شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌

14 Apr 2009

ڕوونکردنه‌وه‌:
کاتی خۆی ئه‌م نووسراوه‌یه‌م به‌ ناوی خوازراو بڵاو کرده‌وه‌. به‌ ناوی ”حه‌مه‌ی له‌گز“، هه‌ر ئه‌و شه‌هیده‌ی له‌ نووسراوه‌که‌دا باسی ده‌کرێ: ”شه‌هیدێک ده‌ناسم ...“. مه‌به‌ستم له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناوه‌، بیرهێنانه‌وه‌ی حه‌مه‌ی له‌گز و که‌سانی وه‌ک ئه‌و بوو، نه‌ک شان‌خزاندن له‌ژێر به‌رپرسایه‌تیی نووسینی بابه‌ته‌که‌. ئه‌وا جارێکی دیکه‌ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌.


ڕۆژی شه‌ممه‌، 16/2/2008 کۆمه‌ڵه‌ تیڤی ڕیپۆرتاژێکی بڵاو ‌کرده‌وه‌ له‌ مه‌راسمی ڕۆژی کۆمه‌ڵه‌ له‌ فینلاند. گۆرانیبێژێکی ده‌نگخۆشی تازه‌پێگه‌یشتوو، ده‌نگی هه‌ڵبڕی. ده‌نگه‌که‌، ده‌نگی ناسری ڕه‌زازی بیر دێنایه‌وه‌. شیعره‌که‌ش، که‌ کراوه‌ به‌ سروود، له‌ شیعره‌ ناسراوه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه‌ بوو. گۆرانیبێژه‌که‌ ده‌نگی هه‌ڵێنا:

تۆ نامری چاوه‌کانم
له‌ هه‌رکوێ بێ
له‌سه‌ر ئه‌رز و له‌ ژێر گڵکۆ له‌ گه‌ڵمانی!

به‌ڵام هه‌واکه‌، یان ئاهه‌نگه‌که‌، له‌ هه‌وای مه‌قام نه‌ده‌چوو. بڕێک خێرا بوو. یانی له‌وه‌ خێراتر بوو که‌ بکڕێ بڵێی مه‌قام بوو، یان بکرێ بڵێی سروود بوو. کامێرا به‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌دا گه‌ڕا. یه‌کجێ... چی ببینم؟ شه‌ش حه‌وت که‌س، به‌ جلی ئاڵوواڵاوه‌، ده‌ستیان گرتبوو، خه‌ریک بوون هه‌ڵده‌په‌ڕین. گۆرانیبێژه‌که‌، هه‌ر ده‌یگوت:
تۆ نامری چاوه‌کانم!
.
خه‌ڵکه‌که‌ هه‌ر هه‌ڵده‌په‌ڕین. تاوێک دواتر، شیعری گۆرانییه‌که‌ گۆڕا.

ئای لالۆ، گیان لالۆ!
....
له‌ ناومانا هه‌رماوی،
نه‌مردووی هه‌ر ماوی تۆ!

