شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

شیعر و ده‌نگ

4 May 2009

که‌فتم وه‌ی شوونت وه‌ی مه‌چوو مه‌چوو
یاخوا له‌چکه‌که‌ت گیر بخوه‌یده‌ چوو!

شیعر، نهێنییه‌کی تێدایه‌ مرۆڤ ناتوانێ په‌ی پێ به‌رێ. بۆچی هه‌ندێک وته‌ به‌ دڵته‌وه‌ ده‌نووسێ وتێکه‌ڵ گیانت ده‌بێ؟ چ شتێک وا ده‌کا هه‌ندێک وته‌، وا هه‌ستبزوێن بن؟ ئه‌و شیعره‌ی تۆ به‌ بیستنی ئۆخژن و سوکنایی به‌ گیانتدا دێ و جوانی به‌ هه‌موو مانای خۆی ده‌چێژی، ده‌بێ چ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌بێ؟
وشه‌ی جوانی تێدا بێ؟
دیمه‌نی جوانی وێنا کردبێ؟
به‌ ده‌نگی خۆش بیبیستی؟
وردبینی و باریک‌بینیی تێدا بێ؟
بیری قووڵی تێدا بێ؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ شیعری چاک پێویستن، به‌ڵام جاری وایه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش شیعرێک وا لێناکه‌ن له‌ گیانت بگه‌ڕێ. جاری واشه‌، وته‌یه‌کی ساکار به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێت بڵێ کام له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدایه‌، یه‌کسه‌ر له‌ ژێی گیانت ده‌دا.
ئه‌و دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ ده‌نگی ناسری ڕه‌زازی ببیسته‌ تا هه‌ست به‌ جوانییه‌که‌ی بکه‌ی. وته‌یه‌کی تا بڵێی ساکاره‌:

به‌ ”مه‌چۆ، مه‌چۆ!“ که‌وتوومه‌ته‌ شوێنت. خۆزگه‌ له‌چکه‌که‌ت له‌ په‌لی دارێک بئاڵێ و ساتێک بوه‌ستی تا من بتبینم!


ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ فۆلکلۆر، جاری وایه‌ شتی سه‌یری تێدایه‌. ده‌ربڕینی وا که‌ تۆ له‌ دیوانی شاعیراندا، ته‌نانه‌ت له‌وانی هه‌ره‌گه‌وره‌دا جاروبار نه‌بێ نایبینی. له‌ فۆلکلۆردا، سكاڵایه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ هه‌یه كه لێواولێوه له جوانی:

ون بوون له ناو كۆڵانه‌پێچاوپێچه‌كانی شاراندا، كه دڵی خۆته و، په‌رده‌ی ڕه‌نگ په‌مه‌یی هه‌نار له یه‌كیان جیا ده‌كاته‌وه:

یه دڵه‌كه‌ی منه، ئه‌ونه‌ی هه‌نارێ
سه‌د كووچه‌ی ها تیا، هه‌ر یه‌ك له شارێ.

یان ئه‌وه‌یان:
یه دڵه‌كه‌ی منه وه‌ك كۆته‌ی قه‌ساو
ئه‌ونه زامیاتیا، نه‌دارۆ حه‌ساو
ئه‌وه دڵه‌كه‌ی منه، وه‌ك كۆلكه‌ی گۆشت ئه‌نجنینی به‌رده‌ستی قه‌ساب، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی زام تێدایه، له ژماره نایه. له دێڕی دواتردا، ئه‌م كۆلكه زامداره گوڵڕه‌نگه، مانایه‌كی به‌رینتریش په‌یدا ده‌كا:

یه دڵه‌كه‌ی منه، چون كۆته‌ی گوڵڕه‌نگ
هه‌ر مه‌وج ئه‌پێكێ وه‌ك حه‌سێڵ ته‌نگ

ئه‌م كۆته گوڵڕه‌نگه، وه‌ك ئه‌ستێركێكی ته‌نگ، وه‌ك گۆلاوێكی بچووك، یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك، شه‌پۆل ده‌نگێوێ.
ئه‌وه داهێنانێكی به‌رزه. له‌ کتێبه‌کانی شیعردا، جاری وایه‌ سه‌دان لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵده‌ده‌یه‌وه‌ و تووشی شیعرێکی ئاوا نابی.

