شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

سپاس بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵمان بووی!

7 Apr 2009

(به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی سمایل سه‌رده‌شتی)
شه‌به‌ق، ناسری حیسامی

سمایل سه‌رده‌شتی ماڵاوایی له‌ ژیان کرد. ته‌مه‌نێکی درێژ نه‌ژیا، به‌ڵام له‌ ده‌رفه‌تێکی کورت و پڕ له‌ ته‌نگانه‌دا، بێدرێغ هه‌وڵیدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی له‌ تێکۆشان و ئاواته‌کانی گه‌له‌که‌ی بهاڵێنێ. له‌ نێو خه‌ڵکه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا، له‌ نێو ئه‌واندا پێگه‌یشت و بۆ ئه‌وان ده‌نگی هه‌ڵبڕی. گۆرانیبێژ بوو. گۆرانیبێژی کۆڵانه‌ تۆزاوییه‌کان، مه‌زراکانی به‌رهه‌تاو و، باریکه‌ ڕێگاکانی پێشمه‌رگه‌ و ڕێبوار و کاروانیی قاچاغ. ساده‌ و بێ‌فیز و له‌دڵنزیک، به‌ندی ڕێکده‌خست و تێکه‌ڵ هه‌ناسه‌ی خۆی ده‌کردن. به‌ بێ شاباش، له‌ شایی و جه‌ژنه‌کاندا ستایشی پێشمه‌رگه‌ی ده‌کرد، ستایشی یه‌کگرتنی ده‌کرد، ستایشی خۆڕاگریی زیندانییه‌کانی ده‌کرد، ستایشی خۆپیشانده‌رانی شه‌قامه‌کانی ده‌کرد و، نه‌فرین و نزای له‌وانه‌ بوو که‌ خاک و کانی و خه‌رمان و کێڵگه‌ و وڵاتی ژێرده‌ستان داگیرده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌، پێش ئه‌وه‌ی تلڤزیۆنه‌کان و ڕادیۆکان و ناوه‌نده‌کانی تۆمارکردنی ده‌نگ و بڵاوکردنه‌وه‌ی مۆسیقا بیناسن، کۆڵانه‌کان و په‌نجه‌ره‌کان و مه‌زراکان ناسیبوویان.

کاتێک هه‌واڵی کۆچی دوایی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ دڵگه‌رمه‌ بڵاو بووه‌وه‌، ڕه‌ش و ڕووتی جاده‌کان و گه‌ڕه‌که‌هه‌ژارنشینه‌کان، پێش ده‌زگا ڕه‌سمییه‌کان خۆیان له‌ خه‌می مه‌رگی به‌خاوه‌ن کرد، دووکانیان داخست، به‌ره‌وپیری چوون و له‌ کۆڕی پرسه‌یدا دانیشتن.
سپاس بۆ هه‌وڵدان و، بۆ دڵگه‌رمی و گۆرانییه‌ ساکاره‌کانی سمایل سه‌رده‌شتی،
سپاس بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر گۆرانییه‌کانی ئازاری دیت و، به‌رانبه‌ر به‌ زیندان و لێدان خۆڕاگر بوو،
سپاس بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاواره‌ییدا گۆرانییه‌کانی شایی به‌ شایی و ماڵ به‌ ماڵ ده‌گێڕا،
سپاس و پێزانین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌باتی ئازادیخوازانه‌دا له‌ گه‌ڵمان بوو، له‌ گه‌ڵ گه‌له‌که‌ی.

شه‌به‌ق، ناسری حیسامی

2/8/2008
بگه‌ڕێوه‌|2069 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