کامێرا جارێکی دیکه‌، چووه‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌. ئێستا سێ ئاڵقه‌ی گه‌وره‌ی خه‌ڵک، هه‌ڵده‌په‌ڕین. به‌ هه‌وای ”ئای لالۆ، گیان لالۆ، نه‌مردووی هه‌ر ماوی تۆ...“
به‌م جۆره‌ شه‌هیده خۆشه‌ویسته‌کان، له‌و مه‌راسمه‌شدا ڕێزیان لێگیرا، تا که‌س پێی وا نه‌بێ فه‌رامۆش کراون. شه‌هیده‌کان، هه‌موو ساڵێ، له‌ کاتی مه‌راسمه‌کانی ڕۆژی کۆمه‌ڵه‌دا، زۆر پێویست و به‌ که‌ڵکن و هه‌موو کۆمه‌ڵه‌کان، زۆر ڕێزیان لێده‌گرن. شه‌هیده‌کان، هه‌روه‌ها،‌ به‌ تایبه‌تی له‌ کاتی ئینشیعاباتدا زۆر به‌ که‌ڵکن. وه‌ک سه‌ربازی ئیحتیات، که‌ له‌ کاتی جه‌نگدا بانک ده‌کرێنه‌وه‌‌ سه‌ربازخانه‌کان، ، شه‌هیده‌کانیش له‌ کاتی ئینشعابه‌کاندا هه‌موویان ئیحزار ده‌کرێنه‌وه‌ و، حازروغایب ده‌کرێن.
به‌ پێچه‌وانه‌ی زیندووه‌کان، که‌ ئێستا به‌ نێو شه‌ش تایفه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا، دابه‌ش بوون و هه‌ریه‌که‌ی جۆرێک بیر ده‌که‌نه‌وه‌، شه‌هیده‌کان دابه‌ش ناکرێن و هه‌موویان هی هه‌موومانن. چونکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی زیندووه‌کان، که‌ جاروبار هه‌ندێکیان موزاحیمن، شه‌هیده‌کان هه‌تا ژماره‌یان زیاتر بێ، به‌که‌ڵکترن. له‌ دوای هه‌ر ئینشعابێکیش، یادنامه‌کانیان، به‌ گوێره‌ی پێویست داده‌ڕێژرێته‌وه‌. یانی، به‌ پێی ڕێباز و به‌رنامه‌ی تازه‌ی حیز‌به‌که‌، شه‌هیده‌کان ئامانجی تازه‌یان بۆ دیاری ده‌کرێ.
شه‌هیدێک ده‌ناسم، کوڕی پیرێژنێکی بێ ئه‌نوا بوو. دایکی، به‌ بێوه‌ژنکۆشی به‌خێوی کردبوو. هه‌ر ئه‌و تاقه‌کوڕه‌ی هه‌بوو. هاته‌ کۆمه‌ڵه‌ و له‌ شه‌ڕێکدا کوژرا. ئه‌و کاتی کوژرا، له‌ پێناو ”جونبشی موقاومه‌تدا“ شه‌هید ببوو. دواتر، که‌ ڕادیۆی حیزبی کۆمۆنیست دانرا، خه‌به‌رمان زانی که‌ له‌ پێناو کۆمۆنیزم و حکوومه‌تی کرێکاریدا شه‌هید بووه‌. کاتێک کۆمۆنیزمی کارگه‌ری ڕۆیشتن، بیستمان ئه‌و یادنامه‌یه‌ زۆر ”ده‌قیق“ نه‌بووه‌. ناوبراو نه‌ک له‌ پێناو کۆمۆنیزم و حکوومه‌تی کارگه‌ریدا، به‌ڵکوو له‌ پێناو سۆسیالیزمدا، شه‌هید بووه‌. کاتێک کاک عه‌بدوڵلای موهته‌دی و هاوڕێکانی جیابوونه‌وه‌، مه‌علووم بوو شه‌هیدبوونی ناوبراوهیچ له‌ پێناو حکوومه‌تی کارگه‌ری و سۆسیالیزم و ئه‌وشتانه‌دا نه‌بووه‌ و، له‌ پێناو عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و فیدرالیزمدا شه‌هید بووه‌. له‌م دواییانه‌شدا، هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی تازه‌ ده‌ست که‌وتوون که‌ ناوبراو ته‌نها له‌ پێناو ڕیفۆرم و چاکسازیدا هاتبووه‌ پێشمه‌رگایه‌تی و شه‌هیدی ڕێگای ڕیفۆرم بووه‌.
به‌م جۆره‌ ئێمه‌ خاوه‌نی کۆمه‌ڵێکی زۆر شه‌هیدین که‌ زۆر به‌که‌ڵکن و ئێستاش هه‌موو فیداکارییه‌کیان لێده‌وه‌شێته‌وه‌. ئێستاش ئاماده‌ن له‌ پێناوی هه‌رشتێکدا که‌ ئێمه‌ به‌ پێویستی بزانین شه‌هید بووبن.
