شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

نامەیەک

24 Jan 2012

ئێوارەیە و، هەر پێش ئەوەش خۆر ئاوا بێ، تاریک دادێ. ڕووناکایی، ئەوەی هەیە، دەچێتە نێو لق و پۆپی دارەکان و، دەچێتە پشت تەمی تەڕی پەنجەرەکان. دانیشتووم و، وێنەکانی ئاڵبۆمەکە، لە دەوری خۆم ڕیز دەکەم و دەیاندوێنم.

ئەوەیان ڕۆژێکی هەتاوە. سەرەتای بەهار بوو. سێبەری داربییەک، لە پەنا کانییەکە. من بووم و، تۆ بووی و، ئیدی کەس.

بۆنی نەرمی گەنمجاڕی بەر خۆرەتاو. بۆنی دار بی. بۆنی بێستان. خوڕەی ئاو و، خەیاڵی من کە دەڕۆیشت...

خەیاڵی من زۆر دەڕۆیشت، بەڵام هەرگیز دوور نەدەڕۆی. لە دەوری خۆم، لە جێگایەک لەو نزیکە خۆی دەخافڵاند. دەستی دەبرد، لە سەرچاوەی کانییەکە، وردە خیزی دەردەهێنا. بە هەورازی تەپۆڵکەیەک هەڵدەگەڕا، کە گەیشتبا هێلانەیەک لە قەراخی جۆگەیەکی جاڕەگەنم، پەنا بەردێک، یان لە پنجی داربەڕوودا، تێ ڕا دەما و، ئیدی لەگەڵ جووجکەی کزی باڵندەکان باڵی دەگرت. هەر سێ هەنگاو لەولاوەتر دەنیشتەوە. خەیاڵی من، ئەو دەشتانە و ئەو شاخانەی جێ نەدەهێشت. خەیاڵی من وەکوو منداڵ، لە دەوری خۆم کایەی دەکرد.

بۆ سەفەریش، ئەو هەر نەهات. ئەو ئێستاکەش، هەر لەوێیە. نە بۆ سەفەر لە گەڵم هات،
نە ساڵ و
مانگەکان،
لە پەنای تێپەڕین.

ئەو ئێستاش بریقەی چاوانی، هەر ماوە. قژی وی، هەر ڕەشە. دەستی وی، بچووک و باریکن. سەر ئەژنۆی دڕاوە. سەرقۆڵی کراسی چلکنە،. کراسی تۆزاوی. پێڵاوی، پڕە لە خاکوخۆڵ.

ئەوانەت بۆیە بۆ دەنووسم، کە دیتت، بیناسی. ڕێت کەوتە ئەو لایە، بچۆ لای. بیدوێنە. پێی بڵێ چاکی کرد دوور نەڕۆی. پێی بڵێ چاکی کرد کە لەگەڵ من نەهات. پێی بڵێ کانییەکە بەر نەدا، لە هیچ کوێ، ئاوی وا هەر نییە. دەریاکان، هێند گەورەن، لە گەڵ کەس نابنە دۆست. پێی بڵێ سەرتاپای کانییەکەم دەناسی. قووڵایی زوڵاڵیم دەبینی. قەت هەتا ئانیشکم نەدەهات. من لێرە قەت ناخی دەریایەک نابینم. دەمزانی کانییەکە چەند بەردی تێدایە.

کە دیتت پێی بڵێ دوور نەڕوا. بە تەمای شەقامی ڕووناک و، بە تەمای سەوزایی بەر باران، لەو دەشتە دانەبڕێ. پێی بڵێ ئێواران، پێش ئەوەی تاریک بێ، بەرەو ماڵ بێتەوە. پێی بڵێ تاریکان ناخۆشە. وەکوو من، لەم دیوی پەنجەرەی تەمگرتوو، شەو بەری دەرگاکەی لێ بگرێ، بۆی دەبێ بە خەفەت.

پێی بڵێ دەربەستی وەش نەبێ کە بۆنی خاکوخۆڵ لە جلوبەرگی دێ. ئەو بۆنە، نیشانەی ئەوەیە کە ڕیشەی بە خاکدا ڕۆچووە. مرۆڤی بێ ڕیشە، با دەیبا.

کە دیتت ماچی کە. پێی بڵێ وەڵڵاهی بە قەدەر دنیایەک، من بیرم کردووە.


ستۆکهۆڵم
٢٠١٢/٠١/٢٤
بگه‌ڕێوه‌|2795 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|4 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
hadi | 10 Sep 2017 - 03:59
شیوا ئەگەر ئەم نووسراوەی مامۆستا ناسرتان بینی بزانه وەڵڵاهی بە قەدەر دنیایەک من بیرم کردوی.لە خەیاڵما من و تۆ و ئاوات، هەزاران جار لەو دنیا بووین

فەریبا | 26 Jan 2012 - 11:49
بژی مامۆستا گیان

osman | 26 Jan 2012 - 08:41
هیوادارم خۆا له‌ ته‌مەنی من که‌م بکات و بیخاته‌ پاڵ ته‌مەنی مامۆستا ناسر ،به‌ ئومێدی ئه‌وی رۆژێک دابێت ، بگەریته‌وه‌ باوشی خه‌یاڵه‌کانی. به‌ قۆربانی که‌وشه‌ کۆنه‌کانت بم.

Hero | 25 Jan 2012 - 21:48
AaaaaY chit wt kak naser

بۆچوون بنێره‌