شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

له‌بابه‌ت پێویستیی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و چاره‌دیتنه‌وه‌ی هاوبه‌ش

26 Apr 2009

باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌، ئێستا باسی سه‌ره‌کییه‌ له‌ نێو چالاکانی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ به‌ په‌رۆشی چاره‌نووسی کۆمه‌ڵه‌وه‌ن. به‌ڵام ئه‌و باسه‌ هه‌تا ئێستا له‌ سنووری بیرلێکردنه‌وه‌ و لێدوان تێپه‌ڕ نه‌بووه‌. هێشتا ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری یه‌کگرتنه‌وه‌ن، چ هه‌نگاوێک به‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی و پێویست ده‌زانن و چ نه‌قشه‌یه‌کیان بۆی هه‌یه‌. باسی یه‌کگرتنه‌وه‌، به‌ بێ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ی بوونه‌ هۆی جیابوونه‌وه‌کان، به‌ ئه‌نجامێک ناگا. له‌ کاتی سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌کاندا، که‌متر ده‌رفه‌تی گفتوگۆی هاوبه‌ش و ڕاوێژ بۆ چاره‌دۆزینه‌وه‌ دێته‌پێش.

ئه‌وانه‌ی به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌کی ده‌توانن لایه‌نی یه‌کگرتنه‌وه‌ بن، یان لایه‌نی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ردیتنه‌وه‌ بن، ئه‌م سێ لایه‌نه‌ن:
- کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان
- فراکسیۆنی کارکردن به‌ ناوی کۆمه‌ڵه‌

ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری هێزه‌کانی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سێ ڕه‌وته‌ن. ئه‌و به‌شه‌، چ به‌ ژماره‌ و چ به‌ قورسایی، هێزیکی گه‌وره‌ن. ئه‌و که‌سانه‌، یان لایه‌نگر و دۆستی یه‌کێک له‌م سێ ڕه‌وته‌ن، یان له‌ حاڵه‌تی لێکنزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌م سێ ڕه‌وته‌دا، ئاماده‌ن کاریان له‌ گه‌ڵ بکه‌ن یان پشتیوانییان لێ بکه‌ن. ئه‌و که‌سانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێکخراو نین، له‌ کرده‌وه‌دا ناتوانن به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوو، له‌ پرۆسه‌ی باسه‌کاندا وه‌ک لایه‌نێکی جیاواز به‌شدار بن، به‌ڵام له‌ باسه‌کان و ڕێگادیتنه‌وه‌دا، ده‌توانن ده‌ورێکی زۆر کاریگه‌رتر له‌وه‌یان هه‌بێ که‌ خۆیان پێی‌ده‌زانن.

گرنگه‌ ئه‌م سێ ڕه‌وته‌ ڕێکخراوه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ناویان هێنرا، ئه‌گه‌ر لایه‌نگری یه‌کگرتنه‌وه‌ن، یان ئه‌گه‌ر ئاماده‌ن له‌ باسه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌کانی تا ئێستادا به‌شدارییه‌کی کاریگه‌ر بکه‌ن، وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م، یادداشتیکی تێکگه‌یشتن (ته‌فاهوم) ئیمزا بکه‌ن. له‌و یادداشته‌دا، سێ لایه‌نه‌که‌‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن:
- له‌ ئاستێکی گشتیدا یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ به‌ قازانج ده‌زانن.
- ئاماده‌ن له‌ باسه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌دا به‌شداری بکه‌ن.
- له‌ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و، ڕاوێژ و چاره‌دیتنه‌وه‌ی هاوبه‌ش پێشوازی ده‌که‌ن.

