

نۆره و کا‌یه‌‌‌، له‌ دوای که‌سان، به‌ ئێوه‌ ناکه‌سان گه‌یشت
نۆره‌ی له‌ کایه‌ده‌رچوونی ناکه‌سانی ئێوه‌ش دادێ!

پێنج و دوو ڕۆژێک بوو، ڕۆیی، دوورکه‌وته‌وه‌ ده‌وره‌ی ئه‌وان
تاق و جووتی ئه‌م مۆره‌یه‌، به‌ ده‌ورانی ئێوه‌شدا دێ!

له‌ به‌ر تیری جه‌وری ئێوه‌، قه‌ڵغانی سه‌بر ڕاده‌گرین ‌
‌تا به‌ ئێش و ژانی پیری، ئه‌و که‌وانی ئێوه‌ش، دادێ!

له‌ باغی شان و شه‌وکه‌تدا، هه‌ر چه‌ند ڕۆژێکه‌ پشکووتن
هه‌ڵوه‌رینی شان و شکۆی گوڵستانی ئێوه‌ش، دادێ!

سه‌ر و سامان، هه‌مووی ئاوه‌ له‌ گۆلاوێکدا وه‌ستابێ،
ئاوه‌ڕۆیه‌ک به‌ نێو به‌ند و بناوانی ئێوه‌شدا دێ!


ده‌مێک ساڵه‌ که‌ مێگه‌لتان به‌ گورگه‌ شوان ئه‌سپاردووه‌.
به‌سه‌رچوونی زیانه‌خورۆیی گورگه‌شوانی ئێوه‌ش، دادێ!

فیلی فه‌نا، که‌ شای به‌قای له‌ گۆشه‌دا مات کردووه‌،
هاکا بزووت، به‌ سه‌ر سه‌ری پیاده‌کانی ئێوه‌شدا دێ!

گه‌لی برا، ”سه‌یف“ ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌نده‌یه‌
که‌ ببینێ دوعای خێری به‌ زمانی ئێوه‌شدا دێ!

.......................

ئه‌وه‌ وه‌رگێڕانی شیعره‌که، وه‌رگێڕانێکی ئازاد،‌ به‌ نیازی ئاگاداربوون له‌ سه‌رنجی خوێنه‌ران بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. گه‌رچی، تا ئێستا چه‌ند وه‌رگێڕانی دیکه‌ش کراون و، ئه‌گه‌ر منیش نه‌مکردبا، جێگه‌ی به‌تاڵ نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ویستم له‌ وه‌ڵامی داواکه‌ی به‌ڕێز کاک ئه‌نوه‌ری سوڵتانیدا هه‌وڵی خۆمم دابێ.
بگه‌ڕێوه‌|2732 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|8 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
خالید مەجید | 4 Dec 2011 - 19:33
دەست خۆش تەرجەمەیەکی زۆر جوانە زیاتریش دەست خۆش بۆ دڵفراوانیەکەت بەرانبەر تێبینیەکانی کاک کامیل ئەوە تێبینی بەندەشە بەڵام دلنیام ئەوە هیچ لە جوانی کارەکە کەم ناکاتەوەو وەکو کاک کامیل ئەفەرموێ هەرخۆتان زۆر ئاسان دەتوانن بیکەنەوە شانزە برگەکە .خۆزگە غەزەلێکی ئەوشاعیرەشتان تەرجەمە دەکرد.

فه‌وزی ڕه‌مزی | 28 Jun 2010 - 16:42
ه‌ڕێز کاکه‌ ناسر.
هه‌ر به‌دووری نێوانمان ده‌سته‌ ڕه‌نگین و زێڕینه‌کانت ده‌گوشم.
نازانم له‌ کوێ وه‌ ده‌ست پێ بکه‌م، هه‌ر بابه‌تێکتان بۆ خۆی شاکارێکه‌، هه‌ر شیعرێکتان بۆ خۆی هی مه‌لیک و الشوعرایه‌که‌، هه‌ر باسێکتا بۆ خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌که‌.
کاتی خۆی " شیعری قه‌ڵغانی سه‌بر"م له‌ برای به‌ڕێز و سه‌ربازی گومناو " له‌ یه‌زدانی ئاهوورامه‌زدا خوازیارم که‌ هه‌ر ته‌مه‌ن درێژ بێت" پرسی و به‌ڕێزیشی ڕێنومایی کردم. له‌و کاته‌وه‌ بگره‌ زیاتر له‌ به‌ڕێزتم خوێندۆته‌وه‌ و هه‌ر جاره‌یش له‌ویتر لام خۆشتر و به‌ چێژتر ده‌بێت. هه‌مدیس په‌نجه‌ زێڕتاکانت خۆش .. چاوه‌ڕێێ زیاترین.
ئه‌وه‌ی به‌ڕێزت و کاکه‌ دیاکۆ ده‌یکه‌ن پاداشی له‌ لای ئێمه‌ بێشک نییه‌، مه‌گه‌ر یه‌زدان و ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کوردی سته‌مدیده‌ی قاڵبوو به‌ زانست و زانیه‌وه‌ نه‌بێت.
کۆتایی به‌ چه‌ند به‌یتێک له‌ دوو پارچه‌ هه‌ڵبه‌ستی ڕه‌وانشادی باوک ( ڕه‌مزی مه‌لا مارف) وه‌ک خۆی وه‌ته‌نی " که‌مترین شاعیری سله‌یمانی"ده‌هێنم


