شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar


گوڵەگەنمی بەر گەرما و سپیداری بەر باران

9 Oct 2015

فەسڵی دروێنە، بەرەبەیان، هێشتا شەوی مابوو وەدەر دەکەوتن. گۆزەیەک ئاو و جامێکی فافۆن و کیتەڵەیەک ماست و پرێسکەیەک نانیان دەخستە نێو دووتای خورجێنی سەر پشتی گوێدرێژێک و لە دێ وەدەر دەکەوتن. کاتێک تاو هەڵدەهات ئەوان یەک دوو بەری چاکیان لە دروێنە دەرکردبوو. لە بن سێبەری گیشەگەنمێک دادەنیشتن، ماستەکەیان لە نێو جامە فافۆنەکەدا دەکردە ماستاو و نانیان پێ دەخوارد. دوایەش ئاوێکیان لە جامەکە وەردەدا و، ئیدی کە تینوویان بوایە، بەو جامە، لە ئاوی گۆزەکەیان دەخواردەوە. گۆزەکەیان لە پەنایەکی سێبەر، لە نێو باقەگەنمێک دەچەقاند. ئاوەکە، زۆر سارد نەبوو، بەڵام لەو مەزرا وشک و گەرمە و، لە نێو بۆنی کوڵۆش و گوڵەگەنم و دڕووەزەرکەدا، هەناوی تازە دەکردنەوە

سنگێک پڕ لە هەناسەی گۆلی وان

28 Aug 2015

پێشمەرگەکەی هاوڕێی کە تا ئێستا بێدەنگ لە گۆشەیەک وەستابوو، هاتە ژوور سەری بریندارەکە. دانەوی و، ماچی کرد. تەوێڵی ماچ کرد و بە کرمانجی شتێکی گوت، کە باشم نەبیست. پێم وایە ماڵاوایی لێ‌کرد

بێدەنگی و بۆنی جاترە

27 Aug 2015

کچان و ژنان، هەر یەکی سەتڵیکی فافۆن بەدەستەوە، دادەگەڕان بۆ مەڕدۆشین. هەتا ئەوان لە مەڕدۆشین دەبوونەوە، سەید ڕەحمانیش لە ماڵێ قەندوچا و کتری و چادان و یەک دوو کوتەبەڕە و لێفەی لە گوێدرێژەکە دەنا و، بەرەو خوار دادەگەڕا. شەوانە لە گەڵ بابی لە کن مەڕی دەمانەوە. بارانیش باریبا دەچوونە بن کەپەنکەکەیان. سەید ئەحمەد گۆچانەکەی دەکردە ستوون، قاپووتەکەی بەسەردادەدا و لە گەڵ سەید ڕەحمان دەچوونە بنی

خاک و خۆرەتاو

27 Aug 2015

ئەوانی کەم تەمەنتر بوون بە "دەروێش حەمەد" دەیانناسی. گۆیا بەینێک هەوای دەروێشی لە سەری دابوو. چووبوو سەروپرچی هێشتبووەوە و ڕێی عەوداڵانی گرتبوو. دواتر زانیبووی ئەوەی بۆ ناچێتەسەر لە خانەقایەک پەنا بگرێ، دەبێ کاسپی بکا و ماڵ و منداڵ بەخێو بکا. شانی دابووەوە بەر دروێنە و مەڵەغانگێڕان.

شێرکۆ بێکەس

27 Aug 2015

ناوەڕاستی هەشتاکان بوو. ئێوارەیەکی پاییز، لە کارێزەوە بەرەو مالوومە، بە پێیان بەڕێوە بووین. گەیشتنیە گاپیڵۆن. تاوێک لەوەپێش ڕێژنەبارانێک باریبوو. بەڵام زۆری نەخایاند و، باران لێی کردەوە و هەورەکان ڕەوینەوە. هەڵمێکی گەرم لە هەوادا وەستابوو. لە نێودێ، دووکانێکی بچووک بە قەراخ ڕێگاکەوە بوو. لامان دا.