هه‌ر به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی کۆمه‌ڵه‌وه‌، له‌ هه‌مان ڕۆژدا و، له‌ هه‌مانکاتدا که‌ کۆمه‌ڵه‌ تی‌ڤی مه‌راسمه‌که‌ی فینلاندی بڵاوده‌کرده‌وه‌، ڕۆژهه‌ڵات تیڤی ش، وێنه‌ی شه‌هیده‌کانی بڵاوده‌کرده‌وه‌. وێنه‌کان هه‌موویان هی قه‌دیم بوون. به‌شی هه‌ره‌زۆریشیان، وێنه‌ی به‌کۆمه‌ڵ بوون. چونکه‌ ئه‌وکات هه‌موان، یانی شه‌هیده‌کان و زیندووه‌کان، پێکه‌وه‌ بوون و، که‌س نه‌یده‌زانی کێ ده‌کوژرێ و کێ ده‌مێنێ و، له‌ نێو زیندووه‌کان، کێ ده‌که‌وێته‌ کوێ، بۆیه‌ هه‌موو پێکه‌وه‌ وه‌ستاون بۆ وێنه‌گرتن. ئه‌گه‌ر ئه‌وکات زانیبایان کێ ده‌کوژرێ، ئه‌وانه‌ی دواتر شه‌هیدبوون ده‌برانه‌ لایه‌ک تا پێکه‌وه‌ وێنه‌ بگرن و پێکه‌وه‌ بچنه‌ ناو مێژوو، هه‌تا دواتر که‌س ناچار نه‌بێ وێنه‌ی زیندووه‌کان جیا بکاته‌وه‌ و سانسۆری بکا. ئێستا هیچ تلویزیۆنێک ناتوانێ وێنه‌ی زیندووه‌کان بڵاو بکاته‌وه‌. کاتێک به‌ ته‌مان وێنه‌کانی کۆنی پێشمه‌رگه‌کان نیشان بده‌ن زۆر گرفت په‌یدا ده‌بێ:
ئه‌مه‌یان کۆمۆنیزمی کارگه‌رییه‌، با تێدا نه‌بێ.
ئه‌مه‌یان حیکمه‌تیسته‌، لایبه‌!
ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌یدبرایمه‌، لایبه‌!
ئه‌مه‌یان له‌ گه‌ڵ ساعید و مینه‌یه‌، لایبه‌!
ئه‌مه‌یان له‌ گه‌ڵ سازمانی زه‌حمه‌تکێشانه،‌ لایبه!‌
ئه‌مه‌یان له‌ گه‌ڵ عومه‌ره،‌ لایبه‌...
زیندووه‌کان، وێنه‌ی که‌میان به‌کار دێ. به‌ڵام شه‌هیده‌کان... هه‌موویان هی هه‌موومانن. چونکه‌ هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌.
هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌ بۆ مه‌راسمه‌کان که‌ وێنه‌یان هه‌ڵواسین.
هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی پێویستدا سوێند به‌ خوێنیان بخۆین.
هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌ له‌ جیاتی قه‌بز و ڕه‌سید و به‌ڵگه‌ی دارایی: _”به‌ خوێنی شه‌هیدان! پووڵه‌که‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو...“
هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ت پێویستیمان به‌ به‌رنامه‌ی سیاسی نه‌بێ و هه‌میشه‌ش بتوانین نیشان بده‌ین موخالفینمان خائینن: ”_ کاکه‌ ئه‌وانه‌ له‌ ڕێبازی شه‌هیدان لایان داوه‌ و ئه‌وه‌ خه‌یانه‌ته‌ به‌ خوێنی شه‌هیدان!“
هه‌موومان پێویستیمان به‌ شه‌هیده‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یادیان هه‌ڵپه‌ڕین.

بژی شه‌هید که‌ خوێنی هینده‌ پڕباره‌.
بگه‌ڕێوه‌|2349 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|2 بۆچوون| بینێره‌| چاپ
ڕه‌زا | 26 Dec 2011 - 21:39
شارام گیان سه‌لام. چۆنی براله‌ مه‌گه‌ر هه‌ر خۆت له‌ قسه‌کانی خۆت یاد بکه‌ی ئای به‌راده‌ر ئای

دۆست | 14 Apr 2009 - 18:52
شارام قه‌وامی له‌ رۆمانی بیربادا ده‌ڵێ: شه‌هید درۆیه‌کی گه‌وره‌یه‌ به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌ وا نانی لێ ئه‌خۆن! وابزانم کاک ناسر ویتوویه‌تی هه‌مان شت بڵێ به‌ڵام به‌ زمانێکی دیپلۆماتانه‌تر

بۆچوون بنێره‌