ده‌وه‌ن (چیرۆک)
2 Jun 2009
هه‌تاوی دوانیوه‌ڕۆ به ته‌وێڵی ئاسمانه‌وه به‌ره‌وخوار کل ببوو. ئاوی کانییه‌که، به بێ خوڕه، به‌ره‌و گۆلاوه‌که ده‌چوو. کیژه هاته سه‌ر کانییه‌که. هیلاک و بهئهندێش دانیشت. دۆدانه‌که له نێو ئاوهکهدابوو. شوانه به‌ردێکی له‌به‌ر ئاوه‌که دانابوو، هه‌تا به‌ره‌و سه‌رچاوه، ئاوه‌که په‌نگ بخواته‌وه و ڕه‌سه‌ر دۆدانه‌که بکه‌وێ. دۆدانه‌که پڕ بوو. ده‌بێ شوانه نانی نه‌خواردبێ.
کیژه هه‌ستا، له‌سه‌ر ئاوه‌که واوههات. چووه بن داره‌که، داربییه‌ک به‌لای خۆرئاوای سه‌رچاوه‌که‌وه. پرێسکه‌ی نانی شوان به لقی داره‌که‌وه هه‌ڵواسرابوو. له ماڵه‌وه چۆنی هێنابوو هه‌ر ئاوا بوو. گرێی نه‌کرابووه‌وه. له‌وانه به‌ده‌ر، شوێنه‌وارێک له شوانه و مێگه‌ل دیار نه‌بوو. ئاگردانی په‌نا سه‌رچاوه‌که سارد بوو. بایه‌کی ئارام، ورده‌شه‌پۆلی خستبووه ئاوی گۆلاوه‌که. سێبه‌ری داربییه‌که لایه‌کی گۆلاوه‌که‌ی داپۆشیبوو. کێژه له ئاوی بهرسێبهرهکهدا پووڵه‌که‌ی که‌واکه‌ی خۆی ده‌دیت. جلوبه‌رگی کیژه، تازه‌یی به‌رگی بووکیان پێوه دیار نه‌بوو، به‌ڵام به به‌ژنی کیژه‌وه ڕێکیان ده‌نواند. کراسی تۆڕی سوور، که‌وای پووڵهکهداری مهخمهی مۆر و، پشتێنی په‌شمینه‌ی گوڵداری نه‌باتی، به گوڵی زهردوسوور و کهسکهوه. به‌ژنی کیژه جوان بوو، له بڕوای خۆیدا و له‌به‌ر سه‌رنجی خه‌ڵکی دێیه‌که‌ش. ڕه‌وتی، ئارام بوو به‌ڵام نه‌ک خاو. سرک و خۆشباو بوو. چاوه‌ڕه‌ش، گهردنبهرز، سینهپڕ و مه‌چه‌ک گۆشتن. مه‌چه‌ک پڕ له بازنه‌ی قاش و، به‌رمووری بیجاده و مێخه‌ک له گه‌ردندا. ژنانی دێ پێیان گوتبوو بووکی وه‌ک تۆ بچێته هه‌ر ماڵێک ئاوه‌دانی ده‌کاته‌وه.
کیژه به‌ده‌م خه‌یاڵه‌وه چاوی به ده‌وروبه‌ردا گێڕا. سێبه‌ری په‌ڵه‌هه‌ورێک به‌سه‌ر لووتکه‌که کشابوو. داڵێک له‌سه‌ر لووتکه‌که ده‌گه‌ڕا. بێده‌نگیی کوێستان... له بێده‌نگیی کوێستاندا، هه‌موو شتێک ئارامی ده‌نواند. هه‌موو شتێک، بێجگه له ده‌روونی کیژه. کیژه له دیارنه‌بوونی شوانه و گه‌ڕانی داڵه‌که به‌گومان بوو.
په‌ژاره وه‌ک لمی ناو گۆمێکی ئارام، به‌شێنه‌یی ده‌نیشته ناو ده‌روونی کیژه. ده‌سرۆکه‌یه‌کی سه‌وزباوی له مل ئاڵابوو. ڕه‌نگه له کاتی ڕاکردندا دهسرۆکهکه له سه‌ری خزیبێ. چه‌پکێک قژی زه‌ردی نه‌رمی له به‌ر چاوی لابرد و خستییه پشت گوێی. ئێستا چاوه‌کانی باشتر ده‌بینران، گه‌ش و ڕووناک. ته‌وێڵی ئاره‌قه‌ی لێ نیشتبوو. گۆناکانی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوون. گۆناکانی تاوه‌سووت بوون، له‌به‌ر هه‌تاو سووتابوون.
له لێواری گۆلاوه‌که‌وه داگه‌ڕایه نێو په‌رێزه‌که و ڕووی له بناری شاخه‌که کرد. له ناکاو ڕاما. تاوێک وه‌ستا، پاشان گه‌ڕایه‌وه. چوو پرێسکهنانهکهی له لقی داره‌که کرده‌وه و له کۆڵی به‌ست. دۆی ناو دۆدانه‌که‌ی ڕشت و، دۆدانه‌که‌ی پڕ کرد له ئاو و به لایه‌کی شانی‌دا کرد. ئه‌مجار وه‌ک ڕێبوارێک که بزانێ ڕووی له مه‌نزڵێکی دووره، به هه‌نگاوی گه‌وره به‌ره‌و بنار هه‌ڵکشا.
