ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه: ئومێده‌کان و کۆسپه‌کان
6 Apr 2009
ماوه‌یه‌که، پێناسه‌ی کۆمه‌ڵه، ئامانجه‌کانی، سیاسه‌ته‌کانی، بینا حیزبییه‌که‌ی، ڕێبه‌رایه‌تییه‌که‌ی، پره‌نسیپه‌کانی و، ڕێگه‌کانی گه‌وره‌بوونه‌وه و به‌ره‌وپێشچوونی، بوونه‌ته‌وه به بابه‌تی لێدوانی ڕۆژانه له نێو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا. تێکۆشه‌رانی کۆمه‌ڵه، سه‌رقاڵی گه‌لێک باسی گه‌رموگوڕن له بابه‌ت پرۆسه‌ی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پێیان گه‌یشتین و، ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا تێیداین.
له سه‌رده‌می ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا، گه‌لێک هیوای گه‌وره گه‌شابوونه‌وه. فیداکاریی گه‌وره له پێناویان‌دا ده‌کرا. ڕۆژانی سه‌خت و پڕ ئومێد تێپه‌ڕکران. هه‌نگاوی گه‌وره به‌ره‌و گۆڕان، هه‌ڵگیران. دوای ساڵها سستی و ناکامی، بووژانه‌وه هه‌ستی پێده‌کرا. دوای ساڵها شیعاری شکستخواردوو، کۆمه‌ڵه ده‌هاته‌وه ناو جه‌رگه‌ی مه‌یدانێکی پڕته‌کان. دوای ساڵها بێزاری له په‌یوه‌ندێکی کرمۆڵی پڕ له ناته‌بایی و بێمتمانه‌یی، به‌ره‌به‌ره متمانه و ڕاستگۆیی و بڕوا به‌یه‌ک کردن زیندوو ده‌بووه‌وه. دوای ساڵها یه‌کتر بوغزاندن، دوای ساڵها هه‌ڕه‌شه و تۆمه‌ت و ناووناتۆره له یه‌کنان، دوای ساڵها که لێپرسراوانی حیزبی به زمانی ”ئه‌ساسنامه“ مه‌رحه‌بایی ئه‌ندامانیان ده‌کرد و، ئه‌ندامان به زمانی ”تۆمار“ و ”فراکسیۆن“ و ”مه‌حفیل“ و ”گه‌رایش“ له گه‌ڵ یه‌کتر ده‌دوان، له‌سه‌رده‌می ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌ستی شۆڕشگێڕی و خۆ ته‌رخانکردن بۆ خه‌بات له پێناوی ئامانجی ڕزگاریخوازانه‌دا، هه‌ستی خۆ به بایه‌خدار زانین، گه‌رمای هێنایه‌وه ناو گیانی تێکۆشه‌رانی کۆمه‌ڵه. تێکۆشه‌ران نێوچاوانیان کرایه‌وه، دڵیان کرایه‌وه، زمانیان کرایه‌وه و، له‌وه ده‌چوو هه‌موو شتێک پاک بووبیته‌وه. هیوای ئه‌وه‌مان هه‌بوو، ئه‌و پرۆسه‌یه، کۆمه‌ڵه هه‌تا ئاستی حیزبێکی ڕزگاریخوازی گه‌ش و گه‌وره، به‌رز کاته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و پرۆسه‌یه، به سه‌ر هێڵێکی ڕاست و بێگرێدا نه‌ڕۆیشت. زۆر زوو جاڕی ئه‌وه درا ”ڕاپه‌ڕین ته‌واوبوو“. زۆر زوو ڕاگه‌یه‌ندرا ”پرۆسه‌ی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ته‌واو بوو“. به ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه ڕاگه‌یه‌ندرا:(1) ”پرۆسه‌ی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه ته‌واو بووه، ئه‌و پرۆسه‌یه به ئه‌نجامی خۆی گه‌یشتووه و، ئه‌وانه‌ی ده‌یانهه‌وێ کۆمه‌ڵه گۆڕانی زیاتری به‌سه‌ردا بێ، بڕۆنه‌وه ماڵی خۆیان“. ئه‌و قسه‌یه، زۆر له‌و قسه‌یه‌ی خومه‌ینی ده‌چوو که هه‌ر ڕۆژی دوای ڕاپه‌ڕینی ئێران به خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی گوت ”ڕاپه‌ڕین ته‌واو بووه. چه‌که‌کان بده‌نه‌وه به ئهرتهشو، خۆتان بڕۆنه‌وه ماڵ“. له ڕاستیدا، ده‌سه‌ڵاتی به‌پارێز، ئاڵوگۆڕی ته‌نیا تا ئه‌و جێگایه ده‌وێ که خۆی به‌ده‌سه‌ڵات بگا. له دوای ئه‌وه، به‌رانبه‌ر به ئاڵوگۆڕ و ئیراده‌ی پێکهێنه‌رانی ئاڵوگۆڕ ده‌وه‌ستێ، هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کا، به گێره‌شێوێن ناوی ده‌با و، سه‌ره‌نجام سه‌رکوتی ده‌کا.
ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ڕه‌وتێک بوو ڕوو له گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی. ئه‌و گۆڕانه ده‌مێک بوو له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا داوای ده‌کرا. کۆمه‌ڵه چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی لێده‌کرا له حاست ئه‌و هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌ی کوردستان چاو بکاته‌وه که تێیدا، ڕه‌وتی وه‌خه‌به‌رهاتنی نه‌ته‌وه‌یی و وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌وتی گه‌شانه‌وه‌ی ڕووناک‌بیری، ڕه‌وتی بایه‌خدانان بۆ نوێبوونه‌وه و ناسینی ڕاستییه‌کانی سه‌رده‌م هه‌تا ده‌هات په‌ره‌ی ده‌گرت. دیتبوومان خه‌ڵکی کوردستان پشتیان له‌و حیزبه هه‌ڵکردووه که له جیاتی دانوستان له گه‌ڵ دیاردهنوێیهکان، له حوجرهکانیدا حه‌دیسی مێژوو ده‌گێڕێته‌وه و، له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسیدا خاوه‌نی گوتارێکه که ته‌نیا ئاڵقه‌یه‌ک له تێکۆشه‌رانی له مێژینه‌ی خۆی تێی ده‌گه‌ن. کۆمه‌ڵه، به بێ ئه‌و گۆڕانه، تێدا ده‌چوو. گۆڕانێک له پێناوی ئه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵه ببێته حیزبی جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵکی سته‌ملێکراو و بێبه‌شی کوردستان. حیزبێک بۆ ڕێکخستنی خه‌باتی بێبه‌شان له پێناوی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. به‌شداریکردن له‌و خه‌باته‌دا، پێویستیی به‌وه هه‌بوو و هه‌یه که کۆمه‌ڵه:
1- ببێته حیزبێکی کوردستانی. به‌و مانایه که شوێنی هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵه کوردستانه. داکۆکی له هه‌موو مافێکی خه‌لکی کوردستان ده‌کا و، ئیتر داکۆکی له خه‌ڵکی ژێرده‌سته‌ی کوردستان و، داکۆکی له کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و هه‌ژارانی کوردستان، وه‌ک داکۆکی له ژێرده‌ستان و چه‌وساوه‌کانی هه‌موو جیهان مایه‌ی شانازی بێ و نه‌کرێته بیانوو بۆ دهستهسازکردن له ”ڕاست“.
2- ببێته حیزبێکی به‌رین که تێکۆشه‌رانی کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندوو بتوانن بیکه‌نه سه‌نگه‌ری خۆیان. تێکۆشه‌ران بتوانن به سیمای خۆیانه‌وه، بێنه ناوی و بۆ درێژه‌دان به خه‌باتی حیزبی ناچار نه‌بن له فیلتێری ئیدئۆلۆژیک و له پاڵوێنه‌ی قه‌بووڵی ئه‌و که‌سانه تێپه‌ڕ بن که زه‌وقی خۆیان و زۆر جاریش وه‌همه‌کانیان و به‌رژه‌وه‌نده‌کانیان ناو ده‌نێن ڕێبازی کۆمه‌ڵه و به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵه. ببێته حیزبێکی سیاسیی خاوه‌نی به‌رنامه‌ی ڕۆشنی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی.
3- ببێته حیزبێکی مودێرن که بینا حیزبییه‌که‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ناوه‌رۆکی ئازادیخوازانه و عه‌داڵه‌تخوازانه‌ی بێ و هه‌روه‌ها له گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌می خۆی بگونجێ. ئورگان و ده‌زگای حیزبی، دامه‌زراوه‌ی حیزبی و کۆمیته و پێکهاته‌ی دیکه‌ی حیزبی، قه‌واره‌که‌ی دروست بکه‌ن.
4- ببێته حیزبێک که دیموکراتیکترین ڕێسا به‌سه‌ر پهیوهندهکانیدا زاڵ بن. به‌ها دێمۆکراتیکه‌کان، تێیدا ڕێزیان لێ بگیرێ و، که‌سه‌کان تێیدا وه‌ک سه‌ربازه دارینه‌ی شه‌تره‌نج چاویان لێنه‌کرێ. له‌سه‌ر ڕه‌خنه گرتن له سیاسه‌تێک یان هێنانه‌گۆڕی باسێک که‌س ده‌سته‌ی لێ ساز نه‌کرێ و، تۆمه‌تی لێ نه‌درێ. به تایبه‌ت، به هۆی ئه‌زموونه تاڵه‌کانی ڕابوردوو، زۆر پێویست بوو کۆمه‌ڵه چ له پێڕه‌وی ناوخۆیدا و چ له کردار و ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌یدا، نیشان بدا ئیتر ئه‌و ڕابوردووه تاڵه دووپات نابێته‌وه. پێویست بوو کۆمه‌ڵه له‌م بابه‌ته‌وه سیمایه‌کی تازه له خۆی نیشان بدا، به جۆرێک که بیره‌وه‌رییه ناخۆشه‌کانی په‌یوه‌ندی دهمکوتکهرانه و سه‌رکوتکه‌رانه‌ی پێشووی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆمۆنیزمی کارگه‌ری له زه‌ینی هه‌ڵسووڕاوانی خۆی و بزووتنه‌وه‌که بسڕێته‌وه. حیزبه‌که تا ئه‌وکات، به درێژایی ساڵها، ڕه‌خنه‌گرانی ناوخۆی ده‌مکوت کردبوو. له‌م بابه‌ته‌وه، په‌روه‌نده‌ی حیزبه‌که، ته‌نیا له گه‌ڵ دواکه‌وتووترین و داخراوترین حیزبه‌کانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات قابیلی به‌راوردکردن بوو.
