شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

له‌بابه‌ت فه‌رهه‌نگی سیاسی: نامه‌یه‌ک بۆ کاک هێمن سه‌یدی

17 Apr 2009

سڵاو کاک هێمنی به‌ڕێز! من به‌ عه‌لاقه‌وه‌ نووسراوه‌کانی ئێوه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌. پێم وایه‌ ڕه‌وتێکی تازه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌ کوردستانی ئێران سه‌ری هه‌ڵداوه‌ که‌ زۆر جێگای دڵخۆشییه‌. ڕه‌وتێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ که‌ به‌ ڕابوردوودا ده‌چێته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵه‌ و گرفته‌کان ده‌کۆڵێته‌وه‌. ڕه‌وتێک که‌ نه‌ک له‌ ڕوانگه‌ی حیزبێکه‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ کێشه‌کان. کاره‌که‌ی ئێوه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌ و زۆر به‌ نرخه‌. نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و کاره،‌ زنجیره‌ وتاره‌ به‌ نرخه‌که‌ی کاک حاته‌می مینبه‌ری بوو. من پێموایه‌، ئه‌م باسه‌ وه‌ک ئێوه‌ش نووسیوتانه‌، نابێ ڕێگا بدرێ پشتگوێ بخرێ و فه‌رامۆش بکرێ.
ڕاسته‌، شه‌ڕ ته‌واو بووه‌، به‌ڵام کارنامه‌ی بیست ساڵی دوای شه‌ڕه‌که‌، نیشانی داوه‌، ته‌واوبوونی شه‌ڕه‌که‌، ته‌نیا له‌ ئاستی ته‌قه‌وه‌ستاندایه‌، ئه‌گینا هه‌مان فه‌رهه‌نگی سیاسی که‌ شه‌ڕی لێکه‌وته‌وه‌، ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌. فه‌رهه‌نگێک که‌ جیاوازیی بیروڕای سیاسی به‌ڕه‌سمی ناناسێ، حیزبه‌کان و بیروڕا جیاوازه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر ته‌عامول ناکه‌ن، جیاوازییه‌کان به‌ ئاشکرا باس ناکرێن و خاڵه‌هاوبه‌شه‌کان دیاری ناکرێن.
ئێمه‌ ده‌زانین حیزبایه‌تی، دیارده‌یه‌که‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌ هاتووه‌. له‌وێ حیزبه‌کان، جیاوازییه‌کانی خۆیان له‌ قالبی به‌رنامه‌ی سیاسیی جیاواز و پرۆژه‌ی جیاوازدا که‌ ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌ستی کۆمه‌ڵگاکه‌یان، ڕاده‌گه‌یه‌نن. له‌ جیاتی ئاره‌زووه‌کان و وه‌سف و پێداهه‌ڵگوتنی خه‌ونه‌کانیان، به‌رنامه‌ی سیاسی و هه‌نگاوی دیاریکراو بۆ قۆناغی زه‌مانیی دیاریکراو ڕاده‌گه‌یه‌نن. به‌مجۆره‌، له‌ هه‌مانکاتدا که‌ جیاوازییه‌کانیان به‌ ئاشکرا به‌رچاو ده‌که‌وێ، له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌شیش هاوکاری و هاوئاهه‌نگی ده‌که‌ن. به‌ گشتیش شتێکیان هه‌یه‌ که‌ ناوی ”به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگاکه‌“ یان ”به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی“یه‌. ئه‌وه‌ هێڵی سووریان بۆ دیاری ده‌کا. له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، به‌داخه‌وه‌، حیزبه‌کان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی سیاسیی دیاریکراو بده‌ن، خه‌ونه‌کانیان ده‌گێڕنه‌وه‌. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌ سیاسییه‌کانیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای خۆیان، ئاره‌زووه‌کانیان به‌شه‌ڕ ده‌ده‌ن. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ ئاشکرا ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌کتر بگرن، بێده‌نگه‌ ده‌که‌ن و ده‌نگ له‌ یه‌کتر داده‌گۆڕن. له‌ کاتی ئاساییدا، ئاماده‌ نین شان له‌ شانی یه‌کتر بده‌ن، به‌ڵام که‌ قسه‌یان تێکگیرا ئاماده‌ن شه‌ڕ بکه‌ن. که‌ شه‌ڕه‌که‌ش ته‌واو بوو، ئاماده‌ نین لێی بدوێن. ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ نێوان کۆمه‌ڵه‌ و حیزبی دیمۆکراتدا وا نییه‌، له‌ نێوان به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ و به‌شه‌کانی حیزبی دێمۆکراتیشدا وایه‌. به‌شه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ش له‌ گه‌ڵ یه‌کتر وان. به‌شه‌ جیاوازه‌کانی حیزبی دیمۆکراتیش له‌گه‌ڵ یه‌کتر وان. ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگێکی سیاسییه‌. ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ له‌ ئه‌فغانستان و سۆمالیش هه‌یه‌. ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ دواکه‌وتووه‌کان و حیزبه‌ دواکه‌وتووه‌کانه‌. حیزبه‌کان نه‌ هاوکاری ده‌که‌ن، نه‌ پرۆژه‌ی هاوکارییان هه‌یه‌، نه‌ ده‌ڵێن مه‌رجیان بۆ هاوکاری چییه‌، نه‌ ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌کتر ده‌گرن و جیاوازییه‌کانیان باس ده‌که‌ن. به‌ کورتی نایانهه‌وێ به‌ چاک وخراپ شانیان له‌‌ شانی یه‌کتر بکه‌وێ.
من پێموایه‌ پێویسته‌ ڕۆشنبیرانی کۆمه‌ڵگاکه‌، چ ئه‌وانه‌ی حیزبین و چ ئه‌وانه‌ی حیزبیش نین بۆ به‌دیهێنانی فه‌رهه‌نگێکی سیاسیی پێشکه‌وتووانه‌تر هه‌وڵ بده‌ن و ده‌وربگێڕن. مه‌رج نییه‌ له‌ کوردستان هه‌تا سه‌ر هه‌ر ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ مه‌یداندار بێ. هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک چه‌پ و ڕاست و کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست و ڕادیکاڵ و موحافه‌زه‌کاری تێدایه‌. فێمینیست و لایه‌نگری ژینگه‌ و سه‌ندیکای کرێکاری و یه‌کییه‌تی خاوه‌نکاران و لایه‌نگری کلیسا و مزگه‌وت له‌ کۆمه‌ڵگاکانی دیکه‌ش هه‌ن. له‌ هه‌ندێک کۆمه‌ڵگادا، لایه‌نگرانی ئه‌وانه‌ گفتوگۆ ده‌که‌ن و به‌رنامه‌ و پلاتفۆرمی جیاواز دێننه‌ مه‌یدان. له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیشیاندا ئاڵا و هێما و سیمبولی جیاواز هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام جیاوازییه‌کانیان به‌ خوێن ناشۆنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر کار بگاته‌ ئه‌وه‌ش، وه‌ک له‌ مێژوودا هه‌ندێک جار بووه‌، ناگاته‌ ئه‌وه‌ که‌ یه‌کیان له‌ سنووری به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بچێته‌ده‌ر و بۆ نموونه‌ ده‌ستی ده‌ره‌کیی تێ‌ بێنێ و پاڵ به‌ ده‌وڵه‌ت و هێزی دیکه‌وه‌ بدا له‌ دژی هاووڵاتییه‌کانی خۆی. له‌ هه‌ندیک کۆمه‌ڵگاش، وه‌ک ئه‌فغانستان، ده‌بینی دوو حیزب (ئه‌غڵه‌ب دوو حیزبی سه‌ر به‌ دوو تایفه‌)، یان دوو تایفه‌ یان دوو هێز له‌ سه‌ر بزنێک شه‌ڕی خوێناوی ده‌که‌ن، ناوی گه‌وره‌ و پیرۆزیش له ‌شه‌ڕه‌که‌ ده‌نێن و، بۆ ده‌سره‌یه‌ک قه‌یسه‌رییه‌ک ئاور تێبه‌رده‌ده‌ن. ئاخر له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک ئه‌فغانستان فه‌رهه‌نگی تایفه‌گه‌ری هاتووه‌ته‌ نێو حیزبایه‌تیش، یانی ئه‌و دوو فه‌رهه‌نگه‌ تێکه‌ڵ بوون و ژیانێکی هاوبه‌ش درێژه‌ پێده‌ده‌ن. وه‌ک چۆن له‌ ئێران نزیکه‌ی هه‌زار ساڵه‌ هه‌ندێک نه‌ریتی ئیسلام و ئاگرپه‌رستی تێکه‌ڵ بوون و له‌ پاڵ یه‌کتر درێژه‌ به‌ ژیانی خۆیان ده‌ده‌ن.
له‌ کوردستان ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین فه‌رهه‌نگی یه‌که‌م جێگر بێ، یانی حیزبایه‌تیی مۆدێرن به‌ فه‌رهه‌نگێکی سیاسیی پێشکه‌وتوو.
بگه‌ڕێوه‌|3423 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