به‌ره‌و بنار ڕێچکه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کشا. شوێن پێی ساڵان و مانگانی شوان و گاوان و ده‌شته‌وان. به سینه‌ی ده‌شتدا، به که‌مه‌رگای چه‌ند ته‌پۆڵکه‌دا، به نێوان پۆلی نه‌رمه‌قامیش و گڕاڵک و جێ‌جێ پنگه‌ی که‌نار زنه و جۆگه‌له‌دا. به‌ڵام ڕێچکه، با ڕێگه‌ی هاتوچۆی ساڵان و مانگانیش بووبێ، هه‌میشه نزیکترین ڕێگا نییه. نزیکتری ڕێگا هه‌تا کوێ؟ کیژه به‌ته‌ما بوو بگاته کوێ؟ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه بوو خۆی نه‌یده‌زانی کوێی مه‌به‌سته، به‌لام له ڕێچکه لای دا و ڕاسته‌وڕاست سنگی به هه‌ورازی ته‌پۆڵکه‌یه‌که‌وه نا، ڕوو له‌و ڕه‌وه‌زه به‌ردانه‌ی داڵه‌که به‌سه‌ریانه‌وه ده‌گه‌ڕا.
نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه بوو که فڕۆکه‌کان هاتن. تاوێک به‌سه‌ر کوێستانه‌که‌دا خولانه‌وه، گرمه‌یه‌ک هات و، ڕۆیشتن. ئێستا کیژه له شوانه ده‌گه‌ڕا. شوانه ده‌بێ له‌و کاته‌دا له کوێ بووبێ؟ تا ده‌هات بیری بگاته لێواری کاره‌ساتێک، جڵه‌وی خه‌یاڵی خۆی ده‌کێشایه‌وه و ده‌یهێنایه‌وه ناو ده‌شتی هێشتا ڕووناک به تیشکی زه‌ردباوی خۆری ئێواره. مرۆڤ له به‌ربه‌ره‌کانێی دژواری و ده‌رد دا، ئه‌و کاته‌ی ژان و په‌ژاره، یه‌ک له دوای یه‌ک، به‌رۆکی پێده‌گرن، ڕادێ دڵخۆشیی خۆی بداته‌وه. ئه‌گه‌ر وا نه‌کا، به‌رگه ناگرێ. کیژه دڵخۆشیی خۆی ده‌دایه‌وه.
”نابێ له‌وێ بووبێ. نابێ له‌وکاته‌دا له شاخ بووبێ. کاری چ بوو له‌وێ؟ مه‌گه‌ر بزنێک، کاریله‌یه‌ک، له مێگه‌ل ههڵبڕابێ و به نێو رهوهزهبهردهکاندا هه‌ڵکشابێ، یان ...“.
کیژه هه‌تا زیاتر هه‌ڵده‌کشا، زیاتر هه‌ستنی به ته‌نیایی ده‌کرد. هه‌ستی به‌وه ده‌کرد ئه‌و هه‌رێمه‌ی لێی نزیک ده‌بێته‌وه، شتی نه‌ناسراو و چاوه‌ڕواننه‌کراوی تێدایه. ئه‌و شوێنانه، شوێنی دووره‌ده‌ست، ئه‌و شوێنانه‌ی مرۆڤ به هه‌ڵکه‌وت نه‌بێ ڕێی تێ‌یان ناکه‌وێ، ئه‌غڵه‌ب ڕازی وایان تێدایه دواتر ده‌بنه چیرۆک و، خه‌ڵک له شه‌وانی درێژی سارد دا بۆ یه‌کتری ده‌گێڕنه‌وه. بێده‌نگیی بناری لووتکه‌کان ده‌ڕژایه ده‌روونی. ته‌نیایی لووتکه‌کان ده‌هاته ناو سنگییه‌وه. ته‌نیایی لووتکه‌کان، به‌ڵام نه‌ک سه‌ختی و ئارامیی به‌ردینی لووتکه‌کان. کیژه له مه‌ودای مراد و نامرادیدا جۆلانه‌ی ده‌کرد و ئازای ئه‌ندامی شه‌ڵاڵی ئاره‌قه بوو.
بانگی کرد. به ئارامی، بانگی شوانه‌ی کرد. ڕاهاتبوو به ئارامی بدوێ و، ته‌نانه‌ت به ئارامی هاوار بکا. به‌ڵام ئێستا شتێک پاڵی پێوه‌نابوو، فڕێی دابووه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ڕاهاتن. ئه‌مجار ده‌نگی هه‌ڵێنا. شاخ ده‌نگی دایه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وه یه‌که‌مجار بێ کیژه ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی بیستبێ. کیژه هه‌ستی به بوونی خۆی کرد. بوونێکی گه‌وره. له به‌رانبه‌ر گه‌وره‌ییدا، مرۆڤ بارستایی خۆی باشتر ده‌بینێ. ئێستا چیای به‌و گه‌وره‌ییه، ده‌نگی کیژه‌ی به‌و ناوه‌دا ده‌پژاند. کیژه له ده‌نگدانه‌وه‌ی هاواره‌که‌ی خۆی زیاتر هیچی نه‌بیسته‌وه. وه‌ڵامێکیش له شوانه‌وه ئه‌گه‌ر هاتبێ، تێکه‌ڵ ده‌نگدانه‌وه‌ی شاخ بووه و له نێو ده‌نگدانه‌وه‌که‌دا ون بووه. ئه‌وه‌ش وایه. ده‌نگیش هه‌ن، له بن ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌رادا ده‌خنکێن. ده‌نگی مرۆڤ جاری وایه له بن زڵه و زایه‌ڵه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی هاواری که‌سانی دیکه‌دا ون ده‌بێ و، گوێجکه‌ی به‌ردینی ئه‌شکه‌وته‌کان هه‌ڵیده‌مژێ.