5- ببێته حیزبێکی شه‌فاف و وه‌ڵامده‌ره‌وه، که سیاسه‌ته‌کانی ڕوون بن، ڕاشکاوانه بن و ڕابگه‌یه‌ندرێن. سیاسه‌ته‌کانی له کۆبوونه‌وه‌ی حیزبی‌دا و له پلینۆمه‌کان و کۆنگره‌کانیدا بێنه به‌رباس و، ڕاوێژیان له‌سه‌ر بکرێ و، کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ئورگانه‌کانی ڕابه‌ری، له به‌رده‌م کۆنگره‌کان و کۆنفرانسه‌کان و پلینۆمه‌کان وه‌ڵامده‌ره‌وه بن.
6- ببێته حیزبێک که سیستمی ماڵی و داراییه‌که‌ی قابیلی لێپرسینه‌وه بێ و، شه‌فاف بێ و، ڕێگا بۆ ئه‌وه نه‌هێڵێته‌وه که وه‌ک ده‌وره‌کانی پێشوو پرۆژه ماڵییه‌کانی نهێنی بن، ته‌نیا ژماره‌یه‌ک له ”ڕابه‌ران“ به داراییه‌کانی بزانن و، له کاتی پێویستدا وه‌ک گۆپاڵ له دژی لایه‌نی به‌رانبه‌ریان به‌کاری بێنن و ته‌نانه‌ت بتوانن ڕه‌خنه‌گری خۆیان نان‌بڕاو و بێبه‌رگ و بێچه‌ک و بێخێوهت بکه‌ن. ببێته حیزبێک که کۆمیته‌ی ناوه‌ندی یان ئۆرگانی دیکه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی کۆنگره، چاوه‌دێریی ته‌واوی به‌سه‌ر پرۆسه‌ی خه‌رج وداهات و پرۆژهماڵییهکانیدا هه‌بێ و، ببێته حیزبێک که ده‌سه‌ڵاتی ماڵی له خزمه‌ت ده‌سته‌به‌ندیی سیاسی و حیزبیی ناوخۆییدا به‌کار نه‌هێنرێ.
7- ببێته ناوه‌ندی بیروڕاگۆڕینه‌وه‌ی ئازاد، پرسیار کردن، لێپرسینه‌وه، ڕه‌خنه‌گرتن، دیالۆگ، فێربوون و گه‌شه‌کردن.
ئێستا، 6 ساڵ زیاتر له کۆنفرانسی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه تێپه‌ڕیوه. له‌و ماوه‌یه‌دا، ڕه‌وتی به پارێز و دژ به ئاڵوگۆڕ، له‌ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا، به‌رانبه‌ر به هه‌ر ههنگاوێکی ئاڵوگۆڕ وه‌ستاوه. ئه‌وه‌نده‌ی توانیویه‌تی به کرده‌وه پێشی پێگرتووه و، هه‌رنه‌بێ، ڕه‌وته‌که‌ی خاو کردووه‌ته‌وه.
گرنگترین بڕیاره‌کانی ئێمه‌ی ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، که ڕه‌وتی به‌پارێز ملی لێ بادان، به‌رانبه‌ریان وه‌ستا و، سه‌ره‌نجام یان بێده‌نگه‌ی کرد یان نابه‌دڵ قه‌بووڵی کردن و ژێربه‌ژێر هه‌وڵیدا له‌باریان به‌رێ ئه‌وانه بوون: بڕیاری هه‌ڵبژاردنی ناوی ”کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران“، بڕیاری کوردستانیبوون و خه‌باتی لێبڕاوانه له پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان، بڕیاری به‌ڕه‌سمیناسینی ئاڵای کوردستان وه‌ک هێمای خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان له پێناو ئه‌وه‌دا که ناسنامه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی ڕێزی لێ بگیرێ، بڕیاری په‌یوه‌ستبوون به ئه‌نترناسیۆناڵی سۆسیالیست، بڕیاری ئه‌وه‌که خه‌ڵکی کوردستان بۆیان هه‌یه پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌باتی خۆیان بدۆزنه‌وه، بڕیاری هه‌وڵدان بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی په‌یوه‌نده حیزبییه‌کان و په‌ره‌پێدانی ساختاری حیزبی و، سه‌ره‌نجام بڕیاری پاوان نه‌کردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌زگای ماڵی به‌و مانایه که توانایی ماڵی نه‌کرێته پاڵپشتی هێژمۆنیی سیاسی له ناوخۆی حیزبه‌که‌دا و تواناییه ماڵی و داراییه‌کان له کێشه‌ی سیاسی‌دا یه‌کلاکه‌ره‌وه و چاره‌نوسساز نه‌بن.
ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ئێستا تووشی کۆسپێک بووه. ژماره‌یه‌ک له ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه و پره‌نسیپه حیزبییه‌کانی، خراونه‌ته په‌راوێز. ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، پێویسته به‌رانبه‌ر به‌و دیارده‌یه بوه‌ستێ و ئه‌رکه‌کانی خۆی له پێناو کۆمه‌ڵه‌یه‌کی گه‌ش، ڕوو له گه‌وره‌بوونه‌وه، ڕێزگر له دیمۆکراسی و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، به‌ره‌وپێش به‌رێ. ئه‌و دیاردانه‌ی پێویسته ببنه جێگای سه‌رنجی تێکۆشه‌رانی ڕێبازی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ئه‌مانه‌ن:
حیزبێک به بێ ڕێکخستنی حیزبی
ئه‌وه‌ی ده‌مێکه کراوه‌ته شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵه، به هیچ شێوه‌یه‌ک له گه‌ڵ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حیزبێکی هاوچه‌رخ نایه‌ته‌وه. حیزبێک له ئاسایی‌ترین پێکهاته‌ی خۆیدا بریتییه له هیرهمێکی پێکهاتوو له ئورگان و ده‌زگا و کۆمیته‌کان. به بێ ئه‌وانه، حیزب شکڵ ناگرێ. کۆمیته‌کان و ئۆرگانه حیزبییه‌کان، هه‌تا ڕاده‌ی تواندنه‌وه‌یان، لاواز کراون. کاری کۆمیته‌کان و لێپرسراوانی ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵه، ده‌خاله‌تی بانسهرانهی تێدا ده‌کرێ و، بڕیاره‌کانیان ههڵدوهشێندرێتهوه. کۆمیته‌کان و ئورگان و ده‌زگا حیزبییه‌کان به بێ ئاییننامه به‌ڕێوه ده‌برێن، هه‌تا هیچ ئاییننامه‌یه‌ک پێش به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆیانه نه‌گرێ. سنووری ده‌سه‌ڵاتی کۆمیته‌کان، به پێی ئه‌وه‌ی کێ ئه‌ندامی کۆمیته‌کان بێ ده‌گۆڕێ و، قه‌واره‌که‌ی هه‌رجاره‌ی به پێی به‌رژه‌وه‌ندی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌سکاری ده‌کرێ.
له‌مدواییانه‌دا، ”ئینسیجامی کۆمه‌ڵه“ و ”پێویستیی حیزبی پۆڵایین“ کرایه ناوێکی نهێنی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌رکه‌زی هه‌موو جووڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵه بێنێته ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاسته‌وخۆ. گه‌لێک بڕیاری کۆمیته‌کان، له لایه‌ن ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌وه به بێ هیچ بیانوویه‌ک هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه. ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی د.س به ده‌سه‌ڵاتێکی واوه‌تر له سنووره‌کانی پێره‌وی ناوخۆ، به‌سه‌ر کۆمیته‌کان و ده‌زگاکاندا باز ده‌ده‌ن. کۆمه‌ڵه به شێوه‌ی حیزبێکی پادگانی به‌ڕێوه ده‌برێ، که هه‌موو هه‌ڵسووڕاوانی بریتین له فه‌رمانبه‌ر و سه‌ربازی تاک، له ژێر فه‌رمانی چه‌ند گه‌وره سه‌رکرده‌یه‌کدا.
کۆمه‌ڵه پێویسته ببێته خاوه‌نی ڕێکخستنێکی مۆدێرنی حیزبی. پێکهاته‌ی سوننه‌تی و بابمه‌زنانه، پێویسته به خێرایی ماڵاوایی لێبکرێ.