ئیمزاکردنی یادداشتێکی له‌م چه‌شنه‌، ده‌توانێ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رێته‌ قۆناغێکی تازه‌. مه‌رجێکی گرنگی به‌ره‌وپێشچوون له‌م پرۆسه‌یه‌دا، ئاشکرا بوونی باسه‌کانه‌. به‌ قازانجی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی کوردستان و به‌ره‌وپێشچوونی فه‌رهه‌نگی سیاسیی کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هێزی فیکریی پشتیوانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌تی پێ‌بدرێ له‌و باسانه‌ ئاگادار بێ و تێیاندا به‌شدار بێ.
بگه‌ڕێوه‌|2297 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|7 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
ناسری حیسامی | 4 May 2009 - 16:19
خوێنه‌ری به‌ڕێز، ئاله‌ ئوله!‌
له‌و لایه‌نانه‌ی باست کردوون:
کۆمه‌له‌ی زه‌حمه‌تکێشان- ڕه‌وتی یه‌کگرتنه‌وه‌، ده‌توانێ یه‌کێک له‌ لایه‌نه‌کانی یه‌کگرتنه‌وه‌ بێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌، وه‌ک له‌ هه‌ندێک له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانیش باس کرا، له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌و سێ لایه‌نه‌ی باسیان کراوه‌، گفتوگۆیان هه‌یه‌ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌، پێموابوو ئه‌وان ڕه‌نگه‌ پێش ئه‌وه‌ش که‌ پرۆسه‌یه‌کی گشتیتری یه‌کگرتنه‌وه‌ ده‌ست پێبکا، له‌ گه‌ڵ لایه‌نێک یه‌ک بگرنه‌وه‌.
پارتی سۆسیال دیموکرات (ڕۆژهه‌ڵات)، گه‌رچی به‌شێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی، ئه‌ندامانی له‌مێژینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌ خۆی به‌ باڵێکی کۆمه‌ڵه‌، یان حیزبێک له‌ چوارچێوه‌ی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه‌دا نازانێ، هه‌ڵگری ناوی کۆمه‌ڵه‌ نییه‌ و، خۆی به‌ ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ناناسێنێ. بۆیه‌ من پێموانییه ئه‌و حیزبه‌ یه‌کگرتن له‌ گه‌ڵ باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی داهاتووی خۆی چاو لێ بکا.
کۆڕی یاران، ڕێکخراویک نییه‌ له‌ ده‌وری به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی، یان بۆ کاری حیزبی پێکهاتبێ. ڕێکخراوی ناحیزبیی کۆمه‌ڵێک له‌ تێکۆشه‌رانی دێرینی کۆمه‌ڵه‌یه‌‌، که‌ گه‌رچی له‌ لایه‌نێکی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه‌ نزیکترن، به‌ڵام خۆی وه‌ک ڕوانگه‌یه‌کی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ له‌و سێ لایه‌نه‌ی ناویان هاتووه‌ پێناسه‌ ناکا.
تێکۆشه‌رانی له‌مێژینه‌ی کۆمه‌ڵه‌، وه‌ک پێشتریش وتم له‌ پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا، قورساییه‌کی زۆریان هه‌یه‌ و، به‌ بڕوای من ده‌توانن ده‌ورێکی چاره‌نووسسازیان هه‌بێ، به‌ڵام تا ئێستا له‌ نێو هیچ به‌شێکی ئه‌و هاوڕێیانه‌دا قه‌واره‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی، یان پلاتفۆرمێک که‌ ژماره‌یه‌کیان وه‌ک لایه‌نێکی جیاواز له‌ ده‌وری یه‌ک کۆبکاته‌وه‌ نابینرێ. له‌وانه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ژماره‌یه‌ک له‌و هاوڕێیانه‌ وه‌ک ڕوانگه‌یه‌کی جیاواز بیانهه‌وێ به‌شداریی باسه‌کان بکه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ نابینرێ.
ناسری حیسامی

تاله‌ئوله‌ | 28 Apr 2009 - 21:15
کاک ناسر سڵاو
یه‌ک پرسیاره‌
کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێر- ڕه‌وتی یه‌کگرتنه‌وه‌ و پارتی سوسیالدیموکراتی کوردستان(ڕۆژهه‌لات) و کۆڕی یاران و که‌سایه‌تیه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌کانی دیکه‌ له‌کوێی ئه‌م کاتیگۆریه‌ قه‌رار ده‌گرن

31BOKAN | 28 Apr 2009 - 08:36
سڵاو بۆ کاک ناسری خۆشه‌ویست و هاوڕێیانی ئازیز
وێڕای ده سخۆشی و پیرۆزبایی له دانانی ئه‌م ماڵپه ره به‌نرخه، ویستم له‌م ڕێگه‌وه سه‌رنج و تێبینی خۆم له مه‌ڕ پرسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی کۆمه‌له باس که‌م. به‌ڕێزان به قه‌ولی مام ئه‌حمه‌دی موسێ کای کۆن به با کردن له‌م پرسه دا هیچ قازانجێک به باسه‌که‌مان ناکا، دیاره مه‌به‌ستم له کای کۆن، گفتوگۆ کردن له سه‌ر ئه‌و مه سه‌لانه نییه که بیروڕای جیاوازمان هه‌یه له سه‌ریان، به‌ڵکوو ئه‌و مه‌سه‌له لاوه‌کیانه‌ن که بو وینه له نووسراوه‌که‌ی به‌ڕێز هاوار دا هاتووه، ئه‌وه‌ی که فڵانه یان فیساره که‌س له فڵان کات و شوێن چی گوت و چی کرد. ئه گه ربڕوانینه نووسراوه‌که‌ی کاک ناسریش به جوانی ده‌رده که‌وێ که له‌و کاته‌دا، به قه‌ولی ئه‌و که ڕاپه‌ڕین سه‌ری هه‌ڵدا زۆر که‌س له هه‌ر لایه‌ک بووبێ، زۆرتر له ڕووی ئیحساس و کاردانه‌وه ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی کردووه، جا بۆیه به بڕوای من، ئێستا که حاڵ و هه‌وا هێور بوه‌ته وه و زۆربه ی هه ره زۆری هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه له حه‌ولی گفتوگو بۆ دیتنه‌وه‌ی ڕێچاره یان میکانزمێکن بو لێک نزیک کردنه‌وه‌ی هه‌موو به‌شه‌کانی کومه‌له، کای کۆن به با کردن، ته‌نیا زیان به باسه‌که ده‌گه‌یێنێ.
له سه ر ئه‌سڵی مه سه‌له‌که‌ش که یه‌کگرتنه‌وه بێ، به ڕای من خاڵه هاوبه‌شه‌کان گه‌لێک له جیاوازییه‌کانمان زۆرتر و گرنگترن، جا بۆیه که‌مێک سه‌بر و مه‌تانه ت و له بیر‌کردن و پشت‌گوێ خستنی بیره‌وه‌رییه ناخۆشه‌کانمان ده‌توانێ ڕێگا بۆ گفتوگو و تێکه‌ڵ بوونه‌وه خۆش کات.
له گه‌ڵ ڕێزی دووباره بۆ هه‌موو ئازیزان