لە سەر حەسیرەکە

26 Aug 2015

کە هەوای خۆش بوایە، بە هەردووکیان حەسیرێکیان لە بەر دەروازەی دەرێ رادەخست. مام حەمە کەریم پشتی بە دیوارە گڵەکەوە دەدا و سەبیلەی دەکێشا. خات زارا، بە لایەوە دادەنیشت و باس و خواسی نێو دێیەکەی بۆ دەگێڕایەوە.

سێ هەرمێ کێویلە

1 Mar 2012

ئەمڕۆ چوومەوە نێو کاغەزەکان. پاکەتێکی گەورەم وەبەر دەست هات، کە نازانم کەی پێچاومەتەوە. لە بیریشم نەماوە چیی تێدا هەڵگیراوە. یادداشتی جۆراوجۆر... شیعری ناتەواو، نامە لە سەر کاغەزی جۆراوجۆر هەر یەکەی لە ڕەنگێک، شین و سەوز و پەمەیی... سەرەنجام پەڕە کاغەزێک هاتە بەر دەستم، دیوێکی نووسراوە و دیوەکەی دیکەی نا. ژمارەی لاپەڕەشی پێوە نییە. دەزانم لاپەڕەیەکە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانم، بەڵام هی کام دەفتەر و، چ ڕۆژێک؟ نووسراوەکە بە نیوە ڕستەیەک دەست پێدەکا و بە ڕستەیەکی ناتەواو کۆتایی پێدێ

فرمێسک و پێکەنین (5)

19 Feb 2012

ماوەیەک بوو لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکان دابڕابووم. بەشی پێشتر، بەشی چوارەم،کۆتایی مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠٠٩ بڵاو کرایەوە. ئەوە ئێستا بەشی پێنجەم بڵاو دەکەمەوە.

فرمێسک و پێکه‌نین (4)

26 Nov 2009

به‌شی چواره‌می بیره‌وه‌رییه‌کان

باسی ”عیلماباد“م پێشتر له‌ گه‌لێک نوکته‌ و بیره‌وه‌ریدا له‌ هه‌ژار بیستبوو. ئه‌وکاتی ماڵمان له‌ که‌ره‌ج بوو، له‌ گه‌ڵ ماڵی مام هه‌ژار دراوسێ بووین. هاتوچۆمان هه‌بوو. دانیشتنی مام هه‌ژارم له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێخۆش بوو که‌ پڕ بوو له‌ نه‌قڵ و بیره‌وه‌ری و نوکته‌ و به‌سه‌رهاتی سه‌یروسه‌مه‌ره‌. پیاوێکی دنیا دیده‌ بوو.

فرمێسک و پێکه‌نین (3)

11 May 2009

به‌شی سێهه‌می بیره‌وه‌رییه‌کان

هاوکاره‌که‌مان، ئه‌وه‌ی ناتوانم ناوی بێنم، یه‌کجار پیاوی چاک بوو. خه‌ڵکی گوندێکی بۆکان بوو. پیاوی وا قسه‌خۆشم که‌م دیوه‌. که‌مدوێنێش بوو. جاروبار نه‌با قسه‌ی نه‌ده‌کرد، به‌ڵام که‌ قسه‌ی ده‌کرد هێنده‌ ورد و داناردانار ده‌دوا، مرۆڤ هه‌ر حه‌زی ده‌کرد جارێ نه‌یبڕێته‌وه‌. کوتی جارێکی که‌ چوومه‌وه‌ ماڵێ، میوانی لێبوو. یه‌کیان مه‌لایه‌ک بوو. به‌خێرهاتنم کردن. مامۆستا له‌ جوابمدا گوتی ”ئه‌دی. تووری ته‌ره‌غه‌ی به‌نێوبانگه‌“.

لێره‌ زیاتر بخوێنه‌وه‌
1 2 >



ده‌ستپێ��|پێوه‌ند�� |copyright © 2009 sharistan.org|Design by Chia