حیزب ده‌بێ نوێنه‌ری ئیراده‌ی ئه‌ندامانی بێ
له حیزبێکی ساخ و ته‌ندروستدا، هه‌ر بڕیارێک و په‌سندکرانی هه‌ر سیاسه‌تێک ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌کی دیمۆکراتیکی ڕاوێژ، بیروڕاگۆڕینه‌وه و، هه‌ڵسه‌نگاندنه. به پێچه‌وانه‌وه، له قه‌واره‌یه‌کی داخراو و نادیمۆکراتیکدا، بڕیاردان ئه‌نجامی ساتوسه‌ودا، سرتوخورت، زه‌دوبه‌ند، به‌رژه‌وه‌ندخوازی و پاوان‌کردنی ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانه. له‌و قه‌واره‌یه‌دا، بێجگه له‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته، هه‌رکه‌سی دیکه بیهه‌وێ به‌شدارییه‌کی زیندوو له دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی حیزبه‌که‌دا بکا، پێشی پێ ده‌گیرێ، تاوانبار ده‌کرێ(2)، بێده‌نگ ده‌کرێ و، ده‌خرێته په‌راوێز. نیشانه‌ی حیزبی ته‌ندروست، به‌رینبوونه‌وه‌ی بازنه‌ی ئیراده‌ی گشتییه. نیشانه‌ی حیزبی گه‌نده‌ڵ، ته‌نگبوونه‌وه‌ی بازنه‌ی بڕیاربه‌ده‌ستان و، به‌رینبوونه‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌و که‌س و ئورگانانهیه که ده‌خرێنه په‌راوێز و کز ده‌کرێن.
یه‌کێک له نیشانه‌کانی هه‌وڵدان بۆ بێده‌نگکردنی ڕه‌خنه‌گران، هاوماناکردنی ”ڕه‌خنه‌گرتن“ و ”دژایه‌تیی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵه“یه. واتا، ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌نێته جێگای کۆمه‌ڵه و، به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆی، ناو ده‌نێ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵه. ئه‌وه، تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ره‌ڕۆ، ناوهڵامدهرهوه و نادیمۆکراتیکه. له قه‌واره‌ی دیمۆکراتیک‌دا، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، به هاتنه‌مه‌یدانی ئیراده‌ی گشتی، له ڕێگه‌ی ده‌خاله‌تی ڕاسته‌وخۆ و ده‌نگدانه‌وه، نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێ. له قه‌واره‌ی داخراودا، ده‌سه‌ڵات، حه‌قانییه‌تی هه‌موو شتێک دیاری ده‌کا. ئه‌و ناوه‌نده له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی به مافدار و خاوه‌نی هه‌موو شتێک ده‌زانێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی دێته مه‌یدانی ”دیالۆگ“، خۆی با هاوشان دانانێ هه‌ر بۆیه زمانی دیالۆگیان، ته‌وساوی، زبر و دژمنکارانه‌یه.
له‌م دواییانه‌دا، له چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ی حیزبی‌دا، وته‌بێژانی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ڕه‌خنه‌گرانیان به‌وه تاوانبار کردووه که ”به پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵه ده‌جووڵێنه‌وه“(3) و ”موخالیفی خه‌تی ڕه‌سمیی کۆمه‌ڵه‌ن“. له‌وه ده‌چێ مه‌به‌ست له خه‌تی ڕه‌سمی، ئه‌و شته بێ که ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ کردوویه‌ته عه‌زمی خۆی. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له خه‌تی ڕه‌سمیی کۆمه‌ڵه، به‌ڵگه و په‌سندکراوه‌کانی کۆمه‌ڵه بن، له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی به ناوی خه‌تی ڕه‌سمیی کۆمه‌ڵه ده‌ناسرێ و، له به‌ڵگه‌و په‌سندکراوه‌کانی کۆنگره‌کان و کۆبوونه‌وه بڕیارده‌ره حیزبییه‌کاندا ڕاگه‌یه‌ندراون، هه‌موویان به‌رهه‌می ویستی ئێمه‌ی تێکۆشه‌رانی ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه بوون و، زۆر جار ڕه‌وتی به پارێز له به‌رانبه‌ر پهسندکرانیاندا وه‌ستاوه و موقاومه‌تی کردووه. قورساییه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بییاتی سه‌رده‌می ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، به‌رهه‌می ئه‌و که‌سانه‌یه که ئێستا که‌وتوونه‌ته به‌ر هێرشی ناڕه‌وای ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات. هه‌ندێک له ئه‌ندامانی ڕه‌وتی به‌پارێز، له‌م 6 ساڵه‌ی دوای ساخبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا، هه‌ڵوێستیان بریتی بووه له بازبازێنی فیکری و سیاسی و هه‌ڵوێست گۆڕین به پێی که‌شوهه‌وا. خاوه‌نی ڕێچکه‌یه‌کی ناسراو نه‌بوون تا ناوی بنرێ خه‌ت. ئه‌و هه‌موو بازبازێنه ناکرێ ناوی بنرێ خه‌تی ڕه‌سمیی کۆمه‌ڵه.
به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له دژی ڕه‌خنه‌گران
له‌م دواییانه‌دا زه‌مزه‌مه‌ی ئه‌وه ده‌بیسترێ که وه‌رگرتنی ئه‌ندام له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌بێ کۆنتڕۆڵ بکرێ. ئه‌وه له حاڵێکدایه که نزیکه‌ی 95%ی ئه‌وانه‌ی له 6 ساڵی ڕابوردوودا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوونه‌ته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه، له تێکۆشه‌رانی دێرینی کۆمه‌ڵه بوون که به ”ته‌یفی کۆمه‌ڵه“ ناسراون.
