شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

بەڵگەی سکرتاریەتی کۆمەڵە: سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکا

14 Dec 2011

دوای مەرگی یەلدا، سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕای گەیاند ”ئێمه‌ هه‌موو كه‌س دڵنیا ده‌كه‌ین ئه‌م ڕووداوه‌ نه‌خوازراو بووه ‌و لێكۆلێنه‌وه‌ی پۆلیس و پزیشكی یاسایی ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌لماندوه‌ و ئیدیعای نه‌یارانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وە”.
ڕاگەیاندنەکەی سکرتاریەت، تەنیا باسی لێکۆڵینەوەی پۆلیس و پزیشکی یاسایی دەکا و، هیچ بەڵگە و زانیارییەکی زیاتر ئاشکرا ناکا. بەڵام ماڵپەڕێکی نزیک لە حیزبەکە، بە ناوی ماڵپەڕی ڕۆژنامە لەم بابەتەوە، قسەی ”بەرپرسێکی ئاسایش“ دەکاتە بەڵگە کە ”نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ“.
ماڵپەڕی ڕۆژنامە نووسیویەتی: ”بە‌رپرسێكی ئاسایشی ناحیه‌ی به‌رده‌ قاره‌مان كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێ به‌ په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی وت" كه‌ ئه‌نجامه‌ سه‌رتاییه‌كان وا ده‌ری ده‌خات كه‌ گیان له‌ ده‌سدانی ئه‌و كچه‌ پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ڕووداوبووه‌ و له‌ كاتی كه‌مانه‌كردنی فیشه‌كدا گیانی له‌ ده‌س داوە“.
ماڵپەڕی ڕۆژنامە لە هەمان ڕاپۆتدا لە زمان ”به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵه‌ كه‌ ئاگادارە و ده‌سبه‌جێ چووه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌“ ڕادەگەیەنێ ڕووداوەکە لە کاتی خاوێنکردنەوەی چەکدا بووە. ماڵپەڕی ڕۆژنامە ناوی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەش ئاشکرا ناکا. ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی ڕۆژنامە دەڵێ: ”ئه‌و بەرپرسەی كۆمه‌ڵه‌ وتی كه‌ هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ لێژنه‌ی لێكۆڵێنه‌وه‌ هاتووەتە‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ كاتی پاككردنه‌وه‌ی چه‌كدا فیشه‌ك له‌ ده‌س مێرده‌كەی یه‌لدا ده‌رچووه‌ و له‌ كاتی كه‌مانه‌كردنی فیشه‌كدا یه‌لدا گیانی له‌ ده‌س داوە“.
بەڵام سەرچاوەیەکی دیکەی پۆلیس کە ناوی خۆی ئاشکرا کردووە، شتێکی دیکە دەڵێ. دوێنێ ڕۆنامەکان و ماڵپەڕەکانی ئینترێت قسەی نەقیب جەزا حەمەئەمین ئەفسەری بنکەی پۆلیسی بەردەقارەمانیان بڵاو کردەوە کە بۆ ”وارڤین“ دواوە.
”لەوبارەیەوە نەقیب جەزا حەمەئەمین ئەفسەری بنكەی پۆلیسی بەردە قارەمان وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی کوژرانی یەلدا بۆ "وارڤین"ی ئاشكرا كرد كە كاتژمێر11.ی شەوی 11-12ی دیسێمبەر ئاگاداریان كردوونەتەوە كە رووداوێكی كوشتن لە سنوورەكەیاندا هەبووەو ئەوانیش مەفرەزەیەكیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەكە كردووە.

نەقیب جەزا گوتی: "مەفرەزەكەمان بەخێرایی چوونە شوێنی رووداوەكەو تەرمی مریەم حەمید سادقی لەدایكبووی 1984ی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانیان دۆزییەوە كە دوو فیشەكی بەركەوتبوو. هەروەها لە شوێنی رووداوەكە تۆمەتباری سەرەكی خ.م.م لەدایكبووی 1986 دیواندەرە دەستگیر كراوە هەروەها دەستیش بەسەر ئەو چەكەدا گیراوە كە تاوانی پێ كردووە".

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئاشكرایشی كرد كە شەوی پێش رووداوەكە مریەم پەیوەندی كردووە بە خێزانەكەیان لە سنەو پێیڕاگەیاندوون كە هاوسەرەكەی لەگەڵی بە خراپی مامەڵە دەكات و ئەوانیش بڕیاریانداوە بێنە هەرێمی كوردستان و كێشەكەیان چارەسەر بكەن. بەڵام كاتێك كە هاتوون تەرمی كچەیان بینیوە.

پۆلیس هەروەها رایگەیاند كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان هۆكاری ئەو كوشتنە كێشەیەكی خێزانی بووە“.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئەفسەرە:
١- کوژراوەکە دوو فیشەکی بەرکەوتووە.
٢- مریەم پەیوەندی كردووە بە خێزانەكەیان لە سنە و پێیڕاگەیاندوون كە هاوسەرەكەی لەگەڵی بە خراپی مامەڵە دەكات و ئەوانیش بڕیاریانداوە بێنە هەرێمی كوردستان و كێشەكەیان چارەسەر بكەن. بەڵام كاتێك كە هاتوون تەرمی كچەیان بینیوە.
٣- بەپێی زانیارییەكانی ئەوان هۆكاری ئەو كوشتنە كێشەیەكی خێزانی بووە.
بەم جۆرە دەبینین سەرچاوەیەک کە ناوی خۆی ئاشکرا کردووە، قسەکانی جیاوازییان هەیە لەگەڵ سەرچاوەکەی دیکە کە ”نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکا“ و ڕاگەیاندنەکەی سکرتاریەتی کۆمەڵە قسەکانی ئەوی کردووەتە بەڵگەی دڵنیاکردنی هەمووان. هەر بۆیەش، ڕاگەیاندنەکەی سکرتاریەت جگە لە لایەنگرانی حیزبەکە، کەسی دیکەی دڵنیا نەکرد. لە ڕاستیدا ئەو قسەیەی کە ڕاگەیاندنەکەی سکرتاریەت پێی دەڵێ ”تەبلیغاتی دوژمنکارانەی نەیارانی کۆمەڵە“ زیاتر نییە لەوەی نەقیب جەزا حەمەئەمین داویەتی بە ڕۆژنامەکە.
ڕاگەیاندنەکەی سکرتاریەت زیاتر لەوەی پەژارە بۆ ڕووداوەکە و لایەنگری لە خوێنی یەلدا و ئیرادە بۆ دەرخستنی حەقیقەت نیشان بدا، پاکانەکردن و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانی تێدا دەبینرێ. بە پێی عورفی دادگاکان شاهیدیی بە درۆ و هەوڵدان بۆ گۆڕینی راستییەکان لە بەردەم دادگا، تاوانە. بەڕێوەبەرانی حیزبەکە لە جیاتی ئەوەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس و پزیشکی یاسایی وەک خۆی ڕابگەیەنن و کێشەکە بە دادگا بسپێرن، کەوتوونەتە پاکانە و هەڕەشە. بەمجۆرە، لە جیاتی ئەوەی لە قەتڵێکدا لایەنی دەرکەوتنی حەقیقەت بگرن، سەرجەمی حیزبەکەیان بردووەتە سەر کورسیی شاهیدیی بۆ ئەوە کە یەلدا بە عەمد نەکوژراوە. ئەوە دەتوانێ ڕیسواییەکە لە داوێنی هەموو حیزبەکە بهاڵێنێ. هیچ گومانی تێدا نییە ئەو ڕاگەیاندنە کە شانی سەرجەمی حیزبەکەی بردووەتە بەر ئەو تاوانە، زیاتر لە ڕەخنەی کەسانێک کە داوای لێکۆڵینەوە دەکەن، بە زیانی حیزبەکەیە. ئەوە زۆر زیاتر لە قسەی هەموو ”نەیارانی کۆمەڵە“ زیانی بە ناوبانگی حیزبەکە گەیاند.
لەم ڕووداوە دا و لەهەر ڕووداوێکی دیکەی لەم چەشنەدا یەک ڕێگا بەرەو دەرکەوتنی حەقیقەت هەیە: کێشەکە بسپێردرێ بە دادگایەکی خاوەن سەڵاحییەت و، ڕێگا بدرێ دادگاکە بە دوور لە دەستێوەردانی مەسڵەحەتخوازانە کاری خۆی بکا
.
١٤/١٢/٢٠١١
بگه‌ڕێوه‌|2380 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