کورده‌ ئیمڕۆ ڕۆژی تێکۆشان و هه‌وڵ و هیمه‌ته‌
کاتی خۆ ده‌رخستنی مه‌ردانی خاوه‌ن غیره‌ته‌
ئه‌و هه‌له‌ی ئاخت به‌کوڵ بۆ هه‌ڵئه‌کێشا وه‌ختی خۆی
ئێسته‌ وا که‌وتۆته‌ به‌ر چنگت ده‌سا ده‌ی فرسه‌ته‌
هه‌ڵسه‌ داوێنت به‌لادا که‌و ، به‌ ئاسانی بڕۆ
ببڕه‌ ئه‌و ڕێیه‌ی که‌وا ئه‌تووت بڕینی زه‌حمه‌ته‌

***********
زه‌مانی ئێمه‌ ڕابورد و ئێستا خێی هیوا ئێوه‌ن
به‌ری باخی ئومێدی قه‌ومی کوردی بێ نه‌وا ئێوه‌ن
له‌ تاریکی شه‌وا، بۆ وونبوانی چۆڵی که‌م فامی
به‌ تیشکی ڕۆژی زانایی له‌مه‌ولا ڕه‌هنوما ئێوه‌ن
له‌ ناوا بۆ نه‌مانی ناته‌بایی و باوی دوو ڕوویی
یه‌که‌م تێکۆشه‌ری مه‌یدانی هه‌وڵی بێ ڕیا ئێوه‌ن‌



هه‌ربژین بۆمان / براتان /
فه‌وزی ڕه‌مزی // سویسرا
....................
کاکە فەوزیی زۆر بەڕێز!
سڵاو و سپاسی گەرم بۆ ئێوەی ئازیز. تکایە ئەگەر لە لاتە، دەقی تەواوی ئەو شیعرەی مامۆستا ڕەمزی‌م بۆ بنێرە بۆ ئەوەی لە شارستان بڵاوی بکەمەوە.
هیوام شادئ و خۆشیتانە.

هیوا | 17 Jun 2010 - 14:54
slaw o rez bo to kak naseri barez,am shera kak faredoni arshadish warigerawato ba kordi,pem wabe pewist nabo ka tosh wari gerito,ba harhal dastt khosh bo la la twana barzakat kas hasha naka

sarkawto bi
.............
سڵاو خوێنەری بەڕێز!
بەڵی! چەند مانگ لەوەپێش، لێرە لە شارستان هەرەوەزێک کرا بۆ وەرگێڕانی ئەم شیعرە. چەند کەس، لەوانە کاک فەرەیدوونی ئەرشەدی، کردیانە کوردی و هەر ئەوکات هەموو وەرگێڕانەکان بڵاوکرانەوە. هەموو ئەوانە ئێستاش لە ماڵپەڕەکەدا هەن. ئەمڕۆژانە خوێنەرێک داوای کردبوو، ئەم وەرگێڕانە - کە من کردوومە_ جارێکی دیکە بلاو بکەمەوە، بۆیە دیسان بڵاوم کردەوە.

هه‌رمان وه‌تمانی | 14 Jun 2010 - 06:03
سڵاو و ڕێز کاکه ناسر گیان
به ڕاستی نووسراوه‌کانتان له ئاستێکی زۆر به‌رز دان، به تایبه‌ت وه‌رگیڕانی شێعری شاعیرانی فارس که خۆی سه‌رهه‌ڵدانێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره له ڕه‌وتی ئه‌ده‌بیاتی کورد. هیوادارم هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بن و به‌رده‌وام.

www.watmani.blogfa.com

karwan | 13 Jun 2010 - 03:41
سلاو كاك ناسر... ماندوو نه‌بي... كاكه ئه‌وه بو بيره‌وه‌ريه‌كانت به‌رده‌وام نين... تكايه دريژه‌يان بده‌... له هه‌موو بابه‌ته‌كاني ديكه شيرينترن... چاوه‌ريين