له نیوه‌ی دووهه‌می هه‌شتاکانه‌وه و به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی زایینی‌دا، سه‌دان که‌س له تێکۆشه‌رانی کۆمه‌ڵه ڕوویان کرده وڵاتانی ڕۆژئاوا. چ ئه‌وانه‌ی به هۆی برینداربوون له سه‌نگه‌ره‌کانی شه‌ڕدا ناردرانه ده‌ره‌وه و چ ئه‌وانه‌ی دواتر ”پرۆژه‌ی ئیعزام“ له ڕاستیدا له کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌نفال کردن، هه‌میشه به سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵه زانراون. ئه‌وانه سه‌دان کادری به‌ناوبانگ، خۆشناو و تێکۆشه‌رن. ڕێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌ندامانی ئێستای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه، هه‌ر له‌و کادرانه‌ن که له‌و ساڵانه‌دا له‌ده‌ره‌وه بوون.
له سه‌ره‌تای ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا، ئێمه‌مانان، ماڵ به ماڵ گه‌ڕاین و داوامان له‌و تێکۆشه‌رانه کرد بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و ڕه‌وته بێنه‌وه ناو کۆمه‌ڵه. هه‌ندێکێان پێشتر مه‌سئوولی ده‌بیرخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کارگه‌ری ئه‌ندامه‌تیی لێ ئه‌ستاندبوونه‌وه. ئه‌و هاوڕێیانه، زۆریان وتیان له بابه‌ت گۆڕانکارییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه تێبینییان هه‌یه و ده‌یانهه‌وێ تێبینییه‌کانیان له‌به‌رچاو بگیرێ. ده‌فته‌ری سیاسیی ئه‌وکات، پێی ڕاگه‌یاندن بۆ تێکۆشان له پێناو ئه‌و گۆڕانکارییانه‌دا با ئه‌و تێکۆشه‌رانه بێنه‌وه ناو کۆمه‌ڵه و له ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا و له کۆبوونه‌وه بڕیارده‌ره حیزبییه‌کاندا، هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌کانیان. که‌چی له یه‌که‌م کۆنفرانسی سکاندیناڤیدا، هه‌ر ئه‌و که‌سانه له لایه‌ن ”نوێنه‌ری ده‌فته‌ری سیاسییه‌وه“ پێیان ڕاگه‌یه‌ندرا، ئه‌گه‌ر تێبینییان هه‌یه، با له کۆمه‌ڵه بچنه‌ده‌ر و، له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه قسه‌کانیان بکه‌ن. ئه‌وه، ناته‌بایه له گه‌ڵ سه‌ره‌کیترین ئامانجه‌کانی ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه، ناته‌بایه له گه‌ڵ بنه‌ماکانی دیمۆکراسی ناوخۆیی و دیالۆگ، ناته‌بایه له‌گه‌ڵ به‌ڕه‌سمیناسینی مافی ئه‌ندامان بۆ ده‌ربڕینی ڕای خۆیان و، کارتێکردنی بڕیاره‌کان به ده‌نگدان له کۆنگره و کۆنفرانسه‌کاندا. ئه‌وانه‌ی به‌م جۆره سه‌ره‌کیترین پره‌نسیپه‌کانی حیزبایه‌تی پێشێل ده‌که‌ن و، له دژی به‌هاکانی ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه ده‌وه‌ستن، ناتوانن به ناوی خه‌تی ڕه‌سمیی کۆمه‌ڵه خۆ بناسێنن. ئه‌و ئیددیعایه، ته‌نیا کاتێک ڕه‌واجی ده‌بێ، که به زه‌بری ده‌سه‌ڵات داسه‌پێندرێ.
هه‌ڵسووڕانی سیاسی و شه‌فافییه‌ت
ماوه‌یه‌که، لێکدانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له کۆمه‌ڵه‌دا چووه‌ته په‌راوێزه‌وه. له کۆنگره‌کان و کۆبوونه‌وه‌کانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا، ئه‌وه‌نده‌ی کێشه‌ی ناوخۆیی جێگای لێدوان بووه، ئه‌وه‌نده لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و به‌ڵگه و بڕیارنامه‌ی سیاسی نه‌هاتوونه‌ته به‌ر باس. هه‌ندێک نیشانه‌ی ئاشکرا ئه‌وه ده‌درده‌خه‌ن که: ئه‌وه که له‌هه‌ر قۆناغێکدا چ سیاسه‌تێک ڕه‌چاوبکرێ و چ ئه‌رکێکی سیاسی و حیزبی فوکووسی له‌سه‌ر بکرێ، ته‌واو په‌یوه‌ندی به‌وه هه‌یه که چ که‌ڵکێکی ناوخۆیی لێ وه‌رده‌گیرێ.