کیژه بیری له دواڕۆژی بێشوانهیی ده‌کرده‌وه. بیر... بیروخه‌یاڵ... هێنان وبردنی هه‌زار دیمه‌ن... دیار و نادیار، له زه‌مین و زه‌مانی خه‌یاڵدا. هوروژمی خه‌یاڵ و هارووژانی شاره ژه‌نگه‌سووره‌ی ژان و برک. خه‌یاڵیان ئه‌گه‌ر له کیژه ئهستاندباوه چی پێده‌ما؟ هه‌ر وا بووه. که‌م ده‌دوا و زۆر ده‌چووه ناو هزری خۆی. پرس و ڕای به هزری خۆی زۆر ده‌کرد. هه‌میشه وا بووه. کیژه ئه‌و کاتانه‌ش که له ماڵه‌وه له نێو کۆڕی خێزان داده‌نیشت، هه‌ر وا بوو. ده‌تگوت ئه‌ندامیکی خێزان نییه. جمگه‌ی نێوان ئه‌ندامانی خێزان بوو. هه‌رچی ده‌یکرد له جیاتی ئه‌وانی دیکه بوو. ڕایه‌ڵه‌ی نیوانێان بوو. که ئه‌وانی دیکه ده‌چوونه ئاوداشتن و دروێنه، ئه‌و نانی بۆ ده‌بردن. له جیاتی برا چکۆله‌که‌ی ده‌چووه سه‌ر بێستان و له جیاتی باوکی ده‌چووه سه‌ر خه‌رمان. له‌و کاتانه‌دا به‌ڕێوه خه‌یاڵ ده‌یبرده‌وه. شه‌وانه‌ش، ئه‌و کاتانه‌ی له‌سه‌ر بان جێگه‌ی ڕاده‌خست و چاوی له ئه‌ستێره ورد و دووره‌کانی ئاسمانی ساو ده‌کرد. ئێستاش له خه‌یاڵدابوو:
”ئێواران که ده‌گه‌ڕایه‌وه ناو دێ، ڕاسته‌وڕاست ده‌هاته‌وه ماڵ. له گۆزه‌که‌ی حه‌وشه ئاویکی به ده‌م و چاویدا ده‌کرد و، تۆزی گلهسوورهی له سه‌ر شانی ده‌ته‌کاند. جاری وابوو چنگێک جاتره، یان مشتێک قه‌زوانی سه‌وزی له به‌ر باخه‌ڵی ده‌ردێنا. بۆنی لووتکه و بنار به ناو حه‌وشه‌که‌دا بڵاو ده‌بووه‌وه. له کتریی سه‌ر ئاگردانه‌که چایه‌کی بۆ خۆی تێده‌کرد.له‌به‌ر هه‌یوانه‌که، له سه‌ر به‌ڕه‌یه‌ک، پاڵی به کۆڵه‌که‌که‌وه ده‌دا و، شنه‌ی فێنکی سه‌کۆی ئاوپڕژێنکراو سنگ و ته‌وێڵی ده‌لاوانده‌وه.“
کیژه پێی وابوو کاره‌سات هه‌تا ئه‌نجامی گه‌وره‌تر و سامناکتری لێ بکه‌وێته‌وه ڕوودانی ئه‌سته‌متره. پێی وابوو ڕووداوێک که ژانێکی وا قووڵی لێ بکه‌وێته‌وه وا به ئاسانی، له مه‌ودای نیوه‌ڕۆ و تاوپهڕینی ڕۆژێکی هێنده ئاسایی‌دا ڕوونادا. پێی وابوو، هه‌ر به خه‌یاڵ پێی وابوو ئه‌و ڕۆژانه‌ی کاره‌ساته‌کان تێیاندا ده‌قه‌ومێن جیاوازن و، له زۆر زووتره‌وه ڕه‌نگی مۆر ده‌نوێنن. نه‌مانی شوانه هێنده سانا نه‌بوو. له دووی خۆی ته‌نیا کیژه و به‌رهه‌یوانی ماڵێکی بچووکی جێ نه‌ده‌هێشت. بۆ کیژه، له دوای شوانه پێده‌شت و بنار و لووتکه، مانگه شه‌وی پڕئه‌ستێره، بۆنی جاتره و گڵه‌سووره‌ی به‌رهه‌تاو، ده‌نگی ماندووی بلوێره‌که و په‌لکه زێڕینه‌ی پاش باران، هه‌موویان وه‌ک مانگی یهکشهو خێرا ئاوا ده‌بوون.
به نه‌رمانی نێوان دوو به‌ردی گه‌وره‌دا وه‌سه‌ر که‌وت و له پانایی سه‌ر تاویرێک دوو دڵۆپ خوێنی به‌دی کرد. ڕه‌نگێکی هێنا وبرد. ره‌نگی پێده‌شت له به‌ر چاوی کاڵ ده‌بووه‌وه. له پێدهشتدا ئێستا ئیتر هه‌تاوه‌که تیشکی زه‌ردی کۆ کردبووه‌وه. خاک ئێستاکه له ڕه‌نگی خۆی هێندێک توندتر، وه‌ک خۆڵه‌مێش. گیا ئێستاکه، له ڕه‌نگی خۆی هێندێک توندتر، ڕه‌شی ده‌نواند. کیژه ئێستا له دووره‌وه تارماییه‌کی به‌دی کردبوو. لێی چووه پێش. کاریله‌یه‌ک، سه‌ری له بن گه‌ڵایه‌کدا و، قاچی له بن تهڵاشهبهردێکی ته‌نک، ئه‌وی دیکه‌ی وردهگڵمهت و تۆزوخۆڵ تێی ئاڵابوو. کیژه باوه‌شی پێدا کرد و هه‌ڵیگرت. گه‌رما هێشتا له‌شی تورتی به‌جێ نه‌هێشتبوو. ئه‌م په‌یکه‌ره بچووکه‌ی بزووتن و هه‌ڵزنین، به سانایی خۆ به هه‌رێمی سارد و بێجووڵهی مه‌رگ ناسپێرێ. چاوه‌کانی به ئارامی هه‌ڵێنا و ده‌ستی کیژه‌ی لسته‌وه. ده‌م وزمانی، خۆڵی پێوه بوو.