ناسری حه‌قیقی | 12 Jun 2010 - 22:21
هه‌ربژی کاک ناسری به‌رێز بۆ ئه‌وه‌ی دیسان و سه‌دان جاری دیش له‌ هه‌ڵبه‌ست و وه‌رگێڕانه‌کانی داهاتووشتدا وه‌ک ئه‌مجاره‌ ده‌ریا ده‌ریا وشه‌ی جوان و ره‌سه‌نی کوردی بخه‌یته‌ به‌رده‌م ئه‌ویندارانی ئه‌ده‌بی کوردی.سپاس بۆ تۆ که‌ به‌ ره‌خنه‌ زویر نابی و به‌ دڵی ئاواڵه‌وه‌ وه‌ری ده‌گری و ئافه‌رین بۆ بوێریت که‌ تێبینی یه‌کانی کاک کامیلت سه‌ره‌ڕای وه‌ی کوتبووی ته‌نیا بۆخۆتم نووسیوه‌ خسته‌ به‌رده‌م خوێنه‌ر.شاد و سه‌رکه‌وتوو بی. ‌

کاوڵانی | 18 Jan 2010 - 18:11
ده‌سته‌کانت خۆش کاک ناسر گیان ته‌نیا شتێک که‌ بۆ من بۆته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ که‌ قه‌ڵغانی سه‌بز یانی چی؟ من هه‌موو جۆره‌ قه‌ڵغانێکم بیستوه‌ به‌ڵام قه‌ڵغانی سه‌بزم نه‌بیستوه‌ .ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد ده‌بێ زیره‌ک بێ و سه‌بزه‌کان بکاته‌ قه‌ڵغان به‌ لامه‌وه‌ زۆر جوانه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورده‌کان ببنه‌ قه‌ڵغانی سه‌بز ئه‌من زۆر له‌و ڕۆژه‌ ده‌ترسم خوا به‌ دورمان کا.
.........
سڵاو و سپاس کاکه‌. وه‌ڵاهی ئه‌وه‌ی له‌م سه‌ردێڕه‌دا به‌ خایاڵمدا نه‌هاتبێ، بزووتنه‌وه‌ی سه‌بز بوو. ئه‌من پێموایه‌ قه‌ڵغانی سه‌بر م نووسیوه‌. پێم سه‌یره‌ ئه‌گه‌ر بووبێته‌ سه‌بز. مه‌به‌ستیشم ئاماژه‌کردنه‌وه‌ به‌و دێڕه‌ بوو:

بر تیر جورتان ز تحمل سپر کنم
تا سختی کمان شما نیز بگذرد
یه‌که‌مین که‌سیش که‌ شیعره‌که‌ی کرده‌ کوردی، کاک کامیل بۆکانی بوو که‌ ئاوای کرده‌ کوردی:

سه‌بر ده‌كه‌مه‌ قه‌ڵغانی تیری ئێوه‌
شكانی تیر و كه‌وانی ئێوه‌ش دادێ

ئیدی قه‌ڵغانی سه‌بر م له‌ شیعره‌که‌ی کاک کامیل هه‌ڵبژارد بۆ سه‌ردێڕ. ئه‌وه‌ ئێستا چاوی لیده‌که‌مه‌وه‌ بزانم بۆ بووه‌ته‌ سه‌بز.
خۆشیتان ئاواتمه‌

كامیل بۆكانی | 18 Jan 2010 - 16:45
ده‌ست و قه‌ڵه‌م خۆش كاك ناسری خۆشه‌ویست. وه‌رگێڕانێكی گه‌لێك به‌هێز و جوان بوو. كه‌ ئه‌م وه‌رگێڕانه‌م خوێنده‌وه‌ زۆرم شایی به‌ خۆم بوو چونكه‌ دیتم روانین و داڕشتنه‌وه‌ی منیش زۆر نزیك بووه‌ له‌ وه‌رگێڕانی جه‌نابت كه‌ ده‌مێك ساڵه‌ به‌ وه‌رگێڕانه‌ جوانه‌كانته‌وه‌ جێگه‌یه‌كی تایبه‌تت له‌ دڵم دا گرتۆته‌وه‌. دان به‌وه‌ش داده‌نێم كه‌ ئه‌زموونی جه‌نابت له‌ وه‌رگێڕان و نووسین دا و خه‌زێنه‌ی زیاتری وشه‌ی كوردی له‌ لای جه‌نابت وه‌رگێڕانه‌كه‌تی زۆر له‌ هی من جوانتر و ره‌وانتر كردووه‌. من ئه‌و شێعره‌م له‌سه‌ر كێشی 12 بڕگه‌یی داڕشته‌وه‌ و ئه‌و كێشه‌ وه‌ها زوو خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ دا كه‌ به‌ بیرم دا نه‌هات كێشی 16 بڕگه‌یی (كه‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ئێوه‌ پێ داڕێژڕاوه‌ته‌وه‌) مه‌ودایه‌كی زیاتر بۆ تاودانی قه‌ڵه‌م و مه‌جالێكی ئازادتر بۆ نووسین ده‌خاته‌ به‌ر ده‌ست.
به‌ گشتیی داڕشتنه‌وه‌كه‌تان زۆر زۆر جوان بوو. ده‌ستتان خۆش بێ.