hawar | 27 Apr 2009 - 16:10
سـلاو بـۆ خـوینه‌رانی ئـه‌و بابــه‌تـه‌ و ئـه‌و که‌سانـه‌هـه‌وڵـى ڕاسـتـه‌قـیـنـه‌ بۆ یـه‌ك گرتنـه‌وه‌ی کومـه‌ڵـه‌ ده‌دن.
د ه‌بــێـت ئێــستا بـڵێى دنیایـه‌كـى سـه‌یره‌ گوڵـم. له‌مـه‌ڕ بـوچـوونـه‌که‌ی سـه‌جـیم، له‌ڕاستـیدا زۆربـه‌ى نووسراوه‌کانـى کاك ناسـر ئــه‌ده‌بـیاتـیان تـێـدایـه، ‌بـه‌تایــبه‌ـت ئو نوسراویـه‌ کـه‌ کاك ناسر لـه‌سـه‌ر حـیـزبـى کۆمـه‌ڵـه‌ی ئـیـرانـى نوسـیـبو ، باڵـى کاك عـبدوڵا، ئاغای سـه‌جــیـم ۆڵامـى کاك ناسری دابـو وه‌چـنـد ژهـراوی بو ، کاك ناسری بـه‌بـى ئاگا لـه‌واقـیـعـتـو ناشـه‌فاف وه‌سـف کردبو ، بـه‌ڵام ئێـستا كـه‌لـه‌گـه‌ڵ کومـه‌ڵـه‌ی زحـمـه‌تکـێـشان دا نـه‌ماوه ‌نوسراوکانـی بـه‌ئــه‌دبیاتــه‌وه‌پـیـناسـه ‌ده‌کات، هـیوادارم کاك سـه‌جـیم جوان بـیری له‌واقـع کردبـیـتـه‌وه‌، ئه‌ـو نوسراوانه‌ـی کاک ناسـر چـ ‌لـه‌ ڕابردو دا و ئه‌وانـیـش له‌داهاتودا ده‌یان نوسیــت هـه‌روا بـه‌پر له‌ئـه‌دبیاتـه‌وه‌پیـناسیان کات. له‌گـه‌ڵ ڕیـزم

مسته‌فا/سوئید | 27 Apr 2009 - 11:11
کاک ناسر گیان سلاو! کآكه گیان سه‌د بریا بمان توانیبا پێش یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌ نیزیکه‌وه‌ له‌گه‌ل یه‌کتر دیالوگمان کردبا بو یه‌کگرتنه‌وه‌ چوونکه‌ زوور قسه‌ هه‌یه‌ پیویسته‌ له‌ نیو خوومان دا بکری جا ئه‌و جاره‌ روو به‌ ده‌ره‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین. ‌

كومار | 27 Apr 2009 - 07:07
سڵاو بۆ كاك ناسری خۆشه‌ويست . هه‌وڵ بۆ يه‌کگرتنه‌وه ی کومه‌له کارێکی پیرۆزه. ئاواتی كۆمه‌ڵانی خه ڵكی كوردستانه.

فه‌رامه‌رز سه‌جیم | 26 Apr 2009 - 22:15
ئه‌م کاته‌تان باش. ئه‌م نووسراوه‌یه‌م خوێنده‌وه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ نووسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌م. دیاره‌ ناوی نووسه‌ری له‌ سه‌ر نه‌نووسراوه‌. جا نازانم چوونکه‌ ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ هی کاک ناسری حیسامییه‌ ئایا ده‌بێ به‌وه‌دا بزانین که‌ ئه‌م نووسراوه‌یه‌ش هی به‌ڕیزیانه‌ یان هی که‌سی دیکه‌یه‌.کاک ناسر تکایه‌ له‌ سه‌ر یان له‌ خوارووی بابه‌ته‌کان ناوی نووسه‌ره‌که‌ بنووسن. من به‌ ئه‌ده‌بییاته‌ پاراو و جوانه‌که‌یدا هه‌ستم به‌وه‌ کرد که‌ هی کاک ناسر بێت. هه‌ڵبه‌ت یه‌ک شتی دیکه‌ش هه‌یه‌. کاک ناسر هه‌میشه‌ نووسراوه‌کانی کورته‌ و درێژدادڕی ناکات و ئه‌وه‌م پێ زۆر باشه‌. ده‌سته‌کانت خۆش بێت

بۆچوون بنێره‌