شێعر
شێعری وه‌رگێڕدراو
ده‌نگ‌ودیمه‌ن
گفتوگۆ
وێنه‌ی ئه‌مجاره‌‌
avatar

بیروڕا

avatar

قازی محه‌ممه‌د و ڕه‌زا شا

26 Jul 2009

له‌ سوئێد، چه‌ند کتێبێک به‌ کوردی نووسراون، بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ خوێندنگه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ وانه‌ی کوردی ده‌خوێنن. یه‌کێک له‌و کتێبانه‌، ”گه‌ڵاڕێزان“، جێگای سه‌رنجی ئه‌مجاره‌یه‌.

نووسراوه: "قازی محه‌مه‌د... له ساڵی 1947دا له لایه‌ن ڕژێمی ڕه‌زاشای ئێرانه‌وه له سێداره ده‌درێت."

ڕه‌زا شا، ڕۆژی 25ی خه‌رمانانی ساڵی 1320ی هه‌تاوی، 1941ی زایینی، له ده‌سه‌ڵات ده‌ركرا و هاوینی 1944 مرد، زه‌حمه‌ته 3 ساڵ دوای مردنی، توانیبێتی بڕیاری له‌سێداره‌دانی قازی‌محه‌مه‌د بدا. ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دا، محه‌ممه‌دڕه‌زاشای كوڕی ڕه‌زاشا بوو.

جگه‌له‌وه‌ش ڕووداوه‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕابوردووه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بوو بنووسرێ ”له‌ سێداره‌ درا“. ئه‌و ده‌ربڕینه‌ که‌ ڕووداوی ڕابوردوو به‌ سیغه‌ی ” تێنه‌په‌ڕ“ باس ده‌کا، له‌ کوردیدا زۆرتر بۆ حیکایه‌ت و چیرۆک ده‌ست ده‌دا، یان بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌واڵێک که‌ وێژه‌ر له‌ زمانی که‌سی سێهه‌مه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ و له‌ ڕاستبوونی دڵنیا نییه‌، بۆیه‌ ڕسته‌ی وا ئه‌غڵه‌ب به‌ ”ده‌ڵێن ده‌ست پێده‌کا:
- ده‌ڵێن پیاوه‌که‌ هه‌ر ده‌که‌وێ، لاقی ده‌شکێ.
- ده‌ڵێن منداڵه‌که‌ فێی له‌گه‌ڵ ده‌بێ.



هه‌ر له‌و كتێبه‌دا، دێڕه شیعرێكی "مه‌م‌وزین‌"ی ئه‌حمه‌دی‌خانی، ئاوا چاپ كراوه:
”ئه‌ی مه‌م وتی: میر ده بگره زینت
وا كردمه یار و هاوسه‌رینت“

به‌م جۆره‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه شیعره‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه، ده‌بێ گۆیا كه‌سێك هه‌بێ ناوی "ئه‌ی مه‌م" بێ و به "میر"ی وتبێ: وه‌ره "زین" بده‌م به تۆ!
به‌ڵام شیعره‌كه له ڕاستیدا ئاوایه:
ئه‌ی مه‌م! ـ وتی میرـ ده بگره زینت!
واته: میر وتی: ئه‌ی مه‌م! ده بگره زینت. چونكه میر خه‌ریكه زین ده‌دا به مه‌م، نه‌ك به پێچه‌وانه‌كه‌ی. بۆ تێگه‌یشتنی ئاسانتر، ئه‌گه‌ر جێیگه‌ی وشه‌كانی شیعره‌كه هێندێك بگۆڕین بۆ ئه‌وه‌ی له شێوه‌ی داڕشتنی ڕسته‌یه‌كی ئاسایی نزیك بێته‌وه، ئاوای لێدێ:
وتی میر: ئه‌ی مه‌م! ده بگره زینت
یان:
میر وتی: ئه‌ی مه‌م! ده بگره زینت
مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه نووسه‌ر جێگه‌ی وشه‌كانی گۆڕیبا، به‌ڵام ده‌یتوانی به خاڵبه‌ندییه‌كی دروست، تێگه‌یشتنی منداڵان له شیعره‌كه، ئاسانتر بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر خۆی له شیعره‌كه گه‌یشتبا.

فۆلكلۆر یانی نه‌ته‌وه‌یی!
له لاپه‌ڕه 31ی كتێبه‌كه‌دا، وشه‌ی "میللی" ئاوا مانا كراوه‌ته‌وه:
میللی: نه‌ته‌وه‌یی، فۆلكلۆری.
له هیچ قامووسێكدا "نه‌ته‌وه‌یی" و "فۆلكلۆری" هاومانا نین. نه‌ته‌وه‌یی، یانی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ نه‌ته‌وه‌و‌ه هه‌بێ، فۆلكلۆر یانی هونه‌ری خه‌ڵك، یان هونه‌ری جه‌ماوه‌ر. جه‌ماوه‌ر و نه‌ته‌وه‌ جیاوازن. ناكرێ بڵێین سروودی نه‌ته‌وه‌یی هه‌مان فۆلكلۆره.
له عه‌ره‌بیدا، كه من نایزانم، هونه‌ری شه‌عبی، یان شتێكی له‌م بابه‌ته، به فۆلكلۆر ده‌گوترێ. به‌ڵام:
یه‌كه‌م: "هونه‌ری شه‌عبی" به مانای فۆلكلۆره، نه‌ك "شه‌عبی" به ته‌نیا،
دووهه‌م: هونه‌ری شه‌عبی، به مانای هونه‌ری میلله‌ت یان هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ یان هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی نییه، به مانای هونه‌ری خه‌ڵك یان هونه‌ری جه‌ماوه‌ره.
بگه‌ڕێوه‌|2126 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌|0 بۆچوون| بینێره‌| چاپ

بۆچوون بنێره‌