یه‌ك دوو تێبینیی بچووكیشم هه‌یه‌ كه‌ دڵنیام هیچ له‌ نرخی جوانیی وه‌رگێڕانه‌كه‌تان كه‌م ناكاته‌وه‌. و حه‌زیش ناكه‌م له‌ به‌شی بۆچوونه‌كان دا بڵاو ببنه‌وه‌. ئه‌وانه‌م ته‌نیا بۆخۆتان نووسیوه‌.
1- له‌ نیوه‌ به‌یتی "ئاوی ئه‌جه‌ل گه‌رووی گه‌لێك شا و گه‌دای گرت" كێشی شێعره‌كه‌ بۆته‌ 12 بڕگه‌یی و له‌گه‌ڵ كێشی گشتیی شێعره‌كه‌ كه‌ 16 بڕگه‌ییه‌ ناته‌باییه‌ك ساز ده‌كا و له‌ راستیدا له‌و نیوه‌ به‌یته‌دا سه‌كته‌یه‌ك بۆ خوێنه‌ر دروست ده‌بێ.
2- له‌ نیوه‌به‌یتی "به‌ ئه‌ستێره‌ی به‌خت و نێو چاوان له‌ خۆبایی مه‌بن" كێشی شێعره‌كه‌ بۆته‌ 15 بڕگه‌یی. واتا بۆته‌ 4+4+3+4 و ئه‌وه‌ش هه‌ر سه‌كته‌یه‌كی ناخۆش بۆ خوێنه‌ری شاره‌زای شێعر دروست ده‌كا. بۆ وێنه‌ ئه‌وه‌ ره‌وانتره‌ " به‌ ئه‌ستێره‌ی به‌خت و نێوچاوانتان له‌ خۆبایی مه‌بن"
3- له‌ نیوه‌به‌تی كۆتاییش دا واتا "كه‌ ببینێ دوعای خێر به‌ زمانی ئێوه‌ش دادێ" دیسان كێشی شێعر كراوه‌ته‌ 15 بڕگه‌یی كه‌ ئه‌ویش ده‌توانێ ئاوا چاك بكرێ "كه‌ ببینێ دوعای خێر به‌سه‌ر زمانی ئێوه‌ش دادێ
"
...........
سڵاو و سپاس کاکه‌ کامیلی به‌ڕێز!
کاکه‌ گیان ئه‌و کێشه‌، 16 بڕگه‌یی، وه‌رگێڕانه‌که‌ی زۆر هاسانتر ده‌کرد، بۆیه‌ دوای هێندێک سێ و دوو، ئه‌وه‌م هه‌ڵبژارد. ده‌زانم بڕێک له‌ کێشی فارسییه‌که‌ دووره‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م کاری هاسان کردمه‌وه‌. له‌ دڵی خۆمدا زۆر ئافه‌رینم کردی که‌ تۆ به‌ 12 بڕگه‌، ده‌ره‌قه‌تی وه‌رگێڕانی هاتی. ئه‌وه، یانی 12 بڕگه‌ییه‌که‌ی تۆ هه‌ڵتبژاردووه‌،‌ مرۆڤ ناچار ده‌کا زۆر چڕ بنووسێ و،وشه‌ زۆر ئه‌مبار و ئه‌وبار بکا، تا وشه‌ی گونجاو ده‌بینێته‌وه‌.
تێبینییه‌کانت هه‌مووی دروستن. یه‌کیان په‌له‌ له‌ پێداچوونه‌وه‌دا وای لێکرد، ده‌نا خۆم وام ده‌خوێنده‌وه‌: که‌ ببینێ دوعای خێری به‌ زمانی ئێوه‌شدا دێ.
ئه‌وانی دیکه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و چاک ده‌که‌م. بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی دیکه‌ش له‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ معاف بن، ئه‌وه بڵاوکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌که‌ی تۆ کاریان ئاسان ده‌کاته‌وه‌.
بژی بۆ برات. ‌

بۆچوون بنێره‌






ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia