هه‌موو باڵنده‌یه‌ک بۆی هه‌یه بخوێنێ
14 Apr 2009
من له‌وان چكۆله‌تر بووم. منداڵه‌كانی دیكه، پێنجشهشێك، به دۆڵی ئاشهكۆنهكهدا، داگه‌ڕان و، تاوێك دواتر كه گه‌ڕانه‌وه، دوو بێچووه كوندیان به‌ده‌سته‌وه بوو. بێچووه‌كان، هێشتا تووكهمردارهیان نهوهراندبوو. له به‌ر سێبه‌ری دارقهیسییهكان، چه‌ند ته‌لیس داندرابوون. له منداڵه‌كان یه‌كیان چوو دوو بهندرووی له نێو تهلیسهكان دهركێشاو هاته‌وه. نه‌یانهێشت ده‌ست له بێچووهكوندهكان بده‌م. به لقی دارێكه‌وه، هه‌ردووك بێچووهكهیان سه‌ره‌وبن هه‌ڵواسی، ئه‌مجار كشانه‌وه و، به خڕكه به‌رد نیشانه‌یان لێگرتن.
ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێش، كوندێك له‌سه‌ربانی كادێنێك خوێندبووی و، كادێنهكه دوای چه‌ند ڕۆژ، تێكتهپیبوو. ئێستا بێچووهكوندهكان سزا ده‌دران. دوای تاوێك ڕێگه‌م پێدرا لێیان بچمه پێش. زۆرم حه‌ز ده‌کرد، له نزیکه‌وه بێچووه‌کان ببینم. په‌رده‌یه‌كی ته‌نك به‌سه‌ر چاویان كشابوو. به‌ڵام نه‌موێرا ده‌ستیان لێبده‌م. بیستبووم كوند گیانله‌به‌رێكی شوومه....
پوورئایشێ، له گۆلی خوارێ ده‌هاته‌وه. نانی بۆ ده‌شته‌وانان بردبوو. كه بێچووه كونده‌كانی به كوژراوی دیت، كوتی:
ـ ئه‌یه‌ڕۆ ڕۆله ئه‌و ده‌عبایانه بۆ وا لێده‌كه‌ن؟ گوناحتان ده‌گاتێ.
ـ ده‌عبای چی؟ ئه‌وانه بێچووه كوندن. نه‌بوو كوندهكه له‌سه‌ربانی كادێنهكه خوێندی؟
پوورئایشێ، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕانه‌وه‌ستابوو وه‌ڵام وه‌رگرێته‌وه. خه‌ریك بوو دوور ده‌كه‌وته‌وه. به ده‌م ڕێگاوه گوتی:
ـ ده‌یجا خوێندوویه، خوێندوویه، خۆ كفری نه‌كردوه. كهڵهبابیش ده‌خوێنێ. ئه‌وه‌ش دهعبایهكه خودا ڕوحی دهبهرناوه.