- ده‌بێ تینوو بێ.
کیژه دۆدانه‌که‌ی له شانی داگرت و ئاوی به‌ده‌مدا کرد. ئێسته کاریله‌یه‌ک به بن هه‌نگڵه‌وه، کیژ ڕێ که‌وتبوو. تاریکایی گه‌یشتبووه ناو به‌رده‌کان. ئێستا ئیتر نیگای زۆری بڕ نه‌ده‌کرد. له تارماییه‌کان ورد ده‌بووه‌وه. خه‌ریک بوو ته‌مای ده‌بڕی. وتوویره‌ی ئه‌وه‌ی بوو بچێته‌وه ناو دێ و له لایه‌کی دی بۆی بگه‌ڕێ. به‌شکم سۆراغێکی له‌م و له‌و بگرێ. له‌وانه‌یه ڕووی کردبێته لایه‌کی دی. له‌وانه‌یه له جێگایه‌ک هه‌واڵێکی هه‌بێ. له‌وانه‌یه ڕێبوارێک، ده‌شته‌وانێک چاویان پێی که‌وتبێ، که‌سێک بڵی دیتم ئاوا ڕۆیشت... به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان دیویانه و خۆیان هاتوونه‌ته‌وه ناودێ، شوانه بۆ نه‌هاتووه‌ته‌وه، بۆ سۆراغی نییه؟ له‌وانه‌یه ئێستا له ماڵێ دانیشتبێ. له‌وانه‌یه هاتبێته‌وه، چراکه‌ی هه‌ڵکردبێ، ئاگردانه‌که‌ی پاک کردبێته‌وه، ئاگری تێدا هه‌ڵکردبێ و ئاوی وه‌سه‌ر نابێ. له‌وانه‌یه ماڵه‌که ئێستا ئاوه‌دان بێ.
له‌وانه‌شه چۆڵ و تاریک بێ. ماڵی چۆڵ و تاریک، له یه‌که‌م ئێواره‌ی ته‌نیاییدا ناخۆشه به‌سه‌ریدا بکه‌وی. هیلاک و شه‌که‌ت کیژه بێته‌وه ماڵی چۆڵ و تاریک!
به نێو به‌رده‌کاندا داگه‌ڕا. هه‌نگاوی تێکدهئاڵان. برسی و تینوو. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووبێ هه‌ستی ده‌کرد له‌شی سووکه، له هه‌میشه سووکتر. وه‌ک گه‌ڵایه‌کی وشک به‌ده‌م باوه، تیژ به هه‌ورازه‌که‌دا به‌ره‌و خوار ده‌خزی. نه‌ده‌ڕۆیشت، ده‌خزی. جێ‌جێ جاڵه ده‌بوو. مه‌ودایه‌ک، به ڕاکردن ڕایده‌کرد. پێده‌شته‌که ڕووناکتر بوو له نێو ره‌وه‌زه به‌رده‌کان.
بێده‌نگی. خشپه‌ی پێی کیژه‌ی ماندوو دوای گه‌ڕانێکی بێئه‌نجام. نیگایه‌کی ئاره‌زوومه‌ند به‌شوێن هه‌نگاوه‌کانی کیژه‌دا ده‌گه‌ڕا. ئاره‌زوومه‌ندی ئه‌وه که کیژه هه‌ڵکشێ به‌ره‌و ڕه‌وه‌زه به‌رده‌کانی سه‌رێ. چه‌ند هه‌نگاو به‌ره‌وژوورتر، له‌و جێگایه‌ی کاریله‌که‌ی دۆزییه‌وه، له‌وێ شوانه به بن ده‌وه‌نێکه‌وه، به سینه‌ی گابه‌ردێکه‌وه گرسابووه‌وه. ته‌قینه‌وه ههڵیداشتبوو. په‌نجه‌ی قاچی هێشتا له سه‌ر لێواری به‌رده‌که بوو. به‌رۆکی که‌واکه‌ی له داره‌که ئاڵقابوو. شوانه گرسابووه‌وه، به‌ڵام نه‌ک به پێوه‌ندێکی قایم. ڕه‌هابوون و هه‌ڵدێرانی، هه‌ر به‌قه‌د گرسانهوهو زیندوومانه‌وه‌ی، ڕێی تێده‌چوو. به ئه‌ستوورایی هه‌ودایه‌ک په‌یوه‌ندی به ژینه‌وه مابوو. جووڵان و بزووتن، ده‌یتوانی دێوه‌زمه‌ی مه‌رگ له ناکاو، به ڕاچهنینێک وه‌خه‌به‌ر بێنێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که شوانه، به ئه‌سپایی پشووی ده‌دا، ئارام و به‌ئه‌سپایی. بۆیه نه‌یوێرابوو کیژه بانگ بکا. ئه‌و کاتی کیژه لێی نزیک بوو، ئه‌م له گه‌ڵ هه‌موو ههنگاوێکی چاوه‌ڕێ بوو ئێستا وه‌رگه‌ڕێ و به‌ره‌و گابه‌رده‌که هه‌ڵکشێ و بیبینێ. ئێستا، که کیژه دوور که‌وتبووه‌وه، بیری له ساتهنزیکهکانی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ مردن ده‌کرده‌وه. سه‌لماندبووی، نه‌ک به ڕه‌زامه‌ندی و قه‌راری دڵ، به‌ڵام سه‌لماندبووی ئیتر دوو پێی ناگاته‌وه پێده‌شته‌که‌ی داوێن. ئاره‌قه هه‌موو گیانی ته‌ڕ کردبوو، لووتی دهزوورایهوه، گیانی مێرووله‌ی ده‌کرد و له‌شی، چه‌ند جێگایه‌کی له‌شی، که خۆی نه‌یده‌زانی کوێیه، به‌ئاره‌قه ده‌کزایه‌وه. له‌شی کوتراو و ماندووی، ده‌بوو ئێستا له‌سه‌ر نوێنێکی نه‌رم، بحه‌سێته‌وه و به ده‌سره‌یه‌کی ته‌ڕ، تۆز و ئاره‌قه‌ی لێ بسڕدرێته‌وه. ئاواتێکی دوور، له‌وپه‌ڕی هه‌رێمی محاڵ! حه‌سانه‌وه هه‌میشه ئه‌وه‌نده دوور و ده‌ست پێڕانه‌گه‌یشتوو ده‌نوێنێ؟ هه‌میشه وا بووه شوانه؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌ڵپه‌یه‌ت له‌پێناو چیدایه؟ له‌پێناوی چیدا ده‌ژی و ته‌کان ده‌ده‌ی؟
