شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

زستان

1 Aug 2010

سلاو مامۆستا ناسر چاوم روون بە بینینی ئێوە، من شعرێکی جەنابتانم لایە زۆر کۆنە بە سی‌دی ھەمە زۆر دەمێکە پاراستوومە ئێستاش جارێکی تر نووسیمەوە بۆ ئەوەی ھەر بمێنێ.
زستان
لە كۆنەوە بۆ وەسفی حاڵی كەسێك كە هەڕەشەی ئەوەی لێبكرێت تووشی ژانێك بێت
كە هەموو بناغەكانی ژیانی پێوەی بلەرزن، وتوویانە "ئەوەی پێ بكرێ با بە دەواری
شڕی نەكردبێ"!
دەواری شڕ مەنزڵگە و سەرپەنای هەژارانە لەبەر قەمچی و شەللاقی
لەشتەزێنی سۆزی سەرما، لەكاتێكدا سەرما هەموو لەشت دەرزی ئاژن دەكا و،
كڕێوە بەدەم گێژی بای تووڕەوە لە یەخە و بەرۆكت چنگ دادەگرێ و تۆی كەسیرەی
چنگ و پەل تەزیو وەك باڵندەی لەنگەر تێكچووی نێو گێژەڵووكە بۆ پەنایەك دەگەڕێی.

لەدەرەوە هەراو هەنگامەی وەیشوومە و بای سڕە. لە ژووری سارد و بێ ئاگر و بێ ڕاخەردا
پێرێك هەڵدەلەرزێ، مناڵێكی بێ واز دەگری، ژنێك چنگ و پەلی گۆنەكردووی لەبن
هەنبانەی بەتاڵ دەگێرێ و بەهەموو گیانییەوە سكاڵا و داد و هاوارە. بەفر توێ توێ هەر دەبارێ و، دەڵێی توێ توێ لەسەر دڵی یەكە یەكەی خێزانی ماڵ دەنیشێ و، قورسی دەكا.
بەفر دەكرێ قریوەی خۆشیی مندالان هەڵگیرسێنێ، دەكرێ منداڵان كایەی تێدا بكەن. بەفر ڕاخەرێكی نەرمی سپی باوە، هاوتای حەریری سەوزی سەوزەگیای بەهارانە، دێمەنێكی تەبیعەتە هاوتای تینی خۆرەتاو و خوڕەی كانیاو، ئەدی بۆچی لای ئێمەمانان سامناكەو جێگای ترس و دڵە خورپە و هەڵ لەرزینە؟
ڕەنگە ئێوە بە هەژاری ڕاهاتبن. ڕەنگە خووتان بە نەداری گرتبێ. ڕەنگە لەشتان
بە سۆزی سەرما تەزیبێ، بەڵام ڕەنگە منداڵاكانتان پرسیارتان لێ بكەن بۆچی
بەفر و وەرزی زستان وەك هەواڵی بوومەلەرزە لە دڵمان گرانە؟ پێیان بڵێن! بڵێن
هەژارین و، نەدارین و، دەستكورتین! نیمانە و، نەبوونی ئاوایە! نەبوونی، بە هاوین
گەرمە وەك قرچەی خۆر. نەبوونی بە زستان ساردە وەك كڕێوە و باڕن. نەبوونی ئاوایە.
ئێمەش نەدارین. ماڵەكانمان بچكۆلەن و دەرگای باشیان نییە و، پەنجەرەی ڕوو لە
خۆرەتاویان نییە و، ماڵەكانمان بچكۆلەن و، با تێیان دەكات. نیمانە تێیاندا ڕاخەین و
نیمانە تێیاندا هەڵكەین و، هەژارین! بە منداڵەكان بڵێن لە هەموو سوچێكی دنیا
هەر وایە: ئەو كەسانەی كە نەدارن سەرمایانە و، بۆ ئەوانەی كە هەیانە بەفر
جوانە و زستان دەستەخوشكێكی سپیپۆشی كیژی قژسەوزی بەهارە.

لە فەڕەنسا هەموو ساڵێك جەژنی كریسمەس لە شەقامی شانزە لیزە بەرپا
دەكەن. دەڵێن كریسمەس بە بەفرەوە جوانە. پارەكە جەژنی كریسمەس لە
شانزە لیزە بەفر نەباری. ملیۆنەها دۆلار خەرج كراو لەسەر دار و دیواری
دووكان و خانووەكانی ئەو شەقامە هەر بەدەستكرد بەفریان باراند تا
منداڵ و گەورەكان چاویان پێی شاد بێ و وەرزی زستان بەخێربێنن. ئەگەر بەرگی پۆشتە و لەشی ساغ و دڵی ئەرخەیانت هەبێ بەفر جوانە.
ژن و مێردێكی فیلمسازی بەناوبانگی هۆلیوود ئارۆن سپلین و خاتوو
كەندی هاوسەری ئەو ساڵانەی لە كالیفۆرنیا زستان گەرم بێ و بەفر نەبارێ
لە كوێستانە دوورە دەستەكانەوە كامیۆن كامیۆن بەفر دێنن بۆ باخە گەورە و
بەرینەکەیان و بەر حەوشە و سەر ڕێگای خۆیان و منداڵیان، هەتا منداڵ تەسەل
كایەی تێدا بكەن.
ئەگەر هەتبێ بەفر جوانە، بەڵام داد لە دەست نەداری!
داد لەدەست ئەو ژیانەی كە پارەی جەرگی من، كە پارەی جەرگی تۆ، منداڵە
چاوگەش و بێوازەكانی من و تۆ، لە ناو ژوورەكەی خۆشیاندا هەڵ لەرزن!
داد لەدەست ئەو ژیانەی ئاسۆی من وكاوەی تۆ بەم سەرمایە لە قەراغ جادە
پێڵاو بۆیاغ بكەن و سەرما وەك دەرزی لەسەر پەنجەیان بچێتە خوار!
داد لەدەست ئەو ژیانەی كە شەونمی كچی من و ئازادی كوڕی تۆ، نەخۆش
بن و دەرمان نەبێ، كە مامە پیرەی ناسیاوی هەردوو لامان بەڕیشی سپییەوە
بە ئێواری ساردی تەزیو لەلای داشقەی دەستی ڕاوەستێت و دڵە پیرەكەی
بەم هەورانە دابگیرێ، كە دایكی من بەم سەرمایە هەر لە حەوشە جل بشوات و،
خوشكەكەی تۆ لە دوو كۆڵانی ئەولاتر بەتەنەكە ئاو بهێنێ و، كچەكانی "حەماڵاوا"ی سەقز تاریك و ڕوونی بەری بەیان نۆرە بۆ ئاو بگرنەوە!
داد لە دەست هەژاری!
......
وتارێکە زستانی ١٩٩٢، لە ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران (ڕادیۆی کۆمەڵە) و لە تلڤزیۆنی ئازادی (تلڤزیۆنی حیزبی شیووعیی کوردستان لە سلێمانی) بڵاو کرایەوە.سپاس بۆ بەڕێز "خەیاڵ" کە ئەو نووسراوەیەی بۆ ناردمەوە.
بگه‌ڕێوه‌|2758 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