بڵاوکراوه‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه، ته‌نیا له دووسێ ساڵی یه‌که‌می ساخبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌دا بوو به سه‌کۆی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵوێسته‌کانی کۆمه‌ڵه و شوێنی وتارنووسینی ئه‌ندامانی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی. له دوو سێ ساڵی ڕابوردوودا، به ده‌گمه‌ن لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له بابه‌ت مه‌سه‌له سیاسییه گرنگه‌کانی کوردستان و ئێران و ناوچه‌که به ئیمزای ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی بڵاوکراوه‌ته‌وه. ده‌ڵێی هه‌وڵێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه، نه‌ک هه‌ر پڕۆژه‌کانیان، به‌ڵکوو خه‌تی فیکری و سیاسیشیان غه‌یری قابیلی خوێندنه‌وه بێ و، هیچ هه‌ڵوێستێک له سه‌ر خۆیان نه‌که‌نه ماڵ، تا هه‌موو ڕۆژێ ئیمکانی مانۆڤری تازه‌یان هه‌بێ. ته‌نانه‌ت زۆرجار له بۆنه گرنگه‌کاندا هه‌ڵوێست و به‌یاننامه‌ی ناوه‌ندی و د.س بڵاوناکرێته‌وه. ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، که بریتی بێ له ده‌فته‌ری سیاسی، ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی کێشه‌ی ده‌سته‌به‌ندی، ده‌خاله‌ت له پرۆژهماڵییهکاندا و به‌کارهێنانی کارتی کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌وه‌نده خه‌ریکی سیاسه‌تداڕشتن و نوێنه‌رایه‌تیی سیاسیی کۆمه‌ڵه نین.
دارایی و ناوه‌ندی سیاسی
له حیزبێکی ساخ و ته‌ندروست دا، له‌حیزبێکدا که بیهه‌وێ خۆی له مه‌ترسیی گه‌نده‌ڵی دوور ڕابگرێ، پێویسته ڕێگا نه‌درێ، ده‌سه‌ڵاتی ماڵی، چاره‌نووسی هێڵه فیکرییه‌کان و ڕهوتهسیاسییهکانی ناو حیزبه‌که دیاری بکا. ده‌فته‌ری سیاسی نابێ له حیزبه‌که‌ی خۆیدا هاوکات کاری بانکیش بکا. به‌شی دارایی حیزب، وه‌ک له هه‌موو دنیای پێشکه‌وتوودا باوه، پێویسته به ده‌زگایه‌ک بسپێردرێ که به پێی بنه‌ما و ڕێسای کارشناسانه، قابیلی حیسابڕه‌سی و، خاوه‌نی ده‌فته‌ر و ژماره و ڕه‌قه‌م، به‌ڕێوه ببرێ و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی یان ئۆرگانی دیکه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی کۆنگره چاوه‌دێریی ته‌واوی به‌سه‌ریدا هه‌بێ.
له کۆنفرانسی دووهه‌می سکاندیناڤی باسی لێپرسینه‌وه‌ی به‌شی دارایی هاته‌گۆڕ. پێشنیار کرا، دوو که‌س چاوه‌دێری دارایی هه‌ڵبژێردرێن که ئه‌ندامی کۆمیته‌که نه‌بن و، چاوه‌دێریی دارایی و خه‌رجه‌کانی کۆمیته‌که بکه‌ن. نوێنه‌ری ڕه‌وتی به‌پارێزی ناو کۆمه‌ڵه، دژ به هه‌ڵبژاردنی چاوه‌دێری دارایی قسه‌ی کرد و ئیستیدلالی ئه‌وه بوو که ”کۆمه‌ڵه حیزبێکی نهێنییه و ناتوانێ حیسابی داراییه‌کانی بخاته به‌رده‌ستی ئه‌م و ئه‌و“.
ئه‌وه که سه‌رمایه و دارایی کۆمه‌ڵه چه‌نده و، کۆمه‌ڵه له کوێ سه‌رمایه‌ی هه‌یه، ده‌کرێ نهێنی بێ، به‌ڵام ئه‌وه که داهاته‌کان چۆن سه‌رف ده‌کرێن، هه‌میشه ده‌بێ قابیلی لێپرسینه‌وه بێ و، ناکرێ بکرێته ”نهێنی“ و مه‌ته‌ڵۆکه‌ی ئه‌منییه‌تی. ئه‌وه ته‌نیا لێپرسینه‌وه‌یه، که سنووری نێوان شه‌فافییه‌ت و گه‌نده‌ڵی دیاری ده‌کا.
ده‌ربازبوون له‌م دۆخه و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م گرفتانه‌دا، هه‌وڵدانێکی کارسازی ده‌وێ که تێیدا ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه و دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی کوردستان به‌شدار بن. ئه‌و هه‌ڵمه‌ته پێویسته به هه‌موومان ڕێکی بخه‌ین و به‌شداریی تێدا بکه‌ین.
-------------------------------------------------------------------------------
په‌راوێزه‌کان:
(1) له کۆنفرانسی یه‌که‌می ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌دا له سکاندیناڤی، ستۆکهۆڵم، ئاپریلی 2004، ئه‌بووبه‌کری موده‌ڕڕه‌سی، که وه‌ک نوێنه‌ری ده‌فته‌ری سیاسی خۆی ناساند، ئه‌و قسه‌یه‌ی کرد. تا ئێستا ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه. موده‌ڕڕه‌سی وتی: ”ڕه‌وتی ساخکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه ته‌واو بووه. هه‌رکه‌س به‌ته‌مای ئه‌وه هاتووه‌ته ناو کۆمه‌ڵه که کۆمه‌ڵه بگۆڕێ، با بڕواته‌وه ماڵی خۆی و له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه هه‌وڵ بدا بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵه“. موده‌ڕڕه‌سی وتی ”له ماڵی خۆشتان ده‌توانن موباره‌زه‌ی شه‌رافه‌تمه‌ندانه بکه‌ن“.
(2) ماوه‌یه‌ک له‌وه پێش، هێرشی عه‌لیزاده، پێشنیارێکی بۆ گۆڕینی به‌ندی یه‌که‌می پێڕه‌وی ناوخۆی کۆمه‌ڵه هێنایه گۆڕ. هێرش، له‌سه‌ر ئه‌وه ناووناتۆره‌ی لێدرا و به شێواندنی کۆمه‌ڵه‌و سه‌به‌بکاری بێ ئیسیجامی ناودێر کرا. ته‌نانه‌ت کاتێک که سکرتێری گشتیی کۆمه‌ڵه، له گفتوگۆیه‌کدا له گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ ڕایگه‌یاند پێشنیاری گۆڕینی به‌ندی یه‌که‌می پێڕه‌وی ناوخۆی کۆمه‌ڵه، یه‌که‌مجار خۆی هێناویه‌تییه گۆڕ، هێشتا هێرش داوای لێبووردنی لێ نه‌کرا که بۆچی له‌سه‌ر هێنانه‌گۆڕی هه‌مان پێشنیار به شێواندنی کۆمه‌ڵه تاوانبار کرابوو. ئه‌وه ته‌نیا نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که ئه‌وانه‌ی ملکه‌چ و بێده‌نگ نه‌بن، مافی ئه‌وه‌یان پێنادرێ ته‌نانه‌ت بۆ ته‌ئییدی سیاسه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵه‌ش ئیزهاری وجوود بکه‌ن.
ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێرش هه‌ڵگری بۆچوونێکی سیاسیی جیاوازه، سووکایه‌تییان پێ‌کرد، لێیان نه‌پرسرایه‌وه. گه‌لێک شکایه‌تی دیکه‌ش له بابه‌ت سه‌رپێچیکردنی له‌م چه‌شنه چوونه به‌رده‌ستی ده‌فته‌ری سیاسی که تێیاندا ڕه‌خنه‌گران شکایه‌تیان کردبوو که جنێویان پێدراوه و، هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه. ده‌فته‌ری سیاسی له‌و شکایهتانهی نه‌پرسییه‌وه و ڕێگه‌ی خۆش کرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گران فشاریان بۆ بهێنرێ. ئه‌وه ئه‌و شه‌پۆله‌یه که ڕاسته‌وخۆ به پشتیوانیی ده‌فته‌ری سیاسیی کۆمه‌ڵه له دژی ڕه‌خنه‌گران که‌وتووه‌ته ڕێ. له کاتێکدا که نهێنیترین باسه‌کانی ناو کۆنگره‌کان و پلینۆمه‌کان و کۆبوونه‌وه‌کانی ده‌فته‌ری سیاسی، له کۆڕی ناسیاوانیاندا باسی ده‌کرێ، خه‌ڵک له‌دژی که‌سانێکی دیاریکراو هه‌ڵده‌خڕێنن به پاساوی ئه‌وه که نهێنییه‌کان ده‌درکێنن. هاوڕێیان به ته‌مان ئه‌م کارانه‌یان به ناوی هه‌وڵدان بۆ ”ئینسیجام“ لێ قه‌بووڵ بکه‌ین.
(3) ده‌فته‌ری سیاسی له نامه‌یه‌کدا بۆ سه‌باحی ئه‌مینی، کادری له‌مێژینه و فه‌رمانده‌ی ناسراوی کۆمه‌ڵه نووسیویه‌تی: ”به‌دژی کۆمه‌ڵه و بهرژهوهندهکهی کارتان کردووه“ و ”ده‌فته‌ری سیاسیی کۆمه‌ڵه بڕیاری داوه که تا ئاگادارکردنه‌وه‌ی دوایی له هاتنه‌وه بۆ کوردستان و بۆ ئوردووگای کۆمه‌ڵه خۆتان بپارێزن“. مه‌علووم نییه کام، به‌ڵگه‌ی حیزبی و کام پێره‌وی ناوخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به ده‌فته‌ری سیاسی داوه هاتوچۆی کوردستان له که‌سێک قه‌ده‌غه بکا.
14/3/2007