کیژه داگه‌ڕابوو. له‌داوێن بوو ئێستا. له داوێنی چیاکه به‌ره‌و ماڵ هه‌نگاوی ده‌نا. له که‌لی نزیک کانییه‌که، ڕووناکاییه‌ک خه‌ریک بوو وه‌ده‌ر ده‌که‌وت. ڕووناکایییهکه هاتبوو به‌م دیودا. به ڕووکار‌ی ده‌شته‌که‌دا هاتبوو. کیژه ئێستا دڵنیا بوو چه‌ند فانووس به‌ده‌ستن به‌دووی ئه‌ودا هاتوون. هاتوون پێی بڵێن شوانه هاتووه‌ته‌وه، یان هاتبوون به دووی شوانه‌دا کێو‌ماڵی له گه‌ڵ بکه‌ن؟ نزیک ببوونه‌وه. دوو پیاوی فانووس به‌ده‌ست و له پێشیانه‌وه حه‌مه‌مراد. مام حه‌مه‌مرادی باوکی شوانه.
حه‌مه‌مراد پیر بوو. حه‌فتا پاییزی تێپه‌ڕاندبوو. ئه‌ی به‌هار؟ به به‌هاراندا نه‌هاتبوو؟ له‌وانه‌یه هاتبێ، به‌ڵام حه‌مه‌مراد وه‌بیری نه‌ده‌هات. ته‌مه‌نی حه‌مه‌مراد به پاییزاندا تێپه‌ریبوو. زۆرانبازی له گه‌ڵ گێژه‌ڵووکه‌و حه‌سره‌تی خه‌زه‌ڵوه‌ر! زه‌ردبوون و هه‌ڵوه‌رینی سهوزینهی ژیان، هه‌ڵوه‌رین به‌ر لهژاکان! حه‌مه‌مراد نه‌ژاکابوو. هێشتا ڕێگه‌ی نه‌دابوو تانوپۆی جه‌سته‌ی خاوببنه‌وه. گورج و پته‌وی ده‌نواند. برۆی سپی، تۆپه‌ڵێک ڕیشی سپی و مێزه‌رێکی سپی... سه‌وزایی له‌و نێوه‌دا، هه‌ر چاوه‌کانی بوون. سهوزینهی ژین له گه‌مارۆی به‌فری زستاندا! نه‌ک سه‌وزێکی به بریقه، لێڵ و مات. وه‌ک ئاوی نێو گۆمیلکه‌یه‌ک که تێپه‌ڕینی حه‌فتا پاییزی پێوه دیار بێ، ئه‌وه‌نده لێڵ که نه‌تده‌توانی ته‌ختی بنی ببینی و بزانی چیها باڵنده‌ی کۆچه‌ری به سه‌ردا ههڵفریوه ئه‌م گۆمیلکهیهو، چه‌ندی خۆڵ و خاک تێچووه، له تۆزی خۆڵهمڕی ڕێگه‌ی دوور و، تۆزی تفتی گێره‌و شه‌نوکه‌وی ده‌غڵودانی که‌م باران و، تۆزی ڕێگه‌ی به‌ره‌و سهرابی هه‌ڵه‌و، خۆڵه‌مێش و دووکه‌ڵی سووتماک. سووتماکی خه‌رمانی سوور، له ئاگری نه‌فره‌ت و تۆڵه‌دا. تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه له‌وانه‌ی وه‌ک حه‌مه‌مراد به ده‌ردی ژێرده‌ستیی خۆیان داناکه‌ون و سه‌ر ده‌بزێون. به‌ڵام ئێستا له‌م کاته‌دا حه‌مه‌مراد ڕقی له هیچ که‌س نه‌بوو. ئێستا به‌رداشێکی گران به‌سه‌ر هه‌موو هه‌سته‌کانیدا خل ببووه‌وه. له بن ئه‌و به‌رداشه‌دا حه‌مه‌مراد نه‌رم ببوو. مرۆڤ له ته‌نگانه‌دا وای لێدێ. ئه‌و کاته‌ی ژانێکی گه‌وره ئه‌ژنۆکانی سست ده‌کا، یان خۆی له به‌رانبه‌ر هێزێکی نادیاردا زۆر به بێده‌سه‌ڵات ده‌بینێ، هه‌موو کینه و نه‌فره‌تێکی له بیر ده‌چێته‌وه و گیانی به ته‌واوی ده‌بێته به‌زه‌یی. ڕه‌نگه له به‌ر ئه‌وه که بێهێزه و توانای هیچ ده‌ستدرێژییه‌کی نییه. له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر، مرۆڤ ده‌بێته‌وه گڵوڵهیهک له تکا و پاڕانه‌وه، چونکه خۆی زیاتر له‌هه‌میشه موحتاجی به‌زه‌ییه و له فریادڕه‌سێک ده‌گه‌ڕێ. له‌و کاتانه‌دا مرۆڤ ده‌بێته دڵوپێک به‌زه‌یی و، ها ئێستا، ها تاوێکی دیکه ده‌ڕژێ. حه‌مه‌مراد وا بوو. شنه‌بای تکا و به‌زه‌یی له ده‌روونیدا هه‌ڵیکردبوو. ورده‌شه‌پۆله‌کانی ناخی بزووتبوون. گریان له که‌ناره‌کانی لێوه‌ی ده‌دا و ده‌گه‌ڕایه‌وه.