من نازانم شیعر گۆرانیی خوڵقاندووه‌ یان گۆرانی شیعری خوڵقاندووه‌. له‌ مێژووی کۆنی مرۆڤدا، ئه‌م دووانه‌ ته‌نیا به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌بوون. هیچیان به‌ بێ ئه‌وی دیکه‌ نه‌بوون. ده‌نگی خۆشیان به‌وه‌ ده‌رده‌خست شێعری پێ بچڕن، شیعریش بۆ ئه‌وه‌ ڕێک ده‌خرا به‌ ده‌نگی خۆش بگوترێ. شیعر نه‌ده‌خوێندرایه‌وه‌، به‌ به‌سته‌ ده‌گوترا.

پێموایه‌ ئێستاش ئه‌م دووانه‌ جوانیی یه‌کتر ده‌رده‌خه‌ن.

ئازیزێ! ده‌وره‌ ئازیزێ!
ئازیزه‌ جوانێ!

به‌وان ئه‌ستێران ده‌که‌م ئه‌گه‌ هه‌ڵدێن له‌ چه‌قی ده‌ ئاسمانێ!
به‌وان حه‌رفان که‌م ئه‌گه‌ر ده‌رده‌چن له‌ قورئانێ!
به‌وان گه‌وره‌ کیژان ده‌که‌م ئه‌گه‌ر دینه‌ده‌ر له‌وێ ماڵێ، له‌وێ خانه‌دانێ!
ئه‌گه‌ر نه‌مده‌نێ به‌ژنه‌کی بڵند و دووچاوی ده‌به‌ڵه‌ک
له‌ خۆم حه‌رام ده‌که‌م نان و ئاوی ئێرانێ!

کوڕ ده‌ڵێ: ”کیژێ! من پیر نه‌بووم،
پیرت ده‌کردم.
ده‌رده‌دار نه‌بووم،
ده‌رده‌دارت ده‌کردم.
ڕه‌نگ‌زه‌رد و لێوبه‌بار نه‌بووم،
ڕه‌نگ‌زه‌رد و لێوبه‌بارت ده‌کردم.
ده‌تکردم به‌ تۆزێک، به‌ بانانت وه‌رده‌کردم،
بانان وه‌خۆیان هه‌ڵنه‌ده‌گرتم،
کزه‌بایه‌کی شه‌ماڵی ده‌دا و، به‌ به‌حری ده ‌موحیتی وه‌رده‌کردم.
کیژی ده‌ وان گه‌وره‌ماڵ و نه‌جیب و خانه‌دانان
ده‌یانکرده‌ ئافتاوه‌ و له‌گه‌ن و ده‌ گه‌وره‌ماڵیان ڕاده‌بردم
هه‌موو ئێواره‌ و سبیانان
سنگ و مه‌مکی خۆیان پێ ده‌شوتم.
ئازیزێ وه‌ی!
بگه‌ڕێوه‌|2581 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|1 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
كاروان | 5 May 2009 - 09:06
فولكلور پره له جواني و غوربه‌ت...! ئه‌وه‌ي فولكلور هه‌لگريه‌تي داهينان و ئافراندن نيه، ژيان و هه‌ست پيكردنه، ئه‌وه‌يه كه واده‌كات ليوانليو بيت له جواني، له ئازاره‌كاني ئينسان‌بوون!
«باران بارانه نم نم دايداوه.... يارم باري كرد كه‌س نه‌يگيراوه»
ئه‌مرو ليره نم نم دايداوه‌ته باران.

بۆچوون بنێره‌