– ماندوو نه‌بی کیژم! بێخهبهر ڕۆیشتی. ده‌نگت کردبا!
ده‌نگی حه‌مه‌مراد بوو. گه‌رم و ئارام. ئارام و ده‌ڵنیایی به‌خش. ده‌روونی خۆی نائارام بوو، به‌ڵام ده‌نگی سوکنایی ده‌به‌خشی. کێژه ڕه‌نگه چاوه‌ڕوان بووبێ حه‌مه‌مراد به سه‌ریدا بڕووخێ، به‌ڵام ئێستا ترسی ڕه‌ویبووه‌وه. حه‌مه‌مراد پرسیاری شوانه‌ی نه‌کرد. نه‌یده‌کرد. ئه‌گه‌ر کیژه نه‌یگوتبا، حه‌مه‌مراد باسی شوانه‌ی نه‌ده‌کرد، نه‌وه‌ک بڵێن پیر بووه و دڵی چکۆله بووه‌ته‌وه. بهدڵودهروون به نێوبانگ بوو. ڕاناچه‌نێ. به‌هیچ دڵی داناخورپێ. پشوودرێژه. پشوودرێژ بوو، به‌ڵام دڵی چۆن به هیچ ڕاناچه‌نێ؟ ڕاچه‌نیوه و به‌ولاوه‌تریش. ده‌روونی ده‌کوڵێ. گه‌رده‌لوولێک له ده‌روونیدایه مه‌گه‌ر هه‌ر ده‌روونی فراوانی خۆی بیشارێته‌وه.
- هه‌ڵاتم. به ڕاکردن هه‌ڵاتم، وتم با خۆم زوو بگه‌مه لای. هاتیشم نه‌مدییه‌وه.
- هه‌تا کوێ چووی کیژم؟
کیژه بۆی گێڕایه‌وه. نه‌یده‌زانی چۆنی تێبگه‌یه‌نێ که کامه جێگای چیاکه گه‌ڕاوه. ده‌ستی بۆ تاریکایی بنار ڕاداشت. له قامووسی سینه‌ی حه‌مه‌مراد دا به‌ڵام بست به‌بستی چیاکه ناوی هه‌بوو. چۆن ماڵه‌که‌ی خۆیان بهردهرانه و ده‌روازه و حه‌وشه و به‌رهه‌یوان و میچ و سه‌ربانی هه‌بوو، ئاوا. کیژه هێشتا گه‌نج بوو. زۆر گه‌نج بوو. حه‌مه‌مراد له‌و بناره گه‌لێک جاری باران به‌سه‌ردا باریبوو. گه‌لێک جاری له‌وێ تاو لێ هه‌ڵاتبوو. شوێنی که‌روێشکی له نێو به‌فردا زۆر جار بردبوو هه‌تا لووتکه و ئه‌ودیوی چیاکه‌ش. ده‌یزانی ئاسکه‌کان به کوێدا داده‌گه‌ڕێن بۆ ئاوخواردنه‌وه. به‌رده‌کان په‌نایان دابوو. ئه‌و به‌ردانه‌ی خۆش ده‌ویست حه‌مه‌مراد. گڵهکهشی نه‌رم بوو. جاترهیهکی بۆنخوشی ده‌هێنا. که‌س خۆی له‌و که‌ژه دابایه، ئه‌گه‌ر شوانه‌ی کوڕیشی بووایه، حه‌مه‌مراد پێی ناخۆش بوو. له‌به‌ر جاتره‌ی سه‌ر گڵه نه‌رمه‌که پێی ناخۆش بوو. ده‌یکوت جاتره ئه‌گه‌ر مرۆڤ و ئاژه‌ڵی وه‌سه‌ر په‌ڕی، بۆنی ده‌گوڕێ. ئێستا، به‌ڵام خاکه نه‌رمه‌که و، جاتره و، به‌رد و، که‌روێشک و، ئاسک و، شوانه‌ی حه‌مه‌مراد هه‌موویان بۆنی باڕووتیان لێده‌هات. حه‌مه‌مراد باریکه ڕێگاکه‌ی به‌ره‌و بناری گرت.
- وره‌ن! ده‌بێ هه‌ر له‌وێ بێ، بۆ کوێ چووه! مابێ و نه‌مابێ هه‌ر له‌وێیه. هه‌زار ڕه‌هۆڵ و په‌نا و په‌سیوه. بۆ بن قه‌زوانه‌کان ده‌بێ چووبێ. ده‌چین. ده‌چین ئه‌وجاریش ده‌گه‌ڕێین.
حه‌مه‌مراد وه‌ستا.
- ئه‌تۆ کیژم ماندووی، بگه‌ڕێوه! بگه‌ڕێوه بچۆ به لای ماڵه‌که‌ته‌وه. چایه‌ک بخۆوه، نانێک بخۆ. ماڵاته‌که هاتووه‌ته‌وه حه‌وشه. له ماڵ بی چاتره. ماڵه‌که‌شت ههڵوهژێره. له‌وانه‌یه میوانمان بێ.
کیژه نه‌یده‌ویست ئه‌و قسه‌یه‌ی کۆتایی بگرێته خۆی. خۆی لێ نه‌بان کرد. ڕاست ئه‌وه بوو که حه‌مه‌مراد نه‌یده‌ویست کیژه له گه‌ڵیان بێ و به سه‌ر دیمه‌نێکی دژوار‌دا بکه‌وێ و به شیوه‌ن و ناڵه کاریان لێ حه‌سته‌م بکا.
- نانم پێیه. برسیش نیم. دێم له گه‌ڵتان.
چوو له گه‌ڵیان. کاریله‌که‌ی له‌وێ، له په‌نای ده‌وه‌نێک به‌جێهێشت. نه‌ده‌بزووت. توانای بزووتنی نه‌بوو کاریله‌که. هه‌ر چواریان هه‌ڵکشان، حه‌مه‌مراد له پێشه‌وه، دوو فانوسبهدهستهکه له دواوه و، کیژه له پشت سه‌ریان، ڕاست به‌ره‌و قه‌زوانه‌کان، ئه‌و جێگایه‌ی شوانه‌ی لێ بوو.
شوانه فانووسهکانی ده‌دیت؟ نا! نه ڕه‌نگ و نه ڕووناکی ئیتر له نیگای نه‌ده‌گه‌ڕا. شنه‌ی ئێواره‌ی کوێستان بێخهیال کایه‌ی بهکاکوڵی ده‌کرد. حه‌مه‌مراد به‌په‌له ده‌ڕۆیشت. ئه‌ویش ساڵانێک له‌وه‌پێش، هه‌ر له‌م شاخه، لهبهردێکهوه هه‌ڵدێرابوو و، به ده‌وه‌نێکه‌وه گرسابووه‌وه. له‌وانی دیکه باشتری ده‌زانی کاتێک مرۆڤ له ناوقه‌دی به‌ردێک ده‌گرسێته‌وه و ده‌ستی له‌هیچ به‌ند نابێ و توانای جووڵانه‌وه‌ی نییه، سات به سات بیر له‌وه ده‌کاته‌وه ئه‌گه‌ر به‌ربێته‌وه، له پێشدا شانی له به‌رده تیژه‌کانی خواره‌وه ده‌که‌وێ، یان که‌لله‌ی سه‌ری. حه‌مه‌مراد، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ی بۆ سوکنایی خۆی و کیژه‌ش به پێویست ده‌زانی.
- پاییزێکی دره‌نگ بوو، ئه‌و شوانه‌یه منداڵ بوو. نه‌خۆش که‌وتبوو گرانه‌تای گرتبوو. مانگێک که‌وت. ته‌واو مانگێک. ئه‌وه‌نده بێهێز بوو، به‌لادا ده‌هات. گوێت لێیه کیژه؟ خاڵی شوانه‌ش هاتبوو میوانمان بوو. هه‌ستاین هاتینه ئه‌و که‌ژه بۆ ڕاو. تاپڕێکی هه‌بوو خاڵی، له گه‌ڵ خۆی هێنابووی. وه‌سه‌ر ده‌که‌وتین. له‌به‌رده‌که‌ی دووبرالان، ئه‌وه‌تا هۆو به‌رده‌یه، له‌وێ سه‌رکه‌وتین، گه‌یشتبووینه قه‌زوانه‌کان ئه‌من هه‌ڵبڕام کوتم ئه‌تۆ به داوێندا وه‌ره، ئه‌من ده‌چم له قوته‌ی ڕێگران لێده‌هاڵێمه‌وه دێمه پێش قه‌زوانه‌کان. ئه‌و ڕۆیشت. گه‌یشتمه سه‌ر به‌رده‌پانی. خزیم. به‌رده‌که بزنه‌ڕێیه‌کی هه‌یه، به‌ڵام خیزی له سه‌ره، پیاو وریا نه‌بێ ده‌خزێ. خزیم، به ده‌وه‌نێکه‌وه گرسامهوه. ده‌وه‌نێک به سینه‌ی بهردهکهوهیه. نه‌مده‌وێرا هاواری خاڵی بکه‌م. ده‌نگم هه‌ڵێنابا ده‌وه‌ن به‌ری ده‌دام. باش بوو زوو گه‌یشتێ. گوێت لێیه کچم ؟ ئه‌وه‌تا هۆو به‌رده‌یه.
حه‌مه‌مراد چووبووه بن به‌رده‌که، فانووسێکی ڕاداشتبوو بن ده‌وه‌نه‌که ڕووناک بکاته‌وه. له‌و بنه، له‌جه‌سته‌ی هه‌ڵواسراوی خۆی ده‌گه‌ڕا یان له شوانه؟
ده‌وه‌نه‌که به به‌رزه‌وه بوو. وا نه‌بوو ده‌ست بیگاتێ. ده‌ستی شوانه که به بن ده‌وه‌نه‌که‌دا شۆڕ ببووه‌وه، هێشتا ده‌ستی پیاوه‌کانی نه‌ده‌گه‌یشتێ. شوانه به بێ ئه‌وه‌ی له‌وان بڕوانێ، سه‌ری به‌ردابووه‌وه. حه‌مه‌مراد چوو له بن ده‌وه‌نه‌که ڕاوه‌ستا، ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی شوانه، زیندوو یان مردوو، ئه‌گه‌ر که‌وته خوار، بێته سه‌ر شانی خۆی. هه‌رتک ده‌ستی به سینه‌ی به‌رده‌که‌وه نابوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ پێیدا سه‌رکه‌وێ. به‌ڵام به ته‌مای سه‌رکه‌وتن نه‌بوو، ده‌یویست سه‌کۆیه‌ک به‌رزتر له‌شانی خۆی، بۆ شوانه هه‌ڵبه‌ستێ. پیاوه‌کان، هه‌رتکیان پشتێنیان کردبووه‌وه. پشتێنه‌کانیان لێک گرێدا، گرێکه‌یان چه‌ند جاران توند تاقی کرده‌وه. یه‌کیان، به‌ئاماژه‌ی حه‌مه‌مراد ، له‌به‌رده‌که لێهاڵایهوه و به گه‌رووی نێوان دوو ڕه‌وه‌زدا هه‌ڵکشا. سه‌رێکی پشتێنه‌که‌ی له قه‌دی دارقهزاوانێک به‌ست و، سه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی به ده‌سته‌وه گرت و هاته لێواری به‌رده‌که. وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ که‌وی ناو هێلانه به‌رێ، توند مه‌چه‌کی لاقی شوانه‌ی گرت. سارد بوو. گۆشت و ئێسقان، دوای ئه‌وه‌ی تینی خوێن به‌جێی دێڵێ.
- سه‌ری پشتێنه‌که له‌لاقی به‌سته.
ئه‌وه ده‌نگی حهمهمرداد بوو، له بن به‌رده‌که‌وه ده‌هات. کارێکی ئاسان نه‌بوو. پیاوه‌که خۆشی به پشتێنه‌که‌وه ڕابگرێ و، له‌لاقی شوانهشی ببه‌ستێ. به‌ڵام کردی. پشتێنه‌که‌ی له لاقی به‌ست و دوو گرێی لێدا. ئه‌مجاره به ئه‌سپایی کشایه‌وه دواوه. پیاوه‌که‌ی دیکه‌ش له‌بن داره‌که بوو. هه‌ردووکیان پشتێنه‌که‌یان ڕاکێشا. حه‌مه‌مراد له خواره‌وه چاوی لێ بوو، شوانه له کاتی ههڵکێشراندا ڕوومه‌تی له به‌رده‌که خشا. ملی بۆ ڕا نه‌ده‌گیرا. شوانه کورته‌باڵایه‌کی باریکه بوو. سووکه‌ڵه پیاو بوو. سووکه‌ڵه و ده‌مار ئه‌ستوور بوو. له بن داره‌که‌دا، له به‌ر تیشکی دوو فانووس هه‌ر چواریان به‌سه‌ر شوانه‌وه بوون. ئه‌وه‌ی پشتێنه‌که‌ی له‌لاقی شوانه به‌ستبوو، به ئارامی به حه‌مه‌مرادی وت لاقی سارده.
- ده‌مێکه هه‌ڵواسراوه و لاقی خوێنی تێدا نه‌ماوه.
حه‌مه‌مراد وایگوت. ئه‌مجار ده‌ستی خسته سه‌ر ته‌وێڵی شوانه. سارد بوو، به‌ڵام نه‌ک وا که بڵێی گه‌رمای ژیانی تێدا نه‌ماوه. کیژه، حه‌په‌سابوو، یان له‌شه‌رمان، ته‌نیا به‌رۆکی که‌واکه‌ی شوانه‌ی گرتبوو. به‌ر باخه‌ڵی شوانه چنگێک قه‌زوانی تێدا بوو. حه‌مه‌مراد سه‌ری برده سه‌ر سنگی، گوێی نا به دڵیه‌وه، دڵی شوانه لێی ده‌دا.
شه‌و له نیوه‌ی تێپه‌ڕیبوو. به‌ربه‌یانی ڕۆژێکی دیکه ئهنگووتبوو، کاتێک پیاوه‌کان و کیژه گه‌یشتنه‌وه ناو دێ. شوانه له سه‌ر کانییه‌که‌وه هه‌تا ناو دێ به‌پێی خۆی هاتبوو.
له‌سه‌ر کانییه‌که، حه‌مه‌مراد ئاگری هه‌ڵکردبوو، کترییه‌کی پڕ کردبوو له ئاو و نابوویه سه‌ر. که ئاوه‌که هاتبووه کوڵ، چایه‌که‌ی ده‌م کردبوو و نان و چای دابوو به شوانه. کاتێک هه‌ستابوو به‌ره‌و ماڵ بێته‌وه، حه‌مه‌مراد وتبووی:
- نانی ئه‌مڕۆت زۆر ودره‌نگ که‌وت کوڕم!
21